شیرین لەبەردەم دوو بژاردەی تاڵ‌دا؛ شیرین حه‌یده‌ر لەژێر سایەی دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام (داعش)دا ته‌نیا دوو ڕێگەی نەخوازراوی لەبەردەمدا بوو، دەربازبون له دۆزه‌خی داعش یاخود مانه‌وه له‌گه‌ڵ دوو منداڵه‌كه‌یدا لەسایەی ئەو رێکخراوەدا، ئه‌و به ناچاریی و به‌ده‌ر له ئیراده‌ی خۆی یەکەمیان هەڵدەبژێرێت.
چیرۆكه‌كه‌ی شیرین له ده‌ره‌وه‌ی خواست و حه‌زی خۆی بووه، له رفاندن و دهستدرێژكردنهسهری، تا هێنانه دنیای دوو منداڵ و به‌جێهێشتنیان بۆ قه‌ده‌رێكی نادیار. ئه‌و ژنه ئێزیدییانه‌ی وه‌ك شیرین بون، ئه‌گه‌ر منداڵه‌كانیشیان جێنه‌هێشتبێت، روبه‌ڕوی گرفتی زۆرتر بونه‌ته‌وه، چونكه له‌ژێر سێ فشاری گه‌وره‌دان؛ كۆمه‌ڵگه، ئایین و یاسا.
دووجار قوربانی
"به‌رده‌وام ئه‌و پرسیاره‌م له خۆم ده‌كرد، ئایا ئێزیدییه‌كان و خێزانه‌كه‌م قایلده‌بن ئه‌و منداڵانه‌ی له چه‌كدارێكی داعش بون لای خۆم بمێننه‌وه، دوایینجار گه‌یشته ئه‌و بڕوایه‌ی رۆژێك دێت هه‌ر ده‌بێ دوو منداڵه‌كه‌م به‌جێبهێڵم" شیرین حه‌یده‌ر وای وت.
ئه‌و كچه ئێزیدییه، له ئابی 2014دا و له‌گه‌ڵ هه‌زاران هاونیشتیمانی خۆی له گوندی سولاغی قه‌زای شنگال كه‌وته ده‌ستی داعش، ئه‌وكات ته‌نیا برایه‌كی رزگاری بوو، تائێستاش چاره‌نوسی باوك و سێ خوشكی نادیاره.
"زیاتر له چوار ساڵ له ژێر ده‌ستی داعشدا بووم، هه‌موو جۆره‌كانی ناخۆشی و ئه‌شكه‌نجه‌دانم بینی، له هه‌موویان ناخۆشتر ئەوە بوو کاتێک چه‌كدارێكی به‌حره‌ینی کە سێ ژنی هه‌بوو، ده‌ستدرێژی كردهسهرم و رێی نەدام حه‌بی مه‌نع (رێگری له دوگیان بون) بخۆم، ده‌یوت با چهكدارانیان زیادبكات".
شیرین له‌ژێر ئه‌شكه‌نجه و زۆرداریی ئه‌و چه‌كداره‌ی داعش، دووجار دوگیان بووه له‌ماوه‌ی ده‌ستبه‌سه‌ریدا و دوو كوڕی بووە، بچوكه‌كه‌یان ته‌مه‌نی ئێستا گه‌یشتۆته سێ ساڵ.
رێكخراوی داعش، له ناوه‌ڕاستی 2014دا ده‌ستیگرت به‌سه‌ر موسڵ و دواتر قه‌زاكانی تری نه‌ینه‌وا وه‌ك شنگال، له زێدی ئێزیدییه‌كاندا زیاتر له شه‌ش هه‌زار هاوڵاتی به‌دیل گرت، زۆرینه‌یان ژنان بون و وه‌ك كۆیله‌ی جه‌نگ مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا كردن.
ژنانی ئێزیدی روبه‌روی ئه‌شكه‌نجه، ده‌ستدرێژی سێكسی و توندوتیژی زۆر بونه‌وه، هه‌ندێكیان هه‌ڵاتن و به‌شێكیان به پاره كڕدرانهوه یان رزگاركران، هێشتاش چاره‌نوسی نیوه‌یان نادیارە، سه‌رباری راگه‌یاندنی كۆتاییهێنان بە داعش له عیراق.
شیرین حه‌یده‌ر ده‌ڵێت به ناچاری منداڵه‌كانی بهخێوكردووە، تا ئه‌و رۆژە هات كه لێی ده‌ترسا، ئه‌ویش جیابونه‌وه و بڕیاری خۆڕزگارکردن بووە لەو رێکخراوە.
"رۆژێك به‌رله‌وه‌ی رزگاربكرێم له‌ده‌ستی داعش، له‌گه‌ڵ براكه‌م به ته‌له‌فۆن قسه‌مانكرد، وتم دوو منداڵم هه‌یه رازین بیانهێمهوه، براكه‌م وتی ته‌نیا تۆمان ده‌وێت و نامانه‌وێت ئه‌و منداڵانه بهێنیته‌وه، چونكه لای كۆمه‌ڵگە و مه‌رجه‌عی پێكهاته‌ی ئێزیدیی قبوڵناكرێن".
شیرین به قسه‌ی براكه‌ی كرد، له 29ی كانونی یه‌كه‌می 2017، به یه‌كجاری ماڵئاوایی له دوو كوڕەكهی كرد و گه‌ڕایه‌وه، له‌وكاته‌وه به ئازارێكی نوێوه له دهۆك ژیان به‌رێده‌كات، هه‌رچه‌نده ئه‌و ده‌ڵێت "سه‌رەڕای هه‌موو ناخۆشیه‌كان هه‌ندێكجار بیری ئه‌و دوو منداڵه ده‌كه‌م، به‌ڵام من منداڵی ئێزیدی حهلاڵم ده‌وێت".
له‌و سه‌دان ئێزیدییه‌ی رزگاركراون، به تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی له سوریا بون، به‌شێكیان منداڵیان له چه‌كدارانی داعش هه‌یه و له ترسی لێپرسینه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگە، چیرۆكه‌كه بەنهێنی دەهێڵنەوە.
سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار له دۆسیه‌ی ئه‌و ژنه ئێزیدییانه به (كه‌ركوك ناو)ی وت "هه‌ندێك له‌و ژنانه منداڵه‌كانیان هێناوه‌ته‌وه و به‌نهێنی به‌خێویان ده‌كه‌ن، چونكه تۆماریان نه‌كردون، هه‌ندێكی تر هه‌ر لەکاتی رزگاربون له سوریا منداڵه‌كان راده‌ستی هێزه ئه‌منیه‌كان ده‌كه‌ن و نایانهێننه‌وه بۆ نێو خێزانه‌كانیان".
هه‌ندێك له‌و ژنانه منداڵه‌كانیان هێناوه‌ته‌وه و به‌نهێنی به‌خێویان ده‌كه‌ن
به‌پێی به‌دواداچونه مه‌یدانییه‌كانی په‌یامنێری (كه‌ركوك ناو)، به‌شێك له‌و ژنانه‌ی منداڵیان له داعش هه‌یه، له‌لایه‌ن رێكخراوه مرۆییه‌كانه‌وه داڵده ده‌درێن، تا ئه‌وكاته‌ی دۆسیه‌كانیان یه‌كلاییده‌كرێنه‌وه.
حه‌نیفه عه‌باس، چالاكوانی ئێزیدی كه بۆ ماوه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ رێكخراوێكی ئه‌مریكی كاریكردووه به (كه‌ركوك ناو)ی وت "ماوەیەک لەمەوبەر چه‌ند رێكخراوێك له دهۆك سه‌رپه‌رشتی و چاودێری ئه‌و ئافرهتانەیان ده‌كرد كه به منداڵه‌وه ڕزگاركراون تا هیچ كه‌سێك قسه‌ی نه‌شیاویان پێنه‌ڵێت و گیانیان پارێزراو بێت".
"ناتوانم ژماره‌ی ئه‌و ژنانه ئاشكرابكه‌م، به‌ڵام زۆربه‌یان هه‌موو ئه‌ندامانی خێزانه‌كانیان له‌ده‌ستدابوو یان بێسه‌روشوێن بون، ئێستاش سه‌نته‌ره‌كه نه‌ماوه و هه‌مویان له‌گه‌ڵ منداڵه‌كاندا ره‌وانه‌ی ده‌ره‌وه‌ی وڵات كراون" چالاكوانه‌كه واده‌ڵێت.
خێزان و كۆمه‌ڵگه؛ به‌ربه‌ستی خنکێنەر
ژنانی رزگاربوی ئێزیدیی، له نێو كه‌سوكار و پێكهاته‌كه‌یاندا خرانه به‌رده‌م دوو بژارده، یان بە ته‌نیا وه‌رگرتنه‌وه‌یان و به‌جێهێشتنی ئه‌و منداڵانەی له‌كاتی دهستبهسهربونیان لای داعش له‌دایكبون، یاخود له‌گه‌ڵ منداڵه‌كانیاندا بڕۆن و نەگەڕێنەوە.
به‌ربه‌ستی گه‌وره له به‌رده‌م وه‌رگرتنه‌وه‌ی ئه‌و ژنانه‌دا، خێزانه‌كانیان بوو، ئه‌ویش له‌ژێر كاریگه‌ری كۆمه‌ڵگه‌دا.
سیروان حه‌یده‌ر، برای شرین؛ ئه‌و ژنه‌ی منداڵه‌كانی به‌جێهێشت و به ته‌نیا گه‌ڕایه‌وه به (كه‌ركوك ناو)ی وت "تائێستا سێ خۆشكی من چاره‌نوسیان نادیارە، چۆن ده‌كرێت رێگه‌م بدایه خوشكه‌كه‌م دوو منداڵه‌كه‌ی كه باوكیان داعش بووه له‌گه‌ڵ خۆیدا بهێنێته‌وه".
هاوکات ده‌پرسێت "باشه ئه‌و منداڵانه له ناسنامەدا له‌سه‌ر ناوی كێ تۆمارده‌كرێن؟" له وه‌ڵامی نیگه‌رانییه‌كانی خۆشی‌دا بۆ كه‌سوكاری ده‌ڵێت "چه‌كدارانی داعش ماڵیان وێرانکردووین چۆن منداڵه‌كانیان بهخێوبكهین، خواش ئه‌مه قبوڵناكات".
ته‌نیا له ساڵی 2018دا، زیاتر له 15 كچ و ژنی ئێزدیی له كه‌مپه‌كانی ئاواره‌یی كۆتاییان به‌ژیانی خۆیان هێناوه، ئه‌وه‌ش له‌پاش ئه‌و دۆخه‌ی به‌هۆی داعشه‌وه بهسهریانداهات.
به‌شێك له‌وانه‌ی خۆیان كوشتووه، دوای رزگاربونیان بووه له ده‌ستی چه‌كدارانی داعش، به‌شێكی تریان له ئازاری له‌ده‌ستدانی كه‌سوكاریان بووه كه له‌لایه‌ن داعشه‌وه كوژران یان بێسهرشوێنكران.
براكه‌ی شیرین حه‌یده‌ر، پێداگریی له هه‌ڵوێستی خۆی ده‌كات بۆ ره‌تكردنه‌وه‌ی منداڵه‌كانی خوشكه‌كه‌ی، "بەدڵنیاییه‌وه رێناده‌م هیچ كه‌سێك له كه‌سوكارمان منداڵی داعش له‌گه‌ڵ خۆی بهێنێتەوە".
ئه‌مه كێشه‌ی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان و هاوپه‌یمانانه، با ئه‌وان كێشه‌كه چاره‌سه‌ربكه‌ن و منداڵه‌كانی چه‌كدارانی داعش به‌خێو بكه‌ن
سیروان پێیوایه وه‌رگرتنه‌وه‌ی ئه‌و منداڵانه "شه‌رمه‌زارییه‌كی گه‌وره‌یه" بۆ ئێزیدییه‌كان و هیچی كه‌متر نییه له‌و روداوانه‌ی به‌سه‌ریاندا هاتووه، "ئه‌مه كێشه‌ی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان و هاوپه‌یمانانه، با ئه‌وان كێشه‌كه چاره‌سه‌ربكه‌ن و منداڵه‌كانی چه‌كدارانی داعش به‌خێو بكه‌ن".
ئایین؛ بڕیاربه‌ده‌ستی یه‌كه‌م
له كۆمه‌ڵگه‌ی ئێزیدییدا، ئایین رۆڵێكی به‌رچاوی هه‌یە له یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی دۆسیه‌ی رفێنراوانی لای داعش، وه‌ك ئه‌و فه‌توایه‌ی داوایكرد ژنانی رزگاربوو قبوڵبكرێنهوه، هه‌ر ئه‌وه‌ش وایكرد خێزانه‌كانیان نه‌ك رازی بون به‌ڵكو رێزیشیان لێگرتن.
له دۆسیه‌ی ئه‌و ژنانه‌ی منداڵیان له داعش هه‌یه، بابه‌ته‌كه ئاڵۆزتره و ناكۆكی زۆری له‌سه‌رە، بۆیه له‌رووی ئایینیشەوە به هه‌ڵپه‌سێراوی ماوه‌ته‌وه. هادى بابه‌شێخ، لێپرسراوی نوسینگه‌ی بابه‌شێخ مه‌رجه‌عی باڵای ئایینی ئێزیدییه‌كان به (كه‌ركوك ناو)ی وتی "ئه‌وه پرسێكی زۆر قورس و زه‌حمه‌ته، بۆیه نابێت به ساده‌یی و بێ بیركردنه‌وه‌یه‌كی قوڵ ته‌ماشابكرێت".
ناوی ئێزیدییەكان بە سادەیی "یەزدانپەرست" دەگەیەنێت، هەر لەوەشەوە ئێزدییەكان وەسفی خۆیان دەكەن، هەموو دەقە ئایینییەكانیان بە دیالێکتی كرمانجی کوردییە، ئه‌وان بانگهێشتی كه‌س ناكه‌ن بۆ ئایینه‌كه‌یان، هیچ كه‌سێك له ئایینی تر وه‌رناگرن و رێ به گۆڕینی ئایینیش ناده‌ن.
"له‌روی ئایینیه‌وه وه‌رگرتنی منداڵه‌كانی داعش دژی بنه‌مایه‌كانی ئایینی ئێزیدییه چونكه ئێمه ته‌نیا ئه‌و منداڵانه وهردهگرینەوە كه دایك و باوكیان ئێزیدی بن، بۆیه به هیچ شێوه‌یه‌ك ئه‌و منداڵانه وهرناگرینەوە،" هادی بابه‌شێخ وای وت.
ئێمه ته‌نیا ئه‌و منداڵانه وهردهگرینەوە كه دایك و باوكیان ئێزیدی بن
ئه‌و زیاتر هه‌ڵوێستی مه‌رجه‌عی ئایینی رونكرده‌وه و وتی "ئه‌و تاوانه‌ی به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگەی ئێمه‌دا هاتووه به‌شێكی گرنگی به‌هۆی ئایینه‌كه‌مانه‌وه بووە، بۆیه ده‌ستبه‌رداری بنه‌ماكانی ئایینی ئێزیدی نابین و ئایینه‌كه‌مان ناكه‌ینه قوربانی چه‌ند منداڵێك".
ئه‌و منداڵانه‌ی له دایك و باوكی ئێزیدییی له دایكبون، دوای رزگاركردنیان له ده‌ستی داعش، ده‌خرێنه به‌ر خوێندنی ئایینی، بۆ نه‌هێشتنی كاریگه‌ری بیری داعش و گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ ناو ژیانی ئاسایی ئایینی ئێزیدی.
لێپرسراوی نوسینگه‌ی بابه‌شێخ باس له رویه‌كی تری كێشه‌كه ده‌كات، ئه‌ویش تۆماركردنی ناوی منداڵانی نه‌وه‌ی داعشه له ژنانی ئێزیدی ئه‌گه‌ر وه‌ربگیرێنه‌وه، ئایا له‌سه‌ر ناوی كێ تۆمارده‌كرێن؟ هادی بابه‌شێخ هه‌ر خۆی وه‌ڵامده‌داته‌وه "خۆ ناكرێت له‌سه‌ر ناوی دایكیان تۆماربكرێن یان ده‌بێت له‌سه‌ر ناوی باوكی تۆماربكرێت و بنوسرێت "مسلم" له ناسنامه‌كه‌یدا، دواتریش ئه‌و منداڵه موسڵمانه ده‌بێته میراتگری خێزانێكی ئیزیدی، ئه‌وه‌ش قبوڵناكرێت".
یه‌كێك له‌و چاره‌سه‌رانه‌ی باسده‌كرێت بۆ كێشه‌ی منداڵانی داعش له ژنانی ئێزیدیی، كردنه‌وه‌ی سه‌نته‌رێكی نه‌وجه‌وانان و منداڵانی بێسه‌رپه‌رشتی تایبه‌ته به‌و دۆسیه‌یه، یان ره‌وانه‌ی ده‌ره‌وه بكرێن وه‌ك هادی بابه‌شێخ ده‌ڵێت، رێگایه‌كی دیكه‌ش له‌رووی یاساییه‌وه‌یه و هه‌موو رێكاره‌كانیش دواجار ده‌كه‌ونه ده‌ستی حكومه‌تی عیراقی، تا یه‌كلاییبكاته‌وه.
ئه‌نجومه‌نی باڵای روحانی ئێزیدیی، له 24ی نیسانی 2019دا بڕیاریدا به وه‌رگرتنه‌وه‌ی ته‌واوی ژنان و هاوڵاتیانی رزگاربوی ده‌ستی داعش، به منداڵهكانیشیانهوه، ئه‌وه‌ش له نوسراوێكدا به واژۆی حازم ته‌حسین سه‌عید، بریكاری ئه‌میر و سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی روحانی.
ئه‌و فه‌توایەی ئه‌نجومه‌نه‌كه، ناڕەزاییهكی فراوانی به‌دوای خۆیدا هێنا له‌نێو كۆمه‌ڵگه‌ی ئێزیدیدا، به تایبه‌ت له نێو پیاوانی ئایینی پێكهاته‌كه‌دا.
ئه‌نجومه‌نی باڵای روحانی، سی رۆژ دواتر و له 27ی نیساندا، له نوسراوێكدا جه‌ختیكرده‌وه له‌وه‌ی ئه‌وان له فه‌تواكه‌یاندا مه‌به‌ستیان وه‌رگرتنه‌وه‌ی ئه‌و منداڵانه‌ی چه‌كدارانی داعش نه‌بووه كه له ئه‌نجامی ده‌ستدرێژی بۆ سه‌ر كچان و ژنانی ئێزیدی له دایك بون، به‌ڵكو مه‌به‌ستیان ژنانی ئێزیدیی و ئه‌و منداڵانه‌یه كه له ته‌مه‌نێكی بچوكدا كه‌وتونه‌ته ده‌ست ئه‌و رێكخراوه.
چاره‌سه‌ره یاساییه‌كان چیین؟
له دۆسیه‌ی ژنانی ئێزیدیی كه منداڵیان له داعش هه‌یه، وه‌ك چۆن كۆمه‌ڵگه چاوی له مه‌رجه‌عه، پیاوانی ئایینیش چاوه‌ڕێن له‌رێی یاساوه ئه‌وه‌نده گره‌نتییان پێبدرێت تا چاره‌سه‌ری ئه‌و كێشه‌یه له‌سه‌ر پێگه و داهاتووی ئایینه‌كه‌یان نه‌كه‌وێت.
نوێترین پڕۆژەی تایبه‌ت به ئێزیدیی، پرۆژەیاسای ژنانی رزگاربوی ده‌ستی داعشه و له نیسانی 2019دا له‌لایه‌ن سهرۆككۆمارهوه ره‌وانه‌ی په‌رله‌مانی عیراق كرا، تا ده‌نگی له‌سه‌ر بدرێت. له خاڵه‌كانی ئه‌و پرۆژه‌یەدا، باس له چاره‌سه‌ری بارودۆخی یاسایی منداڵانی له‌دایكبوی داعش له دایكانی ئێزیدی كراوه به‌پێی یاسا، بێ ئه‌وه‌ی رونكردنه‌وه‌ی زیاتر بدات؛ مادده‌یه‌كی دیكه‌ش تایبه‌ت به پێكهێنانی دادگایه‌كی بهراییە له ناوه‌ندی قه‌زای شنگال بۆ چاره‌سه‌ری باری شارستانی ئه‌و منداڵانه‌ی له ژنانی رزگاربوی ده‌ستی داعش له‌دایكبون.
هۆكاری ده‌رچونی ئه‌و یاسایه‌ش، كه هێشتا په‌رله‌مان په‌سه‌ندی نه‌كردووه، به‌ستراوه‌ته‌وه به گه‌یاندنی تاوانه‌كانی ده‌رهه‌ق به ئێزیدی و به ئامانجی چاره‌سه‌ری كێشه‌ی منداڵانی داعش له ژنانی ئێزییدی له‌كاتی رفاندنیاندا.
به‌هار مه‌حمود، ئه‌ندامی لیژنه‌ی یاسایی له په‌رله‌مانی عیراق به (كه‌ركوك ناو)ی وت "نوێنه‌ری ئێزیدییه‌كان له په‌رله‌مان پرۆژەیاسایهكی هێناوه و دوای گفتوگۆی ئێمه ده‌خرێته به‌رنامه‌ی كار، جارێ نامانه‌وێت باس له ناوه‌ڕۆكی پرۆژەكه بكه‌ین، به‌ڵام به‌دڵنیایه‌وه چاره‌سه‌رێكی گونجار ده‌دۆزینه‌وه كه بگونجێت له‌گه‌ڵ یاسا و ئایینی ئێزیدیدا".
نامانه‌وێت باس له ناوه‌ڕۆكی پرۆژەكه بكه‌ین، به‌ڵام به‌دڵنیایه‌وه چاره‌سه‌رێكی گونجار ده‌دۆزینه‌وه كه بگونجێت له‌گه‌ڵ یاسا و ئایینی ئێزیدیدا
ئه‌وه‌ی ترسی لای ئێزیدییه‌كان دروستكردووە له‌وه‌رگرتنه‌وه‌ی ئه‌و منداڵانه‌دا، یاسا به‌ركاره‌كانی ئێستایه، بۆیه داوای یاسایه‌كی تایبه‌ت ده‌كه‌ن تا منداڵه‌كه به ئێزیدی ههژماربكرێن نه‌ك موسڵمان.
به‌پێی یاسای كارتی نیشتمانی یه‌كگرتوو كه ساڵی 2016 له رۆژنامه‌ی وه‌قایعی عیراق بڵاوكراوه‌ته‌وه، منداڵی نه‌وجه‌وان شوێنكه‌وته‌ی دایك یان باوكیان ده‌بن كه له‌سه‌ر ئاینی ئیسلامن، هه‌روه‌ها له مادده‌یه‌كی تردا هاتووه كه ئه‌و منداڵانه‌ی دۆزراونه‌ته‌وه یان باوانیان نادیاره به موسڵمانی عیراقی داده‌نرێن ئه‌گه‌ر پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه نه‌سه‌لمێنرا.
بژار خالد، سه‌رۆكی لیژنه‌ی كاروباری یاسایی له په‌رله‌مانی كوردستان به (كه‌ركوك ناو)ی وت "هیچ ئیشێكمان له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته نه‌كردووه، به‌ڵام له‌به‌رنامه‌ی ئێمه‌دایه و چه‌ند لیژنه‌یه‌ك پێكده‌هێنین به هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان و حكومه‌ت و جڤاتی روحانی بۆ چۆنیه‌تی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كه".
جگه له حكومه‌تی عیراقی، ئێزیدییه‌كان چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ن له هه‌رێمی كوردستانیشه‌وه هه‌وڵی جددی بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كانیان بدرێت، به‌وپێیه‌ی به‌شێكی زۆر له‌و پێكهاته‌یه به تایبه‌ت ئاواره‌كانیان، له سنوری قه‌ڵه‌مڕه‌وی حكومه‌تی هه‌رێمدا نیشته‌جێن.
"زۆر رێگا هه‌ن بۆ چونیه‌تی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كه" سه‌رۆكی لیژنه‌ی یاسایی په‌رله‌مانی كوردستان ده‌ڵێت ده‌ستبه‌كارده‌بن بۆ ئه‌و دۆسیه‌یه، ئه‌وه‌ش له‌رێی پرۆژەیهكی تایبه‌ته‌وه.
دوا ئومــێـد
ره‌نگه چیرۆكه‌كه‌ی شیرین حه‌یده‌ر، ئه‌و ژنه‌ی منداڵه‌كانی له چاره‌نوسێكی نادیاردان گه‌یشتبێته كۆتایی، به‌ڵام هێشتا ژنانی تری هاوشێوه هه‌ن و چاویان له‌وه‌یه، چاره‌سه‌رێك بۆ خۆیان و منداڵه‌كانیان بدۆزرێته‌وه، تا به ئاشكرا و له نێو كه‌سوكاری خۆیاندا درێژە به ژیان بده‌ن.
وه‌ك له قسه‌ی هه‌مو لایه‌نه‌كاندا ده‌رده‌كه‌وێت، یه‌ك لایه‌ن چاره‌سه‌ری لا نییه؛ چونكه خێزان و كۆمه‌ڵگه له چاوه‌ڕوانی هەڵوێستی ئایینهكهیاندان و ئه‌وانیش رێكاری گونجاوی یاساییان ده‌وێت.
فارس كتى، راوێژكاری جڤاتی روحانی ئێزیدی به (كه‌ركوك ناو)ی وت "كۆبوونه‌وه‌ی زۆرمان له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته كردووه به‌ڵام نه‌گه‌یشتوینه‌ته چاره‌سه‌ری كۆتایی، ئێمه به‌شێكین له كێشه‌كه و پێویسته لایه‌نه‌كانی تری وه‌ك حكومه‌تی عیراق و كه‌سوكاری داعش رۆڵیان هه‌بێت له چاره‌سه‌ری كێشه‌كه‌دا".
"ئاماده‌ین بۆ گفتوگۆ و چاره‌سه‌ر، ده‌رگامان كرایه‌وه به مه‌رجێك له‌سه‌ر حسابی پیرۆزییه‌كانی ئێزیدی نه‌بێت، چونكه هیچ كه‌سێك ناتوانێت بنه‌مایه‌كی ئایینی ئێزیدی بگۆڕێت، بۆیه بیر له چاره‌سه‌رێك ده‌كه‌ینه‌وه نه‌بێته كێشه له داهاتودا بۆ ئاینه‌كه‌مان و كۆمه‌ڵگه‌ی ئێزیدی" كتی وای وت.
هیچ كه‌سێك ناتوانێت بنه‌مایه‌كی ئایینی ئێزیدی بگۆڕێت، بۆیه بیر له چاره‌سه‌رێك ده‌كه‌ینه‌وه نه‌بێته كێشه له داهاتودا بۆ ئاینه‌كه‌مان
كه‌سوكاری قوربانیانی ئێزیدی و رزگاربوانی ده‌ستی داعش، له ئایاری 2019دا جڤاتێكیان پێكهێنا، به ئامانجی پاراستن و به‌ده‌ستهێنانی مافه‌كانیان و راوێژپێكردنیان به‌ر له‌هه‌ر بڕیارێك كه په‌یوه‌ندی به‌وانه‌وه‌یه.
نادیه موراد، رزگاربوی ده‌ستی داعش و كچه چالاكوانی ئێزیدی، كه براوه‌ی نۆبڵی ئاشتی 20118یه و باڵیۆزی نیازپاكی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كانه، له نیسانی 2019دا په‌یامێكی ڤیدیۆیی بڵاوكرده‌وه بۆ پاڵپشت له‌و ژنانه‌ی به‌هۆی منداڵه‌كانیانه‌وه، له‌وپه‌ڕی مه‌ینه‌تیدا ده‌ژین.
له‌و په‌یامه‌دا نادیه موراد داوایكردوه بڕیاری یه‌كه‌م و كۆتایی بۆ رزگاربوان و خێزانه‌كانیان به‌جێبهێڵدرێت، چونكه هیچ كه‌سێك ناتوانێت رێگری بكات له‌و هه‌نگاوانه‌ی تایبه‌ته به‌خۆیان و ئه‌گه‌ر بڕیارده‌ن له‌گه‌ڵ منداڵه‌كانیان بگه‌ڕێنه‌وه، ئه‌وان وه‌ك كۆمه‌ڵگه پێویسته رێز له بڕیاره‌كه‌یان بگرن و پێشوازییان لێبكه‌ن و هاوكارییان بكه‌ین.
به‌پێی ده‌ستوری هه‌میشه‌یی عیراق، ده‌وڵه‌ت به‌رپرسه له پاراستنی تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگە لە هەر جۆرە کردارێکی ڕق و کینە لەسەر بنەمای بیروباوه‌ڕ، رای سیاسی و ئایین.
له جاڕنامه‌ی گه‌ردونی مافه‌كانی مرۆڤ-یشدا، جگه له ره‌تكردنه‌وه‌ی ده‌ستوه‌ردان له ژیانی تاكه‌كه‌س، هه‌موو دایكێك و منداڵه‌كانی مافی ژیانی شایسته، چاودێریئ، یارمه‌تیدان و پاراستنیان هه‌یه ئه‌گه‌ر منداڵه‌كه له ئەنجامی په‌یوه‌ندی هاوسه‌رگیری یان ده‌ره‌وه‌ی هاوسه‌رگیری له‌دایكبوبێت.
ئه‌و ژیانه ئاساییه‌ی ده‌ستور و هه‌موو یاسا عیراقیی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كان جه‌ختیان لێكردۆته‌وه، ئه‌وه‌یە شیرین حه‌یده‌ر پێی نه‌گه‌یشت؛ ئایا ژنانی تری ئێزیدی و منداڵه‌كانیان پێی ده‌گه‌ن یان نا، ئه‌وه وه‌ڵامه‌كه‌ی لای ده‌سه‌ڵاتی یاسادان و حكومه‌ت و كۆمه‌ڵگه‌ی ئێزیدییه.