كه‌ركوك: سەركردەكانی عوبەید و جبور
ململانێی دوو هۆز لەهەناوی فەرمانگەكانی كەركوكدا

كەركوك/2019/ خۆپیشاندانی ژمارەیەك لە هۆز و عەشیرەتە عەرەبییەكان دژی دەنگۆی رێككەوتنی نێوان یەكێتیی و پارتی بۆ وەرگرتنەوەی پۆستی پارێزگار لە عەرەب فۆتۆ: كاروان ساڵحی

كەركوك ناو

 سەركردایەتی دوو لە گەورەترین هۆزە عەرەبییەكانی كەركوك لە ململانێی تونددان لەپێناو سەلماندنی هێز و رۆڵیان لەنێو هەناوی دامەزراوە حكومییەكانی پارێزگاكەدا و یەكتر بە "لاواز لە ئیدارەدان و گەندەڵ" وێنادەكەن.

ئەو ململانێیە كە لەئێستادا پێناچێت بۆ بەریەككەوتن سەربكێشێت، لە دوای بەدەستهێنانی پۆستی پارێزگاری كەركوك لەلایەن هۆزی جبورەوە دەستیپێكردووە لە 16ی ئۆكتۆبەری 2017وە و تائێستاش بەردەوامە.

سەركردەكانی هۆزی عوبەید، راكان سەعید پارێزگاری كەركوك بەوەكالەت تۆمەتباردەكەن بەوەی بەتەواوی پۆستە گرنگ و هەستیارەكانی پارێزگاكەی لە بەرژەوەندی هۆزەكەی (جبور) یەكلاییكردۆتەوە، ئەوەش بەدانانی كەسی "لاواز لە ئیدارەدان" و جیاكارییکردن لەنێوان هۆز و عەشیرەتەكاندا.

راكان سەعید لە هۆزی جبور، لە 16ی ئۆكتۆبەری 2017 بە بڕیاری حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی پێشوی عیراق بەوەكالەت پۆستی پارێزگاری كەركوكی وەرگرت، ئەوەش بۆ یەكەمجار بوو لە دوای روخانی رژێمی بەعس ئەو پۆستە بە عەرەب بدرێت.

شێخ حاتم عاسى عوبەیدى، ئەندامى بەرەى عەرەبى یەكگرتوو، بە (كەركوك ناو)ی وت ململانێیەكی توند لەناو هۆزە عەرەبییەكان هەیە لەسەر پۆست و دەسەڵاتەكان، ئەوەش بەهۆی ئەوەی راكان سەعید جبوری "زۆرینەی ئەو پۆستانەی پشكی عەرەبە لە كەركوك، بۆ بەرژەوەندی هۆزەكەی خۆی یەكلاییكردۆتەوە".

"راکان سەعید و دار و دەستەکەی هەر بەڕێوەبەرێك كە لە پشكی عەرەب بێت و خانەنشین بێت، كەسێك لە هۆزی جبور لە جێگەكەی دادەنێن، یان زۆركات ئەو بەڕێوەبەرە عەرەبانەی لە عەشیرەتی جبور نین، جێگرێكی جبوری بۆ دادەنێن و دوای ماوەیەك، بەڕێوەبەرەكە بۆ شوێنی تر دەگوازنەوە، یان خانەنشینی دەكەن، دواتر جبورییەكە بەكاتی دەكەنە بەڕێوەبەر و دەڵێن با ئەو پۆستە بەتاڵ نەبێت"، شێخ حاتم عاسی وایوت.

بەوتەی شێخ حاتم عاسی "ئەو هەنگاوانە هۆزی عوبەیدی بەتەواوی  نیگەرانكردووە."

ململانێی دوو هۆز

سەرەتای ساڵی 2019، شێخ وەسفی عاسی، كەسایەتی هۆزی عوبەید و برای ئەنوەر عاسی، سەرۆكی هۆزی عوبەید، بەرەیەكی نوێی پێكهێنا لە ژمارەیەك حزب و لایەنی عەرەبی و رەخنەكانیان لە دژی راكان سەعید چڕكردەوە، كە ئەمەی دواییان یەكێكە لە سەركردەكانی ئەنجومەنی عەرەبی.

لە یەكەم كۆنگرەی بەرەی عەرەبیدا، لە 24ی تەمموزی رابردوو، نیگەرانییەكانی هۆزی عوبەید گەیشتە میدیا، كاتێك وەسفی عاسی لە وتارێكدا وتی "ئیتر پێویستە ئیدارەی كەركوك كار بۆ هەمووان بكات بێجیاوازیی وجیاكاریی نەكات لەنێوان جبور و عوبەید و تەواوی هۆزو عەشیرەتەكانی تر".

rakan-5
كەركوك/2019/ كۆبونەوەی ئەنجومەنی سیاسی عەرەبی- راكان سەعید، یەكێكە لە سەركردەكانی- فۆتۆ: كاروان ساڵحی

لە مانگی ئابی رابردوودا، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا، وەسفی وتی "جاران حزبە سیاسییەكان گەندەڵییان دەكرد، بەڵام ئێستا خێزانەكان دەستیان بەسەر موڵك و ماڵی حكومەتدا گرتووە... رۆژ دوای رۆژ كەسی بێتوانا لە ئیدارەدا زیاتر دەبێت".

بەڵام مەحمود زێدان، ئەندامى مەکتەبى سیاسى ئەنجومەنى عەرەبى – راكان سەعید یەكێكە لە سەركردەكانی ئەو ئەنجومەنە، بە (کەرکوک ناو)ى وت "ئەو ململانێ و دەنگۆیانە لەناو شار بڵاوە، بەڵام دژی هەموو جیاكارییەكانین لەسەر ئاستی هۆز و عەشیرەت، هەروەها مەزهەب و نەتەوە"، زیاتر وتی "بارودۆخی ئێستای كەركوك بەرگەی ململانێی هۆز و عەشیرەتەكان ناگرێت"، بێئەوەی بچێتە ناو وردەكاریی ململانێیەكانی ئەو دوو هۆزە لەسەر پۆست و دەسەڵات لەنێو فەرمانگەكانی حكومەتدا.

بەڵام سەرچاوەیەك لە ئەنجومەنی عەرەبی، پرسیاریكرد "ئایا ئەگەر كەسێك لە هۆزی عوبەید پۆستێكی نوێی پێبدرێت ئەوان ئیدارەكە بە لاواز وەسفدەكەن؟ خۆ ئەوانیش دەیان كەسیان بەرپرسیارێتیان هەیە لە ئیدارەی كەركوكدا، ئەی ئەم تۆمەتباركردنەیان لەپێناو چییە؟ پۆستی زیاتر یان خەمی خەڵك؟ بێگومان ئەوەی یەكەم".

ئایا ئەگەر كەسێك لە هۆزی عوبەید پۆستێكی نوێی پێبدرێت ئەوان ئیدارەكە بە لاواز وەسفدەكەن؟

بەپێی ئامارێكی بەرەی عەرەبی یەكگرتوو كە دراوە بە (كەركوك ناو)، هۆزی جبور، لە ماوەی دوو ساڵی رابردودا، لانیكەم 20 پۆستی حكومییان لە بەڕێوەبەری گشتی، بەڕێوەبەری فەرمانگە، یاریدەدەر و راگری كۆلێژ بەرژەوەندی خۆیان یەكلاییكردۆتەوە. بەڵام (كەركوك ناو) نەیتوانی راستی ئەو ئامارە یەكلایی بكاتەوە و بزانێت لە بەرامبەردا هۆزی عوبەید چەند پۆستی وەرگرتووە.

شێخ حاتەم لە بەرەی عەرەبی، وتی "بۆ نمونە راكان سەعید سێ راگرى کۆلێژێكی زانكۆی کەركوكی بەیەك رۆژ گۆڕی و سێ كەسی یەك گوندی خزمی خۆی لە هۆزی جبور دانا".

ئەو وتی "مەعقولە زانكۆ كەسێكی شیاوی تیانەبێت جگە لە هۆزی جبور... لەناو هۆزی جبوریش عەشیرەتی سەگەر، كە راكان سەعید لەو عەشیرەتەیە".

بەگشتی ئەوەی رونە، ململانێی نێوان ئەو دوو هۆزە گەورەیەی كەركوك، لە حەویجەوە شۆڕبۆتەوە ناو دامودەزگاكانی كەركوك و جومگەكانی حوكمڕانی و خەڵك و راگەیاندنیان بەو ناكۆكییەوە سەرقاڵكردووە.

wasfi.3asi
كەركوك/تەمموزی 2019/ كۆنگرەی بەرەی عەرەبی یەكگرتوو/ وەسفی عاسی، سەرۆكی بەرەكە و كەسایەتی دیاری عەشیرەتی عوبەید لای راستی وێنەكەیە. فۆتۆ: كاروان سلحی 

لەگەڵ دەستپێكردنی خۆپیشاندانەكانی عیراقدا، بەرەی عەرەبی، داوای خۆپیشاندانی كرد دژی ئیدارەی كەركوك، بەڵام راكان سەعید وەك سەرۆكی لیژنەی باڵای ئەمنی وتی "مۆڵەت بە خۆپیشاندانی هۆز و عەشیرەت نادەین".

لە كەركوك دەیان هۆز و عەشیرەتی عەرەبی دەژین، لەكاتی هەڵبژاردنەكاندا بەسەر ژمارەیەك لیست و هاوپەیمانێتیدا دابەشدەبن.

جبور، عوبەیدی، حەدیدی، حەمدانی، تەمیم، مەفرەجی و شەمەر... لە هۆز و عەشیرەتە دیارەكانی پارێزگای كەركوكن و لە ئێستادا بەسەر بەرەی عەرەبی یەكگرتوو و ئەنجومەنی عەرەبی دابەشبون.

ئیسماعیل حەدیدى، راوێژکارى سەرۆک کۆمارى عیراق و كەسایەتی عەشیرەتی حەدیدی، بە (كەركوك ناو)ی وت "ململانێی هەردوو هۆزی جبور و عوبەیدی لە گۆڕانكارییەكانی پارێزگاكەدا، ناچێتە ململانێى عەشایەرییەوە، بەڵکو ململانێى سیاسییە... هەندێک لە هۆزەکان خۆیان بە هۆزى گەورە دادەنێن بۆیە چاو زیاتر دەچێتە سەر ئەوان، بەڵام هۆزى زۆرمان هەیە لە کەرکوک و خاوەن بڕیار و دەسەڵاتن لە شارەکە".

ئەو داوایكرد هۆز و عەشیرەتەكانی عەرەب، "یەکگرتوو بن و ئەو جۆرە كردەوانە یەكڕیزی نێوانمان تێكنەدا".

یەکگرتوو بن و ئەو جۆرە كردەوانە یەكڕیزی نێوانمان تێكنەدا

هەروەها نازم شمەرى، جێگرى سەرۆکى بەرەى عەرەبی یەكگرتوو، بە (كەركوك ناو)ی وت "باشنییە قسە لەسەر هۆزەكانی تر بكەم، خۆم شەمەریم، بەڵام دەتوانم بڵێم هیچ كێشەیەكی عەشایەرییان نییە، ئەوەی هەیە هەندێك ململانێیان هەیە".

بەڵام شێخ حاتەم دەڵێت بۆ هۆزی عوبەید كێشەكە ئەوەیە لە زۆرینەی پۆستە باڵاكانی كەركوك كە بەر پشكی عەرەب كەوتووە بێبەشبون و مافیان دەخورێت.

ئەو وتی "بڕیاربوو بەڕێوەبەری شارەوانییەكان بۆ هۆزی عوبەید بێت، بەڵام بە هەوڵی راكان سەعید جبورییەك لە بەغداوە دانرا."

وتیشی "بۆ یاریدەدەری فەرمانگەی تەندروستى کەرکوك جبورییەك دانراوە، بۆ ئەوەی لەهەر كاتێكدا بەڕێوەبەرە توركمانەكە لادرا، جبورییەك بچێتە شوێنی". لەگەڵ ئاماژەدان بە پۆستی بەڕێوەبەری پەروەردەی كەركوك هەرچەندە پشكی توركمانە، بەڵام جبورییەك دانراوە.

شێخ حاتەم، وتی "پۆستى بەڕێوەبەرى موڵكداری پارێزگا لە هۆزی عوبەید بوو، بەڵام راكان بە بڕیارێك كردی بە چوار فەرمانگە و سیانیان ئێستا لە هۆزی جبورین".

"ئەگەر هەر کارێک لە تواناى پارێزگارى کەرکوکدا نەبێت، ئەوە محەمەد تەمیم، پەرلەمانتاری كەركوك لە بەغدا ئاسانكاریی بۆ دەكات"، شێخ حاتەم وایوت. هەریەك لە راكان سەعید و محمەد تەمیم لە سەركردە دیارەكانی ئەنجومەنی عەرەبی كەركوكن.

محەمەد تەمیم، دوای دەیان هەوڵ لە 10 رۆژی رابردودا، وەڵامی پەیوەندییەكانی (كەركوك ناو)ی نەدایەوە.

هەروەها (كەركوك ناو)، نەیتوانی لێدوان لە راكان سەعید، پارێزگاری كەركوك و نوسینگەكەی وەربگرێت. بەڵام ئەنجومەنی عەرەبی كە راكان سەعید یەكێكە لە سەركردەكانی رەتیدەكاتەوە ململانێیەكان گەیشتبێتنە ئەو ئاستەی شێخ حاتەم باسی دەكات.

وەسفی عاسی، لە مانگی ئابی رابردودا رەخنەی لە پلەكانی دامەزراندن و پەروەردەی كەركوك گرت و وتی "ئیدارەی پارێزگاكە كڕین و فرۆش بە دامەزراندنی هاوڵاتیانی كەركوكەوە دەكات و نرخی هەر دامەرزاندنێك گەیشتۆتە 12 هەزار دۆلار".

وتیشی "ناكرێت وەسفی عاسی بیەوێت ببێت پارێزگار و ئەوانەی دایاندەمەزرێنێت هەموی عوبەیدی بن و هەموو پڕۆژەكان و پۆستەكان بدرێت بەو بەڵێندەرانەی خۆی، ئایا ئەو كەسە هیچ سودێكتان پێدەگەیەنێت، پێویستە ئەوەی دەسەڵاتی هەبێت هەست بە بەرپرسیارێتی بكات بەرامبەر بە هەموو خەڵكی كەركوك و دەبێت وەك یەك مامەڵە لەگەڵ كورد، عەرەب و توركماندا بكات".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT