دیالە: روناك: وەك من بە

لەیلا پەیامنێری (كەركوك ناو)، لەگەڵ روناك

لەیلا ئەحمەد – كەركوك ناو

روناك لە گوندەكەی خۆیان ژیانێكی زۆر ئاسایی بەڕێدەكرد. لەگەڵ هاوسەرەكەیدا، بژێوی منداڵەكانیان پەیدادەكرد و پێكەوە هاوشانی یەكتر كاریان دەكرد، بەڵام ئەوەی روناك لەهەموو تەمەنیدا بیری لێنەدەكردەوە رویدا؛ لە ناکاو هەموو شتێک گۆڕا، گۆڕانێك كەمن ئەوانەی بەرگەی بگرن.

روناك-ی 40 ساڵ، خاوەنی پێنج منداڵ بوو، بە منداڵێكی تر دووگیان بوو، كاتێك پێنج ساڵ لەمەوبەر لەپڕ هاوژینەكەی بەجەڵتە گیانیسپارد.

ئەوە یەكەم كۆسپ بوو كە روبەڕوی روناك بۆوە، دواتر ئەركی بەخێوكردنی منداڵەكانی كەوتە ئەستۆ. سەرەڕای ئەوەش، بەربەستەكانی كۆمەڵگە و لە نێویاندا كەسوكارەکەی كە پێداگرییان دەكرد روناك گوندەكەی بەجێبهێڵێت بەسەریەکدا کۆبونەوە.

روناك چاوی شین و قژ كاڵە، لێو و رومەتی وشكهەڵگەڕاون و لە یەکێک لە گوندەکانى گەرمیان دەژیت؛ هێشتا لەبەر كەسوكاری ئامادەنییە ئاماژە بە ناوی راستەقینەی خۆیی و گوندەكەی بكات، بەڵام بەوپەڕی باوەڕبەخۆبونەوە چیرۆكی سەركەوتنی بەسەر ئەو كۆسپ و بەربەستانەدا دەنوسێتەوە.

"پێنج منداڵم هەبوو، بە شەشەم منداڵیان دووگیان بوم، لەم گوندە دورە دەستەدا ئەركی بەخێوكردنی شەش منداڵ كەوتە ئەستۆم"، روناك زیاتر وتی "خزمان و دۆستان لەگەڵ تەواوبونی پرسەى پیاوەکەم بەجێیانهێشتین، من ئیتر جلی رەشم پۆشیی و لەو رۆژەوە بێدەنگی باڵی بەسەر خانووە گڵە سارد و سڕەكەماندا كێشا".

ئەوەندەی نەبرد، روناك روبەڕوی ئاستەنگێكی تر بۆوە "كەسوكار و خەڵكی گوندەكە لۆمەیان دەكردم و پێیاندەوتم چیتر ژیانی گوند بۆ تۆی گەنج نابێت، ماڵت بپێچەوە و بچۆرە شار بۆ لای ماڵی براكانت و لەوێ بژێویان بۆ پەیدا بكە".

كەسوكار و خەڵكی گوندەكە لۆمەیان دەكردم و پێیاندەوتم چیتر ژیانی گوند بۆ تۆی گەنج نابێت

لەپاڵ خەمی لەدەستدانی هاوژینەكەی، روناك دەڵێت بەردەوام لە بیركردنەوەدا بووە، كە چۆن منداڵەكانی بەخێوبكات و چۆن روبەڕوی تانە و بەربەستی كۆمەڵگە ببێتەوە. رۆژێك بڕیارمدا "لە گوند دەمێنمەوە، كاری هاوژینەكەم تەواو دەكەم و گوێ بە قسەی كۆمەڵگە نادەم".

ئەو بڕیارە دەستپێكی چیرۆكێكی گرنگ دەبێت، كە تیایدا روناك پاڵەوانە و رەنگە ببێتە نمونەیەكی باش بۆ دەیان ژنی تر كە لە داهاتودا روبەڕوی هەمان ئەو ئاستەنگ و بەربەستانە دەبنەوە.

بڕیارەكە روناكی تاڕادەیەكی زۆر دابڕی لە كەسە نزیكەكانی و بەشێوەیەك تەنانەت هاتوچۆشی ناكەن، چونكە پێیانوابوو دەبێت روناك گوێڕایەڵیان بێت.

روناك تەمەنی 20 ساڵ بوو هاوسەرگری كرد و لە قەزای دەربەندیخانەوە بۆ ئەو گوندەی ئێستای گوازرایەوە.

چەند مانگێك دوای مردنی هاوژینەكەی، روناك منداڵی بوو، بەڵام ماوەیەكی زۆر بێ هێز بوو و نەیدەتوانی بە باشی نان بخوا. "پزیشكەكان تەنانەت نەیاندەتوانی سرنجێك خوێن لەجەستەم دەربكەن".

چەند مانگێكی كەم دوای لەدایكبونی شەشەم منداڵ، روناك دەبوو بژێویان پەیدا بكات و ئەو پێنج ملیۆن دینار قەرزەش بداتەوە كە هاوژینەكەی پێشتر بۆ كشتوكاڵ کردن قەرزی كردبوو.

"دەستم بە کشتوکاڵ و ئاژەڵداری كرد، چەند سەر ئاژەڵێكم لای خەڵك هێنا و بە نیوەبەش بەخێوم دەكردن، دوو ساڵ دوای مردنی هاوژینەكەم پێنج ملیۆن دینار قەرزەكەم دایەوە"، روناك بەسەربەرزییەوە ئەوەی گێڕایەوە.

دوو ساڵ دوای مردنی هاوژینەكەم پێنج ملیۆن دینار قەرزەكەم دایەوە

دواتر تراكتۆری هاوژینەكەی فرۆشت و لەگەڵ بڕێك پارەی تر بڕیاریدا لە خانووە گڵەكەیان ررگاریان بێت، چونكە مەترسی روخانی هەبوو، ئەوەشی بەسەركەوتوی تێپەڕاند.

ئەوكاتەی هاوژینەكەی لەدەستدا، روناك 35 ساڵ بوو. كوڕە گەورەكەی تەنیا 13 ساڵ بوو و بەباشی نەیدەتوانی هاوكاریی دایكی بكات، بەڵام ئێستا هاوكارێكی باشی دایكیەتی.

روناك بەڵێنیدا هەرچۆنێك بێت، منداڵەكانی بەردەوامبن لە خوێندن، چونکە ئەوە ئاواتێكی هاوژینەكەی بوو.

ئەم چیرۆكی سەركەوتنە هەروا بەئاسانی نەهاتۆتەدی، روناك ئازار و نەهامەتی زۆری چەشتووە و دەڵێت "رۆژی واهەبووە منداڵەكانم نەخۆش بون، چەند كیلۆمەترێكم بەپێ بڕیوە تا گەیشتومەتە شەقامی سەرەكی تا بە ئۆتۆمبێل بیانبەم بۆ لای پزیشك".

ئەو مانگانە دەچێتە شار و پێداویستی ماڵ و منداڵەكانی دەكڕێت، خزم و كەسوكاریی سەردانی ناكەن لەوكاتەوەی هاوژینەكەی كۆچیی دواییكردووە. تەنانەت ماڵی باوكیشی، جگە لە خوشكەكەی ئەویش جەژناو جەژن.

"تا گیان لەگیانم بێت، لەپێناو منداڵەكانم هەوڵدەدەم، دەمەوێت خوێندن تەواو بكەن و ئایندەیان دیاربێت، نەك هەمان روناكی من چارەنوسیان بێت".

رۆژێك مامۆستایەكی خوێندنگە زلـلەیەك لە یەكێك لە منداڵەكانی دەدات، بەڵام روناك دەچێتە خوێندنگە و پییان دەڵێت، "منداڵەكانم بەتوندوتیژیی پەروەرد نەكردووە، نامەوێت ئەمە دوبارە ببێتەوە".

هەرچییەك بێت روناك، ئێستا لە ئاستێكدایە ئەو ئاستەنگانەی پێشتری تێپەڕاندووە، شۆكی لەدەستدانی هاوژینەكەی كەمبۆتەوە، دەتوانێت منداڵەكانی بەخێوبكات و دەژین؛ لەگەڵئەوەشدا. بۆ كەسوكار و كۆمەڵگەی سەلماند لەسەر رێگەی راست بووە. ئەو وتی "بڕیار بدە و پشت بەخۆت ببەستە، بەمشێوەیە تۆش دەتوانیت سەركەوتوو بیت".

روناك دەستە ماندوەكانی بۆ ئاسمان بەرزكردەوە و سوپاسگوزارانە دەڵێت، "خوایە پشتم بەتۆ بەست و سەربەرزانە هەموو ناخۆشییەکانم تێپەڕاند".

تێبینی: ناوی روناك لەسەر داوای خۆی پارێزراوە

 

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT