له دوایین كابینه‌ی حكومه‌تی نوێی عیراق به سه‌رۆكایه‌تی مسته‌فا كازمی، كه 6ی ئایاری 2020 متمانه‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی به‌ده‌ستهێنا، ته‌نیا یه‌ك ژن پۆستی وه‌زیری پێدراوه، له كاتێكدا ژنان سه‌دا 25ی په‌رله‌مان پێكده‌هێنن.
له ده‌ستوری هه‌میشه‌یی وڵات‌دا، جگه له جێگیركردنی سیسته‌می كۆتا، له مادده‌ی 20دا هاوشانی پیاو هه‌موو مافێكی به ژنان داوه تا به‌شداری له كاروباری گشتیی‌دا بكه‌ن و به مافه سیاسییه‌كانیان بگه‌ن لەوانە ده‌نگدان، هه‌ڵبژاردن و خۆپاڵاوتن.
ژنان كه‌مینه‌یەک له حكومه‌تدا
له مێژوی حوكمڕانی 17 ساڵی دوای روخانی رژێمی به‌عس، به‌شداری ژنان له حكومه‌ته یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كانی عیراقدا به‌رده‌وام له پاشه‌كشێ و كه‌مبونه‌وه‌دا بووه.
یه‌كه‌م ژنه وه‌زیر نه‌سرین به‌رواری بوو، له پۆستی وه‌زاره‌تی ئاوه‌د‌انكردنه‌وه له كابینه‌ی سه‌ر به ئه‌نجومه‌نی حكوم بوو له 2003دا.
دواتر و له حكومەتی كاتی عیراقدا بە سەرۆكایەتی ئەیاد عەلاوی، (2004 – 2005)، زۆرترین ژن بون به وه‌زیر، كه شه‌ش كه‌س بون و تائێستاش له هیچ كابینه‌یه‌كی حكومه‌تدا به‌شداری ژنان نه‌گه‌یشتۆته ئه‌و رێژه‌یه.
له حكومەتی قۆناغی راگوزه‌ردا به سه‌رۆكایه‌تی ئیبراهیم جەعفەری، (2005 – 2006)، پێنج ژن پۆستی وه‌زیرییان وه‌رگرت.
یه‌كه‌م حكومه‌تی عیراق كه متمانه‌ی له په‌رله‌مانه‌وه وه‌رگرت، به سه‌رۆكایه‌تی نوری مالیكی پێكهێنرا (2006 - 2010)، له‌و كابینه‌یه‌دا سێ ژن پۆستی وەزیریان وەرگرت. دواتر، له كابینه‌ی دوه‌می نوری مالیكی‌دا، (2010 - 2014) دوو وەزیری ژن هەبون.
حكومه‌تی دوای سه‌رهه‌ڵدانی داعش به سه‌رۆكایه‌تی حه‌یده‌ر عه‌بادی، (2014 - 2018)، دوو ژن بون به وه‌زیر، كه یه‌كێكیان وه‌زیری ده‌وڵه‌ت بوو و هه‌ڵوه‌شێنرایه‌وه، تا له 2016دا جارێكی‌تر وه‌زاره‌تێكی تر به كاندیدێکی ئافرەت درا.
كابینه‌كه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی، كه له 2018دا پێكهێنرا و به فشاری خۆپیشانده‌ران له كۆتایی 2019دا ده‌ستیله‌كاركێشایه‌وه، له سه‌ره‌تاوه هیچ وه‌زیرێكی ژنی نەبوو، تا له كۆتایی ته‌مه‌نی حكومه‌تدا، ژنێك بۆ وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده متمانه‌ی په‌رله‌مانی وه‌رگرت.
دوایین كابینه‌ی حكومه‌ت به سه‌رۆكایه‌تی مسته‌فا كازمی، توانی متمانه بۆ 15 وه‌زاره‌ت وه‌ربگرێت له كۆی 22 وه‌زاره‌ت، له‌و ژماره‌یه‌ش ته‌نیا یه‌ك ژن بۆته وه‌زیر.
كۆتا؛ فریادڕه‌سی ژنان
له په‌رله‌مانی عیراقدا، مافی به‌شداری ژنان به ده‌ستور و یاسا جێگیر كراوه، هه‌ندێكجار له ژماره‌ی كورسی ته‌رخانكراویش ده‌نگی زیاتر به‌ده‌ستهێنن.
له‌ساڵی 1925وه تا 1980، له هیچ په‌رله‌مانێكی عیراقی‌دا ژنان مافی كاندیدبونیان نه‌بووه، له‌وكاته به‌دواوه مافیان پێدراوه و به ژماره‌ی جیاواز توانیویانه بگه‌نه كورسی په‌رله‌مان یان ئه‌نجومه‌نی گه‌ل و ده‌سه‌ڵاتی یاسادانان.
