220 گامێش لە گوندێكی باشوری كەركوك مرداربونەتەوە، بەپێی وتەی گامێشەوانەكان هۆكارەكەی پیسبونی ئاوی روباری خاسەیە كە پاشماوەی سەربڕخانەكانی لەسەرە.
ئەو ئاژەڵانە كە لەلایەن دوو گامێشەوانەوە خاوەندارێتی دەكران، لە ماوەی 18 رۆژدا، لە گوندی حاجی حسێن لە باشوری كەركوك مرداربونەتەوە و گامێشەوانەكان داوای بەهاناچوەچونی بەپەلەی حكومەت دەكەن.
ئەبو عەبدوڵا، یەكێك لە گامێشەوانەكان، بە (كەركوك ناو)ی وت "نزیكەی 100 سەر گامێشم مرداربۆتەوە... ئەمە یەكەمجارە ئەو ژمارە زۆرە گامێشەم بەسەریەكەوە بمرێت، گومانمان لەو ئاوەیە کە بەناو گوندەکەماندا تێدەپەڕێت و گامێشەکانمان لێی دەخۆنەوە".
سەرچاوەی ئاوەكە كە بەناو گوندەكەدا دەڕوات، روباری خاسەیە، ئەبو عەبدوڵا وتی "لەسەرەوە سەرچاوەی ئاوەكە پیسكراوە، پاشماوەی سەربڕخانەی گەورەی كەركوك و خوێن تێكەڵ بە ئاوەكە بووە، گامێشەكانیش لە خوارەوە لێی دەخۆنەوە".
ئەو سەربڕخانە حكومییە، لەلایەن كەرتی تایبەتەوە بەڕێوەدەبرێت و تەواوی پاشماوەكان لەڕێی بۆریییەوە تێكەڵ بە روباری خاسە دەكرێن.
فەرحان تائی، گامێشەوانێكی تری گوندەكەیە و ئەویش ژماریەك گامێشی مرداربونەتەوە، وتی "داواكارین هەرچی زووە حكومەت پەلە بكات لە چارەسەر و هۆكاری مرداربونەوەی گامێشەكانمان بۆ رونبكاتەوە بۆ ئەوەی زەرەری زیاتر نەكەین".
دانیشتووانی ئەو گوندە كە 27 ماڵن هەمویان سەرقاڵی بەخێوکردنی گامێش و مانگان و بژێوی ژیانیان لەسەر ئاژەڵداریی و فرۆشتنی بەرهەمە ئاژەڵییەکانیانە.
ئاژەڵەكان كە هی هەر 27 خێزانەكەی گوندەكەن، سەرەتا لە قاچ دەكەون، دواتر توانای خواردنیان نامێنێت و زمانیان قورس دەبێت، وەك گامێشەوانەكان جەختیانكردەوە.
گوندی حاجی حسێن، دەكەوێتە باشوری كەركوك سەر بە ناحیەی تازە لەسەر چەمی خاسە.
دوای مرداربونەوەی ئەو ژمارەیە لە گامێش، فەرمانگەی ڤێتێرنەری كەركوك، شەممە 19ی نیسان جەختیكردەوە لەوەی لێكۆڵینەوەیان لە روداوەكە دەستپێكردووە و لە هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی هۆكارەكانی ئەو روداوە، بەڵام هێشتا هیچ ئەنجامێكی لیژنەكە دیار نییە.