"ده‌نگی كچه‌كه‌م له گوێم‌دا ده‌زرنگێته‌وه"، به‌م ده‌ربڕینه باوكی ئه‌و كچه سێ ساڵانه‌ی له كه‌ركوك و له نێو مه‌له‌وانگه‌یه‌كدا گیانیله‌ده‌ستدا، چووه نێو چیرۆكی كاره‌ساته‌كه‌ی گه‌ڕه‌كی یه‌كی حوزه‌یران، كرۆكی چیرۆكه‌كه بریتییه له گێچه‌ڵی سێكسی دوو مێردمنداڵ به‌رامبه‌ر به منداڵێكی سێ ساڵان و دواتر كوشتنی.
نیوه‌ڕۆی چوارشه‌ممه‌ی رابردوو 8ی تهمموز، دوو مێردمنداڵ كه ته‌مه‌نیان 10 و 11 ساڵن، كچێكی سێ ساڵانی دراوسێی خۆیان به پاساوی یاریكردن ده‌به‌نه ماڵه‌وه و دواتر به‌ره‌و مه‌له‌وانگه‌یه‌كی گه‌ڕه‌كی یه‌كی حوزه‌یران له كه‌ركوك راپێچی ده‌كه‌ن، له‌وێ له پاش "ده‌ستدرێژی"و گریانی منداڵه‌كه، به‌ره‌و ناو مه‌له‌وانگه‌كه پاڵی پێوه‌ده‌نێن و به‌هۆیه‌وه گیانله‌ده‌ستده‌دات.
چیرۆكه‌كه شۆكی له‌نێو تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا دروستكردووه، به‌تایبه‌ت دوای ئه‌وه‌ی ده‌زگا ئه‌منییه‌كان ده‌ستگیركردنی هه‌ردوو تۆمهتبارهكهیان راگه‌یاند و جه‌ختیانكرده‌وه له‌وه‌ی دانیان به تاوانه‌كه‌یاندا ناوه.
سه‌ره‌تای چیرۆكه‌كه
سەیف سەبار غه‌ربی، باوكی كچه سێ ساڵانه‌كه، كاری گه‌یاندن (دیلیڤه‌ری) ده‌كات، ده‌ڵێت وه‌كو هه‌موو رۆژێكی ئاسایی چۆته سه‌ر كاره‌كه‌ی، به‌ڵام له كاتژمێر 1:30ی دواینیوه‌ڕۆی چوارشه‌ممه‌ی رابردوو، هاژینه‌كه‌ی داوای لێده‌كات بگه‌ڕێته‌وه بۆ ماڵ، "چونكه كچه‌كه‌یان بۆ یاریكردن چۆته ده‌ره‌وه و سۆراغی نییه".
سه‌یف كه یه‌كێكن له خێزانه ئاواره‌كانی سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتدارێتی داعش و له ناوچه‌ی قائیم، له روماد-ییه‌وه به‌ره‌و كه‌ركوك هاتون، وتی "به په‌له گه‌ڕامه‌وه ماڵ، لەگەڵ دراوسێیهكانم زۆر گه‌ڕاین، به‌ڵام هه‌ر سۆراغی نه‌بوو، دواتر له بڵندگۆی مزگه‌وتی گه‌ڕه‌كه‌كه‌وه بڵاومانكرده‌وه، هه‌ر بێ‌سود بوو". له كاتژمێر 3:30 خولهك ئاگادارده‌كرێنه‌وه كه ته‌رمه‌كه‌ی له نێو مه‌له‌وانگه‌ی سه‌نته‌ری گه‌نجانی یه‌كی حوزه‌یران دۆزراوه‌ته‌وه.
مه‌له‌وانگه‌كه دوو كۆڵان له دوری ماڵی ئه‌و خێزانه‌وه دووره، به‌پێی لێكۆڵینه‌وه‌كان پێده‌چێت منداڵه‌كان له‌ژێر سیاجی سه‌نته‌ره‌كه‌وه چوبێتنه ژوره‌وه، سیاجهكهی له ته‌ل دروستكراوه. ماڵی ئه‌و دوو مێردمنداڵه و كچه سێ ساڵانه‌كه له‌به‌رامبه‌ر یه‌كترن.
كاتێك كه‌سوكاری ئه‌و كچه ده‌گه‌نه سه‌نته‌ره‌كه، پۆلیس له‌وێ ئاماده ده‌بێت و بۆ توێكاریی ته‌رمه‌كه‌ی ده‌به‌نه پزیشكی دادوه‌ری كه‌ركوك.
پرۆسه‌ی توێكارییه‌كه دوو رۆژی پێچووه، به‌و هۆیه‌وه له رۆژی هه‌ینی ته‌رمه‌كه‌یان رادهستكردونهتهوه و به خاكیان سپاردووه.
راپۆرتی پزیشكی دادوه‌ری كه‌ركوك كه ئاراسته‌ی دادگا كراوه، ده‌ریخستووه كچه سێ ساڵانه‌كه "ده‌ستدرێژی سێكسی كراوه‌ته سه‌ری".
ده‌ستگیركردنی دوو مێردمنداڵ
دوابه‌دوای راده‌ستكردنی ته‌رمه‌كه و پێش ئه‌و واده‌یه‌ش، دەزگا ئه‌منییه‌كانی كه‌ركوك لێكۆڵینه‌وه‌كانیان ده‌ستپێكرد و گومانیان له‌سه‌ر دۆسییه‌كه بۆ دروستبوو. له نێویاندا دەزگای هەواڵگری و نەهێشتنی تیرۆر و نەهێشتنی تاوان.
سه‌رچاوه‌یه‌كی ئه‌منی وتی "له‌و چوارچێوه‌یه‌دا و دوای پێداچونه‌وه به كامێرای چاودێری گه‌ڕه‌كه‌كه، توانرا دوو مێردمنداڵ ده‌ستگیربكرێن"، سه‌رچاوه‌كه جه‌ختیكرده‌وه له لێكۆڵینه‌وه‌دا دانیانبهتاوانهكهیانداناوه و ئه‌و پرۆسه‌یه فه‌رمانده‌ی پۆلیسی كه‌ركوك سه‌رپه‌رشتی كردووه.
له دانپێدانانه‌كه‌دا جه‌ختیانكردۆته‌وه له‌وه‌ی "هه‌ردوكیان كچه سێ ساڵانه‌كه‌یان بردۆته ماڵی یه‌كێكیان، دواتر دایكی یه‌كێك له مێردمنداڵه‌كان وتویه‌تی بیبه‌نه‌وه بۆ ماڵی خۆی"، به‌ڵام مێردمنداڵه‌كان كچه‌كه‌یان نه‌بردۆته‌وه ماڵی دایكی و به‌ره‌و سه‌نته‌ری گه‌نجانی گه‌ڕه‌كه‌كه رۆیشتون.
"له سه‌نته‌ره‌كه كچه‌كه گریاوه و هاواری كردووه، ئه‌وانیش شڵه‌ژاون و له ترسا پاڵیان پێوه ناوه بۆ ناو مه‌له‌وانگه‌كه"، سه‌رچاوه‌كه‌ی پۆلیس وتی "مه‌له‌وانگه‌كه ئاوی كه‌می تیابووه، به‌ڵام سه‌ری كچه‌كه به‌ر كاشی مه‌له‌وانگه‌كه كه‌وتووه و توشی خوێنبه‌ربون بووه".
هه‌ردوو مێردمنداڵه‌كه یه‌كشه‌ممه 12ی تهمموز برانه به‌رده‌م دادوه‌ر، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی جارێكی تر دانپێدانیان لێوه‌رگیرا، به‌ڵام پرۆسه‌ی دادگایكردنیان دواخرا به‌هۆی ئه‌وه‌ی پارێزه‌ریان نه‌بوو.
به‌پێی لێكۆڵینه‌وه‌ی ده‌زگا ئه‌منییه‌كان ده‌ركه‌وتووه، باوكی یه‌كێكیان به تۆمه‌تی تیرۆر له زیندانه و باوكی یه‌كێكی تریشیان پێشتر له روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی نێوان چه‌كدارانی داعش و هێزه ئه‌منییه‌كانی عیراق كوژراوه، سه‌رچاوه‌یه‌كی هه‌واڵگیری وایوت.
پارێزەرێكی دادگای كه‌ركوك كه له نزیكه‌وه ئاگاداری دۆسییهكهیه، وتی "دادوه‌ر به‌پێی مادده‌ی 405 له یاسای سزادانی عیراقی مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ كه‌یسه‌كه‌دا ده‌كات... مێردمنداڵه‌كان ره‌وانه‌ی گرتوخانه‌ی نه‌وجه‌وانان كراون".
كچه‌كه سێ ساڵانه‌كه تاقانه‌ی خێزانه‌كه‌یه‌تی، سه‌یف غه‌ربی وتی "ده‌نگی كچه‌كه‌م له‌گوێم ده‌زرنگێته‌وه، یاریكردن و هه‌ستان و دانیشتنی له‌به‌رچاوم ون نابێت، شوێنی نوستن و بوكه‌ڵه‌كانی هه‌رده‌م له‌به‌رچاومن، ده‌مه‌وێت دادگا سزای بكه‌رانی روداوه‌كه بدات".
ئه‌رشه‌د ساڵحی، په‌رله‌مانتاری كه‌ركوك، دووشه‌ممه 13ی تهمموز، دوای سه‌ردانی گرتوخانه‌ی نه‌وجه‌وانان و بینینی ئه‌و دوو مێردمنداڵه، نیگه‌رانی خۆی نیشاندا له بونی ده‌یان مێردمنداڵی تر له‌و گرتوخانه‌یه و وتی "به چه‌ندین تاوانی قێزەوەن تومه‌تبارن... ئایندەی منداڵەکانمان و كه‌ركوك لە مەترسیدایه".