كچێكی وریا و گورج و گۆڵ، بەسەربەرزییەوە لەبەردەم خێمەیەكی ئاوارەییدا لە قەزای شێخانی نەینەوا وەستاوە؛ بەتەواوی باوەڕبەخۆبونەوە چاوەڕێی سزادانی ئەو كەسە دەكات كە دەستدرێژی سێكسی دەكردە سەر، كاتێك هەرزەکارێکی (15) ساڵان بوو.
ئەو كچە ئەشواق حەجی حەمید 21 ساڵ، نایەوێت ئەو زوڵمە گەورەیە بەئاسانی بەسەر ئەو چەكدارەی داعشدا تێپەڕێت كە لەتەمەنی 15 ساڵیدا كردی بە كۆیلەی خۆی. ئەشواق لە خۆڵەمێشی دڕندەیی داعشەوە وەک ئافرەتێكی بەهێز هەڵدەستێتەوە؛ لە ئەڵمانیاوە بۆ عیراق و لەپێناو دادگایكردنی ئەو كەسەدا گەڕاوەتەوە.
بابەتەکە تۆڵەکردنەوە نییە، ئەو دەیەوێت هاوكاریی بكرێت تا لێكۆڵینەوە لە هەموو ئەو چەكدارانەی داعش بكرێت كە لەزیندانەكانی عیراقدان و دەستیان بە خوێنی خەڵك سورە و دەستدرێژییان كردۆتەسەر كچان و ژنانی عیراق.
ئەشواق لە دۆزەخی ئەبو هومام-دا
كچێكی ئاوارەی ئێزیدییە؛ كاتێك چەكدارانی داعش لە 3ی ئابی 2014 هەڵیانكوتایە سەر ناحیەی خانەسور – شوێنی نیشتەجێبونی ئەشواق- لە قەزای شنگال، لەگەڵ سەدان ژن و كچی تردا رفاندیان.
بەر لەو روداوە، ئەشواق لە خانەسور ساڵۆنی هەبوو؛ لەگەڵ براكانیشیدا هاوكاریی باوكیان دەكرد لە دروستكردنی خانویەكی نوێ بۆ خانەوادەکە. لەگەڵئەوەشدا، ئەشواق بیری لەوە دەكردەوە لە داهاتودا ببێت بە پەرستیار.
"لەو تەمەنەدا، خەونەكانم گەورە بون، هەموویان خۆشبون و لەگەڵیاندا گەشەم دەكرد و پێدەكەنیم، تەنیا ئەوەی هەرگیز بەخەیاڵمدا نەدەهات ئەو دۆزەخە بوو كە ئەبو هومام بۆی دروستكردم"، ئەشواق وایوت.
ئەبو هومام، (36 ساڵ) ناوی راستەقینەی محەمەد رەشید، خەڵکی بەغدایە؛ لەگەڵ سەرهەڵدانی داعش لە عیراق لە 2014دا پەیوەندی بەو رێكخراوەوە كردووە.
دوای تەنیا 15 رۆژ لە دەستگیركردنی ئەشواق، ئەبو هومام، دەستیكرد بە وتنەوەی بنەماكانی ئایینی ئیسلام بەكچان و ژنانی ئێزیدی لەنێویاندا ئەشواق، ئەوەش لە قەزای بەعاج بەدوری 159كم لە باشوری خۆرئاوای موسڵ، جگە لە وانەوتنەوە، فێری نوێژكردنیشی دەكردن.
"رۆژێك ئەبو هومام پێیوتم: دەبێت شوم پێبكەیت، ئەوە بڕیاری خەلافەتە و لەخۆمت مارەدەكەم". ئەشواق وتی "زۆر گریام، زۆر هەوڵم لەگەڵدا، وتم چۆن دەبێت بەم تەمەنە بچوكەوە دەستدرێژی بكەیتە سەرم، تەنانەت 18 ساڵیش نیم، بەڵام سودی نەبوو، دەستدرێژی كردە سەرم".
تا دوو مانگ و نیو، ئەشواق ژیانێكی پڕ لە ترسی لەژێر بارێكی دەرونی خراپدا بەسەربرد. دەستدرێژی سێكسی كرایە سەریی، ئەشكەنجە دەدرا و وەكو كۆیلە مامەڵەی لەگەڵدا دەكرا.
"تا ئەوكاتە نەمدەزانی ترس چییە، برسێتی چییە، ستەم و زوڵم چییە، بەڵام لەو دوو مانگ و نیوەی لای ئەبو هومام بوم، هەمویم ئەزمون كرد"، ئەشواق وایوت.
لەو ماوەیەدا ئەشواق، لە موسڵ، تەلعەفەر، بەعاج و دواتریش سوریا هاتوچۆی دەكرد لەگەڵ ئەبو هومام.
ئەشواق بیر لە هەڵهاتن دەكاتەوە
وەك ئەوەی ئەبو هومام هەستی كردبێت بە بیرۆكەی هەڵاتنی ئەشواق، بەردەوام ئەوەی بە گوێی ئەو كچە ئێزیدییەدا داوە كە ئەگەر بگەڕێتەوە ناو كەسوكاری ئەوا دەكوژرێت.
ئەشواق ئەو ماوەیەی لای ئەبو هومام بووە، بەردەوام بیری لەچۆنیەتی رزگاربونی خۆی دەكردەوە، بۆ ئەوەش بیرۆكەی تێکردنی حەبی خەو بۆ ناو خواردنی ئەبو هومام هەڵدەبژێرێت.
"بۆئەوەی وازم لێبێنێ و چیتر دەستدرێژینەكاتە سەرم، بەردەوام دەموت نەخۆشم و ئازاری زۆرم هەیە، بەو هۆیەوە رێگەی دەدام بچمە نەخۆشخانە"، لێرەوە بیرۆكەیەك بە مێشكی ئەشواقدا دێت.
زیاتر وتی "لەنەخۆشخانە دەموت خەوم لێناكەوێت، تا حەبی خەویان پێدەدام".
ئەو سەركێشییە سەریگرت، ئەشواق لە مانگی تشرینی دووەمی 2014 دوای ئەوەی حەبی خەوتن بۆ ئەبو هومام و هاوڕێیەكانی تێكەڵی خواردنەكەیان دەكات، كاتژمێر 12ی شەو دەرگایان بەسەردا قوفڵ دەكات و لەگەڵ چەند كچ و ژنە ئێزیدییەكی تر هەڵدێن.
لەڕاستیدا، بیرۆكەكە بەشێك بووە لە رێنماییەكانی برایەكی ئەشواق، دوای ئەوەی رۆژێك بەنهێنی و بەتەلەفون قسەی لەگەڵ كردووە و بیرۆكەی هەڵاتنیان داڕشتووە.
ئەوكات ئەشواق لە گوندی رەمبوسی لە باشوری شنگال و خۆرئاوای موسڵ نیشتەجێ بوو؛ بۆ ئەوەش ئەشواق و هاوڕێیەكانی پێویستیان بە بڕینی 40كم هەبوو بەپێ تا بگەنە چیای شنگال.
"رێگایەكی پڕ ترسمان بڕی، تینوو و برسی بوین، هەموو هەنگاوێكمان مردنێك بوو لەترسی دەستگیركردنمان، بەڵام تینوی ئازادی بوین"، ئەشواق وایوت.
كاتژمێر 3ی پاشنیوەڕۆی رۆژی دواتر، دوای 12 كاتژمێر، ئەشواق دوای سێ مانگ لە دامێنی چیای شنگال باوەشی بە دایك، باوك و براكانیدا كرد.
ئەوكات چیای شنگال دەیان هەزار ئاوارەی شنگالی لێبوو، لە نێویاندا كەسوكاری ئەشواق.
داعش لە ساڵی 2014دا، لانیكەم شەش هەزار ئێزیدی رفاند كە زۆرینەیان ژن و منداڵ بون و نزیكەی نیوەیان رزگاركراون.
تائێستا زیاتر لە80 گۆڕی بە كۆمەڵی ئێزیدییەكان دۆزراونەتەوە کە قوربانییەکانیان کوژراوی دەستی چەكدارانی داعشن.
ئەشواق دەڵێت 39 كەس لە خزم و كەسوكاری هێشتا چارەنوسیان نادیارە.
وڵات بەجێدەهێڵێت
رفاندن، دەستدرێژی و مامەڵەی چەكدارانی داعش، بارێكی دەرونی خراپی بۆ ئەشواق و ئەوانەی لەلایەن داعشەوە رفێنرابون دروستكردووە.
هەر بۆیە ساڵی 2015، كاتێك حكومەتی ئەڵمانیا دەرگای بۆ وەرگرتنی ئێزیدییەكان كردەوە، بەتایبەت ئەوانەی لە بارێكی دەرونی خراپدا بون، ئەشواق روو لە ئەڵمانیا دەکات.
تا ساڵی 2019، ئەشواق لە ئەڵمانیا دەمێنێتەوە و چارەسەری دەرونی وەردەگرێت تا ئەو ساتەی دەزگای هەواڵگریی عیراق پەیوەندی بە باوكییەوە دەكەن و لە دەستگیركردنی كەسێك ئاگاداری دەكەنەوە.
"دەمانەوێت لەگەڵ ئەشواق قسەبكەین"، دەزگای هەواڵگری عیراق بە باوكی ئەشواق دەڵێن.
کارمەندەکەی دەزگای هەواڵگریی دەڵێت، "وێنەی کەسێکی داعشت پیشاندەدەین، بزانین دەیناسیتەوە".
ئەو كەسە ئەبو هومامە و لە سەرەتای 2019دا دەستگیركراوە، ئەشواق دەیناسێتەوە و بەڵێندەدات ئەگەر ئاسانكاریی بۆ بكەن بگەڕێتەوە تا سزای بدەن.
لەگەڵ گەڕانەوەیدا بۆ عیراق، دادگایكردنی ئەبو هومام دەستیپێكرد.
ئەشواق لەگەڵ باوكیدا چونە بەغدا و لەبەردەم دادوەر پێنج دەستگیركراویان بەجلی پرتەقاڵییەوە پێ نیشاندان و دادوەر بە ئەشواق دەڵێت كامیانە؟
ئەشواق دەست بۆ ئەبو هومام درێژ دەكات و تفێكی لێ دەكات، هەر لەبەردەم داوەردا پێی دەڵێت "من بەقەد كچی تۆ بوم، بۆ وات بەسەر هێنام و ژیانت رەش كردم"، بەپێی گێڕانەوەی ئەو كچە ئێزیدییە بۆ (كەركوك ناو).
دۆسییەی دادگایكردنی ئەبو هومام چاوەڕێی بڕیاری كۆتایی دەكات و ئەشواقیش ئامادەیی خۆی نیشانداوە لە هەموو دانیشتنەكان بەردەوامبێت تا بڕیاری كۆتایی وەردەگرێت.
ئەشواق، كە ئێستا لە كەمپی ئیسیان لە شێخان لەگەڵ دایك و باوكیدا دەژیت، سێ ئامانجی بۆ خۆی داناوە و كاریان بۆ دەكات، سزادانی ئەو كەسەی بەناوی ئایینەوە دەسترێژی سێكسی كردەسەر، هاوكاریكردنی ئەو كچ و ژنانەی روبەڕوی هەمان چارەنوس بونەتەوە؛ هاوکات، لەپاڵ ئەو كارانەش دەخوێنێتەوە و دەیەوێت خۆی فێری زمانی چوارەم بكات.
"زۆر دڵخۆشم، ئێستا لەگەڵ دایك و باوك، خوشك و براكانم پێكەوەین، بەڵام بێسەروشوێنبونی 39 كەس لە كەسوكارم و ئەو زوڵمەی بەسەر ئێزیدییەكاندا هات زۆر بێزاریكردوم".
ئەو ماوەیە، هەفتانە دوو رۆژ دەچێتە خولی فێربونی زمانی ئینگلیزیی، لەپاڵ زمانەكانی كوردی، عەرەبی و ئەڵمانی، دەیەوێت زمانی چوارەم فێربێت.
لەپاڵ هەموو ئەوانەشدا، دڵخۆشە بەوەی خەڵكی كەمپەكە رێزی دەگرن و دەڵێت، "سەربەرزم توانیم ئەو كەسەی ژیانی تێكدام بدەمە دادگا و لەئێستاوە ژیانی خۆم دەگوزەرێنم و دەمەوێت بەباشی دروستببمەوە"، ئەشواق وایوت.
زیاتر وتی "ئەو هەوڵەی من كردومە تەنیا بۆ خۆم نییە، بەڵكو كاركردنە بۆ بەدەستهێنانەوەی مافی كچان و ژنانی تری ئێزیدی".
"پێدەچێت لەزیندانەكاندا، زۆر داعشی هاوشێوەی ئەبو هومام هەبن، دەبێت بیر لەوەبكەینەوە لەبەردەم دادگادا هەمویان سزابدەین".
كاروان باعەدرێ