راکان سەعید جبوری، پارێزگاری كەركوك بەوەكالەت، لیژنەیەكی سێ كەسی لە ئیدارەی كەركوك راسپاردووە بەدواداچون بكەن بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەكانی پەیوەست بە هاوسەنگی نەتەوەیی لە پۆستە ئیدارییەكانی پارێزگاكە. ئەو پرسەش نزیكەی 20 ساڵە بە چەندین لیژنەی جیاواز سپێردراوە و كۆتایی نەهاتووە.
لە دوای ساڵی 2003وە لەسەر بنەمای پرۆژەیەكی جەلال تاڵەبانی، سەرۆك كۆماری پێشوتری عیراق و سكرتێری پێشوی یەكێتیی، پۆستە ئیدارییەكانی كەركوك بەڕێژەی لەسەدا 32 بۆ هەریەك لە پێكهاتەكانی كورد، عەرەب و توركمان دیاریكرا، لەگەڵ سەدا چوار بۆ كریستیان. پڕۆژەكە لە 28ی تەمموزی 2009دا لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، رێككەوتنی لەسەر كرا، بەڵام تائێستا جێبەجێنەكراوە.
راكان سەعید، لە 26ی كانونی دووەمی 2022، لە نوسراوێكدا پێكهێنانی لیژنەیەكی هەماهەنگی سێ كەسی لە ئیدارەی پارێزگای كەركوك راگەیاندووە و رایسپاردون، بەدواداچون بۆ هاوسەنگی پۆستە ئیدارییەکان و شۆڕکردنەوەی تا ئاستی رێژەی فەرمانبەران لە نێوان پێکهاتەکاندا بكەن.
لیژنەكە پێكهاتون لە عیماد خەڵەف دەهام، راوێژکاری یاسایی، سیراجەدین شەوکەت، راوێژکاری ئیداریی و دلێر سەمەد، راوێژکاری راگەیاندن لە دیوانی پارێزگای كەركوك.
دلێر سەمەد، یەكێك لە ئەندامانی لیژنەكە لە پێكهاتەی كورد، بە (كەركوك ناو)ی وت "بڕیارە لەم هەفتەیەدا لیژنەكە یەکەم کۆبونەوەی خۆی گرێبدات و تیایدا میکانیزم و رێکارەکانی تایبەت بە چۆنیەتی جێبەجێکردنی ئەو بڕیارەی پارێزگار تاوتوێ بکەین".
"جاری نازانرێت میکانیزم و هاوسەنگکردنەوەی پۆستە ئیدارییەكان چۆن دەبێت، بەڵام تائێستا هیچ لایەنێکی سیاسی تێبینی و کاردانەوەی لەسەر ئەو هەنگاوە نەبووە". دلێر سەمەد جەختیكردەوە "بۆ جێبەجێکردنی کارەکانمان، پشت بەڕێژەی سەدا 32 بۆ هەر نەتەوەیەک دەبەستین، بۆ نمونە لەهەر فەرمانگەیەکدا ئەگەر 10 لێپرسراوێتی هەبێت، ئەوکات دەبێت کورد، عەرەب و توركمان یەكێ سێ پۆستیان بەربكەوێت و بۆستی دەیەم بۆ مەسیحی بێت".
هیچ لایەنێکی سیاسی تێبینی و کاردانەوەی لەسەر ئەو هەنگاوە نەبووە
بەپێی نوسراوەكەی راكان سەعید، لیژنەكە پەیوەست دەبێت بە لیژنە هاوشێوە لە بەغدا.
لە خولی رابردوی پەرلەمانی عیراق، لیژنەیەك لە نوێنەرانی نەتەوە جیاوازەكانی كەركوك بۆ هەمان مەبەست پێكهێنرا، بەڵام كارەكانیان ئەنجامی نەبوو، بەهۆی ناكۆكی نەتەوەكان لەسەر دابەشكاریی پۆستەكان.
بەپێی رێككەوتنی ساڵی 2009، كە هەرسێ پێكهاتە سەرەكییەكەی كەركوك و كریستیان لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك واژۆیانكرد، پۆستی پارێزگار بۆ كورد، جێگری پارێزگار بۆ عەرەب و سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا بۆ توركمان بوو، پۆستەكانی تری ئەنجومەن و ئیدارەی كەركوكیش بەڕیژەی لەسەدا 32 بۆ هەرسێ پێكهاتە سەرەكییەكە و لەسەدا چواریش بۆ كریستیان، ئەوەش لەسەر بنەمانی پڕۆژەكەی جەلال تاڵەبانی.
بەڵام رێككەوتنەكە تەنیا بۆ پۆستی پارێزگار، جێگرەكەیی و سەرۆكی ئەنجومەن جێبەجێكرا و شۆڕنەبۆوە خوارەوە.
دلێر سەمەد وتی "سەرەتای هەنگاوەکانی ئێمە بە لێپرسراوی فەرمانگەکان دەستپێدەكات، دواتر دەچینە سەر رێژەی سەرۆک بەش و لێپرسراوی هۆبەی تەواوی دامەزراوەکان و دواتر ئەو ئالیەتە شۆڕدەکەینەوە بۆ خوارەوە، واتا رێژەی گشتی فەرمانبەران بەپێی نەتەوە و دواتر هاوسەنگکردنەوەی"، زیاتر وتی "ئەم كارە پێویستی بە داتاو ئاماری وردی فەرمانگەكان هەیە، تا بتوانین لەسەر بنچینەی ئەو داتاو ئامارانە پرۆسەی هاوسەنگکردنەوەکە ئەنجام بدەین".
"پرۆسەکە لە بەرژەوەندی هەموو نەتەوەکانە و هەموان یەکسان دەکرێنەوە".
پرۆسەکە لە بەرژەوەندی هەموو نەتەوەکانە و هەموان یەکسان دەکرێنەوە
ئەو هەوڵەی راكان سەعید، لە كاتێكدایە تەنیا 10 رۆژی لەبەردەمدا ماوە، بۆ ئەوەی لە نێوان پۆستی پارێزگاری كەركوك بەوەكالەت و كاری پەرلەمانتاری یەكێكیان هەڵبژێرێت.
بەپێی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق، لە یەكەم دانیشتنی پەرلەمانی عیراقەوە كە - 9ی كانونی دووەم بەڕێوەچوو- تا ماوەی مانگێك، كە 9ی شوبات دەكات، پێویستە ئەو كەسەی دەنگی پێویستی بۆ پەرلەمان بەدەستهێناوە سوێندی یاسایی بخوات، بە پێچەوانەوە كاندیدێكی تر لە دەرەوەی لیست و هاوپەیمانێتییەكەی جێگەی دەگرێتەوە.
هەروەها لەكاتێكدایە لایەنەكان بە تایبەت یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان چاوی لەوەیە پۆستی پارێزگار بەدەستبهێنێتەوە، كە تاكە رێگاش بەهۆی هەڵوەشانەوەی ئەنجومەنی پارێزگاكانەوە، ئەوەیە لەڕێی سەرۆك وەزیرانی عیراقەوە كەسێك بۆ ئەو پۆستە رابسپێردرێت تا كاتی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان.