دانیشتووانی ژمارەیەك گوند لە سنوری هەردوو قەزای داقوق و دوزخورماتوو بێزاربون لە بۆنی ناخۆشی كارگە و پاڵاوگەكانی ناوچەكە، بە تایبەت لە شەواندا، بەهۆیەوە بەشێكیان دەڵێن تەنانەت ناچاربون موبەریدەكانیان "بكوژێننەوە".
ئەو گوندانە كە لە نێوان سێ بۆ چوار گوندیان بە تەواوی هەراسان بون، نزیكن لە ژمارەیەك كارگە و پاڵاوگەی نەوتی لە نێوان هەردوو قەزاكە و داوا دەكەن حكومەت بە زوترین كات چارەسەری بۆنی ناخۆش و دوكەڵ بكات كە بە مەترسی دەزانن بۆ دانیشتووان، بەروبومە كشتوكاڵییەكان و تەنانەت لەوەڕگاكانیشیان.
کەریم محەمەد، دانیشتوی گوندی تازەدێ لە سنوری قەزای داقوق لە پارێزگای كەركوك – گوندەكە هاوسنورە لەگەڵ قەزای دوزخورماتوو، بە (كەركوك ناو)ی وت "بۆنی گازێكی تیژی كارگەكانی دوزخورماتوو دێتە ناو ماڵەكانمانەوە، بەڕاستی تەنگی پێ هەڵچنیوین، بۆنەكە زیاتر بە شەوان بڵاودەبێتەوە و تەنانەت ناچاری كردوین موبەریدەكانمان بكوژێنینەوە، چونكە خەریكە دەخنكێین".
كەریم دەڵێت هەستیان بەوە كردووە كە رۆژ دوای رۆژ بۆنەكە زیاتر دەبێت، "داوادەكەین حكومەت بەدەنگمانەوە بێت".
هەردوو گوندی تازە دێ و كولی تەپە لە داقوق بەو بۆنە هەراسان بون، لە سنوری دوزخورماتوش دەگاتە گوندی تەپە سەوز، بۆنەكە دەگاتە چەند گوندێكی تریش، بەڵام خەڵكەكەی كەمتر هەراسان بون.
فەھمی حەبیب، ئەنجومەنی گوندی کولی تەپە، وتی "وازمان لەوە هێناوە خزمەتگوزاریمان بۆ بكەن، با تەنیا لەم ژەهرە رزگارمان بكەن، تووشی نەخۆشی بوین و دەرگا و پەنجەرەی ماڵەكانمان دەگرین و تەنانەت موبەریدەكانیشمان دەكوژێنینەوە بۆ ئەوەی هەوای دەرەوە نەیاتە ژورەوە".
سەدا 90ـی خەڵك هەوای پیس و ناتەندروست هەڵدەمژن، لە نێویاندا هەوای عیراق یەكێكە لە "هەرە پیسترینی" وڵاتانی دنیا بەگوێرەی (ئا کیو ئێر) کە کۆمپانیاییەکی سویسری تەکنۆلۆژیی کواڵیتی هەوایە، لەكاتێكدا رێكخراوی تەندروستیی جیهانی هۆشداری دەدات كە پیسبونی هەوای ناو ماڵ و دەرەوە، لە هەڕەشە گەورەكانی سەر ژیان و ئاووهەوان کە ساڵانە دەبنە هۆی مردنی پێشوەختەی حەوت ملیۆن كەس لە جیهاندا.

فەهمی دەڵێت ئەو هەست بە مەترسییەكانی پیسبونی هەوا دەكات، بۆیە روی دەمی دەكاتە حكومەت و دەڵێت "ئەگەر چارەسەری ناکەن ئەوە دەرخەری ئەوەیە دەتانەوێت خەڵکی ئەم ناوچانە بەدەركردن بدەن".
یاسین محەمەد، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سەڵاحەدین و نوێنەری قەزای دوزخورماتوو، یەكشەممە 7ی ئەیلول، لە راگەیەنراوێكدا بۆ فەرمانگەی ژینگەی سەڵاحەدین، داوای پێكهێنانی لیژنەیەكی كرد بۆ بەدواداچون بۆ كێشەی دانیشتووانی ئەو گوندانە.
یاسین بە (كەركوك ناو)ی وت "لێکۆڵینەوە لەو کارگانە دەكەین کە بونەتەهۆی بڵاوبونەوەی بۆنی گاز لە شەواندا و دەمانەوێت ئەو كێشەیە چارەسەر بێت".