حزب و لایەنە سیاسییەکانی کەرکوک، هۆشداریی "لەدەستچونی" پارێزگاكە دەدەن بۆ كورد، جگە لە جێبەجێكردنی ماددەی 140ی دەستوری عیراقیش كە تیایدا ئاماژەی بە سەرژمێری كردووە وەك قۆناغێكی ماددەكە، هەر یاسایەكی تر لەبارەی سەرژمێری لەو پارێزگایە رەتدەكەنەوە.
ئەو هەڵوێست و هۆشدارییەی حزبە كوردییەكانی كەركوك، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا هات، ئەوەش دوابەدوای كۆبونەوەیەكیان لەبارەگای مەڵبەندی كۆمەڵی ئیسلامی، كە ئەمڕۆ دووشەممە 26ی ئاب بەڕێوەچوو، سەبارت بە دۆخی پارێزگای كەركوك.
رێباز سابیر، لێپرسراوی مەڵبەندی كەركوكی کۆمەڵی ئیسلامی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا وتی "لە کۆبونەوەکەدا بۆچونی هاوبەشمان هەبوو لەسەر چەند خاڵێك، لەوانە ئاساییکردنەوەی دۆخی ناو شار و فەرامۆشنەکردنی دەزگا ئەمنییەکانی ناوخۆ کە ئێستا رۆڵێکیان تێدا بەدیناکرێت".
لەبارەی پرسی سەرژمێریشەوە كە ماوەیەكە لە پەرلەمان و حكومەتی عیراقەوە باسی لێوەدەكرێت، رێباز وتی "وەكو کورد بە دەستوور و یاسا مامەڵە لەگەڵ سەرژمێری دەکەین و پێمانوایە هەتا هەرسێ قۆناغی ماددەی 140 جێبەجێنەکرێت، هەر یاسایەکی تر دەربچێت سەبارەت بە سەرژمێری ئەوە پێچەوانەی دەستوورە و رەتیدەكەینەوە".
ئەوەش لەكاتێكدایە بەپێی ماددەی 140ی دەستوور سەرژمێری لەدوای قۆناغی ئاساییكردنەوە و قەرەبوكردنەوەی ئاوارەكان لە كەركوك ئەنجامدەدرێت، بەڵام هێشتا قۆناغی یەكەمی ماددەكە جێبەجێنەكراوە كە دەبوو لە كۆتایی ساڵی 2007 جێبەجێبكرایە.
رێباز سابیر وتیشی "داوکارین لە سەرۆک کۆمار و پەرلەمنتارانی کورد لە عیراق گۆڕینی دیموگرافیای کەرکوک بوەستێنن کە ئێستا هەمووان دەیبین رۆژانە هاوڵاتیانی دەرەوەی پارێزگای كەركوك دەهێنرێنە ئەم شارە و فۆرمی خۆراک و پشتگیری نیشتەجێبونیان بۆ دروستەکرێت".
داوکارین لە سەرۆک کۆمار و پەرلەمنتارانی کورد لە عیراق گۆڕینی دیموگرافیای کەرکوک بوەستێنن
حزبە كوردییەكان لەگەڵئەوەشدا داوایانكرد، كاربكرێت بۆ پاراستنی كاكەییەكان لە قەزای داقوق كە روبەڕوی كوشتن، رفاندن و هەڕەشەكردن بونەتەوە و سەدان خێزان بەوهۆیەوە گوندەكانیان لە ماوەكانی رابردودا چۆڵكردووە.
"پێویستە هەموو لایەنە کوردییەكان لەسەر دۆخی کەرکوک بێنە سەرخەت، چونكە ئەوەی ئێستا دەگوزەرێت لە زەرەری کورددایە و کەرکوک لە لێواری لەدەستچوندایە بۆ کورد"، رێباز وایوت.
کەرکوک لە لێواری لەدەستچوندایە بۆ کورد
حزبە كوردییەكان لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا جەختیانكردەوە "ئێمە ئەو مەترسییانەمان بۆ کەسی یەکەمی حزبە کوردییەکان خستۆتەڕوو، داومان لە سەرکردایەتی سیاسی کورد و حکومەتی هەرێم کردووە بەجدی خەمێک لە کەرکوک بخۆن"، وەك رێباز وایوت.
زۆرینەی حزبە كوردییەكان بەشداربون لەو كۆبونەوەیە، جگە لە پارتی دیموكراتی كوردستان كە جەخت لە "داگیركردنی" كەركوك دەكاتەوە و بەو هۆیەوە بەشدارییان نەكرد.