لە نەبونی ئەنجومەنی پارێزگاكاندا
كێ دەسەڵاتی لابردن و هەڵبژاردنی پارێزگاری هەیە؟

كەركوك/ هۆڵی دانیشتنەكانی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك فۆتۆ: كەركوك ناو

عەمار عەزیز – كەركوك ناو

هەڵبژاردنی پارێزگار؛ تەنیا لە دەسەڵاتی ئەنجومەنی پارێزگاكاندا بوو كە زیاتر لە دوو ساڵە كارەكانیان كۆتایی هاتووە، بۆیە ئێستا تەنیا سەرۆك وەزیرانی عیراق دەتوانێت كەسێك بۆ راییكردنی پۆستی پارێزگار بەكاتی رابسپێرێت.

ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق، بەدەر لە هەرێمی كوردستان، لە كۆتایی 2019ـدا و بەپێی هەمواری یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان (ژمارە 12ـی 2018) لەلایەن پەرلەمانەوە كۆتایی بە كارەكانیان هێنرا، لەژێر فشاری داواكاری ئەوكاتی خۆپیشاندەرانی ناڕەزایی لە بەغدا و بە پاساوی تێپەڕبونی وادەی یاساییان لەو ئەركەدا.

ئەوەش لەكاتێكدایە دەسەڵاتی هەڵبژاردن بۆ پۆستی پارێزگار تەنیا لای ئەنجومەنی پارێزگایە، وەك لە یاسای پارێزگا نەبەستراوەكان بە هەرێم ژمارە 21ـی ساڵی ـ2008ـدا هاتووە و لە ماددەی 122ـی دەستوری هەمیشەیی عیراقیشدا ئاماژەی پێكراوە.

لە بڕگەی حەوتەمی ماددەی 7ـی ئەو یاسایەدا دەڵێت ئەنجومەنی پارێزگا بە زۆرینەی رەها (نیوە كۆ یەك)ـی ئەندامانی دەتوانێت پارێزگار و جێگرەكانی هەڵدەبژێرێت.

لەتیف شێخ مستەفا، پسپۆڕی یاسای دەستوری بە (كەركوك ناو)ـی وت "لەروی یاساییەوە هەر دەبێت ئەو پۆستە لەلایەن ئەنجومەنەكانەوە پڕبكرێتەوە" بەڵام زیاتر رونیكردەوە "بۆ ئەوەی پۆستەكە بەتاڵ و چۆڵ نەبێت، بەپێی ئەمری واقیع سەرۆك وەزیران دەتوانێت یەكێك تەكلیف بكات جا بەڕێوەبەری پۆلیس بێت یان جێگری پارێزگار بۆ بەڕێوەبردنی پۆستی پارێزگار، ئەوەش بەپێی ئەمری واقیع نەك یاسا، چونكە بەپێی یاسا لە دەسەڵاتی سەرۆك وەزیرانیشدا نییە".

ئەنجومەنی شورای دەوڵەت، ساڵی 2019 و دوای كۆتاییپێهێنانی كاری ئەنجومەنی پارێزگاكان، لە وەڵامی پرسیارێكی پەرلەمانی عیراقدا دەڵێت لە نەبونی ئەنجومەنەكاندا پارێزگار دەتوانێت دەستلەكاركێشانەوەی رادەستی سەرۆك وەزیران بكات، هەر ئەویش كەسێكی دیكە بۆ بەڕێوەبردنی پۆستەكە رادەسپێرێت.

hoz
كەركوك/2019/ خۆپیشاندانی ژمارەیەك لە هۆز و عەشیرەتە عەرەبییەكان دژی دەنگۆی وەرگرتنەوەی پۆستی پارێزگار لە عەرەب فۆتۆ: كەركوك ناو

شاخەوان عەبدوڵا، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عیراق بە (كەركوك ناو)ـی وت "هەڵبژاردنی پارێزگار كاری ئەنجومەنی پارێزگایە، بەڵام ئێستا ئەوان لە كارەكانیاندا نەماون و پەرلەمان چاودێری كارەكان دەكات، بۆیە پەرلەمان و حكومەت دەتوانن پارێزگاری نوێ دابنێن".

بەپێی هەمواری یاسای ژمارە 12ـی ساڵی 2018ـی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان؛ پارێزگار و جێگرەكانیان و سەرۆكی یەكە ئیدارییەكان لە راپەڕاندنی ئەركەكانیان بەردەوام دەبن و نوێنەرانی هەر پارێزگایەك لە پەرلەمانی عیراق چاودێری كارەكانی ئیدارەی پارێزگاكەی خۆیان دەكەن.

لەتیف شێخ مستەفا كە پەرلەمانتاری پێشوتری عیراقە، پێیوایە پێدانی دەسەڵاتی هەڵوەشاندنەوەی كاری ئەنجومەنی پارێزگا و لابردنی پارێزگاریش بە پەرلەمان، نادەستورییە.

بەپێی خاڵێكی بڕگەكانی ماددەی حەوت لە یاسای پارێزگا نەبەستراوەكان بە هەرێم ژمارە 21ـی ساڵی 2008ـی هەمواركراو، جگە لە ئەنجومەنی پارێزگا، پەرلەمانی عیراقیش دەتوانێت لەسەر پێشنیازی سەرۆك وەزیران متمانە لە پارێزگار وەربگرێتەوە.

پەرلەمان لە ساڵی 2017ـدا متمانەی لە نەجمەدین كەریم، پارێزگاری پێشوی كەركوك وەرگرتەوە و لە جێگاكەی راكان سەعید جبوری، جێگری ناوبراو بە بڕیاری حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی ئەوكات بەوەكالەت بۆ بەڕێوەبردنی پۆستەكە راسپێردرا.

لەگەڵ پێكهاتەكانی تر رێككدەكەوین لەسەر كەسێك كە ئیدارەی پارێزگا بكات تا هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان

چەند ساڵێكە كورد و بە دیاریكراوی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لە هەوڵی وەرگرتنەوەی پۆستی پارێزگاری كەركوكدایە و بە مافی خۆی دەزانێت.

شاخەوان عەبدوڵا وتی "بۆ هەڵبژاردنی پارێزگاری كەركوك رێككەوتنێك لەنێوان لایەنەكان هەیە، چونكە ئەوە ئیستیحقاقی كوردە، كوردیش لەگەڵ پێكهاتەكانی تر دەبێت قسە بكەن و پارێزگارێكی نوێ هەڵبژێرن، ئەمە زۆر زەروورە و بارودۆخی شارەكە رۆژ بە رۆژ بەرەو خراپی دەڕوات".

جێگری سەرۆكی پەرلەمان دەڵێت پێویستە "كەسێكی خەمخۆر و دڵسوز و پاك بكرێتە پارێزگار، تا كاری باش بۆ خەڵك بكات و جیاوازی لەنێوان پێكهاتەكاندا نەكات".

راكان جبوری كە لە هەڵبژاردنی 2021ـی پەرلەمانی عیراق دەنگی پێویستی بەدەستهێناوە بۆ پەرلەمانتاری، مانگێكی لە بەردەمدایە بۆ ئەوەی لە پۆستی پارێزگاردا بمێنێتەوە یان بچێتە بەغدا، ئەوەش بەپێی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران.

شاخەوان عەبدوڵا رونیكردەوە "ئەگەر راكان جبوری بچێتە پەرلەمان، لەگەڵ پێكهاتەكانی تر رێكدەكەوین لەسەر كەسێك كە ئیدارەی پارێزگا بكات تا هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان، ئێستاش راكان جبوری كاربەڕێكەرە و پارێزگار نییە".

جگە لە كەركوك كە تەنیا ساڵی 2005 هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای تیادا كراوە، دوایین هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق لە ساڵی 2013ـدا بووە و وادەی هەڵبژاردنی داهاتووش نادیارە.

nainawa (4)-1
نه‌ینه‌وا، 13ی ئایاری 2019، دانیشتنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا بۆ هه‌ڵبژاردنی پارێزگار فۆتۆ: ئه‌نجومه‌ن

غەزوان حامد، ئەندامی دوا ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا (بەیاسا كارەكانی ئەنجومەنی كۆتاییهاتووە) دەڵێت "هەڵبژاردنی پارێزگار تەنیا لەرێی ئەنجومەنەوەیە، لە دەسەڵاتی هیچ كەس و لایەنێكی تردا نییە پارێزگار هەڵبژێریت، بەڵام سەرۆك وەزیران تەنیا دەتوانێت پارێزگار دابمەزرێنێت نەك هەڵبژێرێت".

بەوتەی غەزوان بۆ (كەركوك ناو)، كاتێك بە یاسا كۆتایی بە كاری ئەنجومەنی پارێزگاكان هێنراوە، چارەسەری یاسایی بۆ ئەو پرسە دانەنراوە و بۆشایی یاسایی دروست بووە.

لە ماددەی 28ـی یاسای پارێزگا نەبەستراوەكان بە هەرێم هاتووە؛ جێگری یەكەمی پارێزگار دەتوانێت كارەكانی پۆستەكە بەڕێوەببات تا هەڵبژاردنی پارێزگاری نوێ لەلایەن ئەنجومەنەوە، ئەگەر پارێزگار بەهۆكاری تەندروستی نەیتوانی لە ئەركەكەی بەردەوامبێت.

بەڵام ئەو بڕگەیەش نابێتە چارەسەر بۆ كەركوك، بەوپێیەی ئێستا پۆستی پارێزگار لەلایەن جێگری یەكەمەوە بە وەكالەت بەڕێوەدەبرێت.

غەزوان حامد دەڵێت "هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی پارێزگاكان زۆر هەڵە بوو، ئەگەر ئێستا لەئەركدا بونایە، ئەو كێشەیە چارەسەر دەكرا و پارێزگارەكانیش نەیاندەتوانی بە ئارەزوی خۆیان و بێ چاودێری كاربكەن".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT