ئەنجومەنی پارێزگای دیالە 57 رۆژە نەیتوانیوە هیچ كۆبونەوەیەك ئەنجامبدات، بەهۆی ناكۆكی و ناتەبایی نێوان ئەندامانی ئەنجومەن و لایەنە سیاسییەكانی دیالە، كە بەپێی وتەی چاودێران كاریگەری نەرێنی لەسەر ناوبانگی ئەنجومەنەكە هەیە.
دوایین کۆبونەوەی ئەنجومەن لە 31ی كانونی یەكەمی ساڵی رابردوو ئەنجامدرا، لەوكاتەوە لە هیچ دانیشتنێكدا نەتوانراوە نیسابی یاسایی تەواوبێت، كە پێویستی بە ئامادەبونی هەشت ئەندام هەیە لەكۆی 15 ئەندامی ئەنجومەن.
ئەوس ئیبراهیم، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای دیالە لەسەر پشکی یەکێتیی نیشتیمانیی كوردستان، بە (كەركوك ناو)ی وت "هۆکاری ئەنجامنەدانی کۆبونەوەکان بەهۆی ململانێی و ناکۆکی سیاسی نێو لایەنەکانی نێو ئەنجومەنەکەیە، بەهۆیەوە ژمارەی پێویستی ئەندامان ئامادەنابن... ئەم حاڵەتە بابەتێکی ئاساییە بەهۆی ململانێی لەسەر هەندێك پۆست، بەڵام وەكو ئەندامانی ئەنجومەن تەباین".
جەختیكردەوە "رۆژانە كاری چاودێریی خۆمان دەكەین و هەموو 15 رۆژ جارێك راپۆرتی خۆمان ئاراستەی جێگری سەرۆكی ئەنجومەن دەكەین كە سەرۆكایەتی لیژنەكان دەكات".
بەڵام لەگەڵئەوەشدا پێیوایە ئەنجامنەدانی کۆبونەوەکان کاریگەریی هەبووە بەسەر یاسادانان و پەکخستنی ئەو پڕۆژانەی کە پێویستیان بە دەنگ و بڕیاری ئەنجومەن هەیە.
عەلی حەجییە، چاودێری ئەنجومەنی پارێزگای دیالە دەكات، بە (كەركوك ناو)ی وت "ئەنجومەنەكە لەوەتەی ئەنجامی هەڵبژاردن ڕاگەیەنراوە تا ئێستا کۆدەنگی لە نێوان ئەندامەکانیدا نییە، بەو پێیەی دووبەرەکی و ناتەبایی زاڵە بەسەریاندا، ئەمە جگە لە بەردەوامی پیلانگێڕی نێوان ئەندامانی لایەنە سیاسییەکانی نێو ئەنجومەن، ئەمە لە یەکەم ساتەکانی پێکهێنانی ئەنجومەنەکەوە هەیە".
وتیشی "وەک دەزانرێت پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی دیالە روبەڕوی ئاستەنگی گەورە بووەوە، ئەمەش بووەهۆی لە دایکبونی حکومەتێکی لاواز و تا ئێستاش دۆخەکە ئاسایی نەبۆتەوە، بەو پێیەی ئەو لایەنە سیاسییانەی نوێنەرایەتییان لە ئەنجومەنەکەدا هەیە، ناتوانن لەسەر هیچ پرسێک بگەنە لێکتێگەیشتن".
ێکهێنانی حکومەتی خۆجێی دیالە روبەڕوی ئاستەنگی گەورە بووەوە، ئەمەش بووەهۆی لە دایکبونی حکومەتێکی لاواز
حكومەتی خۆجێی دیالە لە یەكی ئابی 2024 پێكهێنرا، ئەوەش دوای نۆ مانگ لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان كە لە 18ـی كانونی یەكەمی 2023 بەڕێوەچوو، ئەو دواكەوتنە هاوشانی پارێزگای كەركوك كە لە هەمان مانگ پێكهات، بەهۆی ناكۆكی توندی نەتەوەیی، ئایینی و مەزهەبییەوە بوو.
عەلی حەجییە وتی "ئێستاش حەوت كۆبونەوەیە نەتوانراوە نیسابی یاسایی ئەندامان بۆ كۆبونەوە تەواوبێت، ئەمە کاریگەری نەرێنی لەسەر ناوبانگی ئەنجومەنەکە هەیە و قەناعەتی هاوڵاتیانی بەهێزتر کرد کە بونی بێسوودە".
ئەو پێیوایە لە ئێستادا هەوڵ هەیە بۆ گۆڕینی دەستەی سەرۆکایەتی ئەنجومەن، بۆ شكاندنی ئەو بەستەڵەكە، بەڵام وتی "نازانرێت هەوڵەكە جدییە یان نا".
وتیشی "ئەم جیاوازییانە گوزارشت لە کاریگەری نەرێنی دەکەن لەسەر پارێزگاری دیالە، بەو پێیەی گرنگی ئەنجومەنەکە لەناو خەڵکدا بەرەو کەمبوونەوە دەچێت، هاوکات ناکۆکییە سیاسییەکان کاریگەرییان لەسەر بارودۆخی پارێزگاکە هەیە، بەو پێیەی جێبەجێکردنی پڕۆژەکان پەیوەستە بە کۆدەنگی نێوان ئەنجومەن و حکومەت".