بەشێك لە حزب و كاندیدەكان بە هەڵواسینی پۆستەر و فلێكس و بڵاوكردنەوەی دروشم بانگەشەی هەڵبژاردنیان لە كەركوك دەستپێكردووە، بەڵام بەپێی كۆمسیۆن تا ئەوكاتە رێگەپێدراوە كە ژمارەی قەوارە و كاندیدەكەی لەسەر نەبێت.
پۆستەرەكان لەسەر شۆستە و شەقامە دیارەكان هەڵواسراون، ئەوەش بەر لە سێ مانگ دێت لە بەڕێوەچونی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق كە بڕیارەی لە 11ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ ئەنجامبدرێت، هەروەها لەكاتێكدایە هێشتا كۆمسیۆنی هەڵبژاردن وادەی بانگەشەی دیارینەكردووە.
عەلی عەباس، وتەبێژی نوسینگەی کەرکوکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراق، بە (كەركوك ناو)ی وت "ئاگادارین بەشێک لە حزب و لایەنەکان بانگەشەیان دەستپێکردووە، لەناو شاردا فلێکس و پۆستەر و وێنەی خۆیان هەڵواسیوە"، زیاتر وتی "ئەگەر پۆستەرەکان هیچ جۆرە ژمارەیەکی پێوە نەبێت ئاساییە و ئەوە بە سەرپێچی هەژمارناكریت، هەر بۆیە هیچ سزادانێک نایانگرێتەوە".
وتیشی "ئەگەر هاتوو ژمارەی کاندید و هاوپەیمانێتییەکەی لەسەر بیت، ئەوە بە دڵنییاییەوە سزادان و سەرپێچی دەیانگرێتەوە".
لەگەڵئەوەشدا، نوسینگەی كەركوكی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان، لە ماوەكانی رابردودا داوای لە شارەوانی كەركوك كرد، ئەو پۆستەر و فلێكسانە لێبكاتەوە كە بانگەشەی پێشوەختەی هەڵبژاردنیان تێدایە، بۆ ئەوەش شارەوانی بەشێكی پۆستەرەكانی لەسەر شۆستەكان لابرد، بەڵام بە بەردەوامی پۆستەرەكان نوێدەكرێنەوە.

بەپێی ئاماری كۆمسیۆن لە پارێزگای كەركوك ملیۆنێك و 200 هەزار دەنگدەر هەیە، لەو ژمارەیە نزیكەی یەك ملیۆن كەس تۆماری دەنگدانیان نوێكردۆتەوە، ئەوەش بەپێی وتەی عەلی عەباس لەسەدا 78ی كۆی دەنگدەرانی پارێزگاكە دەكات.
پارێزگای كەركوك 13 كورسی پەرلەمانی هەیە، كە یەكێكیان بۆ كۆتای كریستیانە، بۆ هەر 13 كورسییەكە 252 كاندید كێبڕكێیی بەدەستهێنانیان دەكەن.
دەستپێكردنی بانگەشەی هەڵبژاردنی پێشوەختە لە پارێزگای كەركوك لەكاتێكدایە عەلی عەباس جەختیكردەوە "تا ئێستا وادەی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن لەلایەن کۆمسیۆنەوە دیارینەکراوە، دەنگۆی ئەوەش هەیە بۆ هەڵبژاردنی ئەمجارە وادە و ماوەی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن زیاتر لە 30 رۆژ بخایەنێت".