لەڕێی یاساوە... ئەمیندارێتی ئەنجومەنی وەزیران هەوڵی رێگرتن لە "ئازادی ژنان لە عیراق" دەدات

بەغدا، 8ی ئاداری 2020، بەشداری ژنان لە بۆنەی رۆژی جیهانی ژنان فۆتۆ: ئەحمەد مساڵحە

عەلی ساعیدی – به‌غداد

 

لەیلا پێشبینی ئەوەی نەدەكرد رێكخراوی ئازادی ژنان، كە دوای ئەوەی دوچاری توندوتیژی بوو، داڵدەیان دا و لەخانویەكی سەر بەرێكخراوەكە جێیان بۆ كردەوە، ئێستا روبەڕوی داخستن ببێتەوە به‌هۆی داوایەكی یاسایی كە لەلایەن ئەمیندارێتی گشتی ئەنجومەنی وەزیرانەوە بەرزكراوەتەوە.

له‌یلا (28 ساڵ)، خەونی ئەوەبوو ببێت بە رۆژنامەنوس لە رادیۆیه‌كدا، دوای ئەوەی قۆناغێكی سەختی بەڕێكرد لە ژینگەیەكی هۆزگەریی پابەند بە عورف و نەریتی نێرسالاری، ئەو ژینگەیەی ناچاریكرد بەزۆر شوو بە ئامۆزایەكی بكات، هەر كە ویستیشی ئەو هاوسەرگیرییە رەتبكاتەوە "لەهەموو لایەكەوە" لێیدەدرا، وەك خۆی دەڵێت.

له‌یلا، كە ناوەكەی خوازراوە، دەڵێت دوای ئەو توندوتیژییەی بەرانبەری كرا بڕیاریدا خۆی لەو ژینگەیە رزگاربكات و "ڕابكات بەرەو چاره‌نوسێكی نادیار، ئیتر ئەنجامه‌كه‌ی هه‌رچییه‌ك بێت، چونكە گرنگترین شت ئەوەیە خۆم بدۆزمەوە دوور لە لێدان و بەزۆر بەشوودانم لەتەمه‌نێكی زوودا بە كەسێك كە خۆشمناوێت."

ئەو گەشتەی لەیلا بەرەو نادیار، گەشتێكی پڕ مەترسی و تەگەرە بوو تا گەیشتە "روناكییەك لەكۆتایی تونێلەكەدا"، كاتێك رێكخراوی ئازادی ژنان لەعیراق ئامێزی بۆ كردەوە و داڵدەی دا لەیەكێك لەخانووەكانیدا، جگە لەوەش "ژینگەیەكی تەندروستی بۆم دابینكرد كە بڕوای هەیە بە مافه‌كانی ئافرەت لەژیان و هەڵبژاردنی ئەو رێگەیەی بەگونجاوی دەزانم بۆ خۆم."

"لەو ماوەیەدا خوێندنم تەواوكرد و وەرزشم دەكرد، بەشداریم كرد لە چەند خولێكی پەرەپێدان و بووم بە كارمەندی یەكێك لەكەناڵە رادیۆییە ناوخۆییەكان، هەموو ئەوانەش بەپاڵپشتی رێكخراوەكە بوو كە هەموو وردەكارییەكی مادیی و مەعنەوییان لەئەستۆ گرتبوو" لەیلا وای وت.

رێكخراوی ئازادی ژنان، كە بەشێوەیەكی یاسایی لە فەرمانگە حكومییەكاندا تۆماركراوە، ئێستا داوایەكی یاسایی لە دژی بەرزكراوەتەوە لەلایەن ئەمیندارێتی گشتی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراقەوە بە بیانووی "پێشێلكردنی یاسا لەڕێی داڵدەدانی ئەو ژنانەی لەماڵەكانی خۆیان هه‌ڵاتون بەهۆی كەیسی جیاجیاوە كه‌ بەشێكیان پەیوەندی بە ئابڕووەوە هەیە."

29216547_10155379491706417_312095250262786048_o
بەغدا، 2020، گردبونەوەی ژنان لەبەردەم دەرگای رێكخراوی ئازادی ژنان

رێكخراوی ئازادی ژنان لە عیراق، لە رۆژی دامەزراندنییەوە، 17 ساڵ لەمەوبەر تا ئەمڕۆ، هەوڵەكانی خۆی تەرخانكردووە بۆ بڵاوكردنەوەی رۆشنبیری پەیوەست بە ئازادی ژن لەهەموو شوێنێكدا، هەوڵی زۆریشی خستۆتەگەڕ لەپێناو داخستنی لاپەڕەكانی "ستەم و خۆسەپاندنی نێر كە بۆتە هۆی ئەوەی ئافرەتی عیراقی هەست بە مرۆڤبونی خۆی نەكات و رۆڵی خۆی نەبینێت لە دروستكردنی ژیاندا" به‌وته‌ی سولافە عەبدولحسێن، چالاكوان و نوسەر.

كرۆكی كاركردنی رێكخراوەكە لەوەوه‌ سەرچاوەی گرتووە كە ئافرەت مرۆڤە و نابێت جیاوازی لەنێوان هەردوو رەگەزدا بكرێ، لەنێو ئەو چالاكییانەی ئەنجامیداوە، رێكخراوی ئازادی ژنان لەساڵی 2003دا یەكەم شێڵتەری بۆ ژنان لە عیراق دروستكرد بۆ پاراستنیان لە "كوشتن بەبیانوی پاراستنی شەرەف" و بازرگانیی لەشفرۆشی، دواتر ژمارەی شێڵتەرەكانی سەر بەرێكخراوەكە گەیشتە 11 شێڵتەر لە پێنج پارێزگای عیراقدا.

شێڵتەرەكان بونە هۆی رزگاركردنی دەیان ژن كە دوچاری توندوتیژی ببون، رێكخراوەكە لەساڵی 2008 خەڵاتی (غروبر)ی تایبەت بەبواری مافەكانی ژنانی وەرگرت و دواتر لەساڵی 2016 خەڵاتی (رافتو)ی نەرویژی پێبەخشرا.

ئەم رێزلێنانە، وەك یەكێك لەسەرپەرشتیارانی رێكخراوەكە دەڵێت، بەدڵی لایەنە حكومییەكان نەبوو، سەرەنجام ئەمیندارێتی گشتی ئەنجومەنی وەزیران داوایەكی یاسایی دژی سەرۆكی رێكخراوی ئازادی ژنان لە عیراق بەرزكردەوە، خۆی و هاوەڵەكانیشی تۆمەتباركرد بە داڵدەدانی ئەو ژنانەی لەدەست كەسوكار و هۆزەكانیان هه‌ڵاتون بەهۆی كەیسی پەیوەندیدار بەپاراستنی ئابڕووەوە، هەروەها بەتۆمەتی هاندانی ژنان بۆ ئەوەی دوور لە كەسوكاریان بژین، هەرچەندە رێكخراوەكە جەختدەكاتەوە كە ئەو خانەوادانە كچەكانیان ناچار دەكەن بەزۆر شوو بكەن و روبەڕوی توندوتیژی جەستەیی و دەرونییان دەكەنەوە.

 

تۆمەتی پێشێلكردنی یاسا

لە داوا یاساییەكەیدا حەمید غەزی، ئەمینداری گشتی ئەنجومنی وەزیرانی عیراق (تائێستا لەپۆستەكەیدایە سەرەڕای ئەوەی لە 29ی تشرینی دووەمی 2019 دەستیلەكاركێشایەوە)، داوای لە دادگا كردوە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی رێكخراوی ئازادی ژنان دەربكات و رێگە لەكاركردنی بگرێت لە عیراقدا، ئەوەش بەپشتبەستن بەو تۆمەتانەی كە (بەپێی بەڵگە هاوپێچكراوەكان) ئاماژە بەوەدەكەن "رێكخراوی ئازادی ژنان لە عیراق سەرپێچی یاسای كردوە بە داڵدەدانی ئەو ژنانەی لەماڵەكانی خۆیان رایانكردووە بەهۆی كەیسی جیاجیاوە لەوانە ئەوەی پەیوەندی بە شەرەفەوە هەیە..... رێكخراوەكە لە چالاكییەكی تردا داوای مافی هاوڕەگەزبازەكانی كردوە و پرسەكەیان كردوە بە دیاردەیەكی باو لەكۆمەڵگەدا.. هەروەها رێكخراوەكە كچانی فریو داوە لەڕێی فەراهەمكردنی ئاسانكاری بۆ گەشتكردنیان بۆ دەرەوەی وڵات..".

c5b86251-003e-4ce6-80f7-7f09e4b8cd6b

رێكخراوەكە لە بەیاننامەیەكدا وەڵامی تۆمەتەكانی داوەتەوە و دەڵێت "ئەم تۆمەتانەی دژی ئێمە دروستیانكردووه‌ لەراستیدا بریتین لەئامانجەكانی رێكخراوەكەمان، ئێمە هەوڵ بۆ بونیاتنانی عیراقێكی ئارام دەدەین بۆ ژنان، تیایدا هاوشانی پیاوان هەست بە یەكسانی بكەن و پێكەوە هاوكاربن بۆ روبەڕوبونەوەی كێشەكانی كۆمەڵگە."

رێكخراوەكە ئاماژەی بەوەكردوە كە هەوڵی داخستن و هەڵەشاندنەوەی رێكخراوی ئازادی ژنان لەبەر  هۆكارێكی ترە، ئەویش بەشداریكردنیه‌تی لەو بزوتنەوەی ناڕەزایی و خۆپیشاندانە جەماوەرییانەی لە تشرینی یەكەمی 2019وه‌ له‌ به‌غدا و چه‌ند شارێكی تر دەستیانپێكرد.

"بڕیارەكە هاوكات بوو لەگەڵ چالاكییەكانمان لە راپەڕین و لێدوانەكانمان لەبارەی پشتیوانیكردنی ئیرادەی گەلی ڕاپەڕیو و مافی ئەوەی نیشتمانێكیان هەبێت تیایدا ئازادی و یەكسانی و ئیرادەی ئازاد بەرقەرار بێت. رەنگە بڵاوكراوەكەمان كە لەژێر ناوی (ژنانی راپەڕین) بوو، باشترین بەڵگەبێت لەسەر ئەو ململانێیە كۆنەی لە نێوان ئێمە و دەسه‌ڵاتی میلیشیاكاندا هەیە و مێژووەكەی دەگەڕێتەوە بۆ چەندین ساڵ لەمەوبەر"، بەپێی بەیاننامەی رێكخراوەكە.

بەیاننامەكە ئاماژەشی بەوەداوە كە "پێدەچێت حكومەتی عادل عەبدولمەهدی، سەرۆكوەزیرانی دەستلەكاركێشاوە بیەوێت دوایین گورزی خۆی بوەشێنێت دژی بزوتنەوەی ژنان بەرلەوەی پێگەی خۆی لەدەسەڵات جێبهێڵێت، بەوپێیەی ئەنجومەنی وەزیرانی ئێستا بەسەرچوە و بەدەستلەكاركێشاوە دادەنرێت".

گەیاندنی زانیارییەكان بە لایەنە باڵادەستەكان

دادگای كەرادە كە داوا یاساییەكەی بۆ بەرزكراوەتەوە، 22ی شوباتی رابردوی دەستنیشانكرد بۆ مورافەعە، بەڵام پارێزەرانی بەرگری كاریان بۆ دواخستنی كرد، هەوڵەكەشیان سەریگرت، پێشبینیدەكرێت دواخستنەكە درێژتر بكرێتەوە بەهۆی ئەو بارودۆخە تەندروستییە ناهەموارەی لە وڵاتدا بەهۆی مەترسییەكانی پەتای كۆرۆناوە هاتۆتە ئاراوە.

یەنار محەمەد، سەرۆكی رێكخراوەكە وتی رێكخراوەكەیان دوو خێوەتی لە گۆڕەپانی تەحریر هەڵداوه‌، واتە لەچەقی بزوتنەوەی ناڕەزاییدا، "ژنانی ئازادیخواز" كۆڕ و وانەی تایبەت بەپرسی ژنانیان سازدەكرد، تیایدا گفتوگۆ دەكرا سەبارەت بەرۆڵی ژنان لە گۆڕەپانەكانی خۆپیشاندان، چاوەڕوانییەكانیان لە بزوتنەوەی گۆڕانكاری لە كۆمەڵگە، چۆنیەتی بەدیهێنانی یەكسانی ژن و پیاو، هەروەها گرنگی كۆتاییهێنان بە ئیستیغلالی كۆمەڵایەتی و پاشكۆیەتی ژنان چ لەسەر زەمینەیەكی ئایینی، هۆزگەری و نەریتی بێت یاخود زەمینەیەكی یاسایی هەبێت كە یاسا نێرسالارییەكانی حكومەتە یەك لەدوایەكەكان سەپاندویانە.

بەهۆی هەموو ئەمانەوە، یەنار محەمەد دەڵێت "ئەم چالاكییانە و چەندینی تر وایانكرد دارودەستەكانی دەزگا ئەمن و هەواڵگرییەكان و ئەو میلیشیایانەی بەتایبەتی لە گۆڕەپانی تەحریر بڵاوەیان پێكرابوو، چاودێری جموجۆڵەكانی رێكخراوەكە و چالاكوانەكانی بكەن، كاربكەن بۆ پەكخستنیان و گەیاندنی زانیارییەكانی پەیوەست بە رێكخراوەكە بۆ باڵاترین لایەنە سیاسییەكانی دەوڵەت، بەدیاریكراویش ئەنجومەنی وەزیران."

230162_19367261416_2460_n
یەنار محەمەد، سەرۆكی رێكخراوی ئازادی ژنان فۆتۆ: پەیجی ناوبراو لەفەیسبوك

رێكخراوەكە بەردەوامە لەكاركردن، ئەمێندارێتیش لێدوانی نییە

یەنار محەمەد رەخنە لەو كارانە دەگرێت و دەڵێت "لەكاتێكدا پێویستە هەموان چاوەڕێدەكەن بەرزترین ئەنجومەن لە وڵاتدا سەرقاڵ بێت بە چارەسەركردنی گرفتەكانی كۆمەڵگەیەكی سیخناخ بە قەیران، دەردەكەوێت ئەنجومەنی وەزیران لەژێر فەرمانی سەرۆكوەزیرانی دەستلەكاركێشاوە، هەموو خەم و كاری رۆژانەی ئەوەبێت رێكخراوی ئازادی ژنان داپڵۆسێت، وەك چۆن كاری لەسەر داپڵۆسین و كوشتنی خۆپیشاندەران دەكرد."

یەنار لەكۆتایی قسەكانیدا وتی "ئێمە بەردەوام دەبین لە رزگاركردنی ژنان، سەرەڕای ئەو بارودۆخەی بەسەرماندا سەپێنراوە بەهۆی بڕوابونمان بە مافی ڕەهای ئافرەت لەژیان بێ هیچ كۆت و بەندێك، تەنانەت ئەگەر ناچاربین بەنهێنیش كاربكەین."

ئێمە بەردەوام دەبین لە رزگاركردنی ژنان، سەرەڕای ئەو بارودۆخەی بەسەرماندا سەپێنراوە، ئەگەر ناچاربین بەنهێنیش كاربكەین

ئامادەكاری ئەم راپۆرتە هەوڵیدا بگات بە حەمید غەزی، ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی وەزیران، بۆ زانینی هۆكاری ئەو هەنگاوە و وەڵامی بۆ ئەو تۆمەتانەی باس لەوەدەكەن "هۆكاری راستەقینەی پشت ئەو داوا یاساییە، پشتیوانی رێكخراوەكەیە بۆ خۆپیشاندانەكان" وەك سەرۆكی رێكخراوەكە دەڵێت.

بەڵام نەتوانرا لێدوان لە غەزی وەربگیرێت، بەهۆی ئەوەی "سەرقاڵە بە كاروباری هەماهەنگی كارەكانی شانه‌ی قەیرانی تایبەت بەكۆنتڕۆڵكردنی ڤایرۆسی كۆرۆنا"، ئەوەش بەوتەی نوسینگەی تایبەتی خۆی كە رونیكرده‌وه‌ "وردەكاری داوا یاساییەكە و هۆكارەكانی رونكراوەتەوە لەو داوا یاساییەی بۆ دادگا بەرزكراوەتەوە" و وێنەكەی لەم راپۆرتەدا هاوپێچ كراوە.

b7f50a5a-c89b-4891-8e22-dd11d42b07c5 

گۆڕانكاری لە سیاسەتی ئەمیندارێتی گشتی

سەرچاوەیەك لە ئەمیندارێتی گشتی ئەنجومەنی وەزیران، كە فەرمانگەی رێكخراوە ناحكومییەكان بەشێكن لێی، باس لەگۆڕانكاریەكی ئاشكرادەكات لە هەڵوێستی ئەمیندارێتی گشتی سەبارەت به‌ رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی.

سەرچاوەكە، كە نەیویست ناوی بڵاو بكرێتەوە وتی "ئەو گۆڕانكارییە لەوكاتەوە دەستیپێكرد كە پۆستی ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی وەزیران درا بە حەمید غەزی، سەركردە لە ڕەوتی سەدر، بەوپێیەی كەسێكی پابەندە بە هۆزگەری و توندڕەوی ئایینی، ئەوەش یەكناگرێتەوە لەگەڵ ئامانجەكانی رێكخراوە ناحكومییەكان سەبارەت بەمافەكانی ژنان و كەمینەكان"، سەرچاوەكە ئاماژەشی بەوەدا "ئەو شتانە بە رونی بەدیدەكرێت لەهۆكارەكانی بەرزكردنەوەی داوا یاساییەكە".

 

"ئومێدی گەورە"

سولافە عەبدولحسێن، چالاكوان و نوسەر دەڵێت "هیوایەكی زۆر هەبوو سیاسییەكان لە گرنگی بۆچونەكانی رێكخراوەكە تێبگەیشتنایە، كە دەكرا بێ كۆسپ و تەگەرە جێی خۆیان بگرتایە، بەڵام بەداخەوە لەو ئاستەدا نەبون بتوانن لەو شتانە تێبگەن كە پێویستە بایەخی پێبدرێت لەپێناو بونیاتنانی كۆمەڵگەیەكی كامڵ و مرۆڤدۆست."

سولافە داوا لە دادگای عیراقی دەكات "بەجۆرێك بڕوانێتە ئازادی ژنان كە داخوازییه‌كی مرۆڤانەیە و پێویستە بەدیبهێنرێت ئه‌گەرچی كەسانێك پێیانناخۆش بێت."

لەیلا ئومێدی هەیە داوا یاساییەكە لەبەرژەوەندی رێكخراوی ئازادی ژنان یەكلایی ببێتەوە، بۆ ئەوەی ببێتە پەناگەیەك بۆ ژنانی داپڵۆسێنراو و یارمەتییان بدات، هەروەها عەقڵیەتی سیاسییەكان بگۆڕێت و لە گرنكی یەكسانی و پاراستنی ژنان تێبگەن.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT