"من پشتیوانی مافەكانی مرۆڤم"
سەفا سەڵاح: (با دەنگی ئاوارەكان ببیسترێت) ژیانی گۆڕیم

سه‌فا سه‌ڵاح

ئەحمەد مساڵحە

 

"سەرەتای فامكردنم دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی تایەفەگەری، خەڵكی بەهۆی ئایین یان مەزهەب یاخود تایەفەوە دەكوژران، ئەوكات لەخۆمم دەپرسی، بۆچی دەكوژرێن؟ ئاخۆ پەیوەستبون بە ئایینێك، تایەفه‌یه‌ك یان ڕەنگێكی دیاریكراو تاوانێكه و سزاكەی كوشتنە؟"، سەفا سەڵاح، كە ئێستا دەرمانسازە، ئەم پرسیارانەی لەخۆی دەكرد هەرچەندە لەوكاتەدا تەمەنی تەنیا 10 ساڵ بوو.

لەنێوان ساڵانی 2006 بۆ 2008، نزیكەی 50 هەزار كەس لەو ململانێیە تایەفه‌ییانە كوژران كە لەچەند پارێزگایەكی عیراقدا سەریهەڵدا؛ لەوانە شاری بەغدای شوێنی نیشتەجێبونی سەفا سەڵاح.

وێنەی تیرۆر و كوشتن بەردەوام لەئەندێشەی سەفا سەڵاح-دا بوو، بۆیە سوور بوو لەسەر دروستكردنی ئاشتی و بەرەنگاربونەوەی توندڕەوی و بڵاوكردنەوەی خۆشەویستی، لێرەدا دەستیكرد بە گەڕان بەدوای رێگەیەك یارمەتیدەری بێت لەروبەڕوبونەوەی كۆمەڵگە و خستنەڕوی بۆچونەكانی سەبارەت بە ئاشتیخوازی و قبوڵكردنی یه‌كتری.

 

خاڵی وەرچەخان

خاڵی وەرچەرخان لەژیانی سەفا ئامادەبونی بوو لە ۆركشۆپ، كۆڕبەندی كۆمەڵایەتی، كۆنفرانسی زانستی و دەستپێشخەرییەكانی كۆمەڵگە، وردەوردە تێڕوانینە فیكرییەكانی سەبارەت بەئاشتی و یەكتر قبوڵكردن كامڵ دەبون.

WhatsApp Image 2020-04-15 at 12.49.08 PM

بەغدا، 2019، سەفا سەڵاح سەرپەرشتی یەكێك لەدانیشتنەكان دەكات فۆتۆ: پەیجی سەفا لە فەیسبوك

یەكێك لە گرنگترین ئەو ڕاهێنانەی بەشداری تایدا كرد لەلایەن كۆمەڵەی ئەمەلی عیراقییەوە سازكراوە، كە تایبەت بوو بەدروستكردنی ئاشتی و دیالۆگ لەچوارچێوەی پرۆگرامێكدا بەناوی (با دەنگی ئاوارەكان ببیسترێت)، بابەتەكانی پرۆگرامەكە پەیوەندییان هەبوو بە پرسەكانی ئاوارەكان، دەنگی ژنان و كەمینەكان و یەكسانی نێوان هەردوو ڕەگەز.

پرۆگرامەكە لەساڵی 2018 به‌ پاڵپشتی رێكخراوی هیڤۆس دامەزرا، ئێستاش پرۆژەكە بەردەوامە بە بەشداری چەندین رێكخراوی عیراقی لەنێویاندا كۆمەڵەی ئەمەلی عیراقی.

پرۆگرامەكە پشتیوانی لە نوێنەرایەتیكردنێكی دادپەروەرانە و بەشداریكردنێكی فراوانتری ئاوارەكان دەكات، بەتایبەتی ژنان و كەمینەكان لەهەڵبژاردنی نیشتمانیی و هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی لە داهاتوودا، پرۆژەكە لە حەوت پارێزگادا جێبەجێكراوە كە ئاوارەی سەر بە كەمینەی جیاواز لەخۆده‌گرێت و بریتین لە (دهۆك، سلێمانی، هەولێر، نەینەوا، بەغدا، نەجەف و كەركوك).

دانیشتنەكانی تیمەكانی كۆمەڵەی ئەمەل وایكرد ببمە كەسێكی پاڵپشتیكار بۆ مافەكانی مرۆڤ

ئه‌و پرۆگرامه‌ سێ ئامانجی سەرەكی هەبوو، لە نێویاندا هۆشیاركردنەوەی ئاوارەكان لە مافی دەنگدان، لەگەڵ كاركردن بۆ ئەوەی ژنان و کەمایەتیەکان، توانا و باوەڕیان هەبێت بۆ گرتنەدەستی رۆڵی سەرکردایەتیکردن لە کۆمەڵگە و سیاسەتدا. ئامانجی سێیەم بۆ ئەوە بوو پارتە سیاسییەکان و کەسایەتییەکانی کۆمەڵگە پشتیوانی رێگاکانی ناتوندوتیژی بن لەکاتی هەڵبژاردنەکاندا.

سەفا دەڵێت "دانیشتنەكانی تیمەكانی كۆمەڵەی ئەمەل كاریگەری گەورەی هەبوو لەسەرم، وایكرد ببمە كەسێكی پاڵپشتیكار بۆ مافەكانی مرۆڤ."

كۆمەڵەی ئەمەل، رێكخراوێكی كۆمەڵی مەدەنییە لەساڵی 1993 لە هەرێمی كوردستان دامەزرا و دواتر كارەكانی پەلیكێشا بۆ سەرتاسەری عیراق، رۆڵی پێشەنگی هەبوو لە جێبەجێكردنی پرۆگرامەكە و چەندین دانیشتنی ڕاهێنانی سازكرد كە ژمارەیەكی بەرچاوی گەنج لەچەندین پارێزگای عیراقەوە ئامادەی بون و ئاشنایكردن بە چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ ئاوارەكان و پاڵپشتیكردنیان، یەكێك لەو ئامادەبوانە (سەفا)ی تەمەن 24 ساڵ بوو.

ئەو ڕاهێنانەی كە سەفا لە مانگی تەموزی 2019 لەهەولێر وەریگر، جیاواز بوو لەوانەی پێشتر، راستەوخۆ دوای تەواوبونی راهێنانەكە گۆڕانكاری فیكری، رۆشنبیری و كۆمەڵایەتی بەڕونی لادروستدەبوو، ئەوەش رەنگیدایەوە لەسەر ئەو رەفتار و هەڵوێستە كۆمەڵایەتییانەی پێشتر بەشتێكی ئاسایی دەبینی بەڵام لەناوه‌ڕۆكدا توندوتیژی، سەركوتكردن و زەوتكردنی مافەكانی لەخۆگرتبوو.

"ئەم هەڵوێستە (ئاسایی)ـانە رێچكەیەكی تری لەهزرمدا گرتەبەر كە وایدەخواست كاردانەوەم هەبێت لەسەری، مافەكانی مرۆڤ و یەكسانی نێوان هەردوو رەگەز بووە ئەو شتە گرنگەی كە دەخوازێت ئەو ڕاهێنانانەی وەرمگرتبوو لەسەر ئەرزی واقیع جێبەجێبكەم، هەروەها ئەو ئامراز و كارامەییانەی فێری ببووم بەكاربهێنم لەوجۆرە بارودۆخانەدا، بۆ ئەوەی ببمە فاكتەری گۆڕانكاری و بانگەواز بۆ ئاشتی بكەم"، سەفا بەمشێوەیە باسی خاڵی وەرچەرخانی بیروبۆچونەكانی خۆی دەكرد.

 

مامەڵەكردن لەگەڵ ئاوارەكاندا

دوای ڕاهێنانەكان، سەفا بۆ ماوەی دوو مانگ دانیشتنی وشیاركردنەوەی لەكه‌مپەكانی ئاوارەی سنوری بەغدا رێكخست، بەتایبەتی لە هەردوو ناوچەی ئەبو غرێب و لەتیفییە، ئامانج لەو دانیشتنانە پشتگیری بەشداریكردنیان بوو لە هەڵبژاردنەكان و هاندانیان بۆ ئەوەی نەهێڵن دەنگەكانیان، بەفیڕۆ بڕوات و كەسی شیاو هەڵبژێرن.

له‌ عیراق؛ هەڵکشانی توندوتیژی لە نێوان گروپە چەکدارەکان و هێزەکانی حکومەتدا زیاتر له‌ سێ ملیۆن هاوڵاتی ئاواره‌كرد، كه‌ له‌ بارودۆخێكی خراپی بژێویدا بون و ده‌نگیان به‌ سیاسییه‌كان و كۆمه‌ڵگه‌ نه‌ده‌گه‌یشت، بۆیه‌ ئامانجی پرۆگرامه‌كه‌ ئه‌وه‌بوو بتوانن ده‌نگیان بگه‌یه‌نن و به‌رگری له‌ مافه‌كانیان بكه‌ن.

رێكخراوی هیڤۆس، كه‌ پاڵپشتی پرۆگرامه‌كه‌یه‌ پێیوایه‌ هه‌ڵبژاردنێكی گشتگیر زه‌مینه‌سازی بۆ ئاشته‌وایی ده‌كات: هه‌ركاتێك مافه‌كانی هه‌ڵبژاردن بۆ ئاواره‌كان به‌شێوه‌یه‌كی باش گره‌نتی بكرێت ئه‌وا مه‌ترسی وروژاندنی توندوتیژی كه‌متر ده‌بێت.

WhatsApp Image 2020-04-15 at 12.49.05 PM
بەغدا، 2019، سەفا سەڵاح سەرپەرشتی دانیشتنێكی وشیاركردنەوە دەكات بۆ ئاوارەكان لەبارەی بەشداریكردن لە هەڵبژاردنەكاندا فۆتۆ: كۆمەڵەی ئەمەلی عیراقی

سەفا ئاماژەی بەوەدا كە ئاڵۆزترین ئەو گفتوگۆیانەی لەكه‌مپەكاندا دروستدەبوو پەیوەندی بە سیاسەتەوە هەبوو، ئەوەش بەهۆی ئەو ئاوارەیی و چەرمەسەرییەی روبەڕوی بونەتەوە.

سەفا باسی لەوەدەكات لەیەكێك لە دانیشتنەكان ژنێكی تەمەن 40 ساڵی لێبوو كە بەهێزی بەسیمایەوە دیاربوو، دەنگێكی زوڵالی هەبوو، ئه‌و  پشتگیری لەقسەكانی كردووه‌ سەبارەت بە بەشداریكردن لە هەڵبژاردنەكان، ئه‌وانی دیكه‌ش بە گاڵتەجاڕییەوە وەڵامیان دەدایەوە و گوێیان بۆ قسەكانی نەدەگرت.

بەڵام ژنەكە سوور بوو لەسەر هەڵوێستی خۆیی و بەردەوامبوو لەمشتومڕ لەگەڵیاندا، پێیدەوتن "ئەگەر بەشداری لەهەڵبژاردن نەكەین، ئەو رێگەچارەیە چییە ژیانمان دەگۆڕێ، ئەگەر ئێمە نەچین و دەنگ بەو كەسە بدەین كە بەباشی دەزانین و مافەكانمان بۆ دەگێڕنه‌وه‌؟".

وردەوردە هێمنی باڵی بەسەر گفتوگۆكاندا كێشا، ئامادەبوان گوێیان بۆ قسەكانی ئەو ژنە گرت، تا لەكۆتاییدا پێیوتن "ئەگەر خۆم كاندید بكەم لەهەڵبژاردنەكاندا، دەنگم پێدەدەن؟"، ئەوەی جێی سەرسامی بوو زۆرینەی ئامادەبوان دەستیان بەرزكردەوە و پشتگیری خۆیان دەربڕی.

گۆڕانكاری بەئاسانی بەدینایەت، بەڵكو پێویستی بە ئارامگرتنە لەپێناو دروستكردنی متمانە بۆ قبوڵكردنی ئەو گۆڕانكارییەی لە كۆمەڵگەدا رودەده‌ن

ئەو ژنە سەفا-ی فێركرد گۆڕانكاری بەئاسانی بەدینایەت، بەڵكو پێویستی بە ئارامگرتن و شێلگیرییە لەپێناو دروستكردنی متمانە بۆ قبوڵكردنی ئەو گۆڕانكارییەی لە كۆمەڵگەدا رودەده‌ن، بۆیە دەستیكرد بەجێبەجێكردنی چەمكەكانی دروستكرنی ئاشتی و مافەكانی مرۆڤ وەك دەستپێشخەری بۆ دروستكردنی ئەو گۆڕانكارییەی دەیەوێت، هاوشێوەی ئەوەی "ژنە پاڵەوانەكە" لەو دانیشتنەدا دروستیكرد.

سەفا سەڵاح ئامۆژگاری ژنان دەكات و ئومێدی ئەوەیە لەنێو خۆیاندا یەكگرتوو بن و لەبەهای ئەوانی تر كەم نەكەنەوە، لەپێناو خوڵقاندنی كەشێكی ژنانەی بەهێز و یكگرتوو، داواش لە ژنان دەكات دەست بخەنە ناو دەستی یەكتر چونكە پێیوایە بەبەهێزبوونیان دەتوانن نەوەیەك و كۆمەڵگەیەكی بەهێز دروست بكەن.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT