كەركوك: مەرگی تاقانەكان

كەركوك/19ی شوباتی 2020/ گەنجێكی گوندی چه‌خماخه‌ لە قه‌زای دوبز، لەبەردەم ئەو پەنجەرەیە وەستاوە كە تیایدا چەكدارێك چوار لە هاوڕێیەكانی بەدەستڕێژی گولـلە كوشت فۆتۆ: كاروان ساڵحی

كاروان ساڵحی – كەركوك

لەوكاتەی حەوت گەنج لەدانیشتنێكی گەنجانەدا لە دوكانێكی گوندەكەیان بەدەم كێشانی نێرگەلەوە پێدەكەنین، چەكدارێك لولەی تفەنگەكەی لەپەنجەرەكەوە كردە ژورەوە و مەخزنەكەی بەتاڵكردەوە. خوێنی حەوت گەنج تێكەڵ بەیەك بون. چواریان هەر لەوێ گیانیانلەدەستدا.

روداوەكە، كاتژمێر 7:45 خولەكی ئێوارەی سێشەممە 18ی شوبات رویدا لەگوندی چه‌خماخه‌ی قه‌زای دوبز به‌دوری 35كم له‌ خۆرئاوای پارێزگای كه‌ركوك. قوربانییەكان هەمویان كوردن.

بڕیار ئەحمەد، كە یەكەم كەس بوو، چۆتە سەر روداوەكە، وتی "مەریوانی هاوڕێم، تەلەفونی بۆ كردم و وتی فریا بكەوە پێكراین"، لەگەڵ ئەو تەلەفونەدا كارەبای گوندەكە بڕا.

شەوێكی تاریك باڵی بەسەر گوندەكەدا كێشابوو، بڕیار وتی "تەنانەت ئەوەندە تاریك بوو، بەرچاوی خۆم نەدەبینی، سەرەتا نەمدەتوانی بڕۆم، چونكە دەترسام لەگەڵ چونە دەرەوەمدا منیش بكوژرێم".

دوای ئەوەی بۆ دووەمجار مەریوان تەلەفون دەكاتەوە "بە قورئان خوێنم تێنەما فریابكەوە"، بڕیار ئەحمەد دەڵێت تەحەمولم نەما و لایتی مۆبایلەكەم هەڵكرد و بەرەو دوكانەكە رۆیشتم.

بە قورئان خوێنم تێنەما فریابكەوە

"ناو دوکانەکە هەموی خوێن بوو، مەریوان لەدوا ساتەكانی مەرگیدا بوو، لەوكاتەشدا خەڵكی گوندەكە هاتن و هەموو شەهید و بریندارەكانمانكردە ناو ئۆتۆمبێلەوە و بەرەو نەخۆشخانە بەڕێكەوتین، هەر ئەوكات مەریوان گیانی سپارد".

bryar
كەركوك/19ی شوباتی 2020/ بڕیار و هاوڕێیەكی لەناو دوكانەكەدا بۆ هاوڕێیەكانیان دەگرین فۆتۆ: كاروان ساڵحی

ئەو دوكانە، شوێنی كۆبونەوەی گەنجانی گوندەكە بوو، بە درێژایی زستانی ئەمساڵ. تا درەنگانێكی شەو.

لەو شوێنەدا گەنجەكان كۆدەبنەوە و نێرگەلەیان دەكێشا. بڕیار ئەحمەد كە رۆژانە دەچووە ئەو گوندە، ئەو شەوە میوانی هەبووە و لەماڵەوە بووە.

به‌پێی گرته‌ی ڤیدیۆیی كامێرایه‌كی چاودێری، كە له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا بڵاوكرایه‌وه‌، ده‌رده‌كه‌وێت چه‌كدارێك ده‌چێته‌ به‌رده‌م دوكانه‌كه‌ و بۆ چه‌ند چریه‌ك ده‌ستڕێژی گولـله‌ دەكات.

دڵشاد ئەحمەد، دانیشتوى گوندەکە، بە (كەركوك ناو)ی وت "ئێواران گەنجەكان لەم دوكانە كۆدەبونەوە، كاتیان بەسەر دەبرد... ".

لەبارەی روداوەكەشەوە وتی "تیرۆریستەكە لە پەنجەرەی ژورەكەوە تەقەی كردووە و هەر حەوتیان پێكراون، چوار شەهید و سێ بریندار".

دووان لە كوژراوەكان تاقانەن، ئەوانی تر خزم و كەسی نزیكی یەكن.

دووان لە كوژراوەكان تاقانەن، ئەوانی تر خزم و كەسی نزیكی یەكن

دانیشتوانی گوندی چه‌خماخه‌ 13 خێزانن، بەشێك لە خەڵكی گوندەكە، لە دوای روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017ەوە گوندەكەیان جێهێشتووە، وەك كوێخای گوندەكە دەڵێت هۆكارەكەی خراپی دۆخی ئەمنییە.

عومەر شاسوار، کوێخاى گوندەکە، بە (كەركوك ناو)ی وت "بۆشاییەکى زۆری ئەمنی هەیە لە سنوری دوبز تا قەزای حەویجە... داواکارین حکومەت هاوكارییمان بكات لە پاراستنی گیانمان، یان رێگەمان پێبدات خۆمان چەك هەڵبگرین و خۆمان بپارێزین".

dubzz
كەركوك/19ی شوباتی 2020/ ئەو دوكانەی كە چوار گەنجی تێدا كوژرا لە گوندی چه‌خماخه‌ لە قه‌زای دوبز فۆتۆ: كاروان ساڵحی

لەكاتی بردنی تەرمی كوژراو و بریندارەكاندا بۆ نەخۆشخانە، پۆلیسی فیدراڵی كە ئەمنیەتی ناوچەكە دەپارێزن سەرەتا رێگرییان كردووە و تەقەیان بەسەر ئۆتۆمبێلەكاندا كردووە.

ئەمنیەتی قەزای دوبز، لەژێر دەسەڵاتی هێزە عیراقییەكاندایە لەوانەش پۆلیسی ناوخۆیی و پۆلیسی فیدراڵی، ئەوەش لە چوارچێوەی فەرماندەیی گشتی ئۆپەراسیۆنەكانی كەركوك.

روداوەكە هەرچەندە بۆ خەڵكی گوندەكە و كەسوكاری قوربانییەكان ناخۆش بێت، بۆ بڕیار ئەحمەد دوجار ناخۆشە، هەم هاوڕێیەكانی لەدەستدا، هەم شوێنی كۆبونەوە و تەنانەت گوندەكەشی.

"ئاستەمە جارێکى دیکە بتوانم لەم گوندە بژیم"، بڕیار وایوت.

روداوەكە ناڕەزایی بەدواداهات

هەریەكە لە مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان و ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، لە دوو راگەیەنراوی جیاوازدا ئیدانه‌ی هێرشه‌ چه‌كدارییه‌كه‌ی گوندی چه‌خماخه‌یان كرد، داوای هەماهەنگی نێوان هێزە عیراقییەكان و پێشمەرگەیان كرد.

یه‌كێتی لە رایگەیەنراوەكەیدا،جەختیكردەوە لەوەی پێشمەرگە دەتوانێت بە هەماهەنگیی لەگەڵ ھێزە ئیتحادییەكان ئارامی و ئاسایش بەرقەرار بكاتەوە تاوەكو بەھەموو لایەك رێ لە پشێوی ئەمنی و تەرھیب و تەعریب بگیرێت.

هه‌روه‌ها بارزانی دەڵێت "روداوەكە ئەوە نیشاندەدات كە تیرۆریستانی داعش بۆشایی ئەمنی و ناسەقامگیرییان بۆ خۆڕێكخستنەوە و بەهێزبونەوەیان قۆستووەتەوە. هەڕەشەكانیان پێویستە بە هەند وەربگیرێت.

 "هەماهەنگی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی عیراق و هاوپەیمانان بۆ نەهێشتن و بنبڕكردنی هەڕەشەی تیرۆر بەردەوام بێت و بەهێزتر بكرێت"، بارزانی وای بە پێویست زانی.

 

ئەوانەی لە روداوەكەدا گیانیانلەدەستدا:

عەلی ئەحمەد دەروێش لە دایكبوی 1988

مەحمود ئیبراهیم خورشید لە دایكبوی 1995

ئەحمەد جاسم لە دایكبوی 1999

مەریوان سیروان لەدایکبوی 1995

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT