كاتی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنه؛ ده‌نگدان و پروپاگه‌نده‌ی لیسته‌كان له هه‌موو شوێنێكه، پۆسته‌ر و وێنه‌ی كاندید گه‌یشتۆته دیواری شوێنه ئایینییه‌كان؛ به‌وه‌شه‌وه نه‌وه‌ستاوه، له‌ناو مزگه‌وت، كڵێسا و په‌رستگاكاندا بۆته باسێكی گه‌رم.
له‌و رۆژانه‌دا؛ وتاری مامۆستایه‌كی پێشنوێژ، داخوازی قه‌شه و بانگه‌وازی پیاوێكی ئایینی چه‌ند ئه‌وه‌نده‌ی داواكاری و به‌رنامه‌ی لیسته‌كان كاریگه‌ری له‌سه‌ر ده‌نگده‌ر هه‌یه.
"هه‌موو هه‌ڵبژاردنێك ده‌نگده‌ده‌م، چونكه پێموایه ئه‌ركێكی ئایینی خۆم به‌جێده‌هێنم، ئه‌وه‌ش به‌هۆی ئه‌و گرنگییه‌ی ئایینه‌كه‌م به پرۆسه‌كه‌ی ده‌دات" هه‌یفا ساڵح وای وت.
ئه‌و دانبه‌وه‌داده‌نێت زۆر لەژێر كاریگه‌ری وتاری پیاوانی ئایینیدایە، له هه‌ر ئه‌ركێكیشدا پابه‌ندی رێنماییه‌كانیان ده‌بێت، "ئایینی ئیسلام زۆر كاریگه‌رە و گرنگی بە پرس و را دەدات تا خه‌ڵك رای خۆی هه‌بێت؛ ئه‌گه‌رنا ره‌نگه ئه‌وه‌نده پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن لام بایه‌خی نه‌بوایه".
هه‌یفا كه له قه‌زای شێخان داده‌نیشێت و ناوچه‌كه‌ی چه‌ند ئایینێكی جیاوازی تێدایه؛ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دایه رۆڵی ئایین له هه‌ڵبژاردنه‌كاندا به ئاڕاسته‌ی هاندانی هاوڵاتیان بۆ ده‌نگدان نادیده نه‌گیرێت.
مینبه‌ر و بڵندگۆی شوێنه ئایینییه‌كان جیاواز به‌كاردێت؛ هه‌ندێكی ئه‌ركی راسپاردنی خه‌ڵك بۆ به‌كارهێنانی مافی ده‌نگدان له‌خۆده‌گرن و ژماره‌یه‌كیشیان ده‌بنه سه‌كۆی بانگه‌شه‌ی كاندید یان لیست یاخود حزبێكی دیاریكراو.
جۆزێف ئه‌لیاس یه‌ڵدا، پیاوی ئایینی كریستیانی له ناحیه‌ی ئه‌لقوش به (كه‌ركوك ناو )ی وت "له‌وانه‌یه هه‌ندێك كه‌س و لايه‌ن ئایین بۆ به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی خۆیان به‌كاربهێنن، ئه‌وه‌ش تاوانێكی زۆر گه‌وره‌یه کاتێک کەسێک ده‌قی ئایینی به‌پێی خواسته‌كانی خۆی شرۆڤه بكات".
"هیچ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كمان لەو کارەدا نییه؛ ته‌نیا له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵك و سه‌ركه‌وتنی پرۆسه‌ی ده‌نگداندا هانی دە‌نگده‌ران ده‌ده‌ین تا بەشداری هەڵبژاردن بکەن."
بێگومان خه‌ڵك دوای قسه‌كانی ئێمه ده‌كه‌ون
جۆزێف نایشارێته‌وه كارده‌كه‌ن بۆ هاندانی خه‌ڵك له‌كاتی هه‌ڵبژاردنه‌كاندا، تا ده‌نگ بده‌ن به‌و كه‌سانه‌ی خزمه‌ت ده‌كه‌ن، بێ دیاریكردنی هیچ كاندید و لیست و حزبێك، یان له هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ك بێت.
"له هه‌موو هه‌ڵبژاردنێكدا ئێمه ده‌چینه ناو خه‌ڵك،.. بێگومان خه‌ڵكیش دوای قسه‌كانی ئێمه ده‌كه‌ون" جۆزێف ئه‌لیاس یه‌ڵدا وای وت.
به‌پێی یاسای هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق، به‌كارهێنانی شوێنه‌كانی په‌رستن و ره‌مزه ئایینییه‌كان بۆ هه‌ر بانگه‌شه و چالاكییه‌كی هه‌ڵبژاردنی كوتله سیاسییه‌كان و كاندیده‌كانیان به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك قه‌ده‌غه‌یه.
ئه‌میرا حه‌یده‌ر، كچه ئاواره‌ی ئێزیدییه له كه‌مپی قادیای دهۆك، له هه‌ڵبژاردنی 2018ی په‌رله‌مانی عیراقدا بڕیاریدابوو به‌شداری ده‌نگدان نه‌كات، "له‌به‌ر خاتری كۆمه‌ڵێك پیاوی ئایینی كه داوایانكرد ده‌نگ به كاندیدانی ئێزیدی بده‌ین بڕیاره‌كه‌ی خۆم گۆڕی و ده‌نگمدا".
ئه‌و ده‌ڵێت وته‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌نێو كۆمه‌ڵگه‌ی ئێزیدییه‌كاندا هه‌یه ده‌رباره‌ی هه‌ڵبژاردن، ئه‌ویش ئامانج لێی ئه‌وه‌یه خۆیان كه‌سێك هه‌ڵبژێرن ببێته سه‌رۆك و سه‌روه‌ری ئێزدییه‌كان نه‌ك خه‌ڵكیتر له جیاتی ئه‌وان بڕیاربده‌ن.
له نێو لیست و هاوپه‌یمانییه‌كاندا، بۆ هه‌ر پرۆسه‌یه‌كی هه‌ڵبژاردن، ژماره‌یه‌ك مامۆستا و كه‌سی ئایینی ده‌بنه كاندید، به‌شێكیانی زۆریشیان ده‌نگی پێویست ده‌هێنن و ده‌رده‌چن.
به‌دره‌دین شێخ ئیسلام، مامۆستای ئایینییه و پێیوایه رۆڵی ئه‌وان له هه‌ڵبژاردندا، ته‌نیا گه‌ڕاندنه‌وه‌ی متمانه‌ی خه‌ڵكه به پرۆسه‌كه، "ئايينى ئيسلام باسی هه‌موو شتێكی كردوه، یه‌كێك له‌وانە هه‌ڵبژاردن و زۆريش سەختە ئایین له هه‌ڵبژاردن جیابكرێته‌وه، چونكه پیاوانی ئایینی روڵێكی باشیان گێڕاوه بۆ هاندانی هاوڵاتیان تا ده‌نگبده‌ن".
زۆر سەختە ئایین له پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن جیابكرێته‌وه
ئه‌و نمونه‌ی چه‌ند ئایه‌تێكی قورئانی هێنایه‌وه بۆ گرنگی به‌شداری خه‌ڵك له هه‌ڵبژاردنی نوێنه‌ری خۆیان و پرس و راوێژ له نێو هاوڵاتیاندا، هه‌موو ئه‌وانه‌ش "جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ده‌کەنوە هه‌ر كه‌سێك به ئاره‌زوی خۆی و بێ هیچ فشارێك ده‌نگبدات" به‌وته‌ی مامۆستا به‌دره‌دین.
له یاسا و رێكاره‌كانی كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كاندا، غه‌رامه‌ی دارایی دیاریكراوه بۆ ئه‌و كاندید و لیستانه‌ی شوێنی ئایینی بۆ بانگه‌شه به‌كارده‌هێنن.
بێریڤان سه‌لیم شه‌مۆ، جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای دهۆك له پێكهاته‌ی ئێزیدی به (كه‌ركوك ناو)ی وت "راسته هه‌ڵبژاردن بابه‌تێكی سیاسییه، به‌ڵام په‌یوه‌ندییه‌كی راسته‌خۆی له‌گه‌ڵ ئایین هه‌یه و ئەتوانم بڵێم ته‌واوكه‌ری یه‌كترین".
ئه‌و پێیوایه ئه‌گه‌ر رۆڵی ئایین نه‌بێت ئه‌وا رێژه‌ی به‌شداری له هه‌ڵبژاردندا زۆر كه‌م ده‌بێت، باسی له‌وه‌شكرد له هه‌ڵبژاردنه په‌رله‌مانییه‌كه‌ی 2018ی عیراقدا، به نێوه‌ندگیری و داواكاری پیاوانی ئایینی سه‌دان گه‌نجی ئێزیدی له بایكۆتی ده‌نگدان په‌شیمان كراونه‌ته‌وه.
به‌پێی ده‌ستوری عیراق، ئیسلام ئایینی فه‌رمی وڵاته و سه‌رچاوه‌يه‌كی سه‌ره‌كی یاسادانانه، به‌ڵام مافی ته‌واو به ئازادی باوه‌ڕ و فره‌ئایینی ده‌درێت.
"به‌كارهێنانی مزگه‌وت، حوسێینییه، كڵێسا و په‌رستگاكان بۆ مه‌رامی تایه‌فی و حزبی و سیاسییه، چونكه له‌و شوێنانه‌دا خه‌لكێكی زۆر كۆده‌بێته‌وه و ده‌ققه پیرۆزه‌كان وه‌ك خوی هه‌ندێكجار شرۆڤه ناكرێن، به‌ڵكو بۆ مه‌رامی سیاسی و هاندانی خه‌ڵك بۆ ئامانجێكی دیاریكراو به‌كارده‌هێنرێن" ساڵح زاهیر، شاره‌زای بواری هه‌ڵبژاردن وای وت.
زاهیر په‌كخستنی رۆڵی ئایین له هه‌ڵبژاردنه‌كاندا به "زۆر ئه‌سته‌م" ده‌زانێت، ئه‌وه‌شی (كه‌ركوك ناو)ی رونكرده‌وه چاره‌سه‌ر ئه‌وه‌یه كاربكرێت تا ئایین نه‌بێته هۆكارێك بۆ دەستخستنی مه‌رامی سیاسی، وه‌ك له كۆمیسیۆنیشه‌وه رێكار و سزای بۆ دانراوه، قسه‌ی كه‌سانی ئایینی ته‌نیا ئامۆژگاری بێت بۆ ده‌نگدان نه‌ك چۆنیه‌تی دەنگدان و بە کێ دەنگدان.