حاکم مەسعود سەعید، دادوەری یەکەمی باری کەسێتی لە دادگای باری کەسێتی لە هەولێر تۆمار (مدونة)ـی شیعەی جەعفەری بە مەترسی بۆ سەر ژنان ناودەبات و دەڵێت؛ هیچ مافێكیان نابێت و لە بڕیاریاندا سەربەخۆ نابن. هەرچەندە تۆمارەكە فەرز نییە بەسەر سونەدا، بەڵام هیچ رێگرییەك نییە ئەوانیش داوای بكەن و خەڵكێكی زۆر پەنای بۆ ببەن، چونكە پیاوسالارانەیە.
تۆمار (مدونة)ـی حكومە شەرعییەكان لە بابەتەكانی باری كەسێتی بەپێی مەزهەبی شیعەی جەعفەری، لە كۆتایی ئابی ئەمساڵ پەرلەمانى عيراق پەسەندی كرد، ئەوەش پاڵپشت بە هەمواری نوێی یاسای باری كەسێتی لە عیراق، كە هەموارەكە و تۆمار (مدونة)ـەكەش شەپۆلێك لە ناڕەزایی لێكەوتەوە، بە تایبەت لە نێوا چالاكوانانی ژناندا.
لەم چاوپێكەوتنەی (كەركوك ناو)ـدا، حاكم مەسعود سەعید پەسەندكردنی تۆمار (مدونة)ـى جەعفەری، بە پرسێکی سیاسی و تائیفی دەزانێت نەک پێویستییەکی یاسایی، لەكاتێكدا یاسای باری كەسێتی وەكو ئەو دەڵێت، بەپێچەوانەی تۆمار (مدونة)ـی جەعفەرییەوە، رەچاوی هەموو تائیفە، مەزهەب و مافەكانی مرۆڤی کردووە.
كەركوك ناو: لە چوارچێوەی هەمواری نوێی یاسای باری كەسێتی لە عیراق، تۆمار (مدونة)ـی حوكمە شەرعییەكان بەپێی مەزهەبی شیعەی جەعفەری لەلایەن پەرلەمانەوە پەسەندكراوە، زانیاری ئێوە چییە لەوبارەیەوە؟
حاكم مەسعود سەعید: وەک پێویست زانیاریم لەسەر تۆمارەكە نییە، چونکە هێشتا جێبەجێنەکراوە، پەیوەست بە هەرێمی کوردستانیش، پێشوەخت دەبێت تۆمارەكە لە پەرلەمانی کوردستان جارێکی دیکە ئیقرار بکرێت ئینجا لە کوردستان بە فەرمی کاری پێدەکرێت، ئەگەر ئەمەش نەبێت ئەوا دەبێت داواکاری هەبێت لەلایەن ئەوانەی دەیانەوێت هاوسەرگیری بکەن، ئەگەر دادوەرەکە رەتیبکاتەوە ئەوا بۆیان هەیە تەمییزی بکەن، ئەوکات دادگای تەمییز بڕیاری لەسەر دەدات کە جێبەجێبکرێت یاخود نا.
ئەوەی تائێستا بڵاوکراوەتەوە؛ تۆمارەكە فەرز نییە لەسەر ئەهلی سوننە، بەڵکو تەنیا فەرز کراوە لەسەر شیعەی جەعفەری، بەڵام لە یاسای باری کەسێتی ژمارە (188)ـی ساڵی (1959)ـی هەموارکراو بۆ مارەبڕین و پاشەکی نووسراوە (عند أقرب الأجلين)، ئەمەش بۆ شیعە و سوننە دەگونجێت، بەڵام شیعەکان دەڵێن (عند المهر المؤجل) و (عند المطالبة والميسرة)، واتە ئەوان دەتوانن ئەو کاتەی لە ژیاندان داوای بکەن، ئەمەش لە عیراق کاری پێکراوە.
تۆمارەكە کە جێبەجێکرا، سوننە و کوردیش دەتوانن بچنە لای دادوەر و داوا بکەن گرێبەستی هاوسەرگیرییەکەیان بەپێی مەزهەبی شیعەی جەعفەری بێت، دەگونجێت هەردوولا کورد بن، یان سوننە یاخود شیعە بن، یان یەکێكیان شیعە و ئەویتریان سوننە بێت، ئەمەش زۆر ئاساییە.
كەركوك ناو: ئایا یاسای باری كەسێتی هیچ گرفت و كەموكورتییەكی هەبوو تا پێویست بە پەسەندكردنی تۆماری شیعەی جەعفەری بكات؟
حاكم مەسعود سەعید: قانونەکە هیچ گرفتێکی نەبوو، وەها نووسراوە بۆ هەموو پێکهاتەکانی عیراق دەگونجێت، پێموایە هێنانە پێشەوەی تۆماری جەعفەری زیاتر پرسێکی سیاسی و تائیفییە نەک پێویستییەکی قانونی.
لە تۆمار (مدونة)ـى جەعفەری باسی تەمەنی هاوسەرگیری نەکراوە، بەڵام کچ سەربەخۆیی نییە لە بڕیارداندا
كەركوك ناو: جێبەجێکردنی حوكمەكانی مەزهەبی شیعە، دەرگا بەڕووی سوننەکانیشدا ناکاتەوە هەوڵبدەن فیقهێکی سوننە بۆ كاروباری باری كەسێتی بهێننە پێشەوە؟
حاكم مەسعود سەعید: زۆر ئاساییە ئەگەر هی سوننەش بێتە پێشەوە، چونکە وەک باسمکرد لە بنەڕەتدا ئەمەی جەعفەری پرسێکی سیاسی و سەپاندنی هێزە کە ئێستا شیعەکان دەسەڵاتیان بەدەستە، بۆیە بە ئاسایی بیبینە سبەینێ سوننەکان دەسەڵات بگرنەدەست و تۆماری جەعفەری رەتبکەنەوە و دانەیەکی دیکە بهێننە پێشەوە.
كەركوك ناو: ئایا یاسای باری كەسێتی رەچاوی تایبەتمەندی شیعە و سوننەی نەکردبوو، چونكە شیعەكان وانیشانیان دەدا خۆیان لەو یاسایەدا نادۆزنەوە؟
حاكم مەسعود سەعید: ئەگەر بەوردی سەرنجی قانونەکە بدەین، کۆکەرەوەی فیقهی سوننەیە و هی شیعەیشی تێدایە، بەوەی جەعفەری و مالیکیش، زۆر موتەکامیلە و بەرگێکی مەدەنیشی تێدایە، جیاکاری تائیفەگەری تێدا نییە، ئاڕاستەی حیزبی و سیاسی و ئایدۆلۆژی بەسەریدا زاڵ نییە. بەڵام جێبەجێکردنی تۆماری جەعفەری دەرگا دەکاتەوە بۆ جیاکردنەوەی ئەهلی سوننە و کورد لە شیعە.
كەركوك ناو: تۆماری جەعفەری چۆن تەمەنی هاوسەرگیری رێكدەخات، لە كاتێكدا ناڕازییەكان ترسیان هەیە رێگا بۆ بەشوودانی كچانی نۆ ساڵ یان خوار تەمەنی رێگەپێدراوی یاسایی بكاتەوە؟
حاكم مەسعود سەعید: لە تۆماری جەعفەریدا باسی تەمەنی هاوسەرگیری نەکراوە، بەڵام کچ خاوەنی سەربەخۆیی خۆی نییە، بەڵکو تاوەکو ئەوکاتەی لە ماڵی باوکیەتی ئەوا باوکی وەلی ئەمریەتی، کە شووی کرد ئەوا هاوسەرەکەی وەلی ئەمریەتی، یانی هیچ سەربەخۆیی نییە لە بڕیارداندا.
كەركوك ناو: دەوترێت مەترسییەكی دیكەی تۆماری جەعفەری ئەوەیە؛ بڕگەكانی لاستیکییە و دەکرێت وەلی ئەمری كچان بەکاربهێندرێت بۆ بەشوودانیان لە خوار تەمەنی یاساییەوە، ئەوە چاوەڕوانكراوە؟
حاكم مەسعود سەعید: لە تۆمارەكەدا دەڵێت ئەگەر گرفتێک هەبێت بۆ بەشوودان ئەوا دەبێت بگەڕێنەوە بۆ (مجمعی علمی) کە سەر بە وەقفی شیعەیە، ئەو مجمەعە کۆمەڵێک دادوەری تێدایە، ئەگەر لەوێش چارەسەر نەکرا ئەوا دەبێت بگەڕێنەوە بۆ فیقهی نەجەف. بە دیاریکراوی نازانم لای شیعەکان ڕێگەدان بە هاوسەرگیری لە چ تەمەنێکدایە، بەڵام هەندێك باسی نۆ ساڵی دەکەن، بەوەی عائیشە لەم تەمەنەدا شووی کردووە، هەندێکیش دەڵێن لە تەمەنی 16 ساڵیدا بووە.

كەركوك ناو: مافی ژنان بەپێی تۆماری جەعفەری پارێزراوە یان نا، ئەگەر پشتگوێخرابێت لەگەڵ كرۆكی ئایینیی ئیسلامیدا دێتەوە؟
حاكم مەسعود سەعید: لە تۆماری جەعفەریدا ژنان هیچ مافێکیان نییە، ویلایەی لای باوکیەتی هەتاوەکو ئەوکاتەی شوو دەکات، بەڵام لای ئەهلی سوننە کچان کە دەبن بە 18 ساڵی ئەگەر هاوسەرگیرییش نەکات ئەوا ویلایەی تەواوی هەیە، لەكاتێكدا بەپێی تۆماری جەعفەری تەنانەت بەبێ رەزامەندی باوکی یان هاوسەرەکەی بۆیان نییە تەنانەت لە پرسێکدا شایەتیش بدەن.
لە قانونی باری کەسێتیدا ئەگەر کچێک بەو دوو مەرجەی قانونەکە دەستنیشانی کردووە هاوسەرگیری بکات، ئەوا یەکسەر ویلایەی ئەوەی دەبێت لە دادگا داوا تۆمار بکات و داوای تەڵاقیش بکات، یانی لێرەدا چاوەڕێی تەمەنی 18 ساڵی ناکرێت، بەپێچەوانەوە لای تۆماری جەعفەری ژنان ویلایەیان نییە و بەمەش هیچ مافێکیان نابێت، ئەگەر زویر بێت ئەوا پیاوەکە نەفەقەی پێنادات و ژنەکە دەخرێتە بەردەم دوو بژاردە؛ یان گەڕانەوە بۆ لای هاوسەرەکەی یان جیابوونەوە، بەڵام لە قانونی باری کەسێتیدا، ژنان هەموو مافێکیان هەیە.
كەركوك ناو: باسی ئەوەت كرد بەپێی یاسای باری کەسێتی، ژنان هەموو مافێکیان هەیە و لە تۆماری جەعفەریدا مافیان نییە، کەواتە بەو ئەزمونەی لە دادگای باری کەسێتیدا هەتانە، رێژەی چەند لەو سکاڵایانەی دێنە بەردەمتان لە بەرژەوەندی ژنان کۆتاییان دێت؟
حاكم مەسعود سەعید: قانونی (188)ـی ساڵی (1959)ـی هەموارکراو، رەچاوی هەموو تائیفە و مەزهەبێک دەكات، رەچاوی مافی مرۆڤیش کراوە، بۆیە دەبینین ژنان لە هیچ سکاڵایەكدا نایدۆڕێنن، تەنیا لە هەندێک حاڵەتی زۆر تایبەتدا نەبێت. بەپێی قانونەکە ژنان هەموو مافەکانیان دەكەوێت وەک نەفەقە، کڕینەوەی زێڕ، پێشەکی و پاشەکی، منداڵ تاوەکو 15 ساڵی لای دایکیان دەبن و پاشان سەرپشک دەکرێن، مانەوە تا سێ ساڵ لەناو خانووی پیاوەکەی، بۆیە دەبینین رێژەی سەدا 99ـی سکاڵاکان لەبەرژەوەندی ژنان کۆتاییان دێت، بەڵام بەپێی تۆماری جەعفەری باوەڕموایە ژنان بەڕێژەی سفر براوەی سکاڵاکانیان دەبن و دۆڕاوی یەکەم ئافرەتانن.
كەركوك ناو: لەگەڵ ئەوەدایت تۆماری جەعفەری لە هەرێمی کوردستان جێبەجێبکرێت؟
حاكم مەسعود سەعید: من ناتوانم رای خۆم بدەم، ئەمە ئیشی پەرلەمانە.
كەركوك ناو: لە دەرەوەی پیشەی دادوەری خۆت، وەک هاوڵاتییەك لەگەڵ ئەوەدایت لە هەرێمی کوردستان جێبەجێبکرێت ئەگەر هێندە دژی مافەکانی مرۆڤ بێت؟
حاكم مەسعود سەعید: وەک باسمکرد، ئەمە بۆ شیعەکان نووسراوە و فەرز نەکراوە بەسەر کورد و سوننەدا.
كەركوك ناو: بەڵام ئەگەر دوو کەس هاتنە بەردەمت و وتیان دەمانەوێت لەسەر تۆماری جەعفەری هاوسەرگیری بکەین، دەتوانیت رەتیبکەیتەوە؟
حاكم مەسعود سەعید: ئەگەر بێنە بەردەمم، هەردووکیان رازیبین، تۆمارەكە رێگر نەبێت لەبەردەم هاوسەرگیرییەكەیان و بەشێک نەبێت لە رێپێنەدراوەكان، ئەوا پرۆسەی هاوسەرگیرییەکەیان لەسەر تۆماری جەعفەری بۆ دەکەم، بەڵام حاکمی دیکە هەیە نایکات. هاوكات، بمانەوێت دەتوانین نەیکەین بەوپێیەی پەرلەمانی کوردستان تۆمارەكەی پەسەند نەکردووە، لەوکاتەدا داواکار بۆی هەیە داوایەک بەرزبکاتەوە کە زوڵمی لێکراوە، ئەگەر ئەمەشمان رەتکردەوە ئەوا مافی هەیە تەمییزی بکات، ئەوكات بڕیار لای دادگای تەمییز دەبێت کە جێبەجێی بكەین یان نا.
خەڵکێکی زۆر لە دەرەوەی شیعەکان پەنا بۆ تۆماری جەعفەری دەبەن، چونکە پیاوسالارانەیە
كەركوك ناو: ئەگەر هاوڵاتییەكی عەرەبی دانیشتوی هەرێمی كوردستان، بۆ گرێبەستی هاوسەرگیری سەردانی دادگای باری كەسێتی لە هەولێر بكات، داوابكات گرێبەستەكەی بەپێی تۆماری جەعفەری بێت، ئێوە چی دەکەن؟
حاكم مەسعود سەعید: بێتە بەردەمم گرێبەستی هاوسەرگیرییەكە دەکەم.
كەركوك ناو: تائێستا هیچ داواكارییەك هاتۆتە بەردەمتان تا بەگوێرەی تۆمارەكە گرێبەستی بۆ بكەن؟
حاكم مەسعود سەعید: لە تۆمارەكە هاتووە كە بۆ ئەهلی شیعەیە، بەڵام رێگە بە سوننە مەزهەبەکان بە کوردیشەوە دراوە بەم تۆمارە هاوسەرگیری بکەن، من بڕواموایە خەڵکێکی زۆریش لە دەرەوەی شوێنكەوتوانی شیعەکان پەنای بۆ دەبەن، چونکە پیاوسالارانەیە و هەموو مافەکان بە پیاوان دراوە، بەڵگەش بۆ قسەکەم هاوڵاتییەکی عەرەبی ناوچە سوننەکان کە هاوسەرگیرییەکەی لە هەولێر تۆمارکراوە، سەردانی کردین و داوای کرد بۆی بکەن بە تۆماری جەعفەری.
كەركوك ناو: ئەی بۆتان كرد؟
حاكم مەسعود سەعید: بۆمان نەکرد، بەڵام ئەمە بەڵگەیە کە خواستی لەسەر دەبێت. لێمپرسی بۆ گرێبەستی هاوسەرگیرییەكەت دەگۆڕیت؟ وتی؛ فەرزیان کردووە لەسەرمان. چونکە لە تۆمارەكەدا دەڵێت؛ ئەوانەی لە رابردووشدا هاوسەرگیریان کردووە دەتوانن بیگۆڕن بۆ تۆماری جەعفەری. من لەو بڕوایەدام داواکاری لەسەر تۆماری جەعفەری زۆر دەبێت چونكە هاوڵاتییەکی زۆری عەرەب لە هەرێمی کوردستان هەن.
كەركوك ناو: وەک دادوەرێك ئەوە بە مەترسی دەبینیت؟
حاكم مەسعود سەعید: لەسەر مافی ئافرەت، بەڵێ مەترسییە.
كەركوك ناو: ئەگەر هەرێمی كوردستان لە نێوان دوو بژاردەی جێبەجێکردن یان رەتكردنەوەی تۆماری جەعفەریدا بێت و داوای بۆچوونی تۆ بكەن: وەڵامت چی دەبێت؟
حاكم مەسعود سەعید: دژی مافەکانی ژنان و منداڵانە ئەگەر جێبەجێبکرێت. جگە لەوە، ئەوەش مەترسیدارە كاتێك ژنان ویلایەیان نامێنێت، بۆیە ئەگەر هەرێم رای من وەربگرێت، ئەوا لەگەڵ ئەوەدانیم تۆماری جەعفەری لە کوردستان جێبەجێبکرێت.