تەندروستیی هەولێر داواكاریی ژمارەیەك خاتونی رەتكردۆتەوە كە ویستویانە كۆرپەلەكانیان لە 5 - 5 – 2025 دەربهێنن، بەهۆی ئەوەی بە "رێككەوتی جوان" ناویان بردووە، بەڵام پێشخستنی لەدایكبون بەڕای پزیشكان زیانی بۆ كۆرپەلە و تەندروستیی ژنەكەش هەیە لە داهاتودا.
دووشەممە 5 – 5 - 2025 رێككەوتێكی جوان بوو، بەهۆی دوبارەبونەوەی سێ ژمارە (پێنج) دوابەدوای یەك، بەو هۆیەوە ژمارەیەك لە دایكان دوایان پێشكەشی نەخۆشخانە حكومییەكان كردووە منداڵەكانیان بە نەشتەرگەری بۆ دەربهێنن، هەرچەندە هەفتەیەك یان زیاتر وادەی لە دایكبونی منداڵەكانیان بوو.
لانە تەڵعەت، بەرێوەبەری نەخۆشخانەی عەتایەی ئیماراتی لە هەولێر - نەخۆشخانەیەکی حکومییە -، وتی "بە نزیكەیی حەوت ژن هاتن داوایان كرد منداڵەكانیان بۆ دەربهێنین، لەبەر رێككەوتی جوان، بەڵام ئێمە ئەوەمان رەتكردەوە، چونكە راپۆرتی لیژنەی زانستیان پێنەبوو".
لەگەڵ زۆربونی خواست بۆ دەرهێنانی كۆرپەلە بەر لەوادەی خۆی، سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو نەخۆشخانە گشتیی و تایبەتەکانی ئاگادارکردەوە لەوەی "نابێت بەهیچ شێوەیەک نەشتەرگەری لەپێناو رێككەوتی جوان، بۆ ئەو ئافرەتانە بكرێت كە دووگیانن"، چونكە پێیوایە ژیانی كۆرپەلە دەخاتە مەترسییەوە.
هەر بۆیە بەپێی بڕیاری وەزیری تەندروستی، "پێش نەشتەرگەریی ئافرەتی دووگیان پێویستە بەڵگەنامەی زانستی هەبێت، کە بیسەلمێنێت کاتی لەدایکبونی کۆرپەکەی هاتووە"، بەپێچەوانەوە سزای پزیشك دیاریكراوە.
بەر لەو بڕیارە خواست بۆ دەرهێنانی منداڵ بەتایبەت لە نەخۆشخانە تایبەتەكان لەپێناو "رێككەوتی جوان" زۆر بوو، بەڵام ئەمساڵ ئەوانیش ئاگاداركرانەوە كە ئەو هەنگاوە نەنێن.
لەنجە خدر (35ساڵ)، 13 ساڵ لەمەوبەر بڕیاریدا منداڵەكەی لە 12 – 12 – 2012 بە نەشتەرگەری دەربهێنێت، هەرچەندە وادەی لە دایكبونی هەفتەیەك بۆ 10 رۆژی مابوو.
"هاوسەرەکەم زیاتر پێی خۆشبوو لەو بەروارە منداڵەکەمان لە دایکبێت، سەردانی پزیشکمان کرد و پێمانوت کە دەتوانین لەو رۆژەدا منداڵەکەمان دەربهێنین و کێشەی نابێت، پزیشکەکە پێیوتین کێشەی نییە و ئێمەش دەرمانهێنا".
هاوسەرەکەم زیاتر پێی خۆشبوو لەو بەروارە منداڵەکەمان لە دایکبێت
هەرچەندە تەندروستیی لەنجە و منداڵەكەی تائێستا كێشەیان نییە، وەك ئەوەی لەنجە دەڵێت، بەڵام پزیشكان رێنمایی خانمانی دووگیان دەكەن دوربكەونەوە لە دەرهێنانی كۆرپەلەكانیان بەرلەوادەی خۆی.
هۆزان جەبار، یەكێك بوو لەو ژنانەی هەرچەندە كۆرپەلەكەی دوو هەفتەی ماوە لەدایكبێت، بەڵام ویستی ئەوەی هەبوو بە نەشتەرگەری لە 5 – 5- 2025 دەریبهێنێت.
هۆزان وتی "زۆرمان حەزدەكرد، لەو رۆژەدا منداڵەکەمان بێتە دنیاوە، بەڵام کە پزیشکەکە مەترسییەكانی بۆ رونكردینەوە، وازمان لەو بیرۆكەیە هێنا".

ڤیان سەعدی شێخانی، پسپۆڕی ژنان و منداڵبون، بە (كەركوك ناو)ی وت "ئەمساڵ لەپێناو بەروارێكی جوان، هیچ ژنێک نەهاتۆتە لام کە منداڵبونەکەی بۆ پێشبخەم، ئەگەر کەسێکیش داوا بکات، ئەوا بۆ یەک رۆژ یان دوو رۆژ ئاساییە و کێشە بۆ منداڵەکە دروستناکات، بەڵام لەوە زیاتر بێت کێشە بۆ منداڵەکە دروستدەبێت، بە هیچ شێوەیەک نەشتەرگەری بۆ ناکەم".
"راستە دایکان و باوکان حەزیان لە بەرواری جوانە و کاتی بۆنە و یادی هاوسەرگیریی و لەدایكبونی منداڵەكانیان بەرواری جوان هەڵدەبژێرن، بەڵام كاتێك بۆیان روندەکەینەوە كە ئەگەر منداڵ پێشوەختەی خۆی لە دایکبێت زیانەکانی زۆرە، راستەوخۆ خۆیان واز لەو داواکارییە دەهێنن"، ڤیان شێخانی زیاتر وتی "ئێستا خەڵک هۆشیارترە و تەندروستی منداڵ و دایکەکەی بەلاوە گرنگترە لە بەرواری جوان، بۆیە ئەو حاڵەتانە کەمبۆتەوە، بەتایبەتیش دوای ئەوەی وەزارەتی تەندروستیش قەدەغەی كرد".
دەربارەی مەترسییەکانی لەدایکبونی پێشوەختە، ڤیان شێخانی وتی "منداڵەکە کێشی کەمدەبێت، کێشەی هەناسەدان، زەردویی و کێشەی مێشک و هەوکردنی سییەکانی دەبێت، لەگەڵ هەموو ئەوانەش دەبێت لە بەشی خودەج بخەوێنرێت کە ئەمە لەڕوی ئابورییەوە تێچویەکی زۆر لەسەر خێزانەکە دەکەوێت".
بەپێێ ئاماری بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر لە 5 – 5- 2025 كە رێككەوتێكی جوانە بەلای بەشێكی زۆر لە خەڵك، لە هەردوو نەخۆشخانەی لە دایکبونی ئافرەتانی هەولێر و نەخۆشخانەی عەتایەی ئیماراتی کە دوو نەخۆشخانەی حکومین، 46 منداڵ لەدایكبون، لەوانە 25یان بە رێگەی نەشتەگەریی بووە.
دكتۆرە لانە تەڵعەت، بەرێوەبەری نەخۆشخانەی عەتایەی ئیماراتی لە هەولێر بە (كەركوك ناو)ی وت "ئێمە هیچ نەشتەرگەرییەكی پێشوەختەمان بۆ ژنانی دووگیان نەكرد، چونكە دەبێت لیژنەی زانستی بڕیار بدات بەپێی پێویستی دۆخی تەندروستی دایكەكە و كۆرپەلەكەی".
وتیشی "دەرهێنانی پێشوەختە جگە لە زیان بۆ كۆرپەلەكەی، بۆ دایكانیش مەترسیدارە، دایکەکە توشی نەخۆشی خەمۆکی دەبێت، چونکە منداڵێکی ناکامی دەبێت لە دنیادا، توشی چەندین کێشەی تەندروستی وەک گەشکە، شەلەل دەماخ، هەناسە توندی دەبێت".