هاوپەیمانی عەرەبی لە كەركوك، دانیشتنەكەی ئەنجومەنی پارێزگا بۆ پێكهێنانی حكومەتی خۆجێیی وەك "خیانەت" ناودەبات و لەگەڵ بەرەی توركمانی و ناڕازییەكانی دیكەدا، روو لە دادگا دەكەن.
هەڵبژاردنی پارێزگاری كەركوك و سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا، لە دانیشتنێكی ئەنجومەندا هات كە درەنگانی شەوی رابردوو 10ـی ئاب لە هۆڵێكی هۆتێل رەشید-ـی بەغدای پایتەخت بەڕێوەچوو، بەبێ ئامادەبونی ژمارەیەك كوتلەی عەرەبی، توركمانی و كوردی.
لەو دانیشتنەدا، 9 ئەندام لە كۆی 16 ئەندام ئامادەبوون و رێبوار تەها، لە پشكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بوو بە پارێزگار و محەمەد ئیبراهیم حافز، لە پشكی هاوپەیمانی قیادە (عەرەب) بوو بە سەرۆكی ئەنجومەن و ئیبراهیم تەمیمی، لە پشكی (عەرەب – برای محەمەد تەمیم جێگری سەرۆكوەزیران) وەك جێگری پارێزگار بۆ كاروباری هونەری و ئەنجیل زیا، بە بڕیاردەری ئەنجومەن هەڵبژێردران.
9 ئەندامی بەشداربوی كۆبوونەكە؛ پێنجیان یەكێتیی، دوانیان قیادە، یەكێكیان عروبە و یەكێكیان كۆتای كریستیان بوو لە كوتلەی بابلیۆن و لە بەرانبەردا، حەوت ئەندام ئامادەی دانیشتنەكەدا نەبون كە پێكهاتوون لە سێ ئەندامی هاوپەیمانی عەرەبی، دوو ئەندامی بەرەی توركمانی و دوو ئەندامی پارتی دیموكراتی كوردستان.
راكان سەعید جبوری، سەرۆكی كوتلەی هاوپەیمانی عەرەبی لە ئەنجومەنی پارێزگا، بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەكشەممە 11ـی ئاب رونكردنەوەیەكی ڤیدیۆیی بڵاوكردەوە و تیایدا ئەنجامی دانیشتنەكەی بەغدا رەتدەكاتەوە، كە بەبێ ئاگاداریی و داواكاری ئەو بووە، وەكو سەرۆكی بە تەمەنی ئەنجومەن و پێیوایە پێچەوانەی یاسایە، چونكە تەوافوق نەكراوە و هەموان لە پێكهێنانی حكومەتدا بەشدارنین.
دانیشتنەكەی ئەنجومەن لە بەغدا، پەروین فاتح لە كوتلەی یەكێتیی سەرۆكایەتی كرد، كە دووەم بە تەمەنترین ئەندامە دوای راكان جبوری، بەڵام جبوری لە یەكەم دانیشتنی كردنەوەی ئەنجومەندا، 11ـی تەمموز، سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی كرد و سەرباری ئەوەش بەردەوام بوو لە پۆستی پارێزگاری كەركوك بەوەكالەت.
راكان جبوری لە رونكردنەوەكەیدا دەڵێت ئەوەی رویداوە، "دزینی" دەنگی پێكهاتەی عەرەب و مافەكانیان بووە، كە ساڵانێكە پێداگری لێدەكەن و دەیپارێزن، ئامادەنەبون سازشی لێبكەن، "هەشت مانگە سازشمان نەكرد.. ئەوەی ئێستا هەیە هەشت مانگ لەمەوبەر پێماندەدرا"، وەك ئاماژەیەك بۆ ئەو پۆستانەی بە عەرەب دراوە.
هەروەها روی دەمی دەكاتە ئەندامانی عەرەبی بەشداربوی دانیشتنەكەدا، لە كوتلەكانی قیادە و عروبە، پێیوایە "خیانەت"ـیان لە خەڵك و پێكهاتەی عەرەب و دەنگدەرانیان كردووە، جگە لە داوای پشتگیری خەڵك بۆ هاوپەیمانییەكەیان، كە بە "نوێنەری زۆرینە"ـی عەرەبی دادەنێت، جەختیشدەكاتەوە رێكاری یاسایی و رێگای دادگا دەگرنەبەر.
هاوپەیمانی عەرەبی، چەند مانگێك داوای پۆستی پارێزگاری دەكرد بۆ راكان سەعید جبوری، كە دوای روداوەكانی 16ـی ئۆكتۆبەری 2017 بەبڕیاری حەیدەر عەبادی، سەرۆكوەزیرانی ئەوكات راسپێردرا بۆ بەڕێوەبردنی پۆستی پارێزگار و پێشتر جێگری پارێزگار بوو.
چەند كاتژمێرێك پێش دانیشتنەكەی بەغدا، هاوپەیمانی عەرەبی بەیاننامەیەكی بە واژۆی شەش ئەندامەكەی گروپی عەرەبی - هاوپەیمانی عەرەبی و قیادە و عروبە- بڵاوكردەوە، كە جەختدەكەنەوە لە هاوهەڵوێستیی و یەكگرتویی عەرەب.
رێكاری یاسایی و رێگای دادگا دەگرنەبەر
زاهیر ئەنوەر عاسی، تاكە ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگا لە كوتلەی عروبە، لە وەڵامی رەخنەكاندا تەنیا نوسراوێكی لە سۆشیال میدیادا بڵاوكردۆتەوە، كە ناوی 19 پۆستی پارێزگای كەركوكە بۆ هاوپەیمانییەكەیی و لە دانوستانەكاندا یەكلابۆتەوە.
لەنێو ئەو پۆستانەدا؛ قایمقامی داقوق و چوار ناحیەی ریاز، رەشاد، عەباسی و زاب-ـی تێدایە، لەگەڵ فەرماندەی پۆلیسی كەركوك، دوو یاریدەدەری پارێزگار، دوو راوێژكار و ژمارەیەك پۆستی بەڕێوەبەری گشتی و بەڕێوەبەرایەتیی و فەرمانگە جیاوازەكانی پارێزگاكە.
دانيشتنەكەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە بەغدا، چەند پۆستێكی باڵای یەكلایینەكردەوە و بەجێیهێشت، لەوانە جێگری پارێزگار بۆ كاروباری ئیداری و جێگری سەرۆكی ئەنجومەن، پۆستەكانی دیكەش لە پارێزگار و سەرۆكی ئەنجومەن، بەپێی لێدوانی پێشتری لێپرسراوانی كوتلە جیاوازەكان، دوای دوو ساڵ لە نێوان كورد و عەرەب ئاڵوگۆڕیان پێدەكرێت، هەرچەندە هیچ بەڵگەیەكی رەسمی و نوسراو لەوبارەیەوە بڵاونەكراوەتەوە.
سەرۆكایەتی كوتلەی بەرەی توركمانی، كە دوو كورسی ئەنجومەنیان هەیە، ئەمڕۆ 11ـی ئاب لە بەیاننامەیەكدا دانیشتنەكەی بەغدایان بە "پێشێلكاری رون و ئاشكرای یاسا" ناوبرد و بڕیاریانداوە، هانا بۆ دادگا ببەن.
هەروەها سەوسەن جەدوع، ئەندامی بەرەی توركمانی لە ئەنجومەنی پارێزگا، لە رونكردنەوەیەكی كورتدا ئەمڕۆ بڵاویكردەوە، روو لە دادگا دەكەن بۆ داواكردنی دادپەروەری.
لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیشدا هەر ئەمڕۆ حەسەن تۆران، سەرۆكی بەرەی توركمانی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا جەختیكردەوە لە رەتكردنەوەی ئەنجامی دانیشتنەكەی ئەنجومەن و گرتنەبەری رێگای یاسایی و دادگا، بە پاساوی ئەوەی دژی یاسای كاری پارێزگاكانە.
دەسەڵات لە كەركوك بەپێی نوێنەرایەتیكردنێكی دادپەروەرانە دابەشدەكرێت، كە زامنی بەشداریكردنی پێكهاتەكانی پارێزگاكە بكات بەدەر لەئەنجامی هەڵبژاردنەكان، وەكو لە ماددەی 35ـی تایبەت بە پارێزگای كەركوك هاتووە لە یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان ژمارە 12ـی ساڵی 2018ـی هەمواركراو.
غەریب عەسكەر، پەرلەمانتاری عیراق لە پشكی توركمانی كەركوك، كە ئامادەی دانوستانەكانی پێكهێنانی حكومەتی خۆجێیی بوو لە دانیشتنەكەی بەغدا، بە رونكردنەوەی كورت و بڵاوكردنەوەی نوسراوێك وەڵامی رەخنەكانی داوەتەوە و ئاماژەی بەوەداوە، "مافی توركمان لە پۆستە سیاسی و ئیدارییەكاندا بەپێی رێككەوتنی نێوان سەركردایەتی پێكهاتەكانی كەركوك جێگیركراوە".
نوسراوەكە ناوی 18 پۆستی تێدایە لە نێویاندا؛ جێگری سەرۆكی ئەنجومەن، جێگری پارێزگار، یاریدەدەر و راوێژكاری پارێزگار، قايمقامى ناوەندی كەركوك، یاریدەدەری فەرماندەی پۆلیس، سێ ناحیەی لەیلان و تازە و یایچی، پێنج بەڕێوەبەر و ژمارەیەك پۆستی دیكە.
بەپێی یاسای پارێزگاكان، دوێنێ دوایین وادەی هەڵبژاردنی پۆستەكانی سەرۆكی ئەنجومەن و پارێزگار و جێگرەكانیان بوو، بەوپێیەی لە 30 رۆژدا دوای یەكەم دانیشتنی فەرمی ئەو پۆستانە یەكلاییدەكرێنەوە، یەكەم دانیشتنیش لە 11ـی تەمموزدا لە كەركوك بەڕێوەچوو.
پارێزگاری داهاتووی کەرکوک، پارێزگاری کورد، عەرەب، تورکمان، مەسیحییەکان دەبێت
دواكەوتنی پێكهێنانی ئیدارەی كەركوك، لەكاتێكدا لە 18ـی كانونی یەكەمی 2023ـەوە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان كراوە، بەهۆی ناكۆكی نێوان كوتلەكان، بە تایبەت كورد و عەرەبەوە بوو لەسەر پۆستی پارێزگا، بەوپێیەی هەر لایەكیان بە مافی خۆی دەزانێت.
پارتی دیموكراتی كوردستانیش بەشداری كۆبونەوەكەی بەغدای نەكرد، لە زاری حسێن مەجید سەرۆكی كوتلەكەیانەوە لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، دوێنێ شەممە جەختیانكردەوە كە هیچ ئاگاداری و داواكارییەكیان پێنەگەیشتووە بۆ كۆبوونەوە لە باڵەخانەی ئەنجومەن یان دەرەوەی باڵەخانەی ئەنجومەن.
نەتەوەی كورد كە ئێستا حەوت كورسی هەیە ساڵانێكە داوای پۆستی پارێزگار دەكات، لە كاتێكدا نەتەوەی عەرەب (شەش كورسی) و بە دیاریكراوی هاوپەیمانی عەرەبی كە راكان سەعید سەرۆكایەتی دەكات و سێ كورسییان مسۆگەر كردووە، هەوڵیان دەدا لای ئەوان بمێنێتەوە، توركمانیش دەیانویست پۆستەكە لە نێوان هەرسێ پێكهاتەكەدا دەستاودەست بكات.
رێبوار تەها، دوای هەڵبژاردنی بە پارێزگاری كەركوك، لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە كە "پارێزگاری داهاتووی کەرکوک، پارێزگاری کورد، عەرەب، تورکمان، مەسیحییەکان، هەموو چین و توێژەکانی کەرکوک دەبێت بەبێ جیاوازی". بەپێی یاسا دەبێت سەرۆك كۆمار لە ماوەی 15 رۆژدا مەرسومی دەستبەكاربونی پارێزگار دەربكات.
لە شوباتی ئەمساڵەوە چەندین كۆبونەوەی رەسمی و نارەسمی لە نێوان پێكهاتەكانی كەركوكدا هەبوو، بە تایبەت هەندێكیان بە سەرۆكایەتی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عیراق بوو، لەڕێی پێكهێنانی ئیئتلافێكەوە لە هەموو كوتلەكان، بەبێ ئەوەی بگەن بە رێككەوتن لەسەر پۆستەكان، لە نێویاندا پۆستی پارێزگار.
پێشتر و له سهردهمی رژێمی بهعسدا، زوربهی جومگه سهرهكییهكانی ئیدارهدان و حوكمڕانی له كهركوك بهدهست پێكهاتهی عهرهبهوه بوو، بێ هیچ ههڵبژاردنێك، له دوای 2003یشهوه، كورد له ترۆپكی دهسهڵاتی جێبهجێكردندا بوو تا 2017.
یەكەم پارێزگاری كەركوك، دوای هەڵبژاردنی 2005ـی ئەنجومەنی پارێزگا، عهبدولڕهحمان مستهفا بوو له پشكی كورد، دواتر و له ساڵی 2011دا نهجمهدین كهریم، لهلایهن ههمان ئهنجومهنهوه وهك پارێزگار له پشكی كورد/ یهكێتیی ههڵبژێردرا، دوای شهش ساڵ بهبڕیاری پهرلهمانی عیراق له پۆستهكهی دورخرایهوه.
لە دوای ساڵی 2003ــەوە لەسەر بنەمای پرۆژەیەكی جەلال تاڵەبانی، سەرۆك كۆماری پێشوتری عیراق و سكرتێری پێشوی كۆچكردوی یەكێتیی، پۆستە ئیدارییەكانی كەركوك بەڕێژەی لەسەدا 32 بۆ هەریەك لە پێكهاتەكانی كورد، عەرەب و توركمان دیاریكرا، لەگەڵ سەدا چوار بۆ كریستیان. پڕۆژەكە لە تەمموزی 2009ـدا لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، رێككەوتنی لەسەر كرا، هەرچەندە ئەو رێككەوتنەش شۆڕنەبۆوە بۆ پۆستەكانی خوارەوە.
تهواوی پارێزگای كهركوك (دانیشتوانەكەی زیاتر لە ملیۆنێك و 770 هەزار كەسە)، ناوچهیهكی جێناكۆكه له نێوان ههردوو حكومهتی فیدراڵی عیراق و ههرێمی كوردستان، یهكلاییكردنهوهی چارهنوسیشی له چوارچێوهی ماددهی 140ـی دهستوردایه لهڕێی سێ قۆناغی ئاساییكردنهوه، سهرژمێری و راپرسی.