ده‌بێت ژنانی بوێر و بەتوانا بۆ پۆستە باڵاكان كاندید بكرێن
له دوای ساڵی 2003 و قۆناغی نوێی حوكمڕانی له عیراقدا، به ده‌ستور و دواتر یاسا كۆتا بۆ ژنان جێگیرکرا، به مه‌رجێك له سه‌دا 25ی كۆی كورسییه‌كانی په‌رله‌مان كه‌متر نه‌بێت.
له یه‌كه‌م خولی په‌رله‌مانی عیراقدا، ساڵی 2005، ژنان توانییان 70 كورسی له كۆی 275 كورسی په‌رله‌مان به‌ده‌ستبهێنن، به‌پێی سیسته‌می كۆتا.
خولی دوه‌می هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان له 2010دا، ژمارەی كورسییەكان بۆ 325 كورسی زیادیكرد و ژنان 83 كورسییان به‌ده‌ستهێنا.
له هەڵبژاردنی 2014دا، 83 ژن گه‌یشتنه په‌رله‌مان كه 22 کاندیدیان به ده‌نگی خۆیان و بێپشتبه‌ستن به سیسته‌می كۆتا توانییان كورسی به‌ده‌ستبهێنن.
لە دوایین خولی په‌رله‌مان له 2018دا، ژنان توانییان ببنه خاوه‌نی 84 كورسی له كۆی 329 كورسی، كه به‌شێكیان به‌ده‌نگی خۆیان ده‌رچون.
ژنانی ناڕازی پێگەیان ده‌وێت
ئافرەتان و چالاكوانانی خۆپیشاندانه‌كانی عیراق به‌پێویستی ده‌زانن به‌پێی توانا و لێهاتویی خۆیان له حوكمڕانی وڵات‌دا به‌شداربن، نه‌ك به كۆتا و به‌شداریی بێكاریگه‌ر.
لەمیا ئەلعامدی، چالاكوان و بەشدار له خۆپیشاندانه‌كانی عیراقدا پێیوایه كورسی كۆتا له پێگەی ژن كه‌مده‌كاته‌وه، چونكه له هه‌موو ئاست و بوارێكدا خۆیان سه‌لماندووه و پێویستیان پێیی نییه.
"ژنان پێویستیان به كۆتا نییه، به‌ڵكو پێویستیان به بڵاوكردنەوەی هۆشیاری و رۆشنبیرییە بۆ كۆمەڵگە و گۆڕینی روانینی كۆمەڵگەیه بەرانبەر بە ژنان، تەنانەت دۆخێك دروست بووە ژنانیش دەنگ بە ژنە كاندیدەكان نادەن، ئەوە كێشە گەورەكەیە" له‌میا بۆ (كه‌ركوك ناو) وای وت.
ئه‌و پێیوایه "بەشداری ژن لە پڕۆسەی سیاسیی‌دا بەشدارییەكی لاوازه و سەركردەی لیستەكان لە پەرلەمان و حزبەكانیان دەیانجوڵێنن".
زیاتر له 300 ئافره‌تی عیراقی، له تشرینی یه‌كه‌می 2019وه رۆژانە له گۆڕه‌پانی خۆپیشاندانه‌كانی به‌غدا و شاره‌كانی ترن، ئه‌وان له‌گه‌ڵ ناڕه‌زایی دژی نادادی و خزمه‌تگوزاری، داوای به‌شداری كاریگه‌ری ژنانیش له به‌ڕێوه‌بردنی وڵات‌دا ده‌كه‌ن.
"ده‌بێت ژنانی بوێر و بەتوانا بۆ پۆستە باڵاكان كاندید بكرێن نەك ژنانێك لە دوورەوە بە ریمۆت كۆنتڕۆڵ بجوڵێنرێن،.. یان ده‌بینین پیاوان بۆ پۆستێك كاندیدده‌كرێن كه شایه‌نی نین له كاتێكدا ژن هه‌یه زۆر باشتر پۆسته‌كه به‌ڕێوه‌ده‌بات" به‌وته‌ی ئه‌لعامدی.
ئه‌و چالاكوانه داوایكرد رێكخراوەكانی ژنان دژی ئه‌و بارودۆخه دەنگ به‌رزبكه‌نه‌وه و چیتر بە پشگوێخستنیان قایلنەبن، ده‌ڵێت "پێنه‌دانی پۆسته هه‌ر باڵاكان به ژنان كاره‌ساتە و ئاماژه‌یه‌كی مه‌ترسیداره لە پرۆسه‌ی سیاسیی‌دا و نابێت لێی بێده‌نگ بین".
خواستی سەرکردایەتیکردن
به‌شێك له سیاسەتەمدارانی ژن نه‌ك ته‌نیا په‌رله‌مان و پۆستی وه‌زیر، پێیانوایه ده‌بێت هه‌وڵه‌كه بۆ ئه‌وه‌بێت بگه‌نه ئاستی سه‌رۆكایه‌تییه‌كانی وڵات.
محاسن حەمدون، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عیراق به (كه‌ركوك ناو)ی وت "ویستی ژن تەنیا وەرگرتنی پۆستی بەڕێوەبەری گشتی و وەزیری نییە، بەڵكو خوازیارن پۆستی سێ سەرۆكایەتیەكە وەربگرن لەوانە پەرلەمان، ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆكایەتی كۆمار، هه‌رچه‌نده گەیشتن به‌و هیوایه هێشتا دوور دیارە".
بە گشتی لە عیراقدا مافی ژنان نەدراوە و زوڵمیان لێكراوە
له گفتوگۆ و دانوستانه‌كانی پێكهێنانی حكومه‌تدا، كه‌مترین ژن به‌شدارن و ده‌بنه كاندید، هیچ یاسایه‌كیش نییه حكومه‌ت ناچاربکات تا پابەندبێت به ته‌رخانكردنی رێژه‌یه‌ك له پۆسته‌كان بۆ ژنان.
"له واقیعدا، ژنان نەیانتوانیوە ئەو رۆڵە ببینن كە پێویستە هەیان بێت، بە گشتی لە عیراقدا مافی ژنان نەدراوە و زوڵمیان لێكراوە" به‌وته‌ی حه‌مدون.
ئه‌و رەخنەی له سیاسییەكان هه‌بوو كه نەیانتوانیوە خۆیان لە كلتوری پیاوسالاریی رزگاربكه‌ن، "ئەوەش رەنگدانەوەی بەسەر حزبەكانەوە هەبووە و لەوێشەوە لە دابەشكردنی پۆستی وەزیری تا دەگات بە بەڕێوەبەری فەرمانگەیەك".
محاسن حه‌مدون خه‌تاكه ناخاته ئه‌ستۆی ژنان، ده‌ڵێت به‌شی خۆی داوای مافەكانیان دەكەن و دەنگ هەڵدەبڕن، بەڵام "بەداخەوە لە سیاسەتدا زیاتر دەنگی پیاوەكان دەبیسترێت".
ژنان هێشتا به هیوان
به‌شێك له ژنانی په‌رله‌مانتار به‌هیوان حزبه‌كان به سیاسه‌تیاندا بچنه‌وه و كۆمه‌ڵگه‌ش به روی ئه‌واندا كراوه‌تر بێت، تا بتوانن رۆڵی راسته‌قینه‌وه‌ی خۆیان ببینن.
"بە هیواین و چاوەڕواندەكەین حزبەكان پێداچونه‌وه بەخۆیاندا بكه‌ن و كۆمەڵگەش كراوەتر بێت، .. ئەوەتا لە هەرێمی كوردستان كردیان و سەرۆكی پەرلەمان ژنە" ئیخلاس دلێمی، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عیراق وای وت.
له هه‌رێمی كوردستان، سه‌رۆك و سكرتێری په‌رله‌مان ژنن، ژماره‌یه‌ك پۆستی وه‌زیریش به ده‌ستی ژنانه‌وه‌یه.
ئیخلاس به (كه‌ركوك ناو)ی وت "ژنان لە پیاوان جدیترن لە راپەڕاندنی ئەرکەکانیاندا، پابەندترن، بەڵام لەگەڵ ئەو سیفاتە باشانەشدا، فەرامۆشكراون، له كاتێكدا ده‌بوو به پێدانی رۆڵی جددی و كاریگه‌ر رێزیان لێبگیرێت".
ژمارەیەك هاوپەیمانی و لیست بۆ هەڵبژاردنە پەرلەمانیەكەی 2018ی عیراق لەلایەن ژنانەوە سەرۆكایەتی دەكران.
ئه‌و په‌رله‌مانتاره ده‌ڵێت سه‌رباری پێگه و كاریگه‌رییان له هه‌موو روداوه‌كاندا، جگه له‌وه‌ی له ده‌سه‌ڵاتی یاساداناندا به‌شدارییان هه‌یه، به‌ڵام له‌حكومه‌تدا پاشه‌كشێ ده‌كه‌ن.
"ئەو دۆخەی هاتۆته‌پێش جێی سەرنج و تێڕامانە، تەنانەت لە روی خێڵەکیشەوە ژنان ئه‌وه‌نده پشتگوێنەخراون" ئیخلاس دلێمی نمونه‌ی عه‌شیره‌ته‌كه‌ی خۆی هێنایه‌وه كه بۆ په‌رله‌مانتاری پشتگیری‌یان كردووه.
وتیشی، "به‌داخه‌وه حزبەكانی ئێمە تەنیا پیاوان دەبینن، دەرفەت بە ژنان نادەن و بە پێچەوانەوە بە چاوی لاوازیش سه‌یریان ده‌كه‌ن."
ئه‌وه‌ی به‌لای ئیخلاس-ـه‌وه مایەی نیگه‌رانییه ئه‌و ژاوەژاوەیە هێشتا له نێو به‌شێك لە سیاسەتمەداراندا دەبیسترێت کە هاتنه‌پێشه‌وه‌ی ژنان جا بۆ هه‌ر كارێك بێت به عه‌یبه ده‌زانن، چجای حكومه‌ت و وه‌زارەت به‌ڕێوه‌ببه‌ن.