خۆپیشاندان و توڕەیی خەڵك لە ناوچە جیاوازەكانی پارێزگای دیالە تا دێت فراوانتر دەبن دژی بڕیارەكانی ئەنجومەنی پارێزگا بۆ دابەشكردنی پۆستی قایمقام و بەڕێوەبەری ناحییەكان.
درەنگانێكی شەوی چوارشەممە 23ی تشرینی یەكەم، ئەنجومەنی پارێزگای دیالە لە كۆبونەوەیەكدا دور لە چاوی كامێراكان و چاودێرانی رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی، پۆستی یەكە كارگێڕییەكانی پارێزگاكەی یەكلاییكردەوە، ئەوەش بەپێی بەركەوتەی حزب و هاوپەیمانێتییە براوەكانی هەڵبژاردنی كانونی دووەمی 2023ی ئەنجومەنی پارێزگاكان.
خۆپیشاندەران بەیانی ئەمڕۆ شەممە 26ی تشرینی یەكەم، لە ناحییەكانی عوزێم لە باكوری دیالە و ناحیەی محەمەد سەكران، شەقامەكانیان گرت و دابەشكردنی پۆستەكانیان لەسەر بنەمای "حزبایەتی و خزمایەتی" رەتكردەوە.
ئەوەش دوای بەرێوەچونی خۆپیشاندان دێت لە هەردوو ناحیەی قەرەتەپە سەر بە قەزای خانەقین و بەنی سەعید سەر بە قەزای بەعقوبە.
پەیامنێرانی (كەركوك ناو) لەنێو خۆپیشاندانەكانەوە جەختیانكردەوە لەوەی خۆپیشاندەران داوادەكەن خەڵكی یەكە كارگێڕییەكان رۆڵیان هەبێت لە دیاریكردنی كەسەكان بۆ پۆستەكان، ئەوەش لەڕێی دانانی ئەو كەسانەی كە لای خەڵك قبوڵكراون و شارەزا و ئامانجی سەرەكییان خزمەتكردنە.
هەروەها دژایەتی خۆیان بۆ دیاریكردنی كەسەكان نیشاندا لەسەر بنەمای "خزم خزمێنە و كەسانی نزیك لە ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگاكان".
دانیشتنەكەی درەنگانی شەوی 23ی تشرینی یەكەم كە تا بەرەبانی پێنجشەممە 24ی مانگ بەردەوام بوو، دەنگ لەسەر 21ی قایمقام و بەڕێوەبەری ناحییە درا، تەنیا پۆستی قایمقامی میقدادییە و بەڕێوەبەری ناحیەی ئەبی سەیدا نەبێت، كە بەهۆی ناكۆكی قوڵی ئەندامانی ئەنجومەنەوە دواخرا.
بۆ ئەو پۆستانە دەیان كەس لە ناوچە جیاوازەكانی پارێزگاكە خۆیان كاندید كردبوو، بەڵام لە یەكلاییكردنەوەی كەسەكاندا ئەولەویەت درایە پشك پشكێنەی لایەنە براوەكان، وەك هاوڵاتیان و چاودێران دەڵێن، ئەوەش شەپۆلێكی توڕەیی جەماوەریی بەدواداهات.
بەشیك لە چالاكوانان داوایانكرد لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا هاشتاگی "#Family_Rule_Extends" لە پۆستەكانیان بڵاوبكەنەوە كە بە مانای "دەستی بنەماڵە درێژە".
سالم تەمیمی، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای دیالە، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا كە پەیامنێری (كەركوك ناو) ئامادەی بوو، دوابەدوای یەكلاییكردنەوەی پۆستەكان، وتی "لە دوو دانیشتندا دۆسییەی قایمقام و بەڕێوەبەری ناحییەكانمان یەكلاییكردەوە، روخساری نوێمان بۆ زۆرینەی پۆستەكان هەڵبژارد، هەروەك چۆن بۆ ئەوە بەڵێنمان بە خەڵك دابوو".
جەختیكردەوە "روخسارە نوێیە هەڵبژێردراوەكان قۆناغی ئاوەدانکردنەوە لە ناوچەكانی خۆیان تەواو دەکەن، ئەوەش هاوشان لەگەڵ حكومەتی خۆجێی بۆ پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریی لە پارێزگای دیالە".
بەڵام یونس بەیاتی، توێژەری سیاسی لە دیالە بە (كەەركوك ناو)ی وت "ئەوەی جێی سەرسوڕمانە، ئەنجومەنی پارێزگای دیالە دانیشتنە گرنگەکەی خۆی لە نیوەی شەو و دور لە چاوی میدیاکان ئەنجامدا، ئەمە یەک خوێندنەوەی هەیە، ئەویش ئەوەیە کە ئەنجومەن لە رای گشتی دەترسێت و بریارەكانیشی گونجاو نین، بەڵكو كەسانێك هەن كە ئەندامانی ئەنجومەنیان كۆنترۆڵكردووە".
"دانیشتنەکەی ئەنجومەن بۆ بە هێزکردنی حوکمڕانی بنەماڵەکان بوو، وەک تێبینیمان کرد کە هەر ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق برا یان خزمێکی هەیە کە ئەندامی ئەنجومەنی دیالەیە، برا بچوکەکانیشیان، یان خزم و کارمەندانی نوسینگەكانیان بۆ پۆستی قایمقام و بەڕێوەبەری ناحییەكان هەڵبژاردووە، ئەمەش ئەوە نییە كە پرۆسەی دیموكراسی و هەڵبژاردن دەیەوێت".
دانیشتنەکەی ئەنجومەن بۆ بە هێزکردنی حوکمڕانی بنەماڵەکان بوو
بەیاتی جەختیكردەوە "سەدان كەس هەن كە خۆیان بۆ ئەو پۆستانە كاندید كردووە، لەوانە گەنجان، شارەزایان و مامۆستایانی زانكۆ، بەڵام پۆستەکان بەپێی پشکی سیاسی و حزبی و خێزانی و خێڵەکی دابەشکراون، بڕیار نەبوو ئەمە روبدات".
بۆیە لەگەڵ فراوانبونی شەپۆلی خۆپیشاندانەكان، بەیاتی داوایكرد "دەبێت ئەنجومەنی پارێزگای دیالە هاوسەنگی لە نێوان هەموو پێکهاتەکاندا بەدەستبهێنێت و کەسایەتییە لێهاتووەکان هەڵبژێرێت بۆ پڕکردنەوەی پۆستەکان لە پارێزگاکەدا".
ئەحمەد موسەوی، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، لە كوتلەی سادیقون، لە راگەیەنراوێكدا لەسەر یەكلاییكردنەوەی ئەو پۆستانە، دەستخۆشی لە ئەنجومەنی پارێزگا كرد، بەڵام وتی "یەكلایكردنەوەی بەشێك لەو پۆستانە هەڵەیە، چونكە بەپێی پشكپشكێنەی بنەماڵەیی دانراون، ئەوەش عەیبەیەكە كە دەبێت هەمووان پێكەوە چارەسەری بكەن و ئەو شێوازە پەیڕەو نەكرێت".
بەپێی پشكپشكێنەی بنەماڵەیی دانراون، ئەوەش عەیبەیەكە كە دەبێت هەمووان پێكەوە چارەسەری بكەن
وتیشی "کاتێک هاوڵاتی دەنگی پێداون، بۆ ئەوە دەنگی پێنەداون كە دەسەڵات بەكاربهێنن بۆ پێدانی پۆست بە برا و بنەماڵەكەت، بۆیە دەبێت هاوڵاتیان لە هەڵبژاردنەكانی داهاتودا بە ئاگاییەوە كەسێك هەڵبژێرن كە نوێنەرایەتی بكات و كاربكات بۆ خزمەتكردنی خەڵك و دوركەوتنەوە لە بەرژەوەندی كەسی".
ئەو پرسە لە نێو خودی ئەنجومەنی پارێزگاشدا بووە جێی مشتومڕو ناكۆكی، دەریا خەیروڵا، ئەندامی ئەنجومەن لە هاوپەیمانی ئاسایش و سەقامگیری دیالە کە گەورەترین هاوپەیمانی ئەنجومەنەكەیە، دوای دانیشتنەكە جیابونەوەی خۆی لەو هاوپەیمانێتییە راگەیاند، بەبێ ئەوەی هۆكارەكەی رونبكاتەوە.
بڕیارەكانی ئەنجومەنی پارێزگا، تادێت شەپۆلی ناڕەزاییەكان فراوانتر دەكات، بەشێوەیەك هاوڵاتیانی ناڕازی بەنیازن تا جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان بەردەوامبن لە خۆپیشاندان.