پێشانگای كتێبەكەی كەركوك گەرموگوڕ نەبوو

كەركوك/ یەكی تشرینی یەكەمی 2025/ دیمەنێك لە پێشانگای نێودەوڵەتی كتێب. فۆتۆ: كەركوك ناو

كەركوك ناو

سەردانكەرانی یەكەم پێشانگای نێودەوڵەتی كتێب لە كەركوك وەك جەستەیەكی "بێ رۆح" لێیان دەڕوانی، پێشانگاكە وەك ئەوەی یەكەم ئەزمون بوو لە شارەكە بە "گرنگ" وەسفكرا، بەڵام گەرموگوڕ نەبوو، لەڕوی بە بازاڕكردن و هەروەها هەندێك كەموكورتی تر.

پێشانگاكە كە لە 25ی ئەیلول دەستیپێكرد و ئەمڕۆ 2ی تشرینی یەكەم كۆتا رۆژ بوو، تیایدا 60 خانەی چاپ و بڵاوكردنەوە لە نۆ وڵاتەوە بەشداریان كرد، كە حەوت وڵاتی عەرەبی لەگەڵ توركیا و ئێران بەشداربون.

رێباز سەباح، سەرپەرشتیاری تیمی پڕۆتۆکۆڵی پێشانگاکە، بە (كەركوك ناو)ی وت "ئەو 60 خانەی چاپ و بڵاوكردنەوەیە هەزاران ناونیشانی جۆراوجۆری مێژویی، كۆمەڵایەتی، سیاسی، ئایینی و فەرهەنگی و بابەتی منداڵانیان پێشكەش كرد".

بە بازاڕنەكردنێكی باش لەڕێی راگەیاندن و پۆستەرات و ریكلام، یەكێك بوو لە كێشەكانی پێشانگاكە، وەك ئەوەی خاوەنی خانەكانی چاپ و بڵاوكردنەوە گلەییان لێی هەبوو، تەنانەت هەندێكیان وتیان زەرەرمەندبون.

"لە رۆژی یەكەمی كردنەوەیدا هەست بە سستی و جوڵەی كەمی سەردانەكران كرا، دەبوو پێشوەختە چارەسەری ئەمە بكرایە"، خاوەنی خانەیەكی چاپ وایوت، بەڵام لەگەڵئەوەشدا كردنەوەی پێشانگاكە وەك یەكەم ئەزمون، بە گرنگییەوە باسی لێوەكرا.

جەلال نازم (42ساڵ)، پیشەی فەرمانبەرە، وتی "کارێکی جوان و ناوازەیە، چونکە لە رابردودا لەم شارە شتی وانەبووە، ناونیشانەکان زۆربەیان بەهێز و جوان بون، بەڵام نرخەكان كەمێك بەرز و گرانبون".

ئەیاد تۆرهان (19ساڵ)، خوێندكاری زانكۆ، وتی "پێشانگاكە زۆر لە ئاستێکی بەرزدا نابینم، لەگەڵئەوەشدا دەستکەوتێک و داهێنانێکی زۆرباشە بۆ شارەکەم، هیوادارم ئەم جۆرە چالاكییانە گرنگی زیاتریان پێبدرێت".

Kteb.kirkuk.peshanga
كەركوك/ یەكی تشرینی یەكەمی 2025/ دیمەنێك لە پێشانگای نێودەوڵەتی كتێب. فۆتۆ: كەركوك ناو

كردنەوەی پێشانگاكە وەك دەستكەوت لەلایەن رێبوار تەها، پارێزگاری كەركوك وەسفكرا، ئەو لە لێدوانێكیدا لەكاتی كردنەوەیدا وتی "لەسەر ئاستی عیراق پێنج پارێزگای شارستانی هەبون، یەكێك لەوانە كەركوك بوو، بەڵام لە سەردەمی حزبی بەعس و دواتر بە ململانێی سیاسی لە دوای پرۆسەی ئازادی عیراق رۆژ دوای رۆژ بەرەو دواوە دەچوو، ئێستا كەركوك شایستەی ئەوەیە زۆر زیاتری بۆ بكرێت و لە هەموو روەكانەوە یەكەم بێت".

زیاتر وتی "ئەمە تەنیا بە قسە ناكرێت، بەڵكو پێویستی بە كردار هەیە، ئێمە بیرمان لە زۆر شتی جاواز كردۆتەوە، بەڵام پێویستمان بەكاتە، ئەمەش یەكەم پێشانگایە لە مێژوی كەركوكدا و روداوێكی گرنگە و سەرەتایەكی باشە بۆ پارێزگاكە، بەڵام پێویستمان بەكاری زیاتر هەیە".

لە پێشانگاكە هیچ خانەیەكی چاپ و بڵاوكردنەوەی كوردی بەشدارنەبون، ئەوەی هەبوو تەنیا لەسەر ئاستی هەندێك كتێبخانە بوو. پاساوەكە ئەوە بوو گوایا خانەكانی چاپی لە هەرێمی كوردستان سەرقاڵی ئامادەكارین بۆ پێشانگەی نێودەوڵەتی كتێب لە سلێمانی كە بڕیارە لەم مانگەدا دەستپێبكات.

لانیكەم لەسەدا 50ی ئەو خانانەی بەشداریی پێشانگەكەی كەركوكیان كرد، وتیان كە زەرەرمەندبون بەهۆی سستی جوڵەی سەردانیكەران.

رێباز سەباح باسی لە داشكاندنی نرخەكان كرد و وتی "داشكاندنی نرخ بەپێی رێککەوتنی ناوەندەکانی چاپ جیاوازییان هەیە، هەندێکیان لەسەدا 10 و هەندێكیان لەسەدا 15 داشكاندنیان كردبوو".

ئەوەی تێبینی دەكرا زۆرینەی خوازیارانی كتێب لە پێكهاتەی عەرەب بون، رەنگە نەبونی ناوەند و خانەی چاپی كوردی كاریگەریی هەبێت.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT