پڕۆژەیاسایەك لە كارنامەی پەرلەماندا
"هاوڵاتیان دەتوانن دەستیان بگات بەو زانیارییانەی کە دەیانەوێت"

كەركوك/ 2020/ رۆژنامەنوسان روماڵی گردبونەوەیەكی مامۆستایان و فەرمانبەرانی خوێندنى کوردى دەكەن. فۆتۆ: كەركوك ناو

فەرمان سادق

پڕۆژەیاسای مافی بەدەستهێنانی زانیاریی، خراوەتە بەرنامەی كاری دانیشتنەكانی پەرلەمانی عیراقەوە بۆ رۆژی چوارشەممە 17ی ئەیلول، كە بەپێی سەرۆكی لیژنەی رۆشنیبری لە پەرلەمانی عیراق بە پەسەندكردنی "هەموو هاوڵاتییەک بە ئاسانی دەتوانێت دەستی بگات بەو زانیارییەی کە دەیەوێت".

فاروق حەننا عتو، سەرۆكی لیژنەی رۆشنبیری، گەشتوگوزار، شوێنەوار و راگەیاندن لە پەرلەمانی عیراق، بە پەرۆشە بۆ پەسندكردنی پڕۆژە یاساكە و دەڵێت "هێندەی منداڵەكانم خۆشمدەوێت"، چونكە جەختیكردەوە "ناوەڕۆکێکی مەدەنی گونجاوی هەیە و لەگەڵ پێوەرە نێودەوڵەتییەکاندا هاوتەریبە"، لەگەڵئاماژەدان بەوەی ئەگەر پەسەندبكرێت، ئەوا عیراق یەکێک لە پابەندییە نێودەوڵەتییەکانی جێبەجێ دەکات.

کەرکوک ناو: پڕۆژەیاسای مافی بەدەستهێنانی زانیاریی لە کارنامەی دانیشتنی پەرلەمانی عیراقدایە بۆ چوارشەممە 17ی ئەیلول، پێتوایە پڕۆژەكە لەم خولەدا رۆشنایی ببینێت؟

فاروق حەننا: ئەوەی راستی بێت نازانم چی رودەدات، بەڵام دەزانم ئەوەی کردومانە بۆ ئەوەی بخرێتە کارنامەی دانیشتنی پەرلەمانەوە هەوڵ و کۆششی ساڵێک کارکردن بوو لەسەر پڕۆژە یاساکە، دوای ئەوەی لە حكومەتەوە رەوانەی پەرلەمان كرا.

دوای خوێندنەوەی یەکەم و دووەم، لەگەڵ رێکخراوەکانی کومەڵگەی مەدەنی بەتایبەت تۆڕی تەواسوڵ کە کۆمەڵێک رێکخراون، هەروەها سەدان رۆژنامەنووس، دامودەزگاکانی دیکەی دەوڵەت کە پەیوەندارن بە یاساکە لەوانە دەزگای هەواڵگریی عیراق، رێکخراوە بیانی و نێودەوڵەتییەکان، پسپۆڕانی ناوخۆ و نێودەوڵەتی، دەیان دانیشتن کرا، دەیان سیمینار بەڕێوەچوو، تاوەکو بەوەی ئێستا گەیشتین. ئەگەرچی دەنگێکی ناڕازی لەناو پەرلەمان دژی دەرچوونی یاساکە بوو، بەڵام پێداگیریی لیژنەی رۆشنبیری و هەندێک پەرلەمانتاری دیکە وایکرد بچێتە کارنامەی دانیشتنی پەرلەمانەوە.

کەرکوک ناو: كەواتە ئێستا هیچ دەنگێكی ناڕەزای دژی پڕۆژەکە ماوە؟

فاروق حەننا: تاوەکو ئەم دەقەیە کە من و تۆ قسە دەکەین هیچ دەنگێکی ناڕەزاییم لە هیچ پەرلەمانتارێک و کوتلەیەکی پەرلەمانی نەبیستووە. بۆیە هیوادەخوازین دۆخەکە وەها بڕوات کە ئێستا هەیە، پڕۆژەکە بە واژۆی 50 پەرلەمانتارەوە خراوەتە ناو کارنامەی دانیشتنی پەرلەمان.

ئەگەر دەنگی لەسەر بدرێت و ببێت بە یاسا، ئەوا دەبێت بە یەکێک لەو یاسایانەی ئەم خولەی پەرلەمان شانازی پێوە بکات. جگە لەمەش عیراقیش وەک دەوڵەت یەکێک لە پابەندییە نێودەوڵەتییەکانی جێبەجێی دەکات.

Faruq
فاروق حەننا عتو، سەرۆكی لیژنەی رۆشنبیری، گەشتوگوزار، شوێنەوار و راگەیاندن لە پەرلەمانی عیراق

کەرکوک ناو: باسی ئەوەتکرد کە یاساکە لە حکومەتەوە هاتووە، ئەوەی لە حکومەتەوە هات ناڕەزایەتی زۆری لەسەر بوو، ناڕەزایەتییەکان لەبەرچاو گیراون؟

فاروق حەننا: بێگومان، ئەوەی لە حکومەتەوە هات لەگەڵ ئەوەی ئێستا دەخرێتە دەنگدانەوە بە رێژەی لەسەدا 80 گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە، ئەوەی ئێستا هەیە لەگەڵ پێوەرە نێودەوڵەتییەکان گونجێنراوە.

