دێگەڵە بۆتە خاڵی بەریەككەوتن
هێزە ئەمنییەكانی هەرێم توندوتیژن بەرامبەر بە مامۆستایان

هەولێر/ 9ی شوباتی 2025/ مامۆستایانی ناڕازی سلێمانی، دڵخۆشی خۆیان دەردەبڕن كاتێك یەكەم بەربەستی هێزە ئەمنییەكانی هەولێریان بڕی. وێنەكە لەلایەن مامۆستایانەوە گیراوە

كەركوك ناو

مامۆستایانی ناڕازی پارێزگای سلێمانی، بەرەو هەولێر هەنگاویاننا، لە پێشهاتێكدا سەرەڕای بەربەستی توندی ئەمنی و پێشێلكارییدا، هەنگاوەكە بۆ گواستنەوەی دەنگیان بوو بۆ پایتەخت، دوای ئەوەی وەك ناڕەزاییەك دوو مانگە لە بایكۆتكردنی هۆڵەكانی خوێندن بەردەوامن كە بەهۆیەوە 600 هەزار خوێندكار بێبەشبون لە خوێندن و حكومەت هیچ وەڵامێكی نەدانەوە.

بەیانی ئەمڕۆ یەكشەممە 9ی شوبات، مامۆستایان لەڕێی دەیان پاس و ئۆتۆمبێلی تایبەتی خۆیان، گەیشتنە قەزای كۆیە و سنوری دێگەڵە، بە ئامانجی چونەناو هەولێر و گواستنەوەی ناڕەزاییەكانیان بۆ بەردەم نوسینگەی نەتەوە یەكگرتووەكان.

سنوری دێگەڵە ناوێكی دیاری سنوری نێوان هەردوو زۆنی یەكێتی و پارتی (هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەولێرە)، ئەو ناوە سێ دەیەیە لە ئەنجامی شەڕی ناوخۆی خوێناوی ئەو دوو حزبە بە كردەوە هەرێمی كوردستانی كردووە بە دوو بەشەوە.

مامۆستایان لە بازگەی یەكەم كە هێزەكانی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان نزیكەی سێ دەیەیە سەرپەرشتی دەكەن، رێگەیان پێدان بە ئاراستەی هەولێر تێپەڕبن، بەڵام هێزە ئەمنییەكانی هەولێر كە لەژێر دەسەڵاتی سەرۆكی حكومەتدا جوڵە دەكەن، بە چەكەوە بەربەستی كاتیان بۆ دانان، بەرلەوەی بگەنە یەكەم بازنەی هەولێر.

"هەولێر شاری خۆمانە، پایتەختی كوردستانە"یان "بەئاشتی بەئاشتی" لەو دروشمانە بون كە مامۆستایان جەختیانلێدەكردەوە.

فەرەیدون حسێن، یەكێك لە مامۆستاكان لەڕێی تەلەفونەوە بە (كەركوك ناو)ی وت "دەمانەوێت بچینە هەولێرەوە و دەنگی خۆمان بگەیەنینە نوسینگەی نەتەوە یەكگرتووەكان"، جەختیكردەوە ئەوان هیچ مەبەستێكی تریان نییە، تەنیا "دەمانەوێت دەنگ و داخوازیمان بگات".

ئەوە دوای تێپەڕبونی 13 رۆژ هات بەسەر مانگرتنی 13 مامۆستا و فەرمانبەر لە خواردن، بەپێی تیمە تەندروستییەكان، تەندروستی بەشێكیان بەهۆی مانگرتن لە خواردن جێگیر نییە.

ئەو مامۆستایانە لەبەردەم نوسینگەی سلێمانی نەتەوە یەكگرتووەكان خێمەیان هەڵداوە و هاوپیشەكانیشیان بۆ "گەیاندنی دەنگی ئەوان" دەیانەوێت بچنە هەولێرەوە بۆ بەردەم نوسینگەی نەتەوە یەگرتووەكان، دوای ئەوەی هیچ وەڵامێك نەبوو بۆ ناڕەزاییەكانیان.

فەرەیدون وتی "ئێمە تەنیا داوای مافی خۆمان دەكەین كە موچەیە"، وەك نیەتپاكییەكیش مامۆستایان قەڵەمەكانیان لەبەردەم هێزە ئەمنییەكانی هەولێردا بەرزكردبۆوە، تا رێگەیان بدەن بچنە هەولێرەوە.

لەیەكەم كاردانەوەیدا لەكاتی بەڕێكەوتنی مامۆستایان لە سلێمانییەوە بۆ هەولێر، ئومێد خۆشناو، پارێزگار هەولێر وتی "هەولێر هەمیشە میواندۆستە و میوان لە ئامێز دەگرێت، بەڵام ئەمڕۆ پێشوازی لە میوانانی رەزا قورس ناكات".

mamsota.slemani
هەولێر/ 9ی شوباتی 2025/ مامۆستایانی ناڕازی سلێمانی، لە بازگەی دێگەڵە لە نێوان هەردوو پارێزگای هەولێر و سلێمانی. وێنەكە لەلایەن مامۆستایانەوە گیراوە

چەند رۆژێكە میدیاكانی نزیك لە پارتی دیموكراتی كوردستان، هەڵمەتێكیان بۆ بێ بەهاكردنی مانگرتنی 13 مامۆستا و فەرمانبەر لە خواردن دەستپێكردووە.

مامۆستایان توانیان بەهۆی پێداگرییان ئەو بەربەستە كاتییەی هێزە ئەمنییەكانی هەولێر ببڕن و گەیشتنە بازگەی دێگەڵە - كە پارتی دیموكراتی كوردستان ئیدارەی دەكات -، چەند پەرلەمانتارێكی ئۆپۆزسیۆنیش یاوەری مامۆستایان بون.

ئازاد كەریم، پەرلەمانتاری نەوەی نوێ، كە هێزێكی ئۆپۆزسیۆنە، وتی "بۆ ئەوەی بەربەستی هێزە ئەمنییەكان نەبڕن، گازی فرمێسكڕێژ بەرامبەر مامۆستایان بەكارهێنرا".

بەپێی دیمەنەكان چەند مامۆستایەك بەهۆی كاریگەریی گازی فرمێسكڕێژەوە كەوتبونە سەر زەوی، هەروەها پێشێلكاری تر بەدیدەكرا لەوانەش لێدانی مامۆستایان.

ئەم پێشهاتە نوێیە بۆ گواستنەوەی ناڕەزاییەكان بۆ هەولێر لەكاتێكدایە، 600 هەزار خوێندكار لە هەرێمی كوردستان دوو مانگە بێبەشن لە خوێندن، بەهۆی داخستنی دەرگای خوێندنگە و قوتابخانەكان لە تەواوی سنوری پارێزگای سلێمانی، كە دابەشبون بەسەر سێ هەزار خوێندنگەدا.

بەپێی ئامارێكی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان لانیكەم 60 هەزار مامۆستا بایكۆتی هۆڵەكانی خوێندنیان كردووە.

شەوی پێشتر بەشێك لە مامۆستایانی شاری هەولێر وەك هاوسۆزییەك بۆ ناڕەزاییەكانی سلێمانی، بڕیاریاندا لە هەولێر خۆپیشاندان بكەن، بەڵام لەیەكەم كاردانەوەدا هێز لە ناو شاری هەولێر و بەردەم قەڵا – كە مێژوییەكی هەیە بۆ كۆبونەوەی ناڕەزایی- بڵاوەی پێكرا، هەروەها لە دەروازەكانی هەولێر بە ئاراستەی پارێزگای سلێمانی.

نەوزاد عومەر، لە ئەنجومەنی سكرتاریەتی مامۆستایانی پێشەنگ لە هەولێر كە رێكخراوێكی داكۆكیكارە لە مافی مامۆستایان، لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە لەناو شاری هەولێر دەستگیركرا، دوای ئەوەی دوپاتیكردەوە كە خۆپیشاندان دەكات لە پێناو مافی مامۆستایان.

مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەت كە سەرقاڵی پێكهێنانی كابینەی نوێیە، هیچ هەڵوێستێكی لەسەر ناڕەزاییەكانی دوو مانگی رابردوی مامۆستایان نەبووە، بەڵام وتەبێژەكەی هێرشیكردە سەر سەر مانگرتووان و بەوە تۆمەتباری كردن كە دەستیان لە پشتەوەیە، هەروەها وەزارەتی ناوخۆش هەمان هەڵوێستی نیشاندا.

كاتژمێر هەشت و نیوی بەیانی، لەكاتێكدا ئەو مامۆستایانەی لە سلێمانی مانیان لەخواردن گرتووە، لە ژێر خێمەیەكدا نوستبون، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەت – پشكی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان-، سەردانی كردن، ئەوەش یەكەم سەردانی ناوبراو بوو لەوكاتەوەی ناڕەزاییەكان دەستیانپێكردووە.

سەردانەكە كە دور لە چاوی میدیاكان و ئاگاداركردنەوەی پێشوەختەی مانگرتووان بوو، دوای ئەوە هات كە هەینی رابردوو وتەبێژی مامۆستایانی مانگرتوو وتی "سەرۆكی حكومەت و جێگرەكەی وەكو یەك تۆمەتبار و كەمتەرخەمن، هەردوكیان بەرپرسیارێتی ئەم دۆخەیان لەسەر شانە".

هادی حەمەرەشید، یەكێك لە مامۆستا مانگرتووەكان، لەبارەی سەردانەكەی قوباد تاڵەبانییەوە، وتی "متمانە بەهەركەسێك بكەین بە قوباد تاڵەبانی ناكەین، چونكە چەندینجار بەڵێنی بە خەڵكی ئەم ناوچەیە داوە و نەیبرۆدتەسەر".

زیاتر وتی "هیچ رێككەوتنێكمان لەگەڵیدا نییە و لەكاتێكی زۆر زۆر خراپدا هاتووە كە ئێمە لەخەودا بوین و لەهۆشچوین، بۆیە لەوكاتەدا هاتووە، چونكە زانیویەتی روی ناو ئەم مەجلیسەی نییە".

بەگشتی ناڕەزایی مامۆستایانی پارێزگای سلێمانی، لە ساڵی 2015وە بە پچڕ پچڕ درێژەی هەیە، ساڵی رابردوو تەنیا دوو مانگ دەرگای خوێندنگەكان كرانەوە و لە 10 ساڵی رابردودا بەدەیان خۆپیشاندان دژی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەڕێوەچووە، بەهۆی پێنەدانی موچە لەكاتی خۆیدا.

zhnana-xopeshandan
سلێمانی/ 21ی كانونی دووەمی 2024/ چەند دیمەنێك لە خۆپیشاندانی مامۆستایان فۆتۆ: كەركوك ناو

لەو ماوەیەدا حكومەتی هەرێمی كوردستان 16 موچەی فەرمانبەرانی نەداوە، 44 موچەشی بە پەیڕەوكردنی سیستمی پاشەكەوتكردن و لێبڕینی بەشێكی موچەكە دابەشكردووە (چارەكێكی موچەكە یان لەسەدا 21ی لێ بڕیون).

بەگشتی مامۆستایان و فەرمانبەران لە نێوان 20 ملیۆن بۆ 35 ملیۆن دیناریان لای حكومەتە، بەپێی خزمەت و پلەكانیان.

حكومەتی هەرێمی كوردستان چەندجارێك داوای لە مامۆستایان و فەرمانبەران كردووە روی دەمیان بكەنە حكومەتی فیدراڵ، تەنانەت خودی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم بەغدا بە پێنەدانی موچەی فەرمانبەران و مامۆستایانی هەرێم تۆمەتباردەكات.

لە 21ی شوباتی 2024 دادگای فیدراڵی عیراق چەند بڕیارێكی لە بەرژەوەندی فەرمانبەران و موچەخۆرانی حكومەتی هەرێم دەركرد، لە نێویاندا جەختیكردەوە لەوەی "پێنەدانی موچەی مانگانەی فەرمانبەران پێشێلكردنی مافە" و وەزارەتی دارایی عیراقی پابەند كرد، بە پێدانی مانگانەی موچەكانیان لەڕێی بانكە فیدراڵییەكانەوە.

بەڵام وەزارەتی دارایی عیراق چەندجارێك جەختیكردۆتەوە لەوەی حكومەتی هەرێم پابەند نابێت بە رێککەوتنەکان لەگەڵ بەغدا بۆ گەیشتن بە چارەسەرێک لەپێناو کۆتاییهێنان بە قەیرانی موچەخۆران و لەوانەش دەڵێت "داهاتی ناوخۆ، نەوتی و نانەوتی ناگەڕێنێتەوە بۆ حكومەتی فیدراڵ".

هەروەها جەختدەكاتەوە لەوەی هەرێم ئامادەنییە موچەی فەرمانبەران بە بانكی بكات، كە پێیانوایە رێگەدەگرێت لە بونی فەرمانبەری بندیوار و وەهمی.

لە 4ی شوباتی 2025 و دوای دەیان كۆبونەوە لە نێوان هەردوو شاندی حكومەتی هەرێم و ناوەند، ئامانج رەحیم، سكرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، جەختیكردەوە لەوەی بەپێی رێکكەوتنی نێوان هەردوو حكومەت "موچەی هەرێم بۆ هەر 12 مانگی ساڵی 2025 دابینکرا".

بەڵام لەگەڵئەوەشدا وتی "بۆ زەمانەتکردنی بەردەوامی ئەم رێکكەوتنە، هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لە جێبەجێکردنی پابەندیی تەکنیکی و پابەندییە نەوتی و نانەوتییەکانی بە تایبەتیش کە ئاستەنگی یاسایی نەما لە بەردەم هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم بە پەسەندکردنی هەمواری یاسای بودجە".

یەكێك لە مامۆستایانی ناڕازیی وتی "هەزار بەڵێنی وایانداوە و جێبەجێیان نەكردووە، ئێمە چیتر ناوەستین".

قۆناغی ئێستای ناڕەزاییەكان لە سنوری دێگەڵەیە، ئەو سنورەی سێ دەیەیە بەهۆی شەڕی ناوخۆی خوێناوییەوە، بەكردەوە هەرێمی كوردستانی كردووە بە دوو زۆنی زەرد و سەوزەوە، وەك ئاماژەیەك بۆ ئاڵای هەردوو حزب پارتی و یەكێتی كە لە دوای ساڵی 1991ەوە حوكمڕانی هەرێمی كوردستان دەكەن.

عەلی حەمەساڵح، پەرلەمانتار و بڕیاردەری رەوتی هەڵوێست – حزبێكی نوێی ئۆپۆزسیۆنە و خاوەنی چوار كورسی پەرلەمانییە-، لەبارەی ناڕەزاییەكانەوە كە خۆی لەگەڵ مامۆستایان دێگەڵە بوو، هەردوو حزبەكەی وەكو یەك تۆمەتبار كرد و وتی "ئەو دووانە رێكبكەون داهاتی ناوخۆ لە نێو خۆیاندا بەش دەكەن، شەڕیش بكەن كوڕی خەڵكی دەدەن بە كوشت".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT