هەردوو پێکهاتەی شەبەک و کریستیان لە ململانێیەکی توند و یەکتر تۆمەتبارکردندان لەبارەی گومانەکانی "گۆڕینی دیمۆگرافی"ی دەشتی نەینەوا کە ئەو دوو پێکهاتەیە پێکهێنەری سەرەکی دانیشتوانەکەین.
چارەسەری کێشەکە پێناچێت هەروا ئاسان بێت، ناوهێنانی ئێران و دەستوەردانی هێزەکانی حەشدی شەعبی بۆ تاپۆکردنی زەوییەکان لەسەر لایەنێکی دیاریکراو ئەگەری هەیە ململانێیکان بباتە قۆناغێکی مەترسیدارەوە.
ئەو کێشەیە رەگی لە مێژوی ناوچەکەدایە، بەڵام شەڕی داعش، ئاوارەبونی خەڵکەکەی و باڵادەستی هێزەکانی حەشدی شەعبی نزیک لە ئێران و دابەشبونی هەردوو پێکهاتەی شەبەک و کریستیان بەسەر هێز و بلۆکی جیای هەرێمایەتی، کێشەکەی قوڵترکردۆتەوە.
ئەم ململانێیە لە دەشتی نەینەوا، بەتایبەت لە قەزای حەمدانییە، ناحیەی باشیک، بەرتڵە و گوندەکانی دەوروبەری بەڕێوەدەچێت، کە دانیشتوانەکەی تێکەڵەیەکن لە کریستیان، شەبەک و بەشێک لە پێکهاتەی ئێزیدی.
قۆناغی نوێی ململانێکە
هەفتەکانی رابردوو، ململانێیەکە چووە قۆناغێکی ترەوە، کاتێک وەزارەتی پلاندانانی عیراق، هەندێک پێشنیازی گۆڕینی یەکەی ئیداریی کرد لە دەشتی نەینەوا، لە نێویاندا بەستنەوەی هەندێک گوندی ناحیەی بەرتڵە بە ناحیەی باشیک سەر بە ناوەندی قەزای موسڵ و بەستنەوەی بەشێک لە گوندەکانی قەزای حەمدانییە بە ناحیەی کەڵەک لە قەزای خەبات.
هەر زوو شەبەک کە لەنێو حەشدی شەعبی رۆڵ و قورساییان هەیە، بڕیارەکەیان رەتکردەوە و بە پەرتەوازەکردنی پێکهاتەکەیان و "دروستکردنی کانتۆنێک بۆ کریستیانەکان" ناویان برد.
سه‌رکردایه‌تی گردبونه‌وه‌ی دیموکراتی شه‌به‌ک – نوێنەرایەتی لایەنە سیاسییەکانی شەبەک دەکات-، لە 25ی ئایاردا لە بەیاننامەیەکدا جەختیانکردەوە "ئێمە ئەو پیلانانە رەتدەکەینەوە کە هه‌ندێک سه‌رکرده‌ی سیاسیی کریستیان و پیاوانی ئایینی بۆ دابه‌شکردنی ده‌شتی نه‌ینه‌وا گرتویانەتەبەر، لەژێر رۆشنایی رێکاره‌کانی وه‌زاره‌تی پلاندانان".
ئێمە ئەو پیلانانە رەتدەکەینەوە کە هه‌ندێک سه‌رکرده‌ی سیاسیی کریستیان و پیاوانی ئایینی بۆ دابه‌شکردنی ده‌شتی نه‌ینه‌وا گرتویانەتەبەر
سەرکردایەتی شەبەک ناوچەکە بە زێدی خۆیان ناودەبەن لە دەشتی نەینەوا، لەوانەش ئاماژە بۆ ناحیه‌ی نه‌مرود، قه‌زای حه‌مدانیه، ناحیه‌کانی به‌رتڵه و باشیک و گوندەکانی دەکەن.
بەڵام حزبی بەیت ئەلنەهرەین کە نوێنەرایەتی زۆرینەی کریستیانەکان دەکات لە دەشتی نەینەوا، دەڵێت توشی سەرسوڕمان بون بە رەتکردنەوەی بابەتی نوێکردنەوەی یەکە ئیدارییەکان لەلایەن شەبەکەوە.
بەیت ئەلنەهرەین لە راگەیەنراوێکیدا 2ی حوزەیران، دەڵێت "بابەتی نوێکردنەوەی یەکە ئیدارییەکانی دەشتی نەینەوا لە کۆبونەوەکاندا خرایە بەرباس و ئێمە بە ئەرێنی وەرمانگرت، کە لەئەمری واقیعدا ئەو یەکە ئیدارییانە هەن، ئەمەش لە پێناو ئەوەی رۆڵەکانی گەلەکەمان ببنەوە خاوەنی زەوی خۆیان". لەگەڵ ئاماژەدان بەوەی رەتکردنەوەی پێشنیازەکانی بەغدا "ئاماژەن بۆ ئەجێندای سیاسی مەبەست لێی بەتاڵکردنەوەی دەشتی نەینەوایە لە رۆڵە رەسەنەکانی".
ئەوەش لەكاتێكدایە شەبەک دەڵێن، "گۆڕانکارییەکان بۆ پەرتەوازەکردنی ئەو گوند و ناوچانەیە کە شەبەک تێیدا زۆرینەیە".
چیرۆکەکە هەر ئەوە نییە
بەگشتی ناکۆکییەکانی نێو ئەو دوو پێکهاتەیە لەناوچەکە نوێ نییە و پێشنیازەکەی وەزارەتی پلاندانان بەشێکی بچوکی کێشەکەیە.
ئەوەی ئێستا هەیە، نەگەڕانەوەی بەشێکی زۆری کریستیانەکانە بۆ زێدی خۆیان لەبەرامبەردا هاتنی خێزانێکی زۆری شەبەکە بۆ ناوچەکە; هەروەها دابەشکردنی زەوی بەسەر چەندین خێزانی شەبەک و دروستکردن و تاپۆکردنی یەکەی نیشتەجێبون لەسەریان گرێ کوێرەیەکی تری کێشەکەیە.
لەگەڵ ئەوەشدا، هێزە چەکدارەکان کە دابەشبون بەسەر پێکهاتەکاندا و ئاڕاستەکردنیان لەلایەن وڵاتانی دەرەکییەوە بە گەورەبونی کێشەکە ناودەبەن.
سه‌رکردایه‌تی گردبونه‌وه‌ی دیموکراتی شه‌به‌ک لە راگەیەنراوەکەیاندا دەڵێن "هه‌ندێک سه‌رکرده‌ی سیاسیی مه‌سیحی و پیاوانی ئایینی هه‌وڵی شێواندنی ناوبانگی لیوای 30ی حه‌شد ده‌ده‌ن له‌ڕێی درۆ و گه‌وره‌کردنی روداوه تاکه‌که‌سییه‌کانه‌وه که له هه‌موو شوینێکی دنیا رودهدەن، به‌ڵام ئه‌وان ئامانجیانه سوکایه‌تی به شه‌به‌ک و حه‌شد بکه‌ن".
کریستیانەکان پێیانوایە دیمۆگرافیای ناوچەکەیان دەگۆڕدرێت و دەیانەوێت بەرگری بکەن، بۆ ئەوەش بانگەوازیان بۆ هەردوو حکومەتی عیراق و هەرێمی کوردستان دەنێرن و نەتەوە یەکگرتووەکانیان ئاگادارکردۆتەوە.
پێشتر و لە ئاداری ئەمساڵدا، کریستیانه‌کانی ده‌شتی نه‌ینه‌وا داوای راگرتنی پڕۆژەیهکی نیشته‌جێبونیان کرد له به‌رتڵه و وەک هەوڵێک بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەکەیان ناوزەدیانکرد.
ناکۆکییه‌که له‌وه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرت کە زه‌وی پڕۆژەکه (سوڵتان سیتی، له 182 خانوی 200 مه‌تری پێکهاتووه)، موڵکی کریستیانەکانە، بەڵام لەئێستادا زۆرینەی یەکەکان بە خێزانانی شەبەک دەفرۆشرێن.
ئەوکات جه‌لال بوتروس، سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی ناحیه‌ی به‌رتڵه لە پێکهاتەی کریستیان به (که‌رکوک ناو)ی وت "زه‌وی پڕۆژەکه کشتوکاڵییه و موڵکی کریستیانه‌کانه، ئه‌وان مافی ئه‌وه‌یان هه‌یه بۆچونیان وه‌ربگیرێت نه‌ک په‌راوێزبخرێن، جگه له‌وه‌ش ئێمه وه‌ک کریستیانه‌کان ئه‌و پڕۆژەیه به گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچه‌که‌مان ده‌بینین له بهرژەوهندی پێکهاته‌یه‌ک".
جه‌لال بوتروس، وتی “کریستیانه‌کان خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاتێکی به‌هێز نین تا ببنه رێگر له به‌رده‌م پڕۆژەکه و فرۆشتنی، به‌ڵام ئێمه دژی گۆڕینی دیمۆگرافییان".
دۆخەكە بە كوێ دەگات؟
وەحیدە یاقۆ، کەسایەتییەكی مەسیحی و پەرلەمانتاری پێشوی پەرلەمانی كوردستان، بە (كەركوك ناو)ی وت "ئێستا زۆربەی هەرە زۆری مەسیحیەکان ئاوارەی هەرێمی کوردستانن، تا مەسیحیەکان لە لە دۆخی ئەمنی دڵنیا نەبن ناگەڕێنەوە ناوچەکانیان، ئەوەش لەلایەن هەندێك لایەنەوە بە دەرفەت دەزانرێت بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەكە".
"مەسیحییەکان نایانەوێن لەژیڕ دەسەڵاتی حەشدی شەعبی و حکومەتی عیراق بن، حکومەتی عیراقیش دەیەوێت خانوو و زەوییەكانیان بەسەر شەبەكدا دابەشبكات و تاپۆ بكات بەڕێگەی جۆراوجۆر"، یاقۆ وایوت.
هەوڵدەدرێت خانوو و زەویی مەسیحییەكان بەسەر شەبەكدا دابەش و تاپۆ بكرێن بەڕێگەی جۆراوجۆر
بەڵام شەبەك دەڵێت "ئەوان (كریستیانەكان) فۆبیای ئێرانیان هەیە بەو پێیەی زۆرینه‌ی شه‌به‌ک و تورکمانی سنوره‌که له مه‌زهه‌بی شیعه‌ن و تۆمه‌تبارده‌کرێن به‌وه‌ی کاردەكەن بۆ ئه‌جێندای ده‌ره‌کی له کاتێکدا مێژوو سه‌لماندویتی شه‌به‌ک هه‌میشه داوای یه‌کگرتویی و یه‌کڕیزی کردووه".
شەبەك پێشنیار دەكات ناحیەی باشیك بكرێتە قەزاو بەشێك لە گوندەكان كە شەبەك تێیدا زۆرینەیە بكرێتە ناحیە، بەڵام ئەوە بەلای كریستیانەكانەوە وەك گۆڕینی دیمۆگرافیا ناودەبرێت.
غەزوان داودی، نوێنەری شەبەک لە ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا بە (كەركوك ناو)ی وت "پێشنیارەكەی بەغدا بۆ ئەوەیە کێشە لەنێو مەسیحیی و شەبەکەکان دروستبکات".
كریستیانەكان لە دواین پەیامیاندا لە 2ی حوزەیران، جەخیتانكردەوە كە ئیدانەی ئەو ئاراستەی كاركردن و لێدوانانە دەكەن كە كاردەكات بۆ قوڵكردنەوەی ناكۆكی نەتەوەیی و ئاینی.
حكومەتی خۆجێی چی دەڵێت؟
ئیدارەی نەینەوا تەواوی پێشنیارەكانی وەزارەتی پلاندانانی رەتكردەوە، ئەوەش بەهۆی ئەوە گۆڕینی یەكە ئیدارییەكان لە دەسەڵاتی ئەنجومەنی پارێزگادایە.
سیدۆ چه‌تۆ، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای نه‌ینه‌وا له كۆنگره‌ی رۆژنامه‌وانی هەفتەی رابردوو، وتی "به‌پێی یاسای پارێزگا نه‌به‌ستراوه‌كان به هه‌رێمه‌وه له ده‌سه‌ڵاتی ئه‌نجومه‌نی پارێزگادایه به زۆرینه‌ی رەها ده‌نگبدات له‌سه‌ر هه‌ر گۆڕانكارییه‌كی ئیداری له سنوری ناحیه و قه‌زاكانی ناو پارێزگای نه‌ینه‌وا".
ئەنجومەن لیژنەیەكی بۆ پرسی دەشتی نەینەوا پێكهێناوە بە ئەندامێتی پێكهاتەكانی ناوچەكە.
سیدۆ چەتۆ، وتی "لیژنه‌كە بۆ فراوانكردنی بواری گفتوگۆییە له نێوان پێكهاته‌كاندا... هەر گۆڕانكارییه‌ك به له‌به‌رچاوكردنی یاسا به‌ركاره‌كان و ده‌ستور به تایبه‌ت مادده‌ی 140ی دەستوور دەبێت".
هاوكات مه‌سنور مه‌رعید، پارێزگاری نه‌ینه‌وا، وتی "شنوری ئەو قەزاو ناحییانە كێشەیان تێدایە، بۆیە پێشنیارەكان رەتدەكەینەوە و پێویسته هه‌ر لایه‌نێك بڕیارێك ده‌دات پرس و راوێژ به ئه‌نجومه‌ن و ئیداره‌ی نه‌ینه‌وا بكات".
بەیت ئەلنەهرەین، نیگەرانە لە رەتكردنەوەی پێشنیارەكانی حكومەتی خۆجێی موسڵ و دەڵێت "هیواداربوین حكومەتی خۆجێی، حكومەتی هەموو پێكهاتە عیراقییەكان بێت لە دەشتی نەینەوا".