بەشێك لە پەنابەرە لوبنانییەكان لە خانەقینن

دیالە/ 26ی تشرینی یەكەمی 2024/ خێزانێكی پەنابەری لوبنانی لە خانەقین. فۆتۆ: ئەمیر خانەقینی

ئەمیر خانەقینی

دوو كچەكەی حوڕا عەلی (29ساڵ)، بۆ یەكەمجار بوو  بۆنی باروت بكەن، دەنگی تەقینەوەی بۆمب و گڕی ئاگری شەڕ لە باشوری لوبنان بەچاوی خۆیان ببینن. دوای كەمتر لە مانگێك لە حوسەینییەیەكی ناوەندی خانەقین خۆیان بینییەوە.

كاتێك موشەكەكانی ئیسرائیل لە چواردەوری شاری نەبەتییە لە لوبنان دەكەوتنە خوارێ، منداڵەكانی حوڕا پڕ بە قوڕگیان هاواریان دەكرد، وەك ئەوەی داوای دۆزینەوەی شوێنێكی ئارام لە دایك و باوكیان بكەن.

حوڕا و هاوژینەكەی نیشتەجێی گوندی ئەنسار بون، لە پارێزگای نەبەتییە لە باشوری لوبنان، باشوری لوبنان چەقی شەڕی نێوان حزبوڵای لوبنان و ئیسرائیلە، كە لە ئەیلولی ئەمساڵەوە دەستپێكردووە و گرژییەكانی نێوانیان كاریگەریی هەبووە لەسەر ئاوارەبون و كۆچكردنی نزیكەی یەك ملیۆن لوبنانی.

حوڕا كە دایكی دوو كچە، سەرەتا گوندەكەیان چۆڵكرد و بەرەو شاری سەیدا هەر لەناو لوبنان هەڵهاتن، ئەو شارە تاڕادەیەك بۆ ئەوان ئارامتر بوو، بەڵام كاتێك بۆردومانەكان چڕتربون، بەرەو جەبەل لوبنان هەڵكشان و لەوێ هەفتەیەك جێگیربون.

"لەبەر نزیکی جەبەل لوبنان بۆ بەیروت دەنگی موشەک و تەقینەوەکان و گڕی ئاگری بۆردومانەکان نەیدەهێشت بە ئارامی بژین، بۆیە بڕیارە سەختەکەماندا و بە یەکجاریی لوبنانمان بەرەوە عیراق بەجێھێشت". ئەوەش دوای ئەوەی ماڵی خەسوی حەوڕا هەفتەیەك پێشتر بەرەو عیراق هاتبون.

panabar.lubnann
دیالە/ 26ی تشرینی یەكەمی 2024/ حوسەینییەی ئیمام حەسەن موجتەبایە ناونوسی پەنابەرە لوبنانییەكان دەكات لە خانەقین. فۆتۆ: ئەمیر خانەقینی

حوڕا "نەماندەویست منداڵەکانمان لەوە زیاتر دیمەنەکانی جەنگ ببینن، ئەوە زۆر سەخت و بە ئازار بوو، چونكە ئەوان تائێستا بۆنی باروت و دەنگی تەقینەوەی بۆمب و گڕی ئاگری شەڕیان نەبینیبوو".

روقیە كچە گەورەكەی حەوڕا تەمەنی حەوت ساڵە و فاتمەش لە چوار ساڵی تەمەنیدایە، كۆتایی هەفتەی رابردوو لە دەروازەی قائیم لە پارێزگای ئەنبارەوە لەگەڵ دایك و باوكیان گەیشتنە عیراق و لەڕێی پاسێكەوە گەیەنرانە خانەقین. دوای ئەوەی بە سێ رۆژ خاكی سوریایان بڕی.

حسێن محەمەد (38ساڵ)، هاوژینی حوڕا، بە (كەركوك ناو)ی وت "لە دەروازەی قائیم لەسەر سنور، هێزێكی حەشدی شەعبی خێزانە لوبنانییەكانیان جیاكردەوە و ئێمەیان بە پاسی تایبەت گەیاندە بەعقوبە و لەوێوە بە پاسێكی تر  بۆ خانەقین".

ئەو خێزانە لە حوسەینییەی ئیمام حەسەن موجتەبایە لە گەڕەکی عەلی مراد لە خانەقین نیشتەجێكران، حوسەینییەكە لە ئێستادا بۆتە شوێنی لەخۆگرتنی پەنابەرانی لوبنانی.

حوڕا وتی "پێشوازی گەرممان لێکرا، ئەگەرچی ئەم شارە كوردنشینن، بەڵام زۆر رێزیان لێگرتین".

تەنیا لە سێ رۆژی رابردودا 27 خێزانی پەنابەری لوبنان، گەیشتونەتە ئەو حوسەینییە.

بەپێی کۆمسیۆنی پەنابەرانی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەكان، لەدوای پەرەسەندنەكانی شەڕی نێوان حزبوڵا و ئیسرائیل،  16 هەزار و 727 پەنابەری لوبنانی گەیشتونەتە عیراق، كە بەشێكی زۆریان لەڕێی دەروازەی قائیم-ەوە هاتون، بەشێكی تریان لەڕێی فڕۆكەخانەكانەوە.

حسێن محەمەد هاوژینی حوڕا، پێشتر لە ئۆتێلێكی لوبنان وەكو چێشتلێنەر كاریكردووە، بەڵام كارەكەی هەر زوو لەگەڵ دەستپێكردنی شەڕ لەدەستدا.

كاتێك گوندەكەیان بەجێهێشت ئەو خێزانە لەو باوەڕدا نەبون كە بەرەو عیراق كۆچ بكەن، "وامانزانی هەر چەند رۆژێكە و دەگەڕێینەوە، هەر بۆیە پاسپۆرتەكانیشمان لەماڵ بەجێهێشت".

panabar.lubnan
دیالە/ 26ی تشرینی یەكەمی 2024/ خێزانێكی پەنابەری لوبنانی لە خانەقین. فۆتۆ: ئەمیر خانەقینی

بۆیە كاتێك گەیشتنە سوریا، توانیان لەڕێی باڵیۆزخانەی لوبنانەوە بەڵگەنامەی تایبەت بە سەفەركردن دەستبخەن و چونە ناو خاكی عیراقەوە.

تائێستا بە دوو قۆناغ، 27 خێزانی پەنابەر گەیشتونەتە خانەقین، كە قەزایەكی جێناكۆكە لە نێوان هەردوو حكومەتی عیراق و هەرێمی كوردستان و هێشتا خاوەندارێتی یەكلایینەكراوەتەوە.

مەنسور حیدەر، مامۆستایەکی خەڵکی خانەقینە، دەڵێت هەركە زانی پەنابەری لوبنان گەیشتونەتە خانەقین، سەردانی حوسەینییەكەی كردووە بۆ ئەوەی هاوكارییان بكات.

مەنسور چاوی بەو خێزانە چوار كەسییە دەكەوێت و بڕیاردەدات لە قاتی سەرەوەی خانووەكەی خۆی جێگەیان بۆ بكاتەوە.

"دوو ژوری تیایە و هەموو پێداویستییەكی ماڵی تیایە، تا ئەوكاتەی دەگەڕێنەوە ئێرە جێگەی ئەوانە"، مەنسور وتی "وەکو کوردێک ئازاری ئاوارەیی و دەربەدریم زۆر چەشتووە، بۆیە ئەركی مرۆڤایەتیم جێبەجێكردووە".

سەیف عومەر، بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەرانی پارێزگای دیالە، بە (كەركوك ناو)ی وت كە لەڕێی چوار تیمی گەڕۆكەوە ناوی پەنابەرە لوبنانییەكان تۆماردەكەن و رۆژانە خێزانی نوێ رەوانەی پارێزگاكە دەكرێن و ئێستا گەیشتونەتە 100 خێزان.

وتیشی "دەستەی گشتی حەشدی شەعبی لەسەر سنور سەرپەرشتی دابەشكردنی پەنابەرەكان دەكات بەسەر پارێزگاكاندا... ئێمە هیچ زانیارییەكمان نییە لەسەر شێوازی دابەشكردنی پەنابەرەكان".

دەستەی گشتی حەشدی شەعبی لەسەر سنور سەرپەرشتی دابەشكردنی پەنابەرەكان دەكات بەسەر پارێزگاكاندا

بەپێی بەدوادچونی (کەرکوک ناو)، كاتێك پەنابەرەكان دەگەنە پارێزگای دیالە، نوسینگەی دیالەی دەستەی حەشدی شەعبی پێشوازییان لێ دەكات و پاشان بە هەماهەنگی لەگەڵ دەستەی خزمەتگوزاری لۆجستی شینی ئیمام حسێن کە لە زۆربەی شارەكاندا هەیە دابەشدەكرێن بەسەر ناوچەكاندا.

حسێن مەندەلاوی، وتار خوێن و پێشنوێژی حوسەینییەی ئیمام حەسەن موجتەبایە، بە (كەركوك ناو)ی وت "وەکو خەڵکی خانەقین ئەركی مرۆڤانەی خۆمان جێبەجێكردووە، بەبێ ئەوەی بزانین ئەم خێزانانە لە چ ئایین و مەزھەبێکن".

"خانەقین ھەمیشە نمونەی پێکەوە ژیان بووە و دەرگای بەڕوی لێقەوماندا کردۆتەوە".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT