به‌غداد: ژنان له‌ هێڵی پێشه‌وه‌ی خۆپیشاندانه‌كانن

به‌غداد، شوباتی 2020، سوهه‌ی له‌گه‌ڵ سوعاد ئاماده‌كاری ده‌كه‌ن بۆ پێشكه‌شكردنی فریاگوزاری به‌ خۆپیشانده‌ران له‌ نزیكی گۆڕه‌پانی خه‌لانی فۆتۆ: به‌كر نه‌جمه‌دین

زه‌ینه‌ب مه‌شات، به‌كر نه‌جمه‌دین

 

سه‌رقاڵی په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنییه‌، له‌گه‌ڵ كه‌سێكدا قسه‌ ده‌كات و پێیده‌ڵێت "خواردنه‌كه‌م له‌ فڕنه‌كه‌دا بۆ داناویت، گه‌رمی بكه‌ره‌وه‌ و بیخۆ"، ئه‌و روخساری به‌ ته‌واوی ده‌رناكه‌وێت، ده‌مامكی به‌ستووه‌ و به‌سه‌ر حیجابه‌كه‌یدا، جلێكی سپی خۆڵاوی و خوێناوی پزیشكی له‌ به‌ردایه‌ و جانتایه‌كی گه‌وره‌ش به‌ پشتیه‌وه‌یه‌.

سوهه‌ی (38 ساڵ)، فریاگوزاره‌ له‌ گۆڕه‌پانی خه‌لانی به‌غدا، ئه‌و شوێنه‌ی بۆته‌ ناوچه‌ی گه‌رمی گۆڕه‌پانی خۆپیشاندان، لاچاوی راستی شین هه‌ڵگه‌ڕاوه‌، چونكه‌ "به‌كرێگیراوێك" له‌نێو خۆپیشانده‌رانه‌وه‌ لێی نزیكبۆته‌وه‌ و كه‌لـله‌ی به‌ چاویدا كێشاوه‌.

سوهه‌ی كه‌ ته‌نیا ناوی یه‌كه‌می ئاشكراكرد، له‌ هه‌مان بارودۆخی ده‌یان ژنی تری گۆڕه‌پانی خۆپیشاندانه‌كاندایه‌ له‌ به‌غدا و پارێزگاكانی دیكه‌، كه‌ روبه‌ڕوی په‌لاماردان بونه‌ته‌وه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا به‌ هیوا و پێداگرییه‌وه‌ وه‌ك به‌شێك له‌ ناڕه‌زایه‌تییه‌كان به‌رده‌وامه‌ و پاشه‌كشێ ناكات.

به‌شێك له‌و ئافره‌تانه‌ی روبه‌روی توندوتیژی ده‌بنه‌وه‌ ئاماده‌نین یان كه‌سوكاریان قایل نین سكاڵا دژی ده‌ستدرێژكاره‌كه‌ تۆماربكه‌ن

زیاتر له‌ 300 ئافره‌تی عیراقی له‌ گۆڕه‌پانی خۆپیشاندانه‌كانی به‌غدا هه‌ن، له‌ سه‌ره‌تای سه‌رهه‌ڵدانیه‌وه‌ تائێستا، به‌جۆرێك له‌ 285 خێوه‌تی ناڕازییه‌كاندا، خێوه‌تێك نییه‌ لانیكه‌م ئافره‌تێكی تێدانه‌بێت، سه‌رباری ئه‌و روداوانه‌ی روبه‌ڕوی گۆڕه‌پانه‌كان ده‌بنه‌وه‌ له‌ كوشتن، رفاندن و جۆره‌كانی تری هه‌ڕه‌شه‌، جگه‌ له‌ ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی چه‌ند شوێنێك له‌لایه‌ن "میلیشا چه‌كداره‌كان" و ئه‌و بارگرژییانه‌ی ناوبه‌ناو روده‌ده‌ن.

فاتن حلفی، ئه‌ندامی كۆمسیۆنی باڵای مافه‌كانی مرۆڤ له‌ عیراق ده‌ڵێت ئامارێكی رون نییه‌ له‌باره‌ی ئه‌و ئافره‌ته‌ خۆپیشانده‌ر و چالاكوانانه‌ی روبه‌ڕوی پێشێلكاری بونه‌ته‌وه‌، چونكه‌ به‌شێكیان قایل نین یان كه‌سوكاریان رێگه‌ناده‌ن سكاڵا له‌سه‌ر لایه‌نی ده‌ستدرێژكار تۆماربكه‌ن.

به‌پێی دوایین ئاماره‌كانی كۆمسیۆنی مافه‌كانی مرۆڤ له‌ عیراق، له‌ سه‌ره‌تای خۆپیشاندانه‌كانه‌وه‌ 650 هاوڵاتی كوژراون له‌گه‌ڵ زیاتر له‌ 25 هه‌زار بریندار، به‌ڵام كۆمسیۆن نه‌یتوانیووه‌ دیاریبكات چه‌ند له‌و پێشێلكارییانه‌ به‌ر ئافره‌تانی خۆپیشانده‌ر كه‌وتون كه‌ به‌وته‌ی حلفی، رێژه‌كه‌یان له‌ گۆڕه‌پانه‌كاندا ده‌گاته‌ سه‌دا 12.

IMG_20200102_183848
به‌غداد، كانونی دوه‌می 2020، گه‌نجێك له‌ گۆڕه‌پانی ته‌حریر له‌به‌رده‌م وێنه‌ی كوژراوانی خۆپیشاندانه‌كاندا مۆم داده‌گیرسێنێت فۆتۆ: ئه‌حمه‌د مه‌سڵه‌حه‌

خۆپیشاندان له‌ به‌غدا و ژماره‌یه‌ك پارێزگای تر، له‌ سه‌ره‌تای تشرینی یه‌كه‌می 2019وه‌ ده‌ستیپێكرد بۆ نه‌هێشتنی گه‌نده‌ڵی و داواكاری هه‌لیكار و باشكردنی گوزه‌رانی خه‌ڵك، تا دواتر به‌هۆی بارگرژییه‌كانه‌وه‌ هه‌زاران كه‌س بونه‌ته‌ قوربانی، ئاستی داواكارییه‌كانیش بۆ گۆڕینی سیسته‌می حوكمڕانی به‌رزبۆوه‌.

هه‌رچه‌نده‌ مه‌ترسییه‌كانی سه‌ر ئافره‌تانی گۆڕه‌پانی خۆپیشاندانه‌كان له‌ ناوخۆ و ئاستی نێوده‌وڵه‌تیشدا تۆمارنه‌كراون، سوهه‌ی له‌گه‌ڵ خوشكه‌كه‌یدا له‌ ناڕه‌زایی به‌رده‌وامن، له‌كاتێكدا خوشكێكی دیكه‌یان بۆمبی فرمسێكڕێژ به‌ قاچیدا ته‌قیوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وان وه‌ك هه‌ر ئافره‌تێكی تری گۆڕه‌پانه‌كه‌ كۆڵناده‌ن.

 

هێشتا پارچه له‌ جه‌سته‌یدایه‌

پێشێلكارییه‌كان دژ به‌ ئافره‌تانی خۆپیشانده‌ر و چالاكوانان، ته‌نیا له‌ لێداندا نه‌ماوه‌ته‌وه‌ و هه‌ندێكجار ده‌گاته‌ ئاستێكی كوشنده‌‌، وه‌ك چیرۆكه‌كه‌ی فاتمه‌، كه‌ سه‌رباری ئه‌و برینه‌ قوڵه‌ی له‌ جه‌سته‌یدایه‌، رۆژه‌كانی له‌ نێوان خوێندن بۆ كۆتا قۆناغی دواناوه‌ندیی و گۆڕه‌پانی خۆپیشاندانه‌كاندا دابه‌شكردووه‌.

له‌ سه‌ره‌تای خۆپیشاندانه‌كانه‌وه‌، فاتمه‌ له‌ هێڵه‌كانی پێشه‌وه‌دایه‌، ئه‌و شوێنه‌ی هێزه‌كانی به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی گێره‌شێوێنی تێدا جێگیركراوه‌ له‌ گۆڕه‌پانی وه‌سبه‌، هه‌رله‌وێش بۆمبێكی ده‌نگی به‌ سكیدا ته‌قییه‌وه‌ و چه‌ندین پارچه‌ش به‌ر جه‌سته‌ی كه‌وتون.

كاتێك به‌هۆی بۆمبه‌كه‌وه‌ كه‌وته‌ سه‌ر زه‌وی، له‌ناو ئازاری زۆردابوو، "ئه‌وكاته‌ ته‌نیا له‌ ده‌ستگیركردن ده‌ترسام نه‌ك مردن، به‌ڵام خۆپیشانده‌ران رایانكێشام و دوای چاره‌سه‌ری پزیشكی لای تیمێكی ته‌ندروستی، دوباره‌ گه‌ڕامه‌وه‌ بۆ گۆڕه‌پانه‌كه‌" فاتمه‌ وای وت.

18ی شوباتی 2020ـه‌، فاتمه‌ له‌ گۆڕه‌پانی خه‌یلانی راوه‌ستاوه‌، ئاڵایه‌كی عیراق به‌ده‌ستیه‌وه‌یه‌ و به‌ ده‌نگی به‌رز دروشمی "به‌فیداتبم عیراق" ده‌ڵێته‌وه‌، له‌وكاته‌دا جارێكیتر به‌ ساچمه‌ ده‌ست و قاچی بریندارده‌بێت له‌لایه‌ن هێزه‌كانی به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی گێره‌شێوێنی، یه‌كێك له‌ ساچمه‌كان هێشتا له‌ جه‌سته‌یدایه‌ و پێویستی بۆ نه‌شته‌رگه‌ری هه‌یه‌ تا ده‌ربكرێت.

WhatsApp Image 2020-02-22 at 9.46.42 PM
به‌غداد، شوباتی 2020، فاتمه‌ له‌ نزیكی گۆڕه‌پانی خه‌لانی راوه‌ستاوه‌ فۆتۆ: به‌كر نه‌جمه‌دین

فاتمه‌ (18 ساڵ)، له‌گه‌ڵ تیمێكی فریاگوزاری چۆته‌ گۆڕه‌پانی ته‌حریر، فێری كاری ئه‌وانیش بووه‌ و له‌ رزگاركردنی برینداراندا هاوكاریی تیمه‌كه‌ ده‌كات، "نزیكه‌ی 100 رۆژ له‌مه‌وبه‌ر چومه‌ نێو خۆپیشانده‌رانه‌وه‌، به‌هۆی خراپی ئاستی خوێندن و هه‌روه‌ها له‌به‌رئه‌وه‌ی هاوڵاتی عیراقی شایه‌نی ژیانێكی شاسته‌یه‌ .. وه‌ك وه‌فایه‌كیش بۆ خوێندنی شه‌هیدان قه‌ت گۆڕه‌پانه‌كه‌ جێناهێڵم تا داواكارییه‌كان جێبه‌جێده‌كرێن".

خۆپیشانده‌رانی ناڕازی عادل عه‌بدولمه‌هدی، سه‌رۆكوه‌زیرانی عیراقیان ناچاركرد له‌ كانونی یه‌كه‌می 2019دا ده‌ستله‌كاربكێشێته‌وه‌، راسپاردنی محه‌مه‌د تۆفیق عه‌لاوی-شیان ره‌تكرده‌وه‌ بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت، هه‌رچه‌نده‌ به‌ڵێنی لێپرسینه‌وه‌ی دا له‌و كه‌سانه‌ی له‌ توندوتیژی دژی خۆپیشانده‌ران تێوه‌گلاون، له‌گه‌ڵ دژایه‌تی شه‌قامدا، عه‌لاوی شكستیهێنا له‌ پێكهێنانی كابینه‌كه‌یی و له‌ راسپاردنه‌كه‌ی پاشه‌كشێی كرد.

له‌ تشرینی یه‌كه‌می 2019وه‌ خۆپیشانده‌ران داوای وازهێنان و لێپرسینه‌وه‌ ده‌كه‌ن له‌و چینه‌ سیاسییه‌ حوكمڕانه‌ی له‌ ساڵی 2003وه‌ له‌ گه‌نده‌ڵی و به‌هه‌ده‌ردانی سامانی گشتی تێوه‌گلاون.

ئه‌وكاته‌ به‌هۆی بۆمبه‌كه‌وه‌ برینداربوم و كه‌وته‌ سه‌ر زه‌وی ته‌نیا له‌ ده‌ستگیركردن ده‌ترسام نه‌ك مردن

 

ته‌نوری نانه‌كه‌ی دایكی سادق

ئافره‌تانی گۆڕه‌پانی خۆپیشاندان، به‌ جیاوازی ته‌مه‌ن و ئاستیانه‌وه‌، هه‌موان سه‌رقاڵن، دایكی سادق (41 ساڵ)، یه‌كێكه‌ له‌وانه‌ی به‌ ته‌نورێكی غاز، رۆژ تا ئێواره‌ له‌ گۆڕه‌پانه‌كه‌دا نانی گه‌رمی ئاماده‌یه‌ بۆ به‌شداربوانی ناڕه‌زاییه‌كان.

ئه‌و ئافره‌ته‌ به‌ بۆمبی فرمێسكڕێژ برینداربووه‌، دوای پێنج رۆژ مانه‌وه‌ی له‌ جێگه‌دا، جارێكیتر گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ بۆ گۆڕه‌پانه‌كه‌ و بۆ جاری دوه‌م برینداربووه‌، به‌ڵام كۆڵی نه‌داوه‌ و هێشتا له‌ نێو خۆپیشانده‌راندایه‌.

ده‌سته‌كانی ئه‌و ژنه‌ هه‌ست به‌ ئازار ناكه‌ن، ئه‌وه‌نده‌ گونكی هه‌ویری پانكردۆته‌وه‌ و داویه‌تی به‌ قه‌دی گه‌رمی ته‌نوره‌ غازه‌كه‌وه‌، به‌و گوزه‌رانه‌ خراپه‌ی خۆیه‌وه‌، رۆژانه‌ نانی ساده،‌ یان جۆره‌ نانێكی تری نه‌ریتی تێكه‌ڵ به‌ گۆشت و سه‌وزه‌ بۆ خۆپیشانده‌ران دروستده‌كات.

دایكی سادق وتی "سڵ له‌ مردن ناكه‌مه‌وه‌، له‌ مانه‌وه‌ی منداڵه‌كانیشم له‌ گۆڕه‌پانه‌كه‌دا ناترسم، ئازایه‌تی ئه‌وان كه‌متر نییه‌ له‌ شه‌هید سه‌فا سه‌رای، هه‌ركاتێكیش روبه‌ڕوی مه‌رگ ده‌بمه‌وه‌ ئازایه‌تی سه‌فا و گه‌نجانی دیكه‌م بیرده‌كه‌وێته‌وه‌"، سه‌فا سه‌رای ئه‌و گه‌نجه‌ خۆپیشانده‌رانه‌ بوو كه‌ بۆمبێكی فرمێسكڕێژ‌ به‌ر چاوی كه‌وت و به‌هۆیه‌وه‌ گیانیله‌ده‌ستدا.

WhatsApp Image 2020-02-22 at 9.47.07 PM
به‌غداد، شوباتی 2020، دایكی سادق نان بۆ خۆپیشانده‌ران دروستده‌كات فۆتۆ: به‌كر نه‌جمه‌دین

ئه‌و ژیانه‌ی دایكی سادق هه‌یه‌تی، له‌ گه‌ڕه‌كێكی هه‌ڕه‌مه‌كی هه‌ژارنیشنی ناوچه‌ی مه‌شته‌ل، وایلێكرد به‌شداری خۆپشاندانه‌كان بكات و له‌ گۆڕه‌پانه‌كه‌دا بمێنێته‌وه‌ له‌ پێناو نیشتمانێكدا تێیدا رێزلێگیراو بێت.

 

142 رۆژ مانه‌وه‌ به‌ برینداری

مێزێكی ته‌خته‌، په‌رداخی رێك و له‌گه‌ڵ یه‌كتری گونجاو، قۆری پڕ له‌ چای گه‌رم، ئافره‌تێك به‌ روخسارێكی گه‌شه‌وه‌ له‌به‌رده‌م خێوته‌كه‌یدا چا پێشكه‌شی خۆپیشانده‌رانی گۆڕه‌پانی ته‌حریر ده‌كات.

دایكی عه‌لا، هاوسه‌ره‌كه‌ی شه‌هیده‌، دایكی پێنج كوڕی خۆپیشانده‌ره‌، یه‌كێك له‌ منداڵه‌كانی به‌هۆی برینداریی سه‌خته‌وه‌ چوار كاتژمێر له‌ژێر نه‌شته‌رگه‌ریدا بوو، به‌ڵام ده‌ستبه‌جێ دوای چاكبونه‌وه‌ی گه‌ڕایه‌وه‌ نێو خۆپیشانده‌ران.

كاتێك له‌و ئافره‌ته‌ ده‌پرسی بۆ له‌ گۆڕه‌پانی خۆپیشاندانه‌كاندا ماوه‌ته‌وه‌، سه‌رباری برینداربونی یه‌كێك له‌ كوڕه‌كانی، ده‌ڵێت "نیشتمان له‌ كوڕه‌كانم به‌نرخترن، هیچ جیاوازییه‌كیش نییه‌ له‌ نێوان كوڕه‌كانم و خۆپیشانده‌راندا، هه‌موو خۆپیشانده‌ران رۆڵه‌ی منن".

WhatsApp Image 2020-02-22 at 9.47.35 PM
به‌غداد، شوباتی 2020، دایكی عه‌لا بێبه‌رامبه‌ر چا به‌ خۆپیشانده‌ران ده‌دات فۆتۆ: به‌كر نه‌جمه‌دین

124 رۆژه‌ دایكی عه‌لا له‌ گۆڕه‌پانی خۆپیشاندانه‌كاندایه‌، به‌ر له‌ كوڕه‌كانی له‌وێ بوو، ئه‌و به‌هۆی بۆمبه‌وه‌ برینێك كه‌وتۆته‌ ده‌ستییه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ش راینه‌گرت و به‌رده‌وامه‌ له‌ پێدانی چا به‌ گه‌نجانی ناڕازی.

دایكی عه‌لا (52 ساڵ)، له‌گه‌ڵ منداڵه‌كانیدا له‌ خانویه‌كی 72 مه‌تری موڵكی یه‌كێك له‌ نزیكه‌كانیدا ده‌ژی له‌ شاری سه‌در، "ئه‌و چایه‌ی پێشكه‌شی خۆپیشانده‌رانی ده‌كه‌م، له‌سه‌ر تێچوی خۆم و بێ به‌رامبه‌ره‌، ته‌نیا هه‌ندێ كه‌س نه‌بێت كه‌ وه‌ك هاوكارییه‌ك بڕه‌ پاره‌یه‌كی كه‌مم پێده‌ده‌ن".

ئه‌وكاته‌ی دایكی عه‌لا له‌ پاڵ نه‌وه‌كه‌یدا چای به‌ خۆپیشانده‌رانی به‌رده‌م خێوه‌ته‌كه‌ی ده‌دا، نه‌وه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ گۆڕانییه‌كی گۆڕه‌پانه‌كه‌دا سه‌مای ده‌كرد، پێیوت "سه‌ما مه‌كه‌، وه‌ك رێزێك بۆ شه‌هیدان"، وتی "لێره‌ ده‌مێنینه‌وه‌ و ناڕۆین تا تۆڵه‌ی شه‌هیدان وه‌رنه‌گرینه‌وه‌".

 

خۆپیشانده‌ری كۆڵنه‌ده‌ر

سوهه‌ی له‌ گۆڕه‌پانه‌كه‌دا به‌ ته‌نیا نه‌بوو، سوعادی خوشكی كه‌ ته‌مه‌نی ناگاته‌ 40 ساڵ، له‌گه‌ڵ ئه‌ودا له‌ هێڵی پێشه‌وه‌ی گۆڕه‌پانی خه‌لانییه‌، كه‌ ده‌كه‌وێته‌ نێوان خۆپیشانده‌ران و هێزه‌ ئه‌منییه‌كانه‌وه‌.

سوعاد كه‌ دایكی شه‌ش منداڵه‌، وتی "هاوسه‌ره‌كه‌م بڕوای زۆری به‌ گرنگی مانه‌وه‌مان هه‌یه‌ شانبه‌شانی یه‌كتری له‌ گۆڕه‌پانی خۆپیشاندانه‌كاندا، ئه‌ویش رۆژانه‌ ده‌هاته‌ گۆڕه‌پانه‌كه‌، ئێستا به‌هۆی نه‌خۆشییه‌وه‌ ناتوانێت بێته‌ ده‌ره‌وه‌، به‌ڵام من به‌رده‌وام له‌ هێڵی پێشه‌وه‌م".

چوار مانگ و بیست رۆژ تێده‌په‌ڕێت به‌سه‌ر ئاماده‌بونمدا له‌ گۆڕه‌پانه‌كه‌ و به‌رده‌وامیشده‌بم

سوهه‌یی  و سوعاد، هه‌ماهه‌نگی یه‌كتری ده‌كه‌ن له‌ پێشكه‌شكردنی فریاگوزاری بۆ ئه‌و خۆپیشانده‌رانه‌ی له‌ گۆڕه‌پانی خه‌لانی بریندارده‌بن، چونكه‌ ئه‌زمونیان هه‌یه‌ له‌ چاره‌سه‌ری سه‌ره‌تایی و له‌ بواری پزیشكیدا كارده‌كه‌ن، خوشكێكی دیكه‌شیان له‌ نێو خۆپیشانده‌راندا بووه‌ و به‌هۆی برینداربونیه‌وه‌ كشاوه‌ته‌وه‌.

"چوار مانگ و بیست رۆژ تێده‌په‌ڕێت به‌سه‌ر ئاماده‌بونمدا له‌ گۆڕه‌پانه‌كه‌، سه‌رباری ره‌تكردنه‌وه‌ی بیرۆكه‌ی خۆپیشاندان له‌لایه‌ن هاوسه‌ره‌كه‌مه‌وه‌، به‌ڵام رێز له‌ بڕیاره‌كه‌ی من ده‌گرێت بۆ به‌شداریی و پێشكه‌شكردنی هاوكارییه‌كی ساده‌ی فریاگوزاری پزیشكی له‌گه‌ڵ خوشكه‌كه‌مدا" سوهه‌ی وای وت.

له‌گه‌ڵ ئه‌و مه‌ترسییانه‌ی روبه‌ڕوی بۆته‌وه‌، سوهه‌ی ناتوانێت بگه‌ڕێته‌وه‌ ماڵه‌وه‌، تا ته‌نیا ببێته‌ دایكی منداڵه‌كانی و یان وه‌ك فه‌رمانبه‌رێكی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی بمێنێته‌وه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ی پاڵنه‌ری مانه‌وه‌ی له‌ گۆڕه‌پانه‌كه‌دا "خوێنی ئه‌و گه‌نجانه‌یه‌ له‌ پێناو به‌رده‌وامبونی خۆپیشاندانه‌كاندا بونه‌ قوربانی".

WhatsApp Image 2020-02-22 at 9.48.27 PM
به‌غداد، شویاتی 2020، سوهه‌ی چاره‌سه‌ری سه‌ره‌تایی بۆ خۆپیشانده‌رێكی بریندار ده‌كات فۆتۆ: به‌كر نه‌جمه‌دین
  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT