هاوپەیمانی سیادە، بڕیاریداوە راكان سەعید، پارێزگاری كەركوك بەوەكالەت، سوێندی یاسایی لە پەرلەمانی عیراق نەخوات و لە پۆستی پارێزگاری كەركوك بەردەوامبێت، ئەو هەوڵەش بەپێی زیاد لە سەرچاوەیەك، "بەشێكە لە رێككەوتنی هاوپەیمانی سێقۆڵی نێوان سەدر، حەلبوسی و بارزانی".
ئەو سێ لایەنە عیراقییە، لە دوای پەسەندكردنی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە، هاوپەیمانێتییەكیان بۆ دروستكردنی حكومەتی زۆرینەی نیشتیمانی راگەیاند و هەر لەو چوارچێوەیەشدا لە 9ی كانونی دووەم، پۆستەكانی سەرۆكایەتی پەرلەمانی عیراقیان لە نێوان خۆیاندا یەكلاییكردەوە.
هاوپەیمانی سیادە، كە لایەنێكی سەرەكی ئەو رێككەوتنەیە و هەردوو سەركردەی سوننە، محەمەد حەلبوسی، سەرۆكی پەرلەمانی عیراق و خەمیس خەنجەر سەرۆكایەتی دەكەن، هەینی 4ی شوبات، بڕیاریانداوە راكان سەعید لە پۆستی پارێزگاری كەركوك بەردەوامبێت و سوێندی یاسایی لە پەرلەمانی عیراق نەخوات.
ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی هاوپەیمانی عەرەبی – ئەم هاوپەیمانییە راكان سەعید سەرۆكایەتی دەكات و لەئێستادا بەشێكە لە هاوپەیمانی سەیادە -، بە (كەركوك ناو)ی وت "دوای نزیكەی مانگێك مشتومڕ، هاوپەیمانی سیادە پرسی مانەوەی راكان سەعیدیان لە پۆستی پارێزگاری كەركوك یەكلاییكردەوە".
بەپێی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق، پێویستە كاندیدی براوە لە دوای یەكەم دانیشتنی پەرلەمانەوە بە 30 رۆژ سوێندی دەستوری بخوات، بە پێچەوانەوە كورسییەكەی بە كاندیدێكی تر پڕدەكرێتەوە.
بەو پێیەش بێت، راكان سەعید، كە یەكێكە لە كاندیدە دەرچووەكان، ئەگەر تا 9ی شوبات، سوێندی یاسایی نەخوات، ئەوە كورسییەكەی بە كاندێكی تر پڕدەكرێتەوە كە خاوەنی زۆرترین دەنگی هەمان بازنەی هەڵبژاردن بێت.
ئەندامەكەی مەکتەبی سیاسی هاوپەیمانی عەرەبی، كە بەباشی نەزانی ناوی بڵاوبكرێتەوە، وتی "وەسفی عاسی جێگەی راكان سەعید دەگرێتەوە لە پەرلەمانی عیراق، بەڵام رێككەوتنەكە مەرجدارە و تیایدا هاتووە: هەر کاتێک راكان سەعید داوای گەڕانەوە بۆ پەرلەمانی عیراق بكات، ئەوا دەبێت وەسفی عاسی لە ئەندامێتی پەرلەمان بكشێتەوە، بۆ ئەوەی راكان سەعید ببێتە پەرلەمانتار".
جەختیشیكردەوە "رێككەوتنەكە بەشێكە لە رێككەوتنەكانی هاوپەیمانی سێقۆڵی نێوان سەدر، بارزانی و حەلبوسی، بۆ دروستكردنی حكومەتی زۆرینەی نیشتیمانیی و لە نێویشیاندا یەكلاییكردنەوەی پۆستی پارێزگاری كەركوك".
رێككەوتنەكە بەشێكە لە رێككەوتنەكانی هاوپەیمانی سێقۆڵی نێوان سەدر، بارزانی و حەلبوسی
ئەوەش لەكاتێكدایە هێشتا دیار نییە ئایندەی هاوپەیمانی سێقۆڵی بە كوێ دەگات، بەتایبەت دوای ئەوەی رەوتی سەدر، شەممە 5ی شوبات، رایگەیاند كە دانوستانەكانیان بۆ پێكهێنانی حكومەتی زۆرینەی نیشتیمانیی بۆ كاتێكی نادیار رادەگرن و بەشداریی یەكەم كۆبونەوەی پەرلەمانی عیراق ناكەن بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار، كە بڕیارە 7ی شوبات بەڕێوەبچێت.
لەبارەی ئەو پێشهاتە نوێیە و كاریگەری لەسەر رێككەوتن لەسەر پۆستی پارێزگاری كەركوك، سەرچاوەكەی (كەركوك ناو)، وتی "رەنگە ئەو رێككەوتنەی كە بۆ یەكلاییكردنەوەی بۆ پۆستی پارێزگار هەیە، کاتی بێت و رەنگیشە بەردەوام بێت، ئەوە جارێ رون نییە".
بەڵام جەختیكردەوە، لەوەی پێكهاتەكانی تری پارێزگاكە ئاگاداری ئەم رێككەوتنەن و گفتوگۆشیان لەگەڵدا كراوە. "ئەمە پرسێکی تەوافوقییە و بەبێ پێکهاتن و رێکكەوتن ئەمە ئاسان نییە".
بەڵام یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان، رەتیدەكاتەوە و ئاگاداری رێككەوتنی لەو شێوەیە بن و جەختدەكاتەوە لەوەی "ئەوە قبوڵناكەن".
جەنگی عیزەدین، جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی کەرکوکی یەکێتی، بە (كەركوك ناو)ی وت "بڕیاری مانەوەی راكان سەعید، بەشێكە لە رێككەوتنی سێ لایەنی عیراق، پارتی و سەدر و حەلبوسی... ئەو بڕیارە مانای ئەوە نییە هەموو شت یەكلاییكراوەتەوە... یەکێتی لە هەوڵ و کۆبونەوەکانی خۆیدا بەردەوامدەبێت بۆ بە دەستهێنانەوەی ئەو پۆستە، بەڵام ئەوە دەكەوێتە سەر چۆنیەتی و كاتی پێكهێنانی حكومەتی عیراق".
یەكێتی تاكە لایەنە لەكۆی 12 كورسی پارێزگای كەركوك، خاوەنی سێ كورسییە، كورسییەكانی تری پارێزگاكە دابەشبون بەسەر حزبەكانی تر لە نەتەوە جیاوازەكان.
هاوپەیمانی عەرەبی كە راكان سەعید سەرۆكایەتی دەكات، تەنیا یەك كورسی پارێزگاكەیان هەیە.
"ئامادەنین دەستبەرداری ئەو پۆستە ببن و پۆستەكە مافی ئێمەیە، بەڵام لەڕوی کاتەوە دواخراوە... بۆ هەر روداوێک قسەی خۆمان هەیە، ئێستا یەكێتی سەرقاڵی بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆك كۆماری عیراقە و دواتر شەڕی پۆستی پارێزگاری كەركوكیش دەكەین"، جەنگی عیزەدین وای وت.
ئامادەنین دەستبەرداری ئەو پۆستە ببن و پۆستەكە مافی ئێمەیە، بەڵام لەڕوی کاتەوە دواخراوە
بەڵام سەرچاوەكەی (كەركوك ناو) لە هاوپەیمانی عەرەبی، وتی "راستە پۆستی پارێزگار مافێکی براوەی هەڵبژاردنە، لەئێستاشدا کورد زۆرینەی کورسییەکانی بەدەستهێناوە، بەڵام ئەگەر عەرەب و توركمان پشتیوانی یەكتربن، ئەوا دەتوانن هەردولا زۆرینە پێكبهێنن و پۆستەكە لە بەرژەوەندی خۆیان یەكلاییبكەنەوە، بەڵام ئێستا مانەوەی راكان سەعید بە شێوەی تەوافوقە".
بەگشتی ئێستا كورد خاوەنی شەش كورسی پارێزگاكەیە، عەرەب چوار كورسی و توركمان دوو كورسی هەیە. كریستیانەكانیش كورسییەكی كۆتایان هەیە.
قەحتان وەنداوی، لێپرسراوی لقی كەركوكی بەرەی توركمانی عیراق، بە (كەركوك ناو)ی وت "لە بابەتی مانەوەی راكان سەعید پرس و راوێژ بە ئێمە نەكراوە، بەڵام لاریمان نەبووە لەوەی راكان سەعید تا هەڵبژاردنی داهاتوو ئیدارەی پارێزگاكە بدات".
لاریمان نەبووە لەوەی راكان سەعید تا هەڵبژاردنی داهاتوو ئیدارەی پارێزگاكە بدات
"وەكو بەرەی توركمانی چاوەڕوانی هەڵبژاردنی داهاتوی ئەنجومەنی پارێزگاکان دەبین، تا بە شایستەیی پرسی پۆستی پارێزگار یەکلاییبكرێتەوە".
لەگەڵئەوەشدا جەختیكردەوە كە ئەوان بڕیاربوو ئەگەر راكان سەعید، بچێتە پەرلەمان، ئەوا كاندیدی خۆیان بۆ ئەو پۆستە پێشكەش بكەن. "بەڵام بە مانەوەی راكان سەعید ئەو پرۆسەیەمان دواخست"، قەحتان وەنداوی وای وت.
(كەركوك ناو)، پەیوەندی بە ژمارەیەك لە سەركردایەتی و پەرلەمانتارانی پارتی، لە نێویاندا شاخەوان عەبدوڵا، جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانی عیراقەوە كرد، بەڵام ئامادەنەبون لەسەر ئەو پرسە قسە بكەن.
وەسفی عاسی، لە بەرەی عەرەبی یەكگرتوو – لە هەڵبژاردنەكاندا ركابەری هاوپەیمانێتییەكەی راكان سەعیدی دەكرد -، بڕیارە لەم مانگەدا سوێندی یاسایی بخوات و ببێتە ئەندامی پەرلەمان لە شوێنی راكان سەعید، لە حاڵەتێكدا ئەگەر رێككەوتنەكە كێشەی بۆ دروستنەبێت.
بەڵام سەرچاوەیەكی نزیك لە وەسفی عاسی، وتی "چەند رۆژی داهاتوو بە فەرمی رای خۆمان لەسەر رێككەوتنەكە دەردەبڕین، چونکە رێككەوتنەكە پەیوەستە بە یەكلاییبونەوەی سوێند خورادنەكە لە پەرلەمانی عیراق".
بەپێی زانیارییەكانی (كەركوك ناو)، لەحاڵەتی گەیشتنی وەسفی عاسی بە پەرلەمان، ئەوە ئەگەری هەیە پێكهاتەی عەرەب، هاوپەیمانێتییەكی فراوان پێكبهێنن بۆ هەڵبژاردنەكانی داهاتوو، لە نێویاندا هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق، كە هێشتا هیچ وادەیەك دیارینەكراوە بۆ ئەنجامدانی.
سەرچاوەكەی هاوپەیمانی عەرەبی، بە (كەركوك ناو)ی وت "ماڵی عەرەبی لە كەركوك رێكدەخرێتەوە و دەمانەوێت زۆرترین كەسایەتی زویری عەرەب ئاشتبكەینەوە و ئامادەكاری بۆ قۆناغی داهاتوو بكەین".