"كۆچ مەكەن بگەڕێنەوە بۆ زێدی خۆتان"
ئەم هاندانە بۆ كریستیانەكانە، لەڕێی دروستكردنی كۆمەڵگەیەكی نیشتەجێبونەوە

نەینەوا/ 7ی ئاداری 2021/ هاوڵاتیانی قەرەقوش كە زۆرینەی كریستیانن، لە پێشوازی پاپای ڤاتیكان فۆتۆ: مەتی كەزیا

عەمار عەزیز

پارێزگاری نەینەوا دروستكردنی كۆمەڵگەیەكی نیشتەجێبونی لەسەر روبەری 60 دۆنم زەوی لەبەری چەپی موسڵ بۆ كریستیانەكان راگەیاند، ئەوەش وەك هاندانێك بۆ گەڕانەوەیان بۆ زێدی خۆیان، بەتایبەت ئەوانەی چونەتە دەرەوەی وڵات.

ئەو پڕۆژەیە 23ی شوبات لەلایەن عەبدولقادر دەخیل، پارێزگاری نەینەوا بە پاڵپشتی سندوقی ئاوەدانكردنەوەی نەینەوا رایگەیەنرا، ئەوەش هاوكاتە لەگەڵ كۆچیی بەردەوامی كریستیانەكان بۆ دەرەوەی وڵات، كە بەپێی ئامارێكی كۆمسیۆنی باڵای مافەكانی مرۆڤ لە عیراق ژمارەیان لە ملیۆن و نیوێك كەسەوە لە پێش ساڵی 2003 بۆ تەنیا 250 كەس لە ئێستادا كەمبوتەوە.

نینوس سابت، مامۆستایەكی كریستیانە و لە ناوەندی تلکێف لە دەشتی نەینەوا دژەیت، وتی "دڵخۆشین بە راگەیاندنی ئەو پڕۆژەیە، دڵنیام دەبێتە هاندەرێکی باش بۆ گەڕانەوەی کریستیانەکان، ئەمە زیاتر دڵنییایی بەو كریستیانانە دەدات كە لە ئاوارەییەوە گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان و وادەكات هەست بە ئاسایش و سەقامگیری بكەن".

"ئەم ماوەیە كاری باش بۆ كریستیانەكان كراوە، لە نۆژەنكردنەوەی كەنیسەكان و رێگاوبان و خزمەتگوزاریی بۆ ناوچە كریستیاننشینەكان، هیوادارین ئەم ئاوەڕلێدانەوانە بەردەوام بێت، چونكە ئێمەی كریستیان هاوشێوەی پێكهاتەكانی تر قوربانی زۆرمانداوە لەپێناو مانەوە و پاراستنی شوێنەوارە ئایینی و كەلتورییەكانمان"، نینوس وایوت.

چەكدارانی داعش له‌ ناوه‌ڕاستی 2014دا كاتێك نەینەوایان كۆنتڕۆڵكرد؛ سێ‌ بژارده‌یان خستە بەردەم کریستیانەکان، ئەوانیش ئیسلامبون، پێدانی جزیە یان بەجێهێشتنی ماڵ و حاڵیان، بۆیە زۆرینه‌ به‌ ناچاری ئاواره‌بون و زۆربه‌ی شوێنه‌ ئایینییه‌كانیشیان وێران كران.

عیدان شێخ کالو، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا لە پێکهاتەی ئێزیدی بە (کەرکوک ناو )ی وت "ئاگاداری ناوەڕۆكی پڕۆژەكە نیم، نازانم كۆمەڵگەكە چۆن دروستدەكرێت و كێ و چۆن لێی سودمەند دەبن و دەبێت چەند پارە بدەن تا یەكەیەكی نیشتەجێبونیان دەستدەكەوێت، بەڵام بەدڵنیاییەوە ئەوە پڕۆژەیەکی گرنگە بۆ پشتگیریی و هاوکاریکردنی کریستیانەکان".

عیدان داوایكرد پڕۆژەی لەو شێوەیە بۆ پێكهاتەكانی تریش دروستبكرێت، "ئەوانیش قوربانیی زۆریانداوە و دەبێت یەکسانیی لە پڕۆژەکاندا هەبێت، باشترە بۆ ئەو جۆرە پڕۆژانە سەرژمێریی دانیشتووان لەبەرچاوبگیرێت".

به‌پێی ئاماره‌كانی حكومه‌تی فیدراڵی عیراق ته‌نیا له پارێزگای‌ نه‌ینه‌وا زیاتر له‌ 24 هه‌زار خێزانی كریستیان به‌ره‌و  دەرەوەی وڵاتان كۆچیان كردووە.

عەبدولقادر دەخیل، پارێزگاری نەینەوا لەكاتی راگەیاندنی پڕۆژەكەدا لە گەڕەكی حەی عەرەب لە بەری چەپی موسڵ، هاوكات نۆژەنكردنەوەی كەنیسەیەكی لە تلكێف راگەیاند، هەردوكیان هەر لە چوارچێوەی پڕۆژەی سندوقی ئاوەدانكردنەوە.

رەفعەت سمۆ، یاریدەدەری پارێزگاری نەینەوا، رەتیكردەوە هیچ شتێك بۆ (كەركوك ناو) ئاشكرابكات لەبارەی وردەكاریی پڕۆژەكە و چۆنیەتی دابەشكردنی بەسەر كریستیانەكاندا، وتی "دەبێت خودی پارێزگار ئەوە رونبكاتەوە".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT