ئه‌و ده‌نگانه‌ی نابیسترێن... ژنانی ئەلقوش ناتوانن ده‌رفه‌تی كار به‌ده‌ستبهێنن

ده‌شتی نه‌ینه‌وا، 2019، گه‌ڕه‌كێكی كۆنی تلسقۆف فۆتۆ: عه‌مار عه‌زیز

عه‌مار عه‌زیز

ده‌‌‌‌ستكه‌وتنی كار بۆ ژنانی ئه‌لقوش له‌ ده‌شتی نه‌ینه‌وا یه‌كێكه‌ له‌ ئاڵنگارییه‌ قورسه‌كان، ناحییه‌كه‌ كارگه‌ی پێویست و دامه‌زراوه‌ی كه‌رتی تایبه‌تی لێ نییه‌، ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه دامه‌زراندن له‌ڕێی حكومه‌ته‌وه‌ پرۆسه‌یه‌كی قورسه‌ و تادێت ده‌رفه‌تی كار كه‌متر ده‌بێته‌وه‌.

ئه‌لقوش له‌ ده‌یه‌ی رابردودا ناوچه‌یه‌كی پڕ له‌ ململانێی بوو، به‌زۆر رووداوی توندوتیژدا تێپه‌ڕیوه‌ و خه‌ڵكه‌كه‌ی به‌شێكی زۆریان له‌ سه‌رده‌می شه‌ڕی داعشدا ئاواره‌بون، به‌ڵام له‌گه‌ڵ گه‌ڕانه‌وه‌یاندا بۆ زێدی خۆیان نه‌توانراوه‌ ده‌رفه‌تی پێویستی كاركردنیان بۆ فه‌راهه‌م بكرێت.

"خه‌می گه‌وره‌ی ئێمه‌ ده‌ستكه‌وتنی كاره‌، له‌گه‌ڵئه‌وه‌شدا كه‌س گوێمان لێناگرێت"، مریەم سالار، كولێژی ئەندازیاری ته‌واوكردووه‌ و یه‌كێكه‌ له‌و هه‌زاران كچانه‌ی ناحییه‌كه‌ كه‌ به‌دوای ده‌رفه‌تی كاردا ده‌گه‌ڕێت وایوت.

مریه‌م وتی كه‌ ئه‌وانه‌شی كه‌ ئێستا ده‌خوێنن بێئومێدن و له‌ چاره‌نوسیان ده‌ترسن "كاتێك ده‌بینن له‌ هیچ شوێنێك دانامه‌زرێن و ده‌رفه‌تی دۆزینه‌وه‌ی كاریان نییه‌".

ئه‌لقوش ناوچه‌یه‌كی فراوانه‌ و 34 گوند و سێ كۆمه‌ڵگه‌ی به‌سه‌ره‌وه‌یه‌، له‌ڕوی ئیدارییه‌وه‌ سه‌ر به ‌قه‌زای تلكێفه‌ له‌ ده‌شتی نه‌ینه‌وا. خه‌ڵكه‌كه‌ی تێكه‌ڵه‌یه‌كن له‌ نه‌ته‌وه‌ و ئایینی جیاواز، كشتوكاڵ و ئاژه‌ڵداریی بژێوی ژیانی زۆرینه‌ی گوندنشینان دابین ده‌كات.

مریم وتی "ده‌رفه‌تی كار له‌ شارۆچه‌كه‌كه‌ زۆر كه‌مه‌، ئه‌مه‌ش وایكردووه‌ زۆرینه‌ی هه‌ره‌ زۆری كچان له‌ ماڵه‌وه‌ دابنیشن".

به‌پێی ئامارێكی پێشوی لقی ئه‌لقوشی سه‌ندیكای كرێكارانی كوردستان، زیاتر له‌‌سه‌دا 70ی ژنان و كچانی ناحییه‌كه‌ بێكارن و هه‌ندێكیان به‌هۆی بێكارییه‌وه‌ ناچاربون كۆچ بكه‌ن له‌ پێناو دۆزینه‌وه‌ی كاردا.

3-1
نەینەوا/ 4ی ئازاری 2020/ وێركشۆپێكی پڕۆژەی کارئاسانی وەبەرهێنانی نەینەوا لە ئەلقوش فۆتۆ: عەمار عەزیز

"نازانێت سه‌ردانی چ شوێنێك بكه‌ین، تا دەنگی خۆمان بگه‌یه‌نین، ئه‌لقوش شوێنێك نییه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن ده‌نگ و داواكاریی خۆمانی لێ بگه‌یه‌نین"، مریه‌م وایوت.

رەشا وەدیع عەزیز، ژنێكی كریستیانی خەڵكی ناحیەكه‌یه‌ و تا سێ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر لێپرسراوی لقی ئه‌لقوشی سەندیكای كرێكارانی هەرێمی كوردستان بوو، ئه‌و ناوه‌نده‌ تاكه‌ شوێن بوو كه‌ ژنان بتوانن له‌ڕێیه‌وه‌ به‌دوای ده‌رفه‌تی كاردا بگه‌ڕێن. به‌ڵام ئێستا داخراوه‌.

"سه‌ندیكای كرێكاران ئاگاداریان كردینه‌وه‌، كه‌ ناتوانن كۆمه‌كی دارایی لقه‌كه‌مان بكه‌ن، بۆیه‌ ئێمه‌ش ئۆفیسه‌كه‌مان داخست"، ره‌شا وتی "تاكه‌ هیوای كچان و ژنانی ناوچه‌كه‌ ئێستا سێ ساڵه‌ داخراوه‌"، ره‌شا وایوت.

وەڵات ئوزمانی، سەرۆكی لقی دهۆكی سەندیكای كرێكارانی كوردستان، ده‌ڵێت له‌گه‌ڵ داخستنی لقی ئه‌لقوشی سه‌ندیكاكه‌یان، ئێستا نوێنه‌رایه‌تییه‌كیان هه‌یه‌ بۆ هه‌موو ده‌شتی نه‌ینه‌وا. به‌ڵام وتی "باره‌گامان نییه‌، چونكه كرێی نوسینگه‌مان پێنادرێت... هیچ پەیوەندییەكیشمان نییە لەگەڵ لێپرسراوانی ئیدارەی نەینەوا بۆ دابینكردنی ده‌رفه‌تی كار... بەداخەوە ئەوان لە بنەڕەتەوە دان بەبونی ئێمه‌دا نین".

پارێزگای نه‌ینه‌وا، كه‌ ئه‌لقوش یه‌كێكه‌ له‌ ناحییه‌كانی، به‌ یه‌كێك له‌و پارێزگایانه‌ داده‌نرێت كه‌ رێژه‌ی بێكاری تیایدا به‌رزه‌، به‌ڵام به‌گشتی دۆخی پارێزگاكه‌ به‌ره‌و باشتر ده‌ڕوات و له‌سه‌دا 15.5ی خه‌ڵكه‌كه‌ی له‌ هێڵی هه‌ژاریدا ده‌ژین.

به‌پێێ داتاكانی ده‌سته‌ی ئامار له‌ وه‌زاره‌تی پلاندانانی عیراق، رێژه‌ی بێكاری له‌ پارێزگای نه‌ینه‌وا بۆ 19.2 دابه‌زیوه‌ و پێشبینی ده‌كه‌ن پێشتر له‌سه‌دا 35 بووبێت.

رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی له‌ رابردودا چه‌ند پڕۆژه‌یه‌كی تایبه‌تیان هه‌بوو بۆ هاندانی گه‌نجانی ناحییه‌كه‌ بۆ كاركردن به‌ بێ جیاوازی، هه‌روه‌ها هاوكاریكردنی ئه‌وانه‌ی پڕۆژه‌ی بچوكیان هه‌یه‌ بۆ ره‌خساندنی هه‌لی كار. به‌ڵام ئه‌و چالاكییانه‌ش له‌ ئێستادا به‌ ته‌واوی كه‌میكردووه‌.

alqosh-1
نه‌ینه‌وا، 2019، ده‌روازه‌ی ناحیه‌ی ئه‌لقوش له‌ قه‌زای تلكێف (به‌دوری 40كم له‌ باكوری موسڵ) فۆتۆ: عه‌مار عه‌زیز

بۆ نمونه‌ رابیتەی ژنانی عیراق، له‌ ماوه‌كانی رابردودا چه‌ند پڕۆژه‌یه‌كی بچوك و ژماره‌یه‌ك ده‌رفه‌تی كاری بۆ ژنانی ئه‌لقوش دروستكرد، به‌ڵام ئه‌وانیش ئه‌و پڕۆژه‌یه‌یان له‌ ئه‌لقوش راگرتووه‌.

شەمیران ئودیشو، بەڕێوەبەری رابیتەی ژنانی عیراق، وتی "بەردەوام رێژەی بێكاریی لەناو ژنان و كچانی ئەلقوش و دەشتی نەینەوا زیاد ده‌بێت، چونكه‌ كارگەی پێویست و  شوێنی بازرگانی لێ نییه‌ بۆ دۆزینه‌وه‌ی ده‌رفه‌تی كار، هه‌روه‌ها ناوچەكە كەوتۆته‌ نێوان به‌رداشی دوو حكومەت (فیدراڵ و هه‌رێم) و ناوچه‌یه‌كی پشتگوێخراوه‌، به‌هۆیه‌وه‌ خه‌ڵك باجه‌كه‌ی ده‌دات".

وتیشی "ئه‌و رێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییانه‌ی پێشتر له‌ ده‌شتی نه‌ینه‌وا كاریان ده‌كرد، ئێستا كارناكه‌ن و زیاتر پڕۆژه‌كانیان له‌ ناوچه‌كانی باشوری عیراقه‌".

مریه‌م، ئه‌و ئه‌ندازیاره‌ی كه‌ چه‌ند ساڵێكه‌ به‌دوای ده‌رفه‌تی كاردا ده‌گه‌ڕێت، ده‌ڵێت به‌شێك له‌ كچان ناچارن به‌ره‌و موسڵ یان دهۆك بڕۆن له‌ پێناو دۆزینه‌وه‌ی ده‌رفه‌تی كار. ئه‌وه‌ش ئاڵنگارییه‌كی تره‌، چونكه‌ "له‌ حاڵه‌تی دۆزینه‌وه‌ی ده‌رفه‌تی كاریش، پێویستی به‌ كرێی مانه‌وه‌ یان هاتوچۆ هه‌یه‌، كه‌ ره‌نگه‌ موچه‌كه‌ی به‌شی ئه‌وه‌ نه‌كات".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT