قەحتان وەهبی وەنداوی، پۆستی پارێزگاری كەركوكی لە پشكی توركمان وەرگرت و كۆمەڵێك بەڵێنی بە خەڵك دا، لەكاتێكدا تەنیا 47 رۆژی لە بەردەمدایە و عەرەب چاوی لەوەیە سەرەتای ساڵی نوێ، پۆستەكە وەربگرێتەوە.
هەڵبژاردنی وەنداوی وەكو كاندیدی بەرەی توركمانی، بە 14 دەنگ لە كۆی 15 ئامادەبوی دانیشتنێكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك هات، كە دوانیوەڕۆی شەممە 14ـی تشرینی دووەمی 2026 بەڕێوەچوو، ئەوەش دوای پەسەندكردنی دەستلەكاركێشانەوەی محەمەد سەمعان لەو پۆستە.
سەمعان، كە هاوكات سەرۆكی بەرەی توركمانییە، پۆستی وەزیری دەوڵەتی لە ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق وەرگرتووە و پۆستی پارێزگاری بەجێهێشت بۆ كاندیدێكی دیكەی حزبەكەی، وەكو تەواوكاری رێككەوتنی دەستاودەستكردنی پۆستەكان لە نێوان پێكهاتەكانی كەركوك.
ئاڵوگۆڕی پۆستەكە، دوای چەند هەفتەیەك لە گفتوگۆ و ناکۆکی سەبارەت بە دیاریکردنی کاندیدە تورکمانەکە و دووجار دواخستنی دانیشتنی ئەنجومەن هات، پێش ئەوەی لایەنە سیاسییەکان بگەنە لێکتێگەیشتن.
47 رۆژ بۆ پارێزگاری نوێ
ماوەی دەسەڵاتی وەنداوی زۆر ناخایەنێت، چونکە بۆ تەواوکردنی ئەو ماوەیەیەی پۆستەكەیە كە بەپێی رێککەوتنێكی سیاسی بۆ پێکهاتەی تورکمان دیاریکراوە، واتە تا کۆتایی ئەمساڵ، کە دەکاتە نزیکەی 47 رۆژ لە رۆژی هەڵبژاردنیەوە، لەسەر ئەو بنەمایەی لە سەرەتای ساڵی 2027ـدا پۆستەکە بدرێت بە كاندیدی پێكهاتەی عەرەب.
رەعد ساڵح، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە كوتلەی عەرەبی بە (كەركوك ناو)ـی وت، كە هەڵبژاردنی وەنداوی وەک تەواوکاریی بەرکەوتەی تورکمانە لەو پۆستەدا تا 31ـی كانونی یەكەمی 2026، جەختیشیکردەوە "دوای ئەو وادەیە پێکهاتەی عەرەب پۆستی پارێزگار وەردەگرێت" و داوای لە لایەنەکانی دیکەش کرد پابەندی جێبەجێكردنی رێككەوتنەكە ببن.
حكومەتی خۆجێی كەركوك لە 10ـی ئابی 2024 لە هۆتێل رەشید لە بەغدا پێكهات، بە بەشداری پێنج ئەندامی كورد (یەكێتیی)، سێ ئەندامی لیستی عەرەبی (قیادەی تەقەدوم و عروبە) و یەك كورسی كۆتای كریستیان كە پێكەوە 9 ئەندامی ئەنجومەن بون لە كۆی 16 ئەندام.
بەڵام حەوت ئەندامی تر لەوانە (هاوپەیمانی عەرەبی لە كەركوك سێ ئەندام، پارتی دیموكراتی كوردستان دوو ئەندام، بەرەی توركمانی دوو ئەندام)، بەشدارییان لە رێككەوتنی پێكهێنانی حكومەتەكەدا نەكرد و وەكو ئۆپۆزسیۆن مانەوە، بەڵكو بایكۆتیان كرد و رێگای دادگایان گرتەبەر. ئەو ناكۆكییەش تا ناوەڕاستی نیسانی ئەمساڵ ناوبەناو درێژەی كێشا.
نەشئەت شاهوێز، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگا و سەرۆکی كوتلەی یەکێتیی، رونیكردەوە کە هەڵبژاردنی وەنداوی وەک جێبەجێکردنی ئەو لێکتێگەیشتنە سیاسییانەیە کە دانیان بە مافی پێکهاتەکانی کەرکوکدا ناوە، ئاماژەی بەوەشدا کە پۆستەکە تا سەری ساڵ لای تورکمان دەمێنێتەوە، پێش ئەوەی ئاڵوگۆڕ و دەستاودەستكردنێكی تر بكرێت.
یهكێتیی نیشتیمانیی كوردستان لە نیسانی ئەمساڵ و لە كاتی مشتومڕەكانی یەكلاییكردنەوەی پۆستی سەرۆك كۆمار لە بەرژەوەندی كاندیدی حزبەكەی، رهزامهندی نیشاندا به رادهستكردنی پۆستی پارێزگار به بهرهی توركمانی.
محەمەد ئیبراهیم حافز، سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا كە (كەركوك ناو) ئامادەی بوو، هەڵبژاردنی پارێزگاری نوێی بە وێستگەیەکی گرنگ لە مێژووی سیاسی و کارگێڕیی کەرکوکدا وەسفكرد و وتی ئەنجومەن پاڵپشتی ئیدارەكە دەكات. هەروەها جەختیكردەوە كە هێزە سیاسییەکان و لایەنە زامنکارەکانی رێککەوتنی پێكهێنانی ئیدارەی كەركوك، كاتی گواستنەوەی پۆستەکە بۆ پێکهاتەی عەرەب دیاری دەکەن.
نێوانی حافز و ومحەمەد سەمعان ئەوكاتەی پارێزگار بوو، باش نەبوو، لە ناكۆكی تونددا بوون، هەڵمەتی دژایەتی و ناوزراندنیش دژی یەكتری، زیاتر لە ڕێی ژمارەیەك پەیجی میدیایی و سێبەرەوەیە لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك چڕبۆوە.
ئەحمەد رەمزی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگا لە بەرەی توركمانی، بە ژمارەیەك رۆژنامەنوس لە نێویاندا بە پەیامنێری (كەركوك ناو)ـی وت، ئەوان پابەندن بە جێبەجێكردنی رێككەوتنە سیاسییەكەوە و لە سەرەتای ساڵی نوێدا پۆستی پارێزگار دەستاودەستی پێدەكرێت.
لە ساڵی نوێوە پێكهاتەی عەرەب پۆستی پارێزگار وەردەگرێت
سێ پارێزگار لە ئابی 2024ـەوە
لەوەتەی حکومەتی خۆجێی لە کەرکوك لە 10ـی ئابی 2024 پێکهێنراوە، پۆستی پارێزگار لە چوارچێوەی رێککەوتنی دابەشکردنی دەسەڵات لە نێوان پێکهاتەکاندا، لە نێوان سێ کەسدا ئاڵوگۆڕی پێکراوە.
رێبوار تەها، یەکەم کەس بوو کە بەپێی رێککەوتنەکە پۆستەکەی لە پشكی كورد / یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان وەرگرت و تا ناوەڕاستی نیسانی 2026 تێیدا بەردەوام بوو، واتە نزیکەی ساڵێک و هەشت مانگ، دواتر لە پارێزگارەوە بوو بە جێگری یەكەمی پارێزگار و تائێستاش لەو پۆستەدایە.
پۆستی پارێزگار لە 17ـی نیسانی ئەمساڵ درا بە محەمەد سەمعان ئاغا، وەكو كاندیدی بەرەی توركمانی، هاوكات سەرۆكی ئەو بەرەیەیە، ئەوەش لەچوارچێوەی رێككەوتنی لەگەڵ تەقەدوم و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، ئەو ئاڵوگۆڕە كۆتاییهێنا بە چەندین مانگ لە ناكۆكی دەربارەی دابەشكردنی پۆستەكان، هەروەها 20 مانگ لە بایكۆت، رێگای دادگا و شەڕی میدیایی كە ئەنجومەنی پارێزگاكەشی گەیاندە لێواری ئیفلیجی.
ئاغا، نزیکەی حەوت مانگ لە پۆستەدا مایەوە و لە ناوەڕاستی تشرینی یەكەمی 2026، سوێندی خوارد وەك وەزیری دەوڵەت لە حکومەتی فیدراڵی، بەڵام ئەو کاتە دەستلەکارکێشانەوەی خۆی لە پۆستی پارێزگار پێشکەش نەکرد، ئەمەش مشتومڕی لەسەر دۆخی یاسایی پۆستەکە و دەسەڵاتەکانی بەڕێوەبردنی دروستکرد، پێش ئەوەی ئەنجومەن بە پەسەندکردنی دەستلەکارکێشانەوەکەی و هەڵبژاردنی جێگرەوەکەی، بابەتەکە یەکلاییبکاتەوە.
لە دوایین دانیشتنی ئەنجومەنی پارێزگا، قەحتان وەنداوی بوو بە سێیەم پارێزگاری کەرکوك لە ئابی 2024ـەوە و دووەم پارێزگاری تورکمان کە لەم ماوەیەدا دوای سەمعان ئاغا پۆستەکە وەردەگرێت.
بەپێی لێکتێگەیشتنە سیاسییەکان، بڕیارە لە سەرەتای ساڵی 2027ـەوە پارێزگارێك لە پێکهاتەی عەرەب پۆستەکە وەربگرێت و تا بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی پارێزگاکان، کە بڕیارە کۆتایی هەمان ساڵ بکرێت، بەردەوام بێت.
دۆسیەی کەڵەکەبوو لەبەردەم ئیدارەی نوێدا
قەحتان وەنداوی، پارێزگاری كەركوك لە یەكەم وتاریدا بەڵێنیدا لەگەڵ هەموو پێکهاتەکانی کەرکوك کار بکات و جەختیکردەوە، کە دەبێتە دەنگی عەرەب و کورد و تورکمان و کلدوئاشووری، هەروەها قۆناغی داهاتوو پێویستی بە بەهێزکردنی هاوبەشی و دادپەروەری و کارکردن بە گیانی یەک تیم هەیە.
پارێزگارە نوێیەکە ژمارەیەك دۆسیەی خستە ناو کارە لەپێشینەکانییەوە، لەوانە رەخساندنی هەلیکار، چارەسەرکردنی دۆسیەی وانەبێژانی خۆبەخش و گرێبەستەکانی کۆمپانیای نەوتی باکوور، دۆسیەی زەویی رۆژنامەنووسان و پشكی كەركوك لە دەستپێشخەری تەرخانكردنی یەك ملیۆن پارچە زەویی نیشتەجێبوون، لەگەڵ بەدەستهێنانی شایستەی پارێزگاکە لە سوتەمەنی و کارەبا.
دۆسیەی هەڵپەسێراوی دامەزراندنی حەوت هەزار پلەی وەزیفی بە گرێبەست، نەبونی بودجە و راوەستانی پرۆژەكان، قەیرانی سوتەمەنی و چەندین گرفتی دیكە لە بەردەم ئیدارەی پارێزگاری نوێی كەركوكدایە.
محەمەد سەمعان ئاغا، لە وتاری ماڵئاوایی پۆستی پارێزگار، لە بەردەم رۆژنامەنوساندا وتی كە ئیدارەكەی لە دۆخێکی دارایی و ئەمنیی سەختدا کاری کردووە، ئاماژەی بەوەدا كە رێکارەکانی تەرخانکردنی حەوت هەزار پلەی وەزیفییان تەواو کردووە و بڕیارە دوای تەواوبوونی رێكارەكانی پەیوەست بە وەزارەتی دارایی، رابگەیەنرێن.
هەروەها باسی لە تەواوكردنی چەند پرۆژەیەكی دیكە كرد، لە نێویاندا وێستگەكانی سوتەمەنیی پردێ و بابا گوڕگوڕ، لەگەڵ نەخۆشخانەی شێرپەنجە و دۆسیەی تەرخانكردنی زەوی، بەڵێنیدا لە پۆستە نوێیەكەیدا وەكو وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری دەرەوە، بەدواداچونی بۆ دۆسیەکانی کەرکوك بكات و داواکاریی پێکهاتەکانی پارێزگاكە بگەیەنێت بە حکومەتی فیدراڵی.
ئێستا پۆستە باڵاكانی كەركوك بەمشێوەیە: پارێزگار توركمان و دوو جێگرەكەی یەكێكیان كورد و ئەویتر عەرەبە، لە چوار قایمقامی پارێزگاكە، قەزای ناوەندی و داقوق لای كوردە، دوبز و حەویجە لای عەرەبە، هەروەها بەڕێوەبەری فەرمانگەكان زۆرینەی لای ئەو سێ پێكهاتەیە. بەڵام كریستیان كە پێكهاتەیەكی سەرەكی پارێزگای كەركوكن، كەمترین رۆڵیان هەیە لە ئیدارەدانی پارێزگاكەدا.
پێشتر و له سهردهمی رژێمی بهعسدا، زوربهی جومگه سهرهكییهكانی ئیدارهدان و حوكمڕانی له كهركوك بهدهست پێكهاتهی عهرهبهوه بوو، بێ هیچ ههڵبژاردنێك، له دوای 2003ـیشهوه، كورد له ترۆپكی دهسهڵاتی جێبهجێكردندا (پارێزگار) بوو تا 2017 و پاشان پۆستی پارێزگار كەوتەوە دەستی عەرەب و راكان سەعید جبوری پڕی كردەوە، لە ساڵی 2024ـدا جارێكیتر كاندیدی كورد (رێبوار تەها ) ئەو پۆستەی وەرگرت و ئێستاش لای توركمانە.
تهواوی پارێزگای كهركوك (دانیشتوانەكەی زیاتر لە دوو ملیۆن و 34 هەزار كەسە)، ناوچهیهكی جێناكۆكه له نێوان ههردوو حكومهتی فیدراڵی عیراق و ههرێمی كوردستان، یهكلاییكردنهوهی چارهنوسیشی له چوارچێوهی ماددهی 140ـی دهستوردایه لهڕێی سێ قۆناغی ئاساییكردنهوه، سهرژمێری و راپرسی.