محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عیراق فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی موسڵی كردەوە، ئەوەش دوای نۆژەنکردنەوە و پەرەپێدانی لەوكاتەی لە ساڵی 2014ەوە بەهۆی هێرشی داعش بۆ عیراق فڕۆكەخانەكە وێران بوو.
سودانی بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 17ی تەمموز گەیشتە موسڵ، هەریەکە لە وەزیرانی بەرگری، گواستنەوە و رۆشنبیری، یاوەرییان دەكرد، دواتر لەگەڵ پارێزگاری نەینەوا و سەرۆکی ئەنجومەنەکەی ئامادەی كردنەوەی فڕۆكەخانەكە بوو.
سودانی وتی "لە ماوەی دوو مانگی داهاتوودا فڕۆکەخانەی موسڵ بە تەواوی کاردەکات و ئامادە دەبێت بۆ گەشت، ئەوەش دوای هەڵبژاردنی کۆمپانیایەکی تایبەتمەند"، لەگەڵ جەختكردنەوە لەوەی كە ئەو هەنگاوە دەبێتە پەیوەندییەکی گرنگ لە نێوان موسڵ و شارەکانی دیکەی عیراق و ناوچەکە.
وتیشی كە لە رێگای گەشتە ئاسمانییەكانەوە دەرفەتە ئابوری و گەشەپێدانەکان بۆ پارێزگای نەینەوا زیاتر دەبێت.

فڕۆكەخانەكە لە ساڵی 1920دا بنیاتنراوە، ئەوكاتەی بەریتانیا حوكمی عیراقی دەكرد و لە ساڵی 1922 لە فڕۆكەخانەی سەربازییەوە كراوە بە مەدەنی.
لە دوای روخانی رژێمی بەعس لە ساڵی 2003، فڕۆكەخانەكە كرایە بنكەیەكی گەورەی سەربازی ئەمریكا، بەڵام لە ساڵی 2008دا بە كۆمەڵێك گۆڕانكاریی نوێ و بە ستانداردی نێودەوڵەتی رادەستی حكومەتی عیراق كرایەوە، ئەوەش بەرلەوەی لە حوزەیرانی 2014 بكەوێتە دەست داعش.
له كۆتایی 2015دا چەكدارانی دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام ناسراو بە (داعش)، 22 خه‌نده‌قیان له فڕۆكه‌خانه‌ی موسڵ دروستكرد به قوڵی نزیكه‌ی دوو مه‌تر و پانی 10 مه‌تر، نێوانی هه‌ر خه‌نده‌قێك بۆ یهكێكیتر 100 مه‌تر بوو، ئامانجی لێی رێگریی بوو له دابه‌زینی هێزی عیراقی له ئاسمانه‌وه، هه‌ر ئه‌و خهندهقانهش به‌ربه‌ست بووه له‌به‌رده‌م نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی فڕۆكه‌خانه‌كه له ماوه‌یه‌كی دیاریكراودا.
به‌پێی به‌دواداچونی پێشتری (كه‌ركوك ناو) ئه‌و زیانانه‌ی به‌ر رێڕه‌وی فڕینی فڕۆكه كه‌وتبوو سه‌دا 25 بوو، زیانه‌كانی گۆڕه‌پانی وه‌ستانی فڕۆكه‌كه سه‌دا 5، بورجی چاودێری سه‌دا 100 زیانی به‌ركه‌وتبوو، ئامێر و ته‌واوی پێداویستی و به‌شه‌كانی دیكه‌ی فڕۆكه‌خانه به‌ڕێژه‌ی له‌سه‌دا 100 خاپور بون.

بەپێی راگەیەنراوێكی سەرۆك وەزیران، ڕێڕەوی سەرەکی فڕین بەهێزکراوە بە درێژی 350 مەتر، هەروەها درێژی کۆی گشتی رێڕەوی فڕین بووە بە سێ هەزار مەتر، پانییەكەشی بووە بە 45 مەتر، بەشێوەیەك دیزانیكراوە كە توانای گەشتی فڕۆكەی گەورەی هەبێت، ئەوەش بۆ گواستنەوەی گەشتیاران و گواستنەوەی باری ئاسمانی.
هەروەها هاتووە كە توانای فڕۆکەخانەکە ساڵانە نزیکەی 630 هەزار سەرنشین دەبێت، توانای گواستنەوەی باری ئاسمانیش ساڵانە نزیکەی 30 هەزار تۆن دەبێت.