سالم تەمیمی، جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای دیالە بارودۆخ و توانای ئەنجومەنی ئێستا لەوەی رابردوو بە باشتر دەزانێت و دەڵێت، بە هەموو تواناوە كاردەكەن بۆ جێبەجێكردنی پرۆژە خزمەتگوزارییەكان لە هەموو شارەكانی پارێزگاكەدا، سەرباری هەبوونی ناكۆكی كە رەنگە كەمێك ببێتە بەربەست.
لەم چاوپێكەوتنەدا لەگەڵ (كەركوك ناو)، تەمیمی باسی چەندین تەوەری و پێشهاتی تایبەت بە دیالە دەكات و جەختدەكاتەوە، بەڕێوەبەری فەرمانگە حكومییەكان كە كرێكارانی شارەوانی بۆ كاروباری تایبەتی خۆیان بەكاردەهێنن، روبەڕوی لێپرسینەوە دەبنەوە و كار بۆ نەهێشتی ئەو دیاردەیە دەكەن.
كەركوك ناو: ئایا تەواوی لیژنە هەمیشەیی و سەرەكییەكانی ئەنجومەنی پارێزگا پێكهێنراون؟
سالم تەمیمی: زۆرینەی لیژنەكان پێكهێنراون، لە نێویاندا لیژنە سەرەكییەكان، زۆرێكیشیان ئەندامەكانی دیاریكراوە، هەروەها هەندێكیان زیاتر لە مانگێكە سەرقاڵی ئەرك و كاری خۆیانن، لەڕێی ناردنی راپۆرتی مانگانە و نیو مانگیی، چونكە بەرپرسیارێتییەكی ئەوان ناردنی راپۆرتە بۆ ئەنجومەن تا گفتوگۆی لەسەر بكرێت.
هێشتا چەند ئاڵۆزی و گرفتێك دەربارەی رێكارەكانی تەواوكردنی پێكهێنانی ئەنجومەن ماون، بە تایبەت ئەو پرسانەی تایبەتن بە داڕشتنەوە و هەمواری پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجومەن كە هێشتا ئامادەكردنی تەواو نەكراوە، بۆیە گفتوگۆی زیاتری دەوێت تا دەگاتە داڕشتن و هەموارێكی نمونەیی.
كەركوك ناو: هیچ زانیارییەكتان دەربارەی وادەی ناردنی بودجەی پارێزگاكە هەیە؟
سالم تەمیمی: دواكەوتنی پێكهێنانی ئەنجومەنی پارێزگای دیالە كاریگەری نەرێنی لەسەر پرۆژەكان و بودجە هەبوو، ئێمە پێویستمان بە كات هەیە بۆ واژۆ و پەسەندكردنی پرۆژە نوێیەكان یان تەواوكردنی ئەو پرۆژانەی پێشتر دەستمانپێكردووە، هەروەها پێویستمان بە كاتیش هەیە بۆ پرسیار و دەستكەوتنی زانیاری لەسەر رێژەی تەواوبونی پرۆژەكانی پێشتر.
زۆرینەی پرۆژەكانی ساڵانی 2023/2024 لەلایەن وەزارەتی پلاندانانەوە رەزامەندییان لەسەر دراوە، كە پێش ئەم ئەنجومەن نێردراون و ئەوەش وادەكات ئەنجومەنی ئێستای پارێزگا تەنیا رۆڵی چاودێری ببینێت بەسەر پرۆژەكانەوە، هیچ پرۆژەیەكی تایبەتمان نییە و تەركیز دەخەینە سەر چاودێری و بەدواداچونی پرۆژەكانی رابردوو، تەنیا پرۆژەمان هەیە بۆ بودجەی سندوقی ئاوەدانكردنەوە كە هێشتا لە گفتوگۆدایە.
دیالە زۆر پرۆژەی پێویستە پەیوەست بە بنیاتنانی ژێرخان و فەرمانگە خزمەتگوزارییەكان، زۆربەی فەرمانگەكانی پارێزگاكە زۆر كۆن بوون و كاتێكی درێژ بەسەر بنیاتنانی باڵەخانەكانیاندا تێپەڕبووە، لە 20 ساڵی رابردوودا بنیاتنانی هیچ باڵەخانە و تاوەرێكمان نەبینیووە لە پارێزگاكەدا جێگەی شانازی پێوەكردن بێت یان بتوانین بەكاریبهێنین بۆ پێشوازی لەو كەسایەتییە باڵایانەی دەگەنە پارێزگاكە، بۆیە بە ئاڕاستەی پرۆژەی تەلارسازی وادەڕۆین كە ببێتە روكاری پارێزگاكە.
دواكەوتنی پێكهێنانی ئەنجومەنی دیالە كاریگەری نەرێنی لەسەر پرۆژەكان و بودجە هەبوو
كەركوك ناو: ديارترين چاودێری چییە كە چاوتان لەسەریەتی؟
سالم تەمیمی: تیشك دەخەینە سەر چاودێری پرۆژە خزمەتگوزارییەكان، بە تایبەت ئەوانەی پەیوەندی راستەوخۆیان بە ژیانی هاوڵاتیانەوە هەیە، چەندین پرۆژەمان هەیە كە وردی لە كارەكانیاندا نییە، كاتی دیاریكراو بۆ جێبەجێكردن و رادەستكردنی هەیە، بۆ نمونە زیاتر لە حەوت پرۆژەی فەرمانگەی رێگەوبان و پرد هەیە كە چەندین ساڵە بە سستی بەڕێوەدەچن، دەبوو لە جێبەجێكردن یان تەواوبوندا بونایە، بەڵام تائێستا كاركردنی راستەقینە لەو پرۆژانەدا نییە.
ئەو بوارانە گرنگترین لایەنەكانی چاودێری ئێمە دەبن وەكو ئەنجومەن، بۆ نمونە نەخۆشخانەی توركی و نەخۆشخانەی ئەڵمانی هەن لە ساڵی 2012ـەوە هەردوو پرۆژەكە روناكییان نەبینووە و تەواونەكراون، بەهۆی نەبوونی بەدواداچون و چاودێرییەوە.
كەركوك ناو: چۆن پرۆژەكان بەسەر شار و ناوچەكاندا دابەشدەكرێن؟
سالم تەمیمی: لە چوارچێوەی كارەكانماندا وەكو ئەنجومەن بە شێوەیەكی دادپەروەرانە سامانی پارێزگاكە پاڵپشت بە رێژەی دانیشتوانی هەر قەزا و ناحیەیەك دابەشدەكەین.
كەركوك ناو: ناكۆكی نێوان ئەندامان یان كوتلەكانی ئەنجومەن كاریگەری لەسەر كاری ئەنجومەن هەبووە؟
سالم تەمیمی: ناكۆكی نێوان ئەندامانی ئەنجومەن حاڵەتێكی ئاسایی و تەندروستە، هەر حكومەتێك بەبێ ئۆپۆزسیۆن كاربكات سەركەوتوو نابێت، چونكە ئۆپۆزسیۆن دەبێتە هاندانێكی گەورە تا كاربكرێت و كێبڕكێ لە پێناو پێشكەشكردنی باشتریدا هەبێت، هاوكارانمان لە ئەنجومەن لە بیركردنەوە و دیدگای سیاسیدا لەگەڵ ئێمە جیاوازییان هەیە بەڵام هەر هاوپیشە و هاوكارین لە كاردا، ئەو جیاوازی و ناكۆكییە پەیوەندی بەوەوە هەیە هەوڵماندا ئیدارەیەكی نوێ بۆ هەموان هەبێت لە ئەنجومەنی پارێزگای دیالە، لە پارێزگارەوە تا بچوكترین پلەی فەرمانبەری، بەڵام ئەوانیتر لەو بابەتەدا لەگەڵ ئێمەدا جیاوازییان هەیە.
كەركوك ناو: بابەتی هەڵبژاردنی سەرۆكی یەكە ئیدارییەكان بە كوێ گەیشت؟
سالم تەمیمی: لە دوایین دانیشتنی ئەنجومەن بابەتی سەرۆكی یەكە ئیدارییەكان یەكلاكرایەوە، بەهۆی دواكەوتنی ناردنی زانیاری تایبەتی (سیڤی) هەندێك لە كاندیدەكان لە رۆژانی ئایندەدا كاردەكەین بۆ تەواوكردنی ئەو دۆسیەیە، بە تایبەت پۆستی بەڕێوەبەری ناحیەكان كە زانیاری كاندیدەكان ئامادەیە، تا بەپێی پێوەری لێهاتویی و ئەزمون هەڵبژێردرێن.
كەركوك ناو: ئایا هیچ بیرۆكەیەكتان هەیە بۆ پرۆژەیەكی دیاریكراو لە دیالە؟
سالم تەمیمی: دەستپێشخەرییەكی سەرۆك وەزیران هەیە بۆ دەستپێكردنی كۆمەڵێك پرۆژە لە چەند پارێزگایەكدا، ئێمە پێویستمان بە راگەیاندنی ئەو پرۆژانە هەیە بە شێوەیەك پاكێج وەك چۆن پێشتر لە كەربەلا و حلە دەستیپێكرد، تا بۆ هەموانی بسەلمنێن حكومەتی خۆجێیی بەردەوامە و شانبەشانی حكومەتی فیدراڵی كاردەكات، هەروەها بیسەلمێنین ئێمە حكومەتی خزمەتكردن و خزمەتگوزارین.
پارێزگای دیالە بەدەست كەمی رێژەی سەوزاییەوە دەناڵێنێت
كەركوك ناو: پلانی ئەنجومەنی پارێزگا بۆ بەهێزكردنی شەفافیەت لەگەڵ هاوڵاتیاندا چییە؟
سالم تەمیمی: پێموایە گەڕانەوەیە بۆ شەقام و نزیكبوونەوە لە هاوڵاتیان و رێكخراوەكان و گوێگرتنە لە بیروبۆچونی خەڵك، من وەكو جێگری سەرۆك زۆر مامەڵە لەگەڵ ئەو بانگەوازانەدا دەكەم لە شار و قەزاكانی پارێزگاكەوە پێمدەگەن، بۆ نمونە بانگەوازێكمان لە قەزای مەندەلییەوە بۆ هات، هەروەها لە ناوچەی سەعدییەوە، پێویستە ئێمە بۆشایی نێوان سیاسییەكان و هاوڵاتیان نەهێڵین، دەبێت دەرگای نوسینگەكانمان كراوەبێت، من بەوپێیەی سەرۆكی عەشیرەتم میوانخانەم هەیە و شانازی بە خزمەتكردنی خەڵكەوە دەكەم، ئێمە بەشێكین لە شەقام و من ئەو پەیوەندییە بە راستەقینە دەزانم كە پێویستە لەگەڵ خەڵكدا بێت.
كەركوك ناو: پێتوایە ئەنجومەنی ئێستا لەگەڵ ئەنجومەكانی رابردوودا جیاوازە؟
سالم تەمیمی: بەڵێ لەسەدا 100 جیاوازە، ئەم ئەنجومەنە دیدگایەكی تەلارسازی شارستانییانە و پەیوەندی لەگەڵ هەمواندا هەیە، ئەوەی گرنگە ناكۆكی و جیاوازییەكان لە بیروباوەڕ و كاری سیاسیدایە نەك ناكۆكی لە بیروباوەڕی كاری ئیداری و ئاوەدانی و تەلارسازی، سەرباری ناكۆكییەكان كاتێك بابەتێك پەیوەست بە ئاوەدانی دەخرێتەڕوو لەلایەن هەموانەوە گفتوگۆی لەسەر دەكرێت.
كەركوك ناو: هیچ دەستپێشخەرییەكتان بۆ سەوزكردنی شار و گرنگیدان بە لایەنی ژینگەیی هەیە؟
سالم تەمیمی: پارێزگای دیالە لەو پارێزگایانەیە كە بەدەست كەمی ناوچەی سەوزاییەوە دەناڵێنێت، بەهۆی سیاسەتی حكومەتەكانی پێشووەوە، زۆربەی ناوچەكانی سەوزایی گۆڕدراون بۆ شوێنی نیشتەجێبون، زیاتر لە دانیشتن و كۆبوونەوەیەكمان لەگەڵ بەڕێوەبەری فەرمانگە پەیوەندیدارەكاندا دەربارەی ئەو بابەتە هەبووە، لەوبارەیەوە بیرۆكەمان هەیە و تەنیا ئەوەی پێویستمانە بەردەوامبین لەسەر گەڕانەوەی دیالە بۆ ناوچەیەكی كشتوكاڵی، هەروەها هەڵمەتە خۆبەخشییەكان بە تەنیا ئەنجامی نابێت ئەگەر هەڵمەتی تەواو لەلایەن حكومەتی خۆجێییەوە بۆ سەوزكردن و گەڕانەوەی ناوچەی سەوزایی نەبێت.
لەسەر ئاستی قەزای خاڵس، خودی خۆم هەفتەیەكە هەڵمەتی پاككردنەوەم دەستپێكردووە، بەڵام كاركردن قورسە بەهۆی كەمی هاوكاری لۆجیستییەوە، وەك ئۆتۆمبێلی تایبەت بە پاككردنەوەی شەقامەكان، بۆیە ئەنجومەن راسپاردەی ئەوەبووە كەرەستە و پێداویستیی بۆ پاككردنەوەی پارێزگاكە بكڕدرێت، هەروەها لە دەستی كاریش لە ژینگەپارێز زۆر كەمن.
پشكی بودجەی شارەوانی زۆرە بەڵام دەستتێوەردانی سیاسی لە كاری ئیداری وایكردووە كرێكارانی شارەوانی بۆ خزمەتی بەڕێوەبەرەكان تەرخانبكرێن، واتە كرێكارانی شارەوانی بۆ كاروباری تایبەتی ئیستیغلال دەكرێن، بە تەواوی هەموو هەڵە و كەموكوڕییەكان دیاریكراون و ئێمە لەوبارەیەوە لە گرتنەبەری هەنگاوی پێویستداین.