بەنداوایا؛ سەیرانگەیەك ئاین و پێكهاتە جیاوازەكان كۆدەكاتەوە

ئەلقوش/ تەمموزی 2019/ سەیرانگەی بەنداوایا چەكی كۆكردنەوەی ئاین و پێكهاتە جیاوازەكان فۆتۆ: كەركوك ناو

کاروان باعەدرێ - ئەلقوش

رۆژانی پشوو، سەیرانگەی بەنداوایا لە ناحیەی ئەلقوش، دەبێتە چەقی كۆكردنەوەی ئاین و پێكهاتە جیاوازەكانی پارێزگای نەینەوا و جمەی دێت لە گەشتیاران. كۆكردنەوەی هەموو ئاین و پێكهاتە جیاوازەكان جۆرێك لە دڵنیایی و پەیامی پێكەوەژیانی هەڵگرتووە.

بەنداوایا گوندێکی كریستیانی سەر بە ناحیەی ئەلقوش لە قەزای تلكێف، بەدوری 45كم دەكەوێتە باكوری شاری موسڵ.

تێپەڕبونی روبارێک لە چیای بێخیر بەناو گوندەكەدا، ناوچەكەی كردۆتەوە شوێنێكی گەشتیاریی. ئاوێكی سازگار، دۆڵێكی ئارام و فێنك بۆتە چەقی كۆكردنەوەی ئاینە جیاوازەكان.

حەربی حەجی، گەشتیارێکی ئێزیدییە، دەڵێت هاوینان دوو تا سێجار دەچێتە سەیرانگەی بەنداوایا، "شوێنێکی هێمن و تایبەتە، لێرە هەمومان پێكەوە كۆدەبینەوە، مەسیحی، ئێزیدیی، كاكەیی و موسوڵمان".

شوێنێکی هێمن و تایبەتە، لێرە هەمومان پێكەوە كۆدەبینەوە، مەسیحی، ئێزیدیی، كاكەیی و موسوڵمان

زیۆس بترس، خاوەنی کۆشکێكی گەشتیارییە لەو سەیرانگەیە، وتی "ئەوەی رۆژانی پشوو لێرە دەگوزەرێت خۆشییە لە نێوان ئاین و پێكهاتەكانی دەشتی نەینەوا... هەمومان لە یەک ئاو مەلە دەکەین، پێدەکەنین و زەردەخەنە تا ئێواران و درەنگانی شەو بەردەوامدەبێت".

ئەلقوش/تەمموزی 2019/ سەیرانگەی بەنداوایا فۆتۆ: كەركوك ناو

بەنداوایا بە یەكێك لە گرنگترین شوێنە گەشتیارییەكانی ئەلقوش دادەنرێت، جگە لە خەڵكی ناوچەكە لە پارێزگاكانی تریش گەشتیاران روی لێدەكەن.

رەجا ئەنتوان، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری شێخان، وتی "جیاوازی سەیرانگەی بەنداوایا ئەوەیە بۆتە چەقی پێکهاتە و ئاینەکان، چونکە وەک سەنتەرێکی گەشتیارییە، خەڵکی دەشتی نەینەوا لە موسوڵمان، ئێزیدی، كریستیانیی، شەبەك و كاكەیی كۆدەكاتەوە...".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT