پۆلیسی كه‌ركوك ئاماده‌یی خۆی نیشانداوه بۆ وه‌گرتنی دۆسیه‌ی ئه‌منی پارێزگاكه، ئه‌وه‌ش له چوارچێوه‌ی هه‌وڵ و پلانه‌كانی وه‌زاره‌تی ناوخۆی عیراق، به‌ڵام پرۆسه‌كه روبه‌ڕوی هه‌ندێك به‌ربه‌ست بۆته‌وه، له نێویاندا خواستی سوپا بۆ مانه‌وه و پشتگیری هه‌ندێك لایه‌نی سیاسیی له‌و خواسته‌ی سوپا.
هه‌فته‌ی رابردوو وه‌زاره‌تی ناوخۆی عیراق لیژنه‌یه‌كی باڵای بۆ پرسی وه‌رگرتنی دۆسییه‌ی ئه‌منی كه‌ركوك ره‌وانه‌ی ئه‌و پارێزگایه كردووه. دوای چه‌ند كۆبونه‌وه و گفتوگۆ، لیژنه‌كه راپۆرتی خۆی ئاماده‌كردووه، كه بڕیاره به چه‌ند قۆناغێك دۆسییه‌ی ئه‌منی راده‌ستی پۆلیس بكرێت.
به‌پێی دوو سه‌رچاوه كه لێپرسراوێتیان ئه‌منی باڵایان هه‌یه له پارێزگای كه‌ركوك، له كۆبونه‌وه‌كانی فه‌رمانده‌یی ئۆپه‌راسیۆنه هاوبه‌شه‌كانی كه‌ركوك و لیژنه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی ناوخۆ، پۆلیس ئاماده‌یی خۆی نیشانداوه، بۆ وه‌رگرتنی دۆسیه‌ی ئه‌منی ناو شار و ته‌واوی قه‌زاو ناحییه‌كان.
یه‌كێك له سه‌رچاوه‌كان وتی "خواستێكی فه‌رمانده‌كانی سوپا ئه‌وه‌یه له‌ئێستادا ته‌واوی دۆسییه‌ی ئه‌منی راده‌ستی پۆلیس نه‌كرێت، به‌ڵكو قۆناغ به قۆناغ بێت، به‌ڵام پۆلیس وتویانه ئه‌وان ده‌توانن ئه‌منیه‌تی ته‌واوی ناو سه‌نته‌ری شار و قه‌زاو ناحییه‌كان بپارێزن، له‌گه‌ڵ ته‌واوی بازگه و خاڵه‌كانی پشكنین".
خواستێكی فه‌رمانده‌كانی سوپا ئه‌وه‌یه له‌ئێستادا ته‌واوی دۆسییه‌ی ئه‌منی راده‌ستی پۆلیس نه‌كرێت
سه‌رچاوه‌كه وتی "لێكتێگه‌یشتنی كۆتایی ئه‌وه‌یه له قۆناغی یه‌كه‌مدا ناو شار و بازگه‌كان راده‌ستی پۆلیس بكرێن، به‌ڵام ئه‌وه پێویستی به تاوتوێكردنی راپۆرتی لیژنه‌كه هه‌یه له وه‌زاره‌تی ناوخۆ و وه‌رگرتنی بڕیاریی كۆتایی".
هه‌ینی رابردوو، لیوا تەحسین خەفاجی، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی راگەیاندن لە وەزارەتی بەرگری عیراق، ئاشكرای كرد كه قۆناغی داهاتوو شایەتحاڵی تەواوبونی گواستنەوەی بەرپرسیارێتی ئەمنی لەناو شارەكاندا ده‌بین، گواستنه‌وه‌كه له سوپاوه بۆ وەزارەتی ناوخۆ ده‌بێت.
به‌پێی پلانه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی به‌رگری، ئاسایشی شاره‌كان راده‌ستی پۆلیس ده‌كرێت و سوپا لە دەرەوەی شارەكان و كەمپە دیاریكراوەكان بڵاویانپێدهكرێت.
"ئامانج له‌م هه‌وڵه ئەوەیە وەزارەتی ناوخۆ ببێته قەوارەیەكی بەرپرسیار لە بەڕێوەبردنی ئاسایش... ئه‌وان سەركەوتنی بەرچاویان بەدەستهێناوە لە بەڕێوەبردنی ئەم دۆسیه‌یه‌دا"، به‌ڵام له‌گه‌ڵئه‌وه‌شدا وتی له هه‌ندێك ناوچه‌دا، "بارودۆخی ناوچه‌كه بووەتەهۆی دواكەوتنی جێبەجێكردنی هه‌نگاوه‌كانمان"، خەفاجی وایوت.
سه‌رچاوه‌كه‌ی (كه‌ركوك ناو)، وتی "بۆ كه‌ركوك دۆخه‌كه تۆزێك ئاڵۆز بووه، پارێزگاكه فره نه‌ته‌وه و كێشمه‌كێشی سیاسی و ئه‌منی لێیه، هێشتا مه‌ترسییه‌كانی چه‌كدارانی داعش له هه‌ندێك ناوچه‌دا ماون، له‌گه‌ڵئه‌وه‌شدا هه‌ندێك لایه‌نی سیاسی پێیانوایه پرۆسه‌كه بۆ كاتێكی تر دوابخرێت، یان قۆناغ به قۆناغ بێت، ئه‌وه‌ش خواستی به‌شێك له فه‌رمانده‌كانی سوپای له‌گه‌ڵدایه...".
خەفاجی وتی "سوپا لە هەندێك شاردا ئامادەیی دەمێنێتەوە، تا ئەوكاتەی مەرجەكانی وەرگرتنی بەرپرسیارێتی ئەمنی تەواو دەبێت"، به‌ڵام ئاماژه‌ی به‌و شارانه نه‌كردووه كه له چ پارێزگایه‌كی عیراقن.
سوپا لە هەندێك شاردا ئامادەیی دەمێنێتەوە
مازن غه‌ریب، ئه‌ندامی لیژنه‌ی ئه‌من و به‌رگری له په‌رله‌مانی عیراق و نوێنه‌ری كه‌ركوك، به (كه‌ركوك ناو)ی وت "تاوتوێكردنی ئه‌و پرۆسه‌یه به‌رده‌وامه، به‌جدیی كاری بۆ ده‌كرێت و ده‌بێت چاوه‌ڕوان بین، به‌ڵام هێشتا قۆناغی كۆتایی وه‌رنه‌گرتووه".
دۆسیه‌ی ئه‌منی كه‌ركوك له ئێستادا، لای فه‌رمانده‌یی ئۆپه‌راسیۆنه هاوبه‌شه‌كانی كه‌ركوكه، سوپا ده‌سه‌ڵاتی ته‌واوی ئه‌منی له ناوه‌ندی شاره‌كان، بازگه، گومرگ و خاڵه‌كانی پشكنیندا هه‌یه.
هه‌فته‌ی رابردوو له‌كاتێكدا جوتیارانی كه‌ركوك، دژی خاڵه‌كانی پشكنین و گومرگ خۆپیشاندانیان كرد، مازن غه‌ریب ناڕه‌زایی ده‌ربڕی و وتی "نابێت سوپا ته‌داخولی به‌روبومی جوتیاران بكات، ئیشی سوپا پاراستنی وڵات و خه‌ڵكه‌كه‌یه‌تی، ئه‌ركی ئه‌وان ئه‌وه نییه رێگریی له هاوڵاتیان بكه‌ن گه‌نم و جۆ، بهێنن... ئه‌م شاره له‌مه زیاتر ته‌حه‌مولی ئه‌و پرسه ناكات".
ئه‌حمه‌د كه‌ركوكی، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك له فراكسیۆنی یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان، هه‌ر له‌و حۆپیشاندانهدا، هێرشی كرده سه‌ر بازگه‌كان و وتی "تێبینی زۆرمان له‌سه‌ریان هه‌یه، زوڵم له میلله‌ت ده‌كه‌ن و ره‌شۆ و به‌رتیل له خه‌ڵك وه‌رده‌گرن، ئه‌مه‌م به به‌ڵگه‌وه لایه، بۆیه به‌هیچ شێوه‌یه‌ك جێی قبوڵ نییه و به‌رپرسیارێتی قسه‌كانی خۆم هه‌ڵده‌گرم". تائێستا فه‌رمانده‌یی ئۆپه‌راسیۆنه هاوبه‌شه‌كانی كه‌ركوك به‌ڕه‌سمی وه‌ڵامی ئه‌و تۆمه‌تانه‌ی نه‌داوه‌ته‌وه.
له كه‌ركوك به‌گشتی هاوسۆزی له‌گه‌ڵ پۆلیس زیاتره به‌راورد به سوپا كه له چوارچێوه‌ی فه‌رمانده‌یی ئۆپه‌راسیۆنه هاوبه‌شه‌كان كارده‌كه‌ن، له ساڵانی رابردوشدا چه‌ند جارێك بارگرژی له نێوان هاوڵاتیان و سوپا له‌ناو شاره‌كاندا دروستبووه.
عه‌لی زۆراب (41ساڵ)، له به‌نزینخانه‌یه‌كی ئه‌هلی كارده‌كات، وتی "دانانی بازگه‌ی كاتی له‌ناو شار و داواكردنی ناسنامه و هه‌ڵمه‌ته‌كانی گه‌ڕان و پشكنینیان له‌شه‌ودا ناڕه‌حه‌تی كردوین"، زیاتر وتی "پۆلیس هه‌موی خه‌ڵكی شاره‌كه‌ن، ده‌یانناسین و ده‌مانناسن، به‌ڵام نازانین ئه‌ندامانی سوپا له كوێوه هاتون، وه‌كو بێگانه سه‌یری یه‌كتر ده‌كه‌ین، باشتره چه‌ك و هامه‌ری سه‌ربازیی له‌ناو شاردا نه‌مێنن".
ئه‌مه له‌كاتێكدا به‌گشتی سوپا له ساڵانی رابردودا رۆڵی هه‌بووه، له تێكشكاندنی چه‌كداران داعش. ئه‌و گروپه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی سێیه‌كی خاكی كه‌ركوكیان به‌ده‌سته‌وه بوو، مه‌ترسی و دڵه‌ڕاوكێی ئه‌منیان له ناوه‌ندی شاره‌كاندا دروستكردبوو.
عه‌بدوڵا میروه‌یس، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك، وتی "دۆخی ئه‌منی باشتره له جاران، ئێستا پۆلیس توانای ئاسایش و به‌ڕێوه‌بردنی شار و بازگه‌كانی هه‌یه و ئێمه‌ش وه‌كو یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان پشتیوانی له رادهستگردنی دۆسییه‌ی ئه‌منی ده‌كه‌ین له وه‌زاره‌تی به‌رگرییه‌وه بۆ وه‌زاره‌تی ناوخۆ".
ئێستا پۆلیس توانای ئاسایش و به‌ڕێوه‌بردنی شار و بازگه‌كانی هه‌یه
ئه‌و پشتیوانییه‌ی یه‌كێتیی بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی دۆسیه‌ی ئه‌منی له كه‌ركوك، له‌كاتێدایه، بڕیاره له ئاینده‌یه‌كی نزیكدا ئه‌و حزبه پۆستی فه‌رمانده‌ی پۆلیسی كه‌ركوك وه‌ربگرێت، له‌و حاڵه‌ته‌دا كه‌سی یه‌كه‌می ئه‌منی له پارێزگای كه‌ركوك لای له‌و حزبه ده‌بێت.
عه‌بدوڵا میروه‌یس، وتی "هه‌موو رێكاره‌كانی وه‌رگرتنی پۆسته‌كه بۆ یه‌كێتی ته‌واو بووه، ئه‌مه پێشتر رێككه‌وتنی له‌سه‌ر كراوه له چوارچێوه‌ی پێكهێنانی حكومه‌تی خۆجێی كه‌ركوك، ته‌نیا پێویستی به ره‌زامه‌ندی سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق هه‌یه".
پرسی راده‌ستكردنی ئه‌منیه‌تی پارێزگاكان به وه‌زاره‌تی ناوخۆ، چیرۆكێكی درێژی هه‌یه له دژایه‌تی و پێداگیریی له وه‌رگرتنه‌وه‌ی دۆسییه‌كه، ئه‌مه به‌شێك بوو له كارنامه‌ی حكومەتی پێشوی عیراق بە سەرۆكایەتی محەمەد شیاع سودانی، به‌ڵام له كه‌ركوك جێبه‌جێنه‌كرا.
به‌پێی كارنامه‌كه‌ی سودانی، ده‌بوو لە ناوشارەكاندا هێزەكانی سوپا، حەشدی شەعبی و پۆلیسی فیدراڵی پاشەكشێ بكەن، تا دۆسیەی ئەمنی بدرێتەوە دەست پۆلیسی ناوخۆیی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ.