رێبوار تەها، لە پشكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ پۆستی پارێزگار و محەمەد حافز، لە هاوپەیمانی قیادە بۆ پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك هەڵبژێردران.
ئەو هەڵبژاردنە لە دانیشتنێكی ئەنجومەنی پارێزگاكەدا هات، كە درەنگانی ئەمشەوی شەممە 10ـی ئاب، لە هۆڵێكی هۆتێل رەشید، لە بەغدای پایتەخت بەڕێوەچوو و (كەركوك ناو) لەڕێی چەند سەرچاوەیەكەوە ئاگاداری ناوەڕۆكەكەی بوو.
كوتلەكانی یەكێتیی، قیادە، عروبە و كۆتای كریستیان پێكەوە بە 9 ئەندام رێژەی یاسایی دانیشتنەكەیان تەواو كرد، كە بەپێی یاسا دەبێت پەنجا كۆ یەك بێت، واتە 9 ئەندام لە كۆی 16 ئەندامی ئەنجومەن تا بتوانن پۆستەكان یەكلاییبكەنەوە.
لە چەند خولەكی سەرەتای دانیشتنەكەدا، كە پەروین فاتح، وەك دووەم بە تەمەنترین ئەندامی ئەنجومەن سەرۆكایەتی كرد، رێبوار تەها، وەك تاكە كاندیدی پۆستی پارێزگار و محەمەد حافز، وەك تاكە كاندیدی پۆستی سەرۆكی ئەنجومەن، ئیبراهیم تەمیمی لە دەرەوەی ئەنجومەنەوە و پشكی عەرەب بۆ جێگری پارێزگار بۆ كاروباری هونەری و ئەنجیل زیا، كۆتای كریستیان بۆ بڕیاردەری ئەنجومەن دەنگیان پێدرا، بەڵام پۆستەكانی دوو جێگری پارێزگار و جێگری سەرۆكی ئەنجومەن یەكلایینەكرانەوە و دانیتشتنەكە هەڵگیرا.
هەرچەندە لە دانیشتنەكەدا هیچ ئاماژەیەكی پێنەكراوە، بەڵام بەپێی لێدوانی پێشتر لێپرسراوانی یەكێتی، پۆستەكانی پارێزگار و سەرۆكی ئەنجومەن لە نێوان كورد و عەرەب دواتر ئاڵوگۆڕ دەكرێت.
راكان سەعید جبوری، پارێزگاری كەركوك بەوەكالەت كە وەك بە تەمەنترین ئەندامی ئەنجومەن پێشتر سەرۆكایەتی كردنەوەی یەكەم دانیشتنی ئەنجومەنی كرد، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ لە بەیاننامەیەكی كورتدا رونیكردەوە، بانگهێشتی ئەندامانی نەكردووە بۆ كۆبوونەوە لە كەركوك یان دەرەوەی كەركوك.
ئێوارە و پێش كۆبوونەوەی ئەنجومەنیش لە بەغدا، بەیاننامەیەك بەناوی گروپی عەرەبی كە كوتلەكانی (هاوپەیمانی عەرەبی، قیادە و عروبە لە خۆدەگرێت)ـەوە بڵاوكرایەوە، كە واژۆی شەش ئەندامەكەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە پشكی عەرەب لەسەرە و تیایدا كۆبوونەوەی ئەنجومەن رەتدەكەنەوە، ئەگەر بەهۆیەوە ئیدارەی هاوبەش و تەوافوقی لێنەكەوێتەوە.
ئەو بەیاننامەیە كوتلەی هاوپەیمانی عەرەبی بە سەرۆكایەتی راكان سەعید بڵاویكردەوە.
بەڵام لە دانیشتنەكەی بەغدا، سێ ئەندامی گروپی عەرەبی بەشداربوون، كە پێكهاتبوون لە رەعد ساڵح و محەمەد حافز، لە قیادە و زاهیر ئەنوەر عاسی لە هاوپەیمانی عروبە، جگە لە ئەنجیل زیا لە كۆتای كریستیان (بابلیۆن بە سەرۆكایەتی رەیان كلدانی)، پێنج ئەندامی یەكێتیی كە پێكهاتبوون لە رێبوار تەها، نەشئەت شاهوێز، پەروین فاتح، هۆشیار هجران و ئەحمەد كەركوكی.
لە بەرانبەردا سێ ئەندامی هاوپەیمانی عەرەبی كە پێكدێن لە راكان جبوری، ئەحمەد عەبدولواحد و سەلوا ئەحمەد لەگەڵ دوو ئەندامەكەی توركمان، ئەحمەد رەمزی و سەوسەن جەدوع، دوو ئەندامی پارتی كە پێكهاتون لە حسێن مەجید و شۆخان حەسیب بەشداری دانیشتنەكەیان نەكرد.
هەر ئێوارەی ئەمڕۆ بەرەی توركمانی پێش كۆبونەوەكەی بەغدا، لە بەیاننامەیەكدا هۆشداریدا هەر دانیشتنێكی ئەنجومەن بەبێ ئەوان قبوڵكراو نییە و هەموو رێگایەكی یاسایی و دەستوری دەگرنەبەر، تا دانیشتنەكەدا هەڵبوەشێننەوە.
پێشتریش پارتی دیموكراتی كوردستان، لە زاری حسێن مەجید سەرۆكی كوتلەكەیانەوە لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، جەختیكردەوە كە هیچ ئاگاداری و داواكارییەكیان پێنەگەیشتووە بۆ كۆبوونەوە لە باڵەخانەی ئەنجومەن یان دەرەوەی باڵەخانەی ئەنجومەن.
بەپێی یاسای پارێزگاكان، ئەمڕۆ دوایین وادەی هەڵبژاردنی پۆستەكانی سەرۆكی ئەنجومەن و پارێزگار و جێگرەكانیان بوو، بەوپێیەی دەبێت لە 30 رۆژدا دوای یەكەم دانیشتنی فەرمی ئەو پۆستانە یەكلاییبكرێنەوە، یەكەم دانیشتنیش لە 11ـی تەمموزدا لە كەركوك بەڕێوەچوو.
دەسەڵات لە كەركوك بەپێی نوێنەرایەتیكردنێكی دادپەروەرانە دابەشدەكرێت، كە زامنی بەشداریكردنی پێكهاتەكانی پارێزگاكە بكات بەدەر لەئەنجامی هەڵبژاردنەكان، وەكو لە ماددەی 35ـی تایبەت بە پارێزگای كەركوك هاتووە لە یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان ژمارە 12ـی ساڵی 2018ـی هەمواركراو.
دواكەوتنی پێكهێنانی ئیدارەی كەركوك، لەكاتێكدا لە 18ـی كانونی یەكەمی 2023ـەوە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان كراوە، بەهۆی ناكۆكی نێوان كوتلەكان، بە تایبەت كورد و عەرەبەوە بوو لەسەر پۆستی پارێزگا، بەوپێیەی هەر لایەكیان بە مافی خۆی دەزانێت.
نەتەوەی كورد كە ئێستا حەوت كورسی هەیە ساڵانێكە داوای پۆستی پارێزگار دەكات، لە كاتێكدا نەتەوەی عەرەب (شەش كورسی) و بە دیاریكراوی هاوپەیمانی عەرەبی كە راكان سەعید سەرۆكایەتی دەكات و سێ كورسییان مسۆگەر كردووە، هەوڵیان دەدا لای ئەوان بمێنێتەوە، توركمانیش دەیانویست پۆستەكە لە نێوان هەرسێ پێكهاتەكەدا دەستاودەست بكات.
راكان سەعید جبوری كە دوای روداوەكانی 16ـی ئۆكتۆبەری 2017 بەبڕیاری حەیدەر عەبادی، سەرۆكوەزیرانی ئەوكات راسپێردرا بۆ بەڕێوەبردنی پۆستی پارێزگار و پێشتر جێگری پارێزگار بوو.
پێشتر و له سهردهمی رژێمی بهعسدا، زوربهی جومگه سهرهكییهكانی ئیدارهدان و حوكمڕانی له كهركوك بهدهست پێكهاتهی عهرهبهوه بوو، بێ هیچ ههڵبژاردنێك، له دوای 2003ـیشهوه، كورد له ترۆپكی دهسهڵاتی جێبهجێكردندا بوو تا 2017.
یەكەم پارێزگاری كەركوك، دوای هەڵبژاردنی 2005ـی ئەنجومەنی پارێزگا، عهبدولڕهحمان مستهفا بوو له پشكی كورد، دواتر و له ساڵی 2011دا نهجمهدین كهریم، لهلایهن ههمان ئهنجومهنهوه وهك پارێزگار له پشكی كورد/ یهكێتیی ههڵبژێردرا، دوای شهش ساڵ بهبڕیاری پهرلهمانی عیراق له پۆستهكهی دورخرایهوه.