لە كەركوك "كردارمان دەوێت نەك قسە"
ئەو ئەندامەی كۆبونەوەكانی پەكخستبوو وەكو "ئۆپۆزسیۆن" دەگەڕێتەوە

كەركوك/ 12ی كانونی یەكەمی 2023/ زاهیر ئەنوەر عاسی لای راستی وێنەكە، لە گوندی "سەیادە" لە باشوری پارێزگاكە. فۆتۆ: راگەیاندنی زاهیر ئەنوەر عاسی

عومەر هیلالی

زاهیر ئەنوەر عاسی، ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك كە سێ مانگ كۆبونەوەكانی ئەنجومەنی پەكخست، جارێكی تر گەڕایەوە، بەڵام دەڵێت "وەكو ئۆپۆزسیۆنێك". رۆژێك پێش گەڕانەوەی، هاوپەیمانێتییەكەی زاهیر عاسی كە تەنیا یەك كورسیان لە ئەنجومەن هەیە، دوو پۆستی لە حكومەتی خۆجێی كەركوك وەرگرت.

ئەو جەختدەكاتەوە لەوەی هەڵوێستی ئۆپۆزسیۆنبونی لەپای ئەوەیە كە "دوای تێپەڕبونی شەش مانگ بەسەر حكومەتی خۆجێی كەركوك نەمانتوانیوە ئەو خزمەتگوزارییانە پێشكەش بكەین كە شایستەی پارێزگاكەمانە كە بە سامانی سروشتی دەوڵەمەندە".

زاهیر ئەنوەر عاسی، كە كوڕی میری پێشوی هۆزی عوبەیدە لە عیراق و نیشتیمانی عەرەبی و تاكە ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوكە لە هاوپەیمانی عروبە، لە 5ی تشرینی دووەمی 2024ەوە بایكۆتی كۆبونەوەكانی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوكی كردووە، بەهۆیەوە كۆبونەوەكان بەهۆی تەواونەكردنی نیسابی یاساییەوە پەكیانكەوت، تا لە 18ی شوباتی ئەمساڵ گەڕایەوە ئەنجومەن.

زاهیر ئەنوەر عاسی، كە یەكێك بوو لە بەشداربووانی كۆبونەوەی پێكهێنانی حكومەتی خۆجێیی كە لە هۆتێل رەشیدی بەغدای پایتەخت بەڕێوەچوو لە 10ی ئابی 2024دا، ئامادەی هیچ كام لە دانیشتنەكانی چەند مانگی رابردوی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك نەبوو.

"بایكۆتكردنەكەم لە سێ مانگی رابردودا لەبەر دوو هۆكار بوو، یەكەمیان نیگەرانیم لە جێبەجێنەكردنی خاڵەكانی ئەو رێككەوتنەی كە بنەمای پێكهێنانی ئیدارەی پارێزگا بوو".

بەبێ بەشداریی زاهیر ئەنوەر عاسی، حكومەتی خۆجێی كەركوك لە 10ی ئابی 2024 پێكنەدەهات، بەهۆی ئەوەی كۆبونەوەكە پێویستی بە ئامادەبونی نۆ ئەندامی ئەنجومەن بوو لە كۆی 16 ئەندام.

هەفتەی رابردوو كاتێك جارێكی تر بۆ كۆبونەوەكانی ئەنجومەن گەڕایەوە، تیایدا ئەنجومەن دەنگی لەسەر سێ پرسدا، ئەوانیش (هەڵبژاردنی سەرۆكی یەكە ئیدارییەكانی كەركوك، لۆگۆی نوێی پارێزگا و هەڵبژاردنی ئەنجیل زیا وەك ئەمینداری گشتی ئەنجومەن).

anjiman18y shubat
كەركوك/ 18ی شوباتی 2024/ یەكەم كۆبونەوەی ئەنجومەن دوای گەڕانەوەی زاهیر عاسی بۆ كۆبونەوەكان. فۆتۆ: كەركوك ناو

زاهیر عاسی وتی "سەرەكیترین خاڵی رێككەوتنی پێكهێنانی حكومەت دۆسییەی بێسەروشوێنەكان بوو لە زیندانەكانی هەرێمی كوردستان، بەڵام دوای پێكهێنانی حكومەتی خۆجێیی كە شەش مانگی بەسەردا تێپەڕی هیچ نیازێكمان بەدینەكرد بۆ جێبەجێكردنی رێككەوتنەكە، گوێمان لە چەندین بیانوو دەبێت وەك وردبینی ئەمنی، كە پێویستە لە ماوەیەكی زۆر كورتتردا تەواو بكرێت".

چەند سەركردەیەكی پێكهاتەی عەرەبی ئاماژە بەوە دەدەن كە سەدان دەستگیركراوی سەر بەو پێكهاتەیە لە زیندانەكانی سلێمانی و هەولێردان و "زۆربەیان بێتاوانن" و بە تۆمەتی "هەڵبەستراو" دەستگیركراون و دەڵێن تا ئێستاش چارەنوسیان نازانن.

لە 30ی تشرینی دووەمی 2024، حاتەم تائی، ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی نیشتمانی لە كەركوك لەلێدوانێكی رۆژنامەوانیدا وتی "لیژنەیەكی دانوستان پێكهێنراوە لەنێویاندا، وەسفی عاسی، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، محەمەد حافز، سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا و رەعد ساڵح، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگا".

وتیشی "بەپێی زانیارییەكان، بڕیارە 293 كەس لە زیندانەكانی سلێمانییەوە رادەستی حكومەتی فیدراڵی بكرێن، ئەوەش لەكۆی نزیكەی هەزار دەستگیركراو و بێسەروشوێنكراوی كەركوك لە زیندانەكانی سلێمانی، كە بەشێكیان تۆمەتی تیرۆریان دراوەتە پاڵ".

لەساڵی 2023، لیژنەیەكی حكومی لە كەركوك پێكهێنرا بۆ دەستكردن بە پرۆسەی گەڕان و لێكۆڵینەوە سەبارەت بەچارەنووسی سەدان بێسەروشوێنی كەركوك لە هەرێمی كوردستان كە زۆرینەیان لە نەتەوەی عەرەبن و دەسەڵاتدارانی هەرێم تۆمەتباركراون بە دەستگیركردنیان لەنێوان ساڵانی 2014 تا 2016، لەوكاتەی هێزەكانی پێشمەرگە لەناو پارێزگاكەدا بوون.

چەندین لێدوانی دژبەیەك هەبوو سەبارەت بە ژمارەی بێسەروشوێنانی پارێزگاكە كە هەندێكیان دەڵێن ژمارەیان دەگاتە 5 هەزار كەس لە زیندانەكانی هەرێم، لەبەرانبەردا، دەزگا ئەمنییەكانی هەرێمی كوردستان بەردەوام رەتیدەكاتەوە بێسەروشوێن هەبێت لەزیندانەكانیاندا.

زاهیر ئەنوەر عاسی جەختدەكاتەوە لەسەر كاراكردنی ئەو دۆسێیە لەئێستادا بەتایبەت دوای پەسەندكردنی یاسای لێبوردنی گشتی لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە و دەڵێت "دەبێت لەئاستی بەرپرسیارێتیدا بین بۆ ئەوەی هاوبەشییەكی بەردەوام دروستبكرێت كە 3 ساڵ زیاتر دریژە بكێشێت و لەكاتی جێبەجێنەكردنی پابەندییەكان لەچوارچێوەی رێكەوتنەكەدا ئەوا ئەو هاوبەشێتییە دەكەوێتە مەترسییەوە".

"ئێمە وەك پێكهاتەی عەرەبی كارمان بۆ هاوبەشێتییەكی راستەقینە كرد و دوپاتمانكردەوە، هەموو شتێكمان لەسەر ئەرزی واقیع جێبەجێكرد نەك تەنیا بەگوفتار".

عاسی رونیشیكردەوە، "ئێمە قوربانیماندا و بەشداریمان كرد لە پێكهێنانی حكومەتی خۆجێیی سەرەڕای هەموو ئاڵنگارییەكان و سەركەوتوو بووین لەو كارەدا، بەو هیوایەی بتوانین سەركەوتن بۆ خەڵكی كەركوك بەدیبهێنین، بەڵام دوای تێپەڕبونی شەش مانگ نەمانتوانی ئەو خزمەتگوزارییانە پێشكەش بكەین كە شایستەی پارێزگاكەمانە كە بە سامانی سروشتی دەوڵەمەندە".

داواشی كرد ئیدارەی كەركوك بە سەرۆكایەتی پارێزگار رێبوار تەها بەئەركی خۆی هەستێت و خزمەتی دانیشتووانی پارێزگاكە بكات و سوود لە سامانە سروشتییەكانی وەربگرێت.

سەبارەت بە دوركەوتنەوە لە لێدوان بۆ دەزگاكانی راگەیاندن و پلاتفۆرمەكانی سۆشیاڵ میدیا لە ماوەی سێ مانگی رابردوودا، عاسی وتی "بۆ ئەوەی پارێزگاری لە ئارامی شارەكەدا بكەین".

ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە 16 ئەندام پێكهاتووە، پێكهاتەی كورد، 7 كورسی (یەكێتی نیشتمانی كوردستان 5 كورسی، پارتی دیموكراتی كوردستان 2 كورسی)، پێكهاتەی عەرەب 6 كورسی، (هاوپەیمانی عەرەبی 3 كورسی، هاوپەیمانی قیادە 2 كورسی و هاوپەیمانی عروبە 1 كورسی)، هاوكات توركمانەكان 2 كورسی لەگەڵ یەك كورسی كۆتای مەسیحییەكان.

لە ئێستادا هەریەكە لە هاوپەیمانی عەرەبی كە راكان سەعید سەرۆكایەتی دەكات، لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان و بەرەی توركمان كە پێكەوە خاوەنی حەوت كورسین، بەشداریی هیچ كۆبونەوەیەكی ئەنجومەنیان نەكردووە، ئەمەش وایكردووە هەر ئەندامێك لە نۆ ئەندامەكەی بەرەی پێكهێنانی حكومەت بەشداریی كۆبونەەكان نەكات، ئەوە نیسابی یاسایی تەواونابێت.

زاهیر عاسی جەختیكدرەوە كە ئەو وەكو ئۆپۆزسیۆنێك گەڕاوەتەوە و ئەركی ئەوەیە رەخنەی بونیاتنەر ئاراستەی ئیدارەی هاوبەش بكات، "لە دانیشتنەكانی داهاتودا ئامادەدەبم، دەبمە هاوبەشێكی رەخنەگر بۆ هەر بابەتێك كە كاریگەری هەبێت لەسەر ئاسایش و ئارامی و پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری بۆ خەڵكی كەركوك".

رۆژێك بەر لە سازدانی دانیشتنێكی ئەنجومەن دوای تەواوكردنی نیسابی یاسایی لە 18ی شوباتی 2025، دوو پۆست درا بە هۆزی عوبەید، لەوانەش بەڕێوەبەری كشتوكاڵی كرەكوك و بەڕێوەبەری ژمێریاری لە دیوانی پارێزگای كەركوك.

سەرچاوەیەكی باڵا لە دیوانی پارێزگای كەركوك وتی "ئەم پۆستانە بۆ رازیكردنی عوبێدی بوو بۆ بەشداریكردن لە دانیشتنەكان، لەچەند رۆژی داهاتوودا پۆستی دیكەشیان دەدرێتێ، لەنێویاندا پۆستی فەرماندەی پۆلیسی كەركوك".

لە دوای ساڵی 2003ــەوە لەسەر بنەمای پڕۆژەیەكی جەلال تاڵەبانی، سەرۆك كۆماری پێشوتری عیراق و سكرتێری پێشوی كۆچكردوی یەكێتیی، پۆستە ئیدارییەكانی كەركوك بەڕێژەی لەسەدا 32 بۆ هەریەك لە پێكهاتەكانی كورد، عەرەب‌ و توركمان دیاریكرا، لەگەڵ سەدا چوار بۆ كریستیان. پڕۆژەكە لە تەمموزی 2009ـدا لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، رێككەوتنی لەسەر كرا، هەرچەندە ئەو رێككەوتنەش شۆڕنەبۆوە بۆ پۆستەكانی خوارەوە.

تەواوی پارێزگای كەركوك، ناوچەیەكی جێناكۆكە لە نێوان هەردوو حكومەتی فیدراڵی عیراق و هەرێمی كوردستان، یەكلاییكردنەوەی چارەنوسیشی لە چوارچێوەی ماددەی 140ـی دەستوردایە لەڕێی سێ قۆناغی ئاساییكردنەوە، سەرژمێری و راپرسی.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT