وایدابنێ له مانگی ئاداری ساڵی 2040 دایت و له گه‌ڕه‌کێکی که‌رکوک دانیشتوویت! له‌ڕێی ته‌کنه‌لۆژیایه‌کی پێشکه‌وتووتر له‌و مۆبایله زیره‌کانه‌ی به‌رده‌ستت، له گه‌شه‌ی ئابوری نه‌ته‌وه‌کانی دیکه‌ی سه‌رزه‌ویی و دهوڵهمهندبونییان ده‌ڕوانیت و ته‌کنه‌لۆژیاش پێشکه‌وتنێکی به‌رچاوی به‌خۆوه بینیووه، تۆش بێبه‌ش نیت له‌و پێشکه‌وتنه ته‌کنه‌لۆژییه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی جیاوازه هه‌ژاربونی شار‌و وڵاته‌که‌ت و چیدی سه‌رمایه‌ی نه‌وت فریای خه‌رجی و به‌ڕێوه‌بردنی وڵاته‌که‌ت و شاره‌که‌ت ناکه‌وێت.
میلله‌تانی دیکه، به‌تایبه‌تی رۆژهه‌ڵاتی ئاسیا به‌هۆی سه‌رچاوه‌ی هه‌بوونی عه‌قڵی وه‌به‌رهێنان و داهێنانه‌و له‌ترۆپکی گه‌شه‌ی ئابووریدان، که‌چی تۆ سه‌دان ساڵه نه‌وتت فرۆشتووه و داهاته‌که‌ت له‌جیاتی وه‌گه‌رخستن بۆ پڕۆژه‌ی ئابووری ئه‌وا ته‌نها و ته‌نها له کڕین و هاورده‌کردنی به‌رهه‌م و ته‌کنه‌لۆژیای وڵاتانی دیکه‌ت خه‌رجکردووه.
له‌پڕ له‌و خه‌ونه‌ت به‌ئاگا دێی و پڕ ده‌ده‌یته مۆبایله‌که‌ت، ئه‌وه‌ڵجار سه‌یری مۆبایله‌که‌ت ده‌که‌یت و له‌ساڵی 2019 و به‌خوێندنه‌وه‌ی هه‌واڵی نرخی نه‌وت و کێشمه‌کێشمی سیاسی عیراق و رای جیاوازه‌کانی پێکهاته‌کانی که‌رکوک و دوکه‌ڵی زۆری ئاسمانی شار دڵنیاده‌بیته‌وه که ئه‌وه‌ی بینيت له خه‌ونێک زیاتر نه‌بوو.
ئه‌م خهوبینینهی سه‌ره‌وه راستییه‌که و نا‌توانیت خۆتی لێبدزییهوه، چونکه له‌ماوه‌ی دوو ده‌یه‌ی داهاتوودا میلله‌ت و ده‌وڵه‌تانی خاوه‌ن عه‌قڵی ته‌کنه‌لۆژی شۆڕشی ته‌کنه‌لۆژیی و پاکڕاگرتنی ژینگه‌و دۆزینه‌وه‌ی وزه‌ی ئه‌لته‌رناتیڤ پێشده‌خه‌ن. بۆ نموونه؛ له ئێستادا ژماره‌یه‌کی زۆر له ووڵاتان خه‌ریکی به‌رهه‌مهێنانی کاره‌بان له‌ڕێگه‌ی ووزه‌ی خاوین و تا ساڵی 2050، زیاتر له 139 وڵات به‌رنامه‌ی ئه‌وه‌یان هه‌یه که 100% پشت به به‌رهه‌مهێنانی ووزه‌ی خاوێن (Renewable Energy) و گه‌لێک له پایته‌خته‌کانی پاریس و له‌نده‌ن و به‌رلین و ئه‌وانی دیکه‌ش پلانی ئه‌وه‌یان هه‌یه ئه‌و ئۆتۆمبێلانه‌ی به به‌نزین و گاز کار ده‌که‌ن له‌سه‌ر شه‌قامه‌کان قه‌ده‌غه‌بکه‌ن و ئۆتۆمبێلی کاره‌بایی شوێنییان بگرێته‌وه.
ئه‌مه جگه له‌وه‌ی چه‌ندین وڵات به‌رنامه و پڕۆژه‌یان هه‌یه و بودجه‌ی ملیار دۆلاری خه‌رجده‌که‌ن هه‌م بۆ پێشخستنی ته‌کنه‌لۆژیی و هه‌میش بۆ پێشخستنی قه‌باره‌ی وه‌به‌رهێنان و هه‌روه‌ها روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی پیسبوونی ژینگه به‌هۆی ده‌رهێنانی نه‌وته‌وه. که ئه‌مه‌ش به‌هاتنی 2040 روودانین زیاتر له راستی نزیک ده‌بێت.
ئه‌م راستییانه راسته‌وخۆ په‌یوه‌ندی به داهاتوی عیراق و شاری که‌رکوکه‌وه هه‌یه به‌وه‌ی که که‌رکوک به‌تایبه‌تی که ئه‌و شاره به (8.7 ملیار به‌رمیلی یه‌ده‌گه‌وه) له ساڵی 1934 نه‌وت بۆ وڵات به‌رهه‌مده‌هێنێت، که‌چی که‌مترین پێشکه‌وتن و وه‌به‌رهێنان وه‌به‌ر ئه‌و شاره که‌وتووه و له‌هه‌ر تێکشانێکی ئابوری ده‌وڵه‌تیشدا به‌ر هه‌مووان پشکی شێری تێکشکانه‌که وه‌به‌ر ئه‌و شاره‌و به‌سرا ده‌که‌وێت، چونکه جگه له‌وه‌ی ئه‌وان سه‌رچاوه‌ی به‌شێکی باشی داهاتن بۆ سه‌رجه‌م پارێزگاکان ئه‌وا له‌هه‌مانکاتیشدا قوربانی نه‌خۆشکه‌وتن و پیسبوونی ژینگه‌ی شوێنی ژیانهکهشییانه.
که‌رکوک به (8.7 ملیار به‌رمیلی یه‌ده‌گه‌وه) له ساڵی 1934 نه‌وت بۆ وڵات به‌رهه‌مده‌هێنێت، که‌چی که‌مترین پێشکه‌وتن و وه‌به‌رهێنان به‌ر ئه‌و شاره که‌وتووه
ئه‌گه‌ر بودجه‌ی ساڵی 2019 حکومه‌تی عیراق وه‌ربگرین، که به نزیکه‌ی 112 ملیار دۆلار خه‌مڵێندراوه (له‌گه‌ڵ 23 ملیار دۆلاری کورتهێنان)، ئه‌وا ژماره و داتای ترسناک ده‌بینین به‌وه 75% بودجه بۆ سێکته‌ری ته‌شغیلی ده‌ڕوات له‌کاتێک 23% بۆ سێکته‌ری وه‌به‌رهێنان و نۆژه‌نکردنه‌وه‌یه. هه‌روه‌ها له‌ساڵی 2018 که بوجه‌ی ته‌شغیلی 39 ملیار دۆلاری بۆ دانرابوو که‌چی له‌مساڵدا به‌رزبۆته‌وه 52 ملیار دۆلار.
ئه‌م ژماره‌یه ئه‌وه‌مان پێدهڵێـت له‌دوای کۆتاییهاتنی شه‌ری داعش که بونیادنانه‌وه‌و نۆژه‌نکردنه‌وه‌ی پارێزگاکانی زه‌ره‌رمه‌ند زیاتر له 88 ملیار دۆلاری ده‌وێت که‌چی ته‌نها 27 ملیار دۆلار دانراوه بۆ وه‌به‌رهێنان و ئه‌مه‌ش زه‌نگێکی مه‌ترسیداره به‌وه‌ی که بودجه‌یه‌کی زه‌به‌لاحی 112 ملیار دۆلار جگه له‌خه‌رجکردن و به‌فیرۆدانی به‌هۆی گه‌نده‌ڵی و دامه‌زراندنی له‌شکرێک فه‌رمانبه‌ری بێکارو خه‌رجکردنی ملیاران دۆلار لهمیلیشاکان ئه‌وا هیچ ئاسۆیه‌ک نییه که پرۆژه‌ی گه‌وره‌و ستراتیژی بۆ شاری که‌رکوک به‌تایبه‌تی که سه‌رچاوه‌ی ناکۆکییه‌کانی نێوان هه‌رێم و به‌غداشه دانرابێت.
ئه‌گه‌ر له‌دوای ساڵی 2003 دوای پرۆسه‌ی ئازادکردنی عیراقه‌وه، چاوێک به بودجه‌و داهاتی عیراق بخشێنین؛ ئه‌وا ده‌بینین له‌دوای به‌ده‌ستهێنانی زیاتر له 800 ملیار دۆلار له داهاتی نه‌وتدا ئه‌وا به‌زه‌حمه‌ت ده‌توانیت شوێنپێی ئه‌و داهاته زه‌به‌لاحه له‌شارو شارۆچکه‌کان و له‌سێکته‌ری په‌روه‌رده‌و ته‌ندروستیدا هه‌ست پێبکه‌ین یاخود ره‌نگی دابێته‌وه که‌چی ده‌وڵه‌تێکی وه‌ک ئوردن له‌هه‌مان ماوه‌دا به‌بێ فرۆشتنی نه‌وت 3 هێنده داهاتی به‌رزکردۆته‌وه (ئه‌مه‌ش ده‌رئه‌نجامی دووربوون له‌شه‌ر).
له‌ده‌وڵه‌تێکی 38 ملیۆن هاووڵاتیدا به‌هۆی نه‌بوونی پلان و نه‌خۆشی گه‌نده‌ڵییه‌وه ساڵانه پێشبینی ده‌کرێـت 1 ملیۆن گه‌نجی بێکار بخرێنه بازارێکهوه که سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌کی دامه‌زراندنی حکومی و که‌رتی گشتییه. بۆیه ئه‌گه‌ر ئه‌مه بۆ هه‌موو عیراق بێت، که‌واته بۆ که‌رکوکیش هه‌مان شته‌و لێره‌دا پرسیارێک خۆی دێنێته پێشه‌وه: ئایا پلان و ستراتیژییه‌تی هه‌ردوو حکومه‌تی ناوه‌ند وهه‌رێم چییه بۆ دۆزینه‌وه‌ی ده‌رفه‌تی کار و ره‌نگاوره‌نگکردنی سه‌رچاوه‌ی داهات جگه له‌نه‌وت؟ ئایا خه‌ڵکی که‌رکوک که به‌هۆی سه‌نته‌ربوونی شاره‌که وه‌ک ناوچه‌ی جێناکۆک له‌چوارچێوه‌ی مادده‌ی 140 چی‌یان بۆ ده‌کرێت؟ یاخود ده‌بێت له‌نێو به‌رداشی هه‌ردوو حکومه‌ته‌که بسوتێن؟
هه‌روه‌ها چیرۆکی که‌وتنی که‌رکوک له‌ساڵی 2040دا به‌داخه‌وه هه‌ر چیرۆکێک خه‌یاڵی نامێنێته‌وه، به‌تایبه‌تی ئه‌گه‌ر بودجه‌ی ساڵانی داهاتووی عیراق به‌هه‌مان ئاواز‌و هه‌روه‌ها شاری که‌رکوک بێبه‌ش بێت له‌پرۆژه‌ی وه‌به‌رهێنانی گه‌وره‌و بێ دۆزینه‌وه‌ی هه‌لی کار بێت، ئه‌وا هه‌موو شتێک ئه‌گه‌ری روودانی هه‌یه. که‌رکوک تایبه‌تمه‌ندی خۆی هه‌یه و به‌هۆی ئه‌و ململانێیه‌ی له‌سه‌ر خاوه‌نداری شاره‌که‌ش هه‌یه، ئه‌وا باشترین چاره‌سه‌ر بۆ که‌مکردنه‌وه‌و کپکردنه‌وه‌ی ناکۆکییه‌کان له‌رێگه‌ی پێشخستنی ئابووریییه‌وه بهدهستدههێت.