ئيدارەی خانەقين دەستەوەستانە لە چارەسەركردنی بڵاوبونەوەی سەگی بێلانە لە كوچە و كۆڵان و شەقامەكانی شاردا، لانیكەم لەهەرسێ رۆژ جارێك پەلاماری كەسێك دەدەن و برینداری دەكەن.
بەپێی وتەی پزیشكان بەشێكی زۆری سەگە بێلانەكان هەڵگری ڤایرۆسی جۆراوجۆر و مەترسیدارن بۆ سەر تەندروستی مرۆڤ، لەپاڵ ترسی پەلاماردان و برینداركردنی هاوڵاتیان.
ماجدە عەبدوڵا، ژنێكی نیشتەجێی گەڕەكی ئەركەوازی لە خانەقین، هەفتەكانی رابردوو شایەتحاڵی پەلاماردانی ژمارەیەك سەگ بوو بۆ سەر منداڵێكی بچوك، ئەوەش لەنێو كۆڵانەكەیان و لە بەردەم ماڵی خۆیاندا.
"چەند سەگێك بۆی چون و پەلاماریاندا، یەكێكیان گازی لێگرت و برینداری كرد، منداڵەكە قیژاندی، ئەوەندە ترسابوو رەنگی زەرد هەڵگەڕا".
ماجدە دەڵێت رۆژی وا هەیە 10 تا 12 سەگ پێكەوە لەنێو كۆڵانەكەدان، "ئەو رۆژە ویستم بچم بۆ دكتۆر، بینیم 12 سەگ لەسەر كۆڵانەكەماندا وەستابون، ناچار گەڕامەوە ماڵ، ترسام پەلامارم بدەن"، زیاتر وتی "داوا لە شارەوانی دەكەم چارەسەرێك بۆ سەگی بێلانە بدۆزنەوە، چونكە بەڕۆژ دەترسین بیچنە دەرەوە و بە شەو لە دەنگی ئەوان ناتوانین بخەوین".
سەگەكان بە خێرایی زاوزێ دەكەن و ژمارەیان تا دێت زۆردەبێت، بەشێك لە خەڵكی قەزاكە خواردنیان پێدەدەن و بەزەییان پێیاندا دێتەوە.
هیچ ئامارێكی رەسمی نییە لەسەر ژمارەی سەگە بێلانەكان، بەڵام دواینجار كە حكومەت وەك چارەسەر دەرمانی كوشتنی پێداون، یان بە تاپڕ كوشتونی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2019.
لەو ساڵەوە كە حكومەت كوشتنی سەگی بە تاپڕ قەدەغە كردووە، هیچ هەنگاوێكیشی نەناوە بۆ دۆزینەوەی رێگاچارەی تر بۆ دورخستنەوەیان لە ناو شار.
بەپێی ئامارێكی نەخۆشخانەی گشتی خانەقین كە دراوە بە (كەركوك ناو) تەنیا لە شەش مانگی یەكەمی ئەمساڵدا 67 حاڵەتی گازگرتن-ی سەگی بێلانە گەیەنراوەتە نەخۆشخانەكە و چارەسەریان وەرگرتووە.
دكتۆر شوان شاكر، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی خانەقین بە (كەركوك ناو)ی وت "پێویستە بڵاوبونەوەی سەگی بێلانە لەناو بازاڕ و كۆڵان و گەڕەكەكانی شار و باخچەكان نەمێنن و دوربخرێنەوە، لەبەرئەوەی سەگ هەیە هەڵگری نەخۆشی گەڕی و نەخۆشییەكانی ترە، هەندێكیان مەترسی پەلاماردان و گازگرتنیان هەیە و بەو هۆیەوە ڤایرۆسەكە دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ".
دكتۆر شوان وتی "تەنیا لەم مانگەدا لانیكەم 11 هاوڵاتی گەیەنراونەتە نەخۆشخانە بەهۆی پەلاماردانی سەگەوە".
ئەو رێنمایی هاوڵاتیان كرد هەر حاڵەتێكی گازگرتنی سەگ هەبوو راستەوخۆ سەردانی نەخۆشخانە بكەن، بۆ ئەوەی دەرزی و چارەسەر وەربگرێت، "دیار نییە ئەو سەگە هەڵگری ڤایرۆسە یان نا، یان نەخۆشی گەڕی هەیە یان چی، بۆیە باشترە لە حاڵەتی گازگرتن بچێتە لای دكتۆر"، زیاتر وتی "سەگ لەناو دەم و سەر زمانی بەردەوام لیكی تەڕی هەیە، ڤایرۆسیش لەناو تەڕی لیكەكەی خۆی دەژێنێت و مەترسی دروستكردنی كیسی ئاویشی هەیە كە بۆ مرۆڤ دروستدەبێت، ئەوەش لەڕێگەی ئەو لیكەیەوە، بۆیە سەگ لەناو باخچە و ئەو شوێنانە بوو كە مرۆڤ بەركەوتەی لەگەڵ هەیە ئەوە مرۆڤ توشی نەخۆشی كیسی ئاو دەكات".
محەمەد ئەنوەر، هاوڵاتییەكی قەزاكەیە، دوو مانگە زامێكی قوڵ لەسەر قاچی هاتووە، بەردەوام ناو زامەكە دەخورێت و ئازاری هەیە و خوێنی لێدێت، پزیشكەكان وتیان یەكێك لە ئەگەرەكان ئەوەیە بەركەوتەی لەگەڵ سەگ هەبوبێت.
"سەردانی چوار پزیشك و نەخۆشخانەم كرد، وتیان ئەم نەخۆشییە لە سەگی گەڕو هەڵگری ڤایرۆس و مشك و جرجەوە توشی مرۆڤ دەبێت، لە ماوەی ئەو دوو مانگەدا 25 دەرزیم كرد، ئێستاش لەژێر چاودێری پزیشك دام و هێشتا بە تەواوی باش نەبوم"، محەمەد ئەنوەر وتی كە لە كۆڵانەكەی ئەوان سەگی بێلانە زۆرە و لەسەر شۆستە و باخەكان دەمێنێتەوە و پاڵدەكەوێت.
زیادبونی سەگی بێلانە لە خانەقین دوای ئەوە هات كە لەژێر فشاری چالاكوانانی مەدەنی و بەرگریكاران لە مافی ئاژەڵان، كوشتن و دەرمانخواردكردنی سەگی بێلانە راگیرا. بەڵام هیچ چارەسەرێكی بەدیلیش نەكرا.
ئامینە ئیبراهیم، چالاكوانی ژینگەیە لە خانەقین، بە (كەركوك ناو)ی وت "قەتلوعامكردنی سەگی بێلانە چارەسەر نییە، ئەوانیش گیاندارن و مافی ژیانیان هەیە، باشترین چارەسەر ئەوەیە شەڵتەرێكی تایبەت بۆ ئەوان لە دەرەوەی شار بكرێتەوە و تەلبەند بكرێت".
"ئەگەر حكومەت زەوییەك تەرخان بكات، من ئامادەم خواردن لە چێشتخانەكان و ماڵان ببەم بۆیان، بەڵام باشترە سەگەكان نەزۆك بكرێن بۆ ئەوەی زاوزێ نەكەن و زۆر نەبن".
سۆران عەلی، بەڕێوەبەری شارەوانی خانەقین، جەختدەكاتەوە لەوەی ئەوان هیچ پلانێكیان نییە بۆ چارەسەركردنی بڵاوبونەوەی سەگی بێلانە، "هەڵمەتی لەناوبردنی سەگ حەوت ساڵە لە دەسەڵاتی ئێمەدا نەماوە و ئەوە بۆتە كاری فەرمانگەی ڤێتێرنەری".
وتیشی "پێشتر بە تاپڕ دەمانكوشتن، یان ژەهرخواردنمان دەكردن، بەڵام ئەوكات بڕیاردرا چیتر سەگی بێلانە نەكوژرێت"، زیاتر وتی كە ئەمساڵ سەگی بێلانە زۆر بووە و هاوڵاتیان هەراسان بون.
ماهر هادی، جێگری بەڕێوەبەری ڤێتێرنەری خانەقین، بە (کەرکوک ناو)ی وت كە ئەوانیش لە ساڵی 2019ەوە هیچ هەڵمەتێكیان نییە بۆ لەناوبردنی سەگی بێلانە، چونكە پێویستیان بە بڕیاری قایمقام هەیە.
"زۆرینەی سەگەكان هەڵگری ڤایرۆس و نەخۆشین، ئێمەش داوادەكەین چارەسەرێك بۆ ئەو گرفتە بدۆزرێتەوە".