کەرکوک ناو: ترسی ئەوەت هەیە دانیشتنەکە نەکرێت و پڕۆژەکە وەک خۆی بمێنێتەوە؟

فاروق حەننا: بەڵێ ترسمان هەیە، بەڵام ئەوەش دەبینین کە زۆرێک لە پەرلەمانتاران دوبارە کاندیدن و سەرقاڵن، بۆیە پرسی تێپەڕاندنی ژمارەی ئامادەبوونی پێویست بۆ ئەنجامدانی دانیشتنی پەرلەمان، پرسێکی کراوەیە و رەنگە نیساب تەواو ببێت و رەنگە تەواویش نەبێت. بەڵام ئەگەریش نیساب تەواونەبێت ئەوا هێشتا دانیشتنی دیکەی پەرلەمان ماوە، هیوادارم لەم دانیشتنەدا دەنگی لەسەر بدرێت.

گرنگترین شت کە ئێمە کردمان و شانازی پێوە دەکەین ئەوەیە، نەمانهێشت ئەوەی لە حکومەتەوە هات وەک خۆی بڕوات و لەگەڵ پێوەرە نێودەوڵەتییەکان و شەفافیەتدا گونجاندمان.

کەرکوک ناو: سودتان لە یاسای مافی بەدەستهێنانی زانیاریی هەرێمی كوردستان وەرگرتووە؟

فاروق حەننا: ئەوەی هەرێمی کوردستان لەسەر رەفەکان کەوتووە و جێبەجێنەکراوە، هیچ سودێکمان لێی وەرنەگرت، مەبەستم ئەوەیە بڵێم چ لە ناوەڕۆک و چ بەشێوەیەکی گشتی هیچی لەوەی هەرێمی کوردستان ناچێت.

کەرکوک ناو: کوتلە کوردییەکان پشتگیرییان کرد؟

فاروق حەننا: کاک شاخەوان عەبدوڵا وەک جێگری سەرۆکی پەرلەمان پشتگیریی کردین، پەرلەمانتارانی کوردی ناو لیژنەی رۆشنبیریش بە هەمان شێوە.

کەرکوک ناو: میكانیزمی جێبەجێكردنی یاساكە چۆنە؟

فاروق حەننا: ناتوانم بچمە ناو وردەکاریی پڕۆژەکەوە، بەڵام فەرمانگەیەک لە حکومەت دروستدەکرێت لەگەڵ دەستەی مافی مرۆڤ و هەندێک دادوەر کە دەرفەتی کاریان لەناو دادگا بۆ بمێنێتەوە ئیش لەسەر جێبەجێکردنی یاساکە و تانەی هاوڵاتیان لە وەرنەگرتنی زانیاری بکەن، هەروەها ئەوەش رونکراوەتەوە کە دەبێت لە ماوەی سێ رۆژدا وەڵامی هەر هاوڵاتییەك بدرێتەوە كە ئایا زانیاریی پێدەدەن یان نا، ئەگەر وەڵامەکە نەخێر بوو ئەوا ئەو کەسەی داوای زانیاریی دەکات مافی تانەدانی لە دادگا هەیە.

بەڵام شتێکی دیکەش هەیە کە حکومەتەکان ئەگەر بیانەوێت تەگەرە بخەنە بەردەم جێبەجێکردنی بۆ ئەمەش دەیان رێگە دەگرنەبەر، بەڵام ئەوەی كراوە ئەوەیە کە هەموو هاوڵاتییەکی ئاسایی بە ئاسانی دەتوانێت دەستی بەو زانیارییانە بگات کە دەیەوێت، بۆ ئەمەش ئەوەی دەکەوێتەسەر هاوڵاتی هەندێك خەرجی لەبەرگرتنەوەی کاغەز و هەندێک شتی دیکەی زۆر سادەیە.

کەرکوک ناو: هەستدەکەم زۆر شانازی بە پڕۆژە یاساکەوە دەکەیت؟

فارووق حەننا: هێندەی منداڵەکانم خۆشمدەوێت و شانازیی پێوە دەکەم. ساڵێک کارم لەسەری کردووە، رەزامەندیی ئاسایشی نیشتیمانی، هەواڵگری، وەزارەتی بەرگری و وەزارەتی ناوخۆ وەرگرتووە، جگە لەمە یەکەم ئاڵنگارییمان لادانی کەموکورتیییەکانی ناو پڕۆژەکە بوو کە لەلایەن حکومەتەوە بۆمان نێردرا کە ناوەڕۆکەکەی هی حکومەتێکی تائیفی بوو، بەڵام کردمان بە ناوەڕۆکێکی مەدەنی و گونجاو لەگەڵ پێوەرە نێودەوڵەتییەکان، بۆ ئەوەش لەسەدا 80ـیمان لێگۆڕی. ئەو بابەتانەشی کە نابێت یان ترس لە بڵاوبونەوەیدا هەیە کە زیان بە بەرژەوەندی دەوڵەت یان تاک دەگەیەنێت، بە رەشنوسێک گەیشتووین کە ئەو زانیارییانە بۆ هەموو کەسێک نەبێت.

کەرکوک ناو: کەواتە ئەوەی ئێستا کردووتانە لەگەڵ سیستمێکی دیموکراسی و دەوڵەتێکی فیدڕاڵی دەسازێت؟

فاروق حەننا: بەڵێ، دەبێتە یەکێک لە باشترین یاساکانی ناوچەکە و وڵاتانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، بۆیە داوا لە میدیاکان و رۆژنامەنوسانیش دەکەم لە سۆشیال میدیا کاری بۆ بکەن و پشتگیری بکەن و گوشار بکەن کە دانیشتنەکەی پەرلەمان نیسابی تەواو ببێت و دەنگیش بە پڕۆژە یاساکە بدرێت.

 

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT