كەمكردنەوەی تەمەنی خۆ كاندیدكردن بۆ پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگاكان، وەك دەرفەتێكی باش دەبینرێت بۆ بەشداریی سیاسیی زیاتری گەنجان و گەیشتنیان بە ناوەندەكانی بڕیاردان، لەڕێی هەڵبژاردنەكانی داهاتووەوە.
ئەو دەرفەتە لەكاتێكدایە بەپێی بەدواداچونێكی (كەركوك ناو)، گەنجان لە ناوەندەكانی بڕیارداندا لە عیراق و هەرێمی كوردستانیش كەمینەن. ئەو توێژەی كۆمەڵگە پێنج مانگە ناڕەزاییەتی فراوان دەردەبڕن و دژی گەندەڵی، بێكاریی و نادادی خۆپیشاندان دەكەن، تەنانەت داوای گۆڕینی سیستمی حوكمڕانی دەکەن.
بەگوێرەی هەمواری یەكەمی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق تەمەنی خۆكاندیدكردن بۆ ئەنجومەنی پارێزگا بۆ 28 ساڵ و بۆ پەرلەمانی عیراق بۆ 25 ساڵ كەمكراوەتەوە، لەكاتێكدا پێشتر لە سەروی 30 ساڵەوە بوو.
حسێن حەبیب (33ساڵ)، یەكێكە لەو گەنجانەی سەركردایەتی خۆپێشاندانەکانی گۆڕەپانی تەحریر دەكات لە بەغدا، كەمكردنەوەی تەمەنی خۆكاندیدكردن بە دەستكەوتی خۆپیشاندەران دەزانێت و بە (كەركوك ناو)ی وت "داوامانكرد یاسای ھەڵبژاردنەکان یاسایەکی دادپەروەرانە بێت و دەرفەت بڕەخسێنێت بۆ ھاتنەپێشەوەی گەنجان بۆ نێو کایەی سیاسی عیراق لەوانە لەنێو دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکاریی رۆڵیان ھەبێت".
داوامانكرد یاسای ھەڵبژاردنەکان یاسایەکی دادپەروەرانە بێت و دەرفەت بڕەخسێنێت بۆ ھاتنەپێشەوەی گەنجان بۆ نێو کایەی سیاسی عیراق
حسێن لەوباوڕەدایە لێرەوە دەرفەتێكی باش لەبەردەم گەنجاندایە تا بگەنە ناوەندەكانی بڕیاردان، "ئەگەر کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکان بەشێوەیەکی سەربەخۆیانە دابمەزرێت و کاربکات بۆ سەرپەرشتیكردنی هەڵبژاردنێكی پێشوەختە".
ئەو خۆپیشاندانانە، كە پێنج مانگە بەردەوامن و زۆرینەی ئەوانەی سەركردایەتی دەكەن گەنجن، تائێستا كاریگەری جۆراوجۆری هەبووە، لەوانە دەستلەكاركێشانەوەی سەرۆك وەزیران، هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی پارێزگاكان و كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان، لەگەڵ هەمواركردنی یاسای هەڵبژاردنەكان و گرتنبەری چەند رێوشوێنێك بە ئاراستەی نەهێشتنی گەندەڵی.
ئەو كاریگەرییەی گەنجان لە شەقامەوە بۆ سەر ناوەندەكانی بڕیاردان لەكاتێكدایە گەنجان كەمینەن لە ناوەندەكانی بڕیارداندا لە حكومەت، پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگاكان.
بەپێی بەدواداچونەكانی (كەركوك ناو)، تەنیا لەسەدا 25ی پەرلەمانتارانی عیراق تەمەنیان لە نێوان 28 بۆ 40 ساڵیدایە.
هەروەها لە كابینەی حكومەتی فیدراڵ‌دا تەنیا یەك وەزیر تەمەنی لەخوار 40 ساڵەوەیە، ئەوەش ناگتە لەسەدا پێنج.
هەرچی حكومەتی هەرێمی كوردستانە، بە سەرۆك و جێگر و 21 وەزیرەوە تەنیا دوو وەزیر تەمەنیان لە 40 ساڵ کەمترە، كە ئەوەش ناگاتە لەسەدا نۆ.
هاوكات لەسەدا 30ی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی تەمەنیان لەخوار 40 ساڵەوەیە.
دەسەڵاتدارانی عیراق لە هەوڵدان بۆ پێكهێنانی كابینەیەكی نوێ كە یەکێک لە ئەركە سەرەكییەكانی ئامادەكارییە بۆ هەڵبژاردنێكی پێشوەختە، هەرچەندە هێشتا نە كابینەكە پێكهێنراوە و نە وادەی هەڵبژاردنیش دیاریكراوە.
هەرچۆنێك بێت، بونی ناڕەزایی فراوان دژی دەسەڵات، دەستكاریكردنی یاسای هەڵبژاردن و لادانی كابینەی عادل عەبدولمەهدی، وەك دەرفەت دەبینرێت بۆ گۆڕانكاریی و بەشداریی سیاسیی زیاتری گەنجان.
حسێن حەبیب وتی "بەشێک لە گەنجانی خۆپێشاندەر ئاواتیان ھەیە بزوتنەوەی سیاسی دروستبکەن و بەشداریی ھەڵبژاردنەکان بکەن"، زیاتر وتی "بەڵام ئەگەر ھەڵبژاردن دوربێت لە کاریگەری حزبە دەسەڵاتدارەکانی ئێستا و بناغەكەی كۆمسیۆنی نوێش سەربەخۆ بێت، نەك چەك و پارە ئەنجامی هەڵبژاردنەكان یەكلاییبكاتەوە".
بەشێک لە گەنجانی خۆپێشاندەر ئاواتیان ھەیە بزوتنەوەی سیاسی دروستبکەن و بەشداریی ھەڵبژاردنەکان بکەن
خۆپیشاندەران و لە نێویاندا حسێن حەبیب داوا دەكات هەڵبژاردنی پێشوەختە كە هێشتا بڕیاری لێنەدراوە، لەژێر چاودێری نەتەوە یەکگرتوەکاندا بەڕێوەبچێت.
ساڵانە 800 بۆ 900 هەزار دەنگدەری نوێ لە عیراقدا زیاد دەكات، ئەوەش بەپێی وتەی رزگار حەمە، جێگرى پێشوی سەرۆكی کۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆی هه‌ڵبژاردنه‌کانى عیراق بۆ (كەركوك ناو).
ئەم رێژەیە بەلای ئەو گەنجانەی كە خواستی بزوتنەوەیەكی سیاسی‌یان هەیە و چاویان لە دەنگی ئەو توێژەی كۆمەڵگەیە، گرنگە بۆ پێگەو رۆڵی گەنج لە حكومەت و پەرلەمانی داهاتودا. بەڵام ئەوە كەوتۆتەسەر ئەوەی تاچەند گەنجان متمانەیان بە هەڵبژاردن و نەوەی نوێ هەیە بۆ رابەرایەتیكردنیان.
ئه‌دا کامه‌ران عه‌لى (20ساڵ)، خوێندکارى زانکۆى سلێمانى که وه‌ک کارمه‌ند له مارکێتێک کاردەكات، لە هەڵبژاردنی رابردوی پەرلەمانی كوردستاندا، بۆ یه‌کەمجار به‌شداریكرد، بەڵام دەنگەكەی بە بەتاڵی كردە سندوقەكەوە.
ئەدا به (که‌رکوک ناو)ى وت "ده‌سه‌ڵاتداران چۆنیان بوێت ئه‌نجامه‌کان وا لێده‌کەن، به‌پێى به‌رژه‌وه‌ندى خۆیان ده‌یگۆڕن و ته‌زویر ده‌کەن ئیتر هەڵبژاردنی چی؟". بەڵام پێیوابوو گه‌نجان ده‌توانن نوێنه‌رایه‌تى خۆیان بکه‌ن و رۆڵ و پێگەی خۆیان هەبێت. ئەگەر دەرفەتیان پێبدرێت و خۆشیان پێداگریی بكەن لە هاتنەناوەوەیان بۆ گۆڕەپانەكە.
ئەو بیری لەوە كردۆتەوە كە ئه‌گه‌ر به‌شدارى ده‌نگدان بکات لە داھاتودا، ئەوا ده‌نگ بە حزبەکان نەدات، بەڵکو دەنگ بە كاندیدی گەنج و کەسێکی سەربەخۆ بدات.
بەڵام سەهەند سۆران (17 ساڵ) خوێندکارى ئاماده‌یى که هێشتا ته‌مه‌نى نه‌گه‌یشتۆته ئه‌وه‌ى به‌شدارى هه‌ڵبژاردن بکات، ده‌ڵێت "بڕوام به هه‌ڵبژاردن هەیە و گۆڕانكاریی دروستده‌کات، ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت لەڕێی هه‌ڵبژاردنەوە گۆڕانکاریی گه‌وره بكەین، ئه‌وه ده‌بێت خه‌ڵک به‌شداریی هەڵبژاردن بكات".
وتیشی "با که‌سانى گه‌نج بکرێنه کاندید بۆ هه‌ڵبژاردنه‌کان، ئه‌وانه هێزى گۆڕانکارین بیرۆکه‌ى تازه و تواناى به‌ڕێوه‌بردنیان باشترە".
بەپێی خەمڵاندنی وەزارەتی پلاندانانی عیراق بۆ ساڵی 2018، هەشت ملیۆن و 800 كەس تەمەنیان لەنێوان 20 بۆ 34 ساڵییە، ئەوەش لەسەدا 24ی رێژەی دانیشتووانی عیراق دەكات كە 38 ملیۆن كەسە.
هه‌ڵشۆ عه‌بدولفه‌تاح، ئه‌ندامى ده‌سته‌ى به‌ڕێوه‌بردنى په‌یمانگاى کوردى بۆ هه‌ڵبژاردن (KIE) بە (که‌رکوک ناو)ی وت "له هه‌رێمى کوردستان و عیراقیش هه‌ڵبژاردن کاریگه‌رى راسته‌وخۆى نه‌بووه، ئه‌مەش وایکردووه گه‌نج بێ‌ئومێد بن". بەڵام دەڵێت "بێئومێدبون له هه‌ڵبژاردن کارێکى خراپه، چونكە لە دیموكراسیدا هیچ به‌دیلێکی تر نییه، دەبێت به‌شداریی لاوان زیاتر بێت، قورساییان هه‌بێت له بڕیاره‌کاندا و خۆیانبسه‌لمێنن".
بێئومێدبون له هه‌ڵبژاردن کارێکى خراپه، چونكە لە دیموكراسیدا هیچ به‌دیلێکی تر نییه
رێناس حه‌سه‌ن قادر (21 ساڵ)، خوێندکارى به‌شى وه‌رزش له زانکۆى سلێمانى دوو ساڵ لەمەوبەر بۆ یەکەمجار بەشداری ھەڵبژاردنی کرد، دوای دوو ساڵ پەشیمانی دەربڕێت لە دەنگدانەکەی. "ئەوكات نه‌مده‌زانى چه‌ند ناخۆشه ده‌نگ به که‌سێک بده‌یت و له‌ئاست ئه‌و متمانه‌یه‌دا نه‌بێت، بۆیه که ته‌مه‌نم گه‌وره‌تر بوو تێگه‌یشتم".
بەڵام لەگەڵئەوەشدا، دەڵێت ئەگەر هەڵبژاردن بە رێڕەوی ئاسایی خۆیدا بڕوات و ساختەکاری تێدا نەکرێت، سندوقەكانی دەنگدان دەبنە شوێنی گۆڕانكاریی.
ئەم کچە باوەڕی بەوە نییە کە دەنگ بدات بۆ پارتێکی سیاسی، بەڵکو بەلایەوە گرنگە کەسەکە گەنج بێت و داکۆکی لە خواستەکانی بکات.
ئەو بۆچونە جیاوازانەی گەنجان لەسەر هەڵبژاردن لەكاتێكدایە، لەسەدا 40 بۆ 45ی ئەوانەی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراقدا لە ئایاری 2018 دەنگیاندا گەنج بون، ئەوەش بەپێی ئامارێكی کۆمسیۆنی پێشوی ھەڵبژاردنەکانی عیراق كە دراوە بە (كەركوك ناو).
رزگار حاجی حەمە، وتی "لەو 25 ملیۆنەی مافی دەنگدانیان هەبوو، تەنیا لەسەدا 44ی دەنگدەران بەشدارییان كرد، دەكرا بەشداریی گەنجان زیاتر بوایە، بەڵام وانەبوو".
لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە ئەیلولی 2018، تەنیا لەسەدا 51ی دەنگدەران بەشداربون، بەڵام هیچ ئامارێك نییە لەوەی رێژەی بەشداریی گەنجان چۆن بووە.
ئەو دوو ئامارە كەمترین رێژەی بەشدارییە لەدوای یەكەم هەڵبژاردنی پاش روخانی رژێمی بەعس لەساڵی 2003دا.
وشیار مام ئیسماعیل، ئه‌ندامى فراکسیۆنى یه‌کێتى له ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى سلێمانى وتی "ئه‌وانه‌ى گه‌نجن له ئه‌نجومه‌نەكەی ئێمە زیاتر بۆ به‌دواداچون و چاودێریکردنى کاره‌کان و سه‌ردانى شوێنه‌کان ده‌چن، به‌ڵام ئه‌وانه‌ى ته‌مه‌نیان هه‌یه که‌متر ده‌توانن سه‌ردانى شوێنه‌کان بکه‌ن".
"ئه‌وانه‌ى به ئه‌زمونن له لیژنه‌کاندا شاره‌زاییان زیاتره و ئێمه‌ى گه‌نجیش له‌گه‌ڵیاندا بۆچونى هاوڵاتیان له‌سه‌ر به‌دواداچونه‌کان ده‌گوازینه‌وه و پێکه‌وه رۆڵ ده‌بینین"، وشیار وایوت.
كاوە عەبدوڵا، پەرلەمانتاری بزوتنەوەی گۆڕان لەبەغدا، بە(كەركوك ناو)ی وت "ئیش‌کردن له په‌رله‌مان شاره‌زایى و ئه‌زمونى پێویسته بۆ قاڵبونه‌وه و وردبونه‌وه له پرسه‌کاندا".لەگەڵئەوەشدا پێیوایە "گرنگه که‌سانى به ئه‌زمون له‌گه‌ڵ گه‌نجه‌کاندا پێکه‌وه نوێنه‌رایه‌تى بکه‌ن، چونکه ته‌واوکه‌رى یه‌کترن له‌کاره‌کاندا".
ئەو لە بەغداوە دەڵێت، "دیارە لە کاروبەری سیاسی‌دا، گه‌نجه‌کان حه‌ماس و تواناى زیاتریان بۆ کاروباره‌کانى په‌رله‌مان و رۆڵى خۆیان ده‌بێت".