گه‌ڕان به‌دوای بكوژاندا
دادگا و رێكخراوه‌كان كار بۆ نه‌هێشتنی كوشتنی ژنان ده‌كه‌ن

سلێمانی/ 23ی تشرینی دووه‌می 2026/ خانمێك له‌به‌رده‌م دوو تابلۆ له‌ پێشانگای تایبه‌ت به‌ هه‌ڵمه‌تی 16 رۆژه‌ی به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی توندوتیژی خێزانی. فۆتۆ: تایبه‌ت به‌ كه‌ركوك ناو

شۆڕش خالید

"46 ژن له‌ نۆ مانگی ئه‌مساڵدا كوژراون"، پارێزه‌ر شۆخان حه‌مه‌ڕه‌شید، به‌ ئاشكراكردنی ئه‌م داتایه‌ گفتوگۆیه‌كی قوڵی بۆ دادوه‌ر، داواكاری گشتی و رێكخراوه‌كانی به‌رگریكردن له‌ مافه‌كانی ژنان به‌جێهێشت، گفتوگۆیه‌ك‌ كه ده‌یویست‌ به‌دوای ئه‌و وه‌ڵامه‌دا بگه‌ڕێت "ئه‌ی كه‌واته‌ بكوژه‌كان له‌ كوێن؟

شۆخان له‌ ده‌ستپێكی به‌ڕێوه‌بردنی پانێڵێكدا كه‌ به‌شێكه‌ له‌ چالاكییه‌كانی هه‌ڵمه‌تی 16 رۆژه‌ی به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی توندوتیژی دژی ژنان، وتی "ئه‌م داتاو  پێشێلكارییانه‌ ترسناكن، له‌كاتێكدا كه‌مترین تاوانبار سزاده‌درێن".

پانێڵه‌كه‌ له‌‌ هۆڵی مۆزه‌خانه‌ی نیشتیمانی ئه‌منه‌سوره‌كه له‌ سلێمانی به‌ڕێوه‌چوو‌ له دووشه‌ممه‌‌ 23ی تشرینی دووه‌می 2026، چالاكییه‌كه‌ له‌لایه‌ن رێكخراوی وادی ئه‌ڵمانی و هاوبه‌شه‌كانی له‌ چوارچێوه‌ی پڕۆژه‌ی هاوڵاتیبوون-دا رێكخرابوو، بڕیاره‌ تا رۆژی 26ی مانگ به‌ چه‌ندین چالاكی جۆراوجۆر به‌رده‌وامبێت.

هه‌ڵبژاردنی ئه‌م ناونیشانه‌ بۆ پانیڵه‌كه‌ له‌كاتێكدایه‌ وه‌زاره‌تی ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، چوار ساڵه‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانی به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی توندوتیژی دژی ژنانی ئاگاداركردۆته‌وه‌ كه‌ نابێت چیتر ئاماری كوشتنی ژنان بڵاوبكه‌نه‌وه‌، شۆخان حه‌مه‌ڕه‌شید وتی "گوایا مه‌ترسی بۆ سه‌ر ئاسایشی كۆمه‌ڵگه‌ هه‌یه‌".

به‌ڵام رێكخراوه‌كان له‌ چوارچێوه‌ی تۆڕێكی پێكه‌وه‌ كاركردندا، له‌وانه‌ تۆڕی 8ی مارس، ساڵانه‌ ئاماره‌كان كۆده‌كه‌نه‌وه‌ و بڵاوده‌كه‌نه‌وه‌، ساڵی رابردوو كوشتنی 69 ژنیان له‌ ناوچه‌ جیاوازه‌كانی هه‌رێمی كوردستان تۆماركردووه‌.

"یاساكه‌ توندتر بكرێت"

كرۆكی پانێڵه‌كه‌ ئه‌وه‌ بوو، رۆڵی داواكاریی گشتی و رێكخراوه‌كان له‌ بونی ئه‌و ئاماره‌ مه‌ترسیداره‌دا چین و رێكاره‌كانی دادگا له‌و كه‌یسانه‌دا چۆن به‌ڕێوه‌ده‌چن؟

shokhan wola
سلێمانی/ 23ی تشرینی دووه‌می 2026/ پانێڵێك له‌ باره‌ی رێكاره‌كانی دادگاییكردن له‌ تاوانه‌كانی توندوتیژی دژی ژنان و رۆڵی داواكاری گشتی و رێكخراوه‌كان. فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

سه‌ڵاح حه‌سه‌ن، دادوه‌ری دادگای تاوانه‌كان، وتی "هه‌موو كه‌یسه‌كانی په‌یوه‌ست به‌ كوشتنی ژنان، به‌ رێڕه‌وێكی ته‌واو یاساییدا تێپه‌ڕده‌بن... پرۆسه‌كه ‌سه‌ره‌تا له‌ به‌ڵگه‌ی تاوانه‌وه‌ ده‌ستپێده‌كات"، ئه‌و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌ی به‌ چالاك و ئیشكه‌ر وه‌سفكرد له‌ كۆكردنه‌وه‌ی به‌ڵگه‌دا.

به‌ڵام له‌گه‌ڵئه‌وه‌شدا وتی كه‌ پێویسته‌ یاسای به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی توندوتیژی خێزانی توندتر بكرێت، "له‌ حاڵه‌تی توندكردنیدا ده‌بێته‌ په‌رژینێك بۆ پاراستنی ژنان، بۆ ئه‌وه‌ی پێشیلكاریی به‌رامبه‌ریان نه‌گاته‌ حاڵه‌تی كوشتن".

له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی بۆچی پێویسته‌ یاساكه‌ توندتر بكرێت؟ سه‌ڵاح حه‌سه‌ن، كه‌ هاوكات وته‌بێژی دادگای سلێمانییه‌، پێیوایه‌ توندكردنی واده‌كات پێشێلكارییه‌كان نه‌گاته‌ حاڵه‌تی كوشتن یان خۆكوشتن. هه‌روه‌ها وتی "ده‌مانه‌وێت كوشتن له‌ پێناو شه‌ره‌فدا نه‌مێنێت".

سه‌ڵاح حه‌سه‌ن، بۆ قسه‌كانی به‌ڵگه‌ی هێنایه‌وه‌ "ژنی واهه‌یه‌ چه‌ندینجار سكاڵای تۆماركردووه‌ دژی ئه‌و پێشیلكارییانه‌ی له‌لایه‌ن ره‌گه‌زی به‌رامبه‌ره‌وه‌ له‌ دژی ئه‌نجامدراون، دواتر ورد ورده كه‌ بكه‌ر سزای وه‌رنه‌گرتووه‌،‌ په‌نای بۆ خۆكوشتن بردووه‌، یان كوژراوه‌، ئه‌گه‌ر یاساكه‌ له‌ حاڵه‌تی ئه‌و پێشێلكارییانه‌دا‌ توندتربێت. ئه‌و ره‌نگه‌ ژنه‌كه‌ نه‌گاته‌ ئه‌وه‌ی په‌نا بۆ خۆكوشتن ببات یان بكوژرێت".

پێشیوایه‌ باشتره‌ یاساكان له‌سه‌ر بنه‌مای ره‌گه‌ز جیانه‌كرێنه‌وه‌، "چونكه‌ كوشتن هه‌ر كوشتنه‌، جا چ پیاوبێت یان ژن، هه‌ردوكیان دواجار مرۆڤن و ده‌بێت به‌یه‌ك چاو مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا بكرێت".

له‌ وه‌ڵامی پرسیاری شۆخان حه‌مه‌ڕه‌شید و ئاماده‌بوواندا، ئایا چ فشارێكی ده‌ره‌وه‌ی دادگا، كاریگه‌ریی له‌سه‌ر رێڕه‌وی دادگاییكردنی كه‌یسه‌كانی كوشتنی ژنان هه‌یه‌، سه‌ڵاح حه‌سه‌ن وتی "سه‌ربه‌خۆی دادگا به‌ ته‌واوی پارێزراوه‌ و له‌ژێر هیچ فشارێكدا نییه‌... ئه‌وه‌ی  حكوم ده‌كات ته‌نیا به‌ڵگه‌كانه‌. له‌ كه‌یسی كوشتنی ژناندا چاوپۆشی له‌ كه‌س ناكرێت"، سه‌ڵاح حه‌سه‌ن وایوت.

چی بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی تاوانبار سزابدرێت؟

ئه‌م پرسیاره‌ له‌ پانێڵه‌كه‌دا روبه‌ڕوی دادوه‌ر ڤینۆس به‌كر، ئه‌ندامی داواكاریی گشتی كرایه‌وه‌، ناوبراو یه‌كێكه‌ ئه‌و دادوه‌رانه‌ی كه‌ له‌ زۆرێك له‌ كه‌یسه‌كانی تایبه‌ت به‌ كوشتنی ژنان ئاماده‌ییان هه‌یه‌.

3 tundutezhy
سلێمانی/ 23ی تشرینی دووه‌می 2026/ چالاكییه‌كانی هه‌ڵمه‌تی 16 رۆژه‌ی به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی توندوتیژی خێزانی. فۆتۆ: تایبه‌ت كه‌ركوك ناو

"كوشتنی ژنان هه‌ندێك كات خاوه‌ندارێتی ناكرێت، به‌ڵام مانای ئه‌وه‌ نییه‌ بكوژ ده‌ربازی ده‌بێت"، ڤینۆس به‌كر، هه‌روه‌ها وتی "هیچ دادوه‌رێك له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌وه‌ی كوژراو ژنه‌ یان پیاو، جیاوازی له‌ كه‌یسه‌كاندا نه‌كردووه‌"، ئه‌مه‌ش له‌ وه‌ڵامی ئه‌وه‌ی ئایا تاوانه‌كانی توندوتیژی له‌سه‌ر بنه‌مای ره‌گه‌ز جیاوازی هه‌یه‌.

بۆ ئه‌و تێڕوانینه‌ گشتییه‌ی كه‌ هه‌یه‌، ئایا بكوژه‌كان له‌ كوێن؟ له‌كاتێكدا ئاماره‌كانی كوشتنی ژنان ترسناكن، ڤینۆس به‌كر، وتی‌ "بۆ ئه‌وه‌ی تاوانبار سزابدرێن و بكوژ بدۆزرێته‌وه‌، پێویسته‌ دادوه‌ر له‌ شوێنی روداوه‌كاندا ئاماده‌یی هه‌بێت"، زیاتر رونیكرده‌وه‌ "به‌گشتی له‌ حاڵه‌تی روداوه‌كاندا، ره‌نگه‌ دایكی، كه‌سێكی نزیكی، یان دراوسێیه‌كی له‌و ساته‌دا كه‌ دۆسییه‌كه‌ گه‌ر‌ماوگه‌رمه‌ شتێك بدرێكێنێت، كه‌ وه‌كو به‌ڵگه‌یه‌كی گرنگ بێت بۆ كه‌یسه‌كه‌". زیاتر وتی "بۆ نمونه‌ ره‌نگه‌ دایكی له‌وكاته‌دا هاوار به‌سه‌ر كوڕه‌كه‌یدا بكات كه‌ بۆچی خوشكه‌كه‌ی كوشتووه‌".

ڤینۆس پێیوایه‌ كه‌ هه‌ندێك له‌ كه‌سوكاری كوژراوان، كاریگه‌رییان هه‌یه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی نه‌زانرێت تاوانبار كێیه‌، "راستی روداوه‌كان ده‌شارنه‌وه‌ به‌وه‌ش بكوژ ده‌ربازی ده‌بێت... باشتر وایه‌ كه‌سوكار یارمه‌تیده‌ربێت".

نیگه‌رانی خۆیشی نیشاندا له‌وه‌ی "هێشتا كه‌م نین ئه‌وانه‌ی ده‌ستخۆشی له‌ كوشتنی ژنان ده‌كه‌ن له‌ پێناو شه‌ره‌ف...كوشتنی ژنان هه‌ندێك كات خاوه‌ندارێتی ناكرێت".

به‌ڵام له‌گه‌ڵئه‌وه‌شدا وتی كه‌ ئه‌وانه‌ مانای ئه‌وه‌ نین بكوژ ده‌ربازی بێت، "زۆرێك له‌وانه‌ی حوكمدراون كه‌سوكاری كوژراو نه‌هاتون به‌دوای كه‌یسه‌كه‌دا و خاوه‌ندارێتی كه‌یسه‌كه‌یان نه‌كردووه‌، به‌ڵام مادام كه‌یسه‌كه‌ هاتۆته‌ دادگا، دادوه‌ران و داواكاری گشتی كاری خۆیان كردووه‌".

شۆخان حه‌مه‌ڕه‌شید، كه‌ هاوكات به‌ڕێوه‌به‌ری رێكخراوی وه‌لایه‌ و به‌شێوه‌ی خۆبه‌خش پارێزه‌ر بۆ ئه‌و ژنان و كچانه‌ ده‌گرن كه ‌روبه‌ڕوی پێشێلكاریی و هه‌ڕه‌شه‌ی كوشتن ده‌بنه‌وه‌، وتی "كاریگه‌ریی یاساكان گرنگ و به‌هێزن بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی پێشێلكارییه‌كان، بۆ نمونه‌ جاران بكوژ به‌بێ ترس ده‌یوت له‌سه‌ر شه‌ره‌ف كوشتومه‌، به‌ڵام ئێستا جگه‌له‌وه‌ی حاشا ده‌كات كه‌ ئه‌و بكوژ بێت، به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ناڵێت له‌سه‌ر شه‌ره‌ف كوشتومانن".

رێزان شێخ دلێر، پارێزه‌ری راوێژكار و ئه‌ندامی خولی پێشوی په‌رله‌مانی عیراق، له‌ ده‌ستپێكی پانێڵه‌كه‌دا كه‌ وه‌كو قسه‌كه‌ر به‌شداربوو، وتی "ئه‌م جۆره‌ گفتوگۆیه‌، كۆكردنه‌وه‌ی دادوه‌ر، داواكاری گشتی و رێكخراوه‌كان و داكۆكیكارانی مافه‌كانی ژنان زۆر زۆر گرنگه، ده‌توانین پێكه‌وه له‌ كێشه‌كان تێبگه‌ین".

4tundutezhy
سلێمانی/ 23ی تشرینی دووه‌می 2026/ پانێڵێك له‌ باره‌ی رێكاره‌كانی دادگاییكردن له‌ تاوانه‌كانی توندوتیژی دژی ژنان و رۆڵی داواكاری گشتی و رێكخراوه‌كان. فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

 رێزان پێیوایه‌ به‌شیك له‌ پارێزه‌ره‌كان به‌ ئه‌قڵیه‌تێكی پیاوسالارانه‌ له‌ كه‌یسه‌كانی ژنان ده‌ڕوانن و مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌كه‌ن، ئه‌وه‌ش كاریگه‌ریی "له‌سه‌ر دۆسییه‌كان هه‌یه‌".

پێشنیاری بۆ دادوه‌ره‌كانیش كرد، "له‌كاتی كۆكردنه‌وه‌ی به‌ڵگه‌دا خوێندنه‌وه‌یه‌كی مێژویی بۆ كه‌یسه‌كانی ژنان بكه‌ن، ئینجا بڕیار له‌سه‌ر دۆسییه‌كانیان بده‌ن، چونكه‌ كوشتن دوای چه‌ندین قۆناغی پێشیلكاریی و گرفتی به‌رده‌وام دێت، ئه‌گه‌ر خوێندنه‌وه‌یه‌كی مێژویی بۆ دۆسییه‌كان بكرێت و زوو بڕیار نه‌درێت، له‌وێدا ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ تاوانبار كێیه‌ و بۆچی كوشتویه‌تی".

هه‌روه‌ها وتی "پێویسته ئه‌وه‌ش‌ بزانن كه‌ چۆن دادوه‌ریی به‌دیده‌هێنن له‌ نێوان كه‌یسه‌كانی كوشتن و كوشتن له‌ پێناو شه‌ره‌فه‌، ئه‌مه‌ پرسێكی گرنگه‌".

ره‌خنه‌ی ئه‌وه‌شی له‌ دادگاكان هه‌بووه‌، كه‌ هه‌ندێك له‌ دادوه‌ره‌كانیان، شاره‌زایی ئه‌وتۆیان نییه‌ له‌سه‌ر توندوتیژی ئه‌لكترۆنی كه‌ ئێستا سه‌رچاوه‌ی كوشتن و پێشێلكاریین به‌رامبه‌ر به‌ ژنان.

"دادوه‌ر هه‌یه‌ نازانێت توندوتیژی له‌ڕێی تویتێكه‌و مانای چییه‌؟ هه‌ر نازانێت تویت چییه‌؟ ده‌چێت كه‌یسه‌كه‌ راده‌ستی ئایتییه‌ك ده‌كات، ئه‌ویش ده‌ڵێت لێی نازانم. بۆیه‌ دادوه‌ری له‌م كه‌یسانه‌دا به‌مشێوه‌یه‌ ناكرێت".

نیگه‌رانییه‌كی تری رێزان ئه‌وه‌یه‌ "تاوانه‌ ئه‌لكترۆنییه‌كان لای ده‌زگای ئاسایشه‌، ئه‌وانیش كاتێك بۆیان ده‌رده‌كه‌وێت پرسه‌كه‌ خێزانییه،‌ نایانه‌وێت كاری له‌سه‌ر بكه‌ن و به‌دوایدا بچن، له‌مه‌شدا ژنان ده‌بنه‌ قوربانی یه‌كه‌م".

پانێڵیسته‌كان هاوڕابون له‌سه‌ر چه‌ند پێشنیارێك بۆ خزمه‌تكردنی كه‌یسه‌كانی توندوتیژی دژی ژنان، له‌ نێوان دادگا، داواكاری گشتی و رێكخراوه‌كانی ژنان. له‌ نێویاندا هه‌ماهه‌نگی زیاتر و بینینی راهێنان و په‌یداكردنی شاره‌زایی زیاتر بۆ چۆنیه‌تی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ئه‌و كه‌یسانه‌دا.

رێزان وتی "نابێت چالاكوانان و رێكخراوه‌كان كارێك بكه‌ن كه‌ دادوه‌ر ناچاربێت دانیشتنه‌كانی په‌یوه‌یست به‌ ژنان به‌ نهێنی بكرێن، ده‌بێت به‌ كراوه‌یی بێت بۆ به‌شدارپێكردنی چالاكوانان و پارێزه‌ران و داواكاری گشتی... داواكاریی گشتی ده‌بێت ئه‌و شوێنه‌ بێت كه‌ به‌ ماڵی خۆمانی ده‌زانین".

هه‌روه‌ها ڤینۆس به‌كر وتی "باشتره‌ داواكاریی گشتی رۆڵیان پێبدرێت له‌ داڕشتنه‌وه‌ی یاساكاندا... رێكحراوه‌كانیش هه‌وڵبده‌ن له‌ مینبه‌ری مزگه‌وته‌كانه‌وه‌ پرۆسه‌ی هۆشیاركردنه‌وه‌ی گشتی ده‌ستپێبكه‌ن دژی ژنكوشتن، چونكه‌ ئه‌وان كاریگه‌رییان له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌ زۆره‌".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT