یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان، دوای كۆبونەوەی حزبە كوردییەكانی كەركوك، رایگەیاند كە پۆستی پارێزگاری كەركوك ئیستحقاقی حزبەكەیەتی، ئەوەش بە پشتبەستن بە دواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق.
یەكێتی لە دواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق لە 10ی تشرینی یەكەم، سێ كورسی پارێزگاكەی بەدەستهێنا لە كۆی 12 كورسی و خۆی بە براوەی یەكەمی پارێزگاكە دادەنێت، لەسەر ئەو بنەمایەش داوای پۆستی پارێزگاری كەركوك دەكات، كە لە ئێستادا لای بەرەی عەرەبی-یە و ئەو بەرەیە تەنیا یەك كورسی پارێزگاكەی هەیە.
رەوەند مەحمود، لێپرسراوی مەڵبەندی كەركوكی یەكێتی، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا كە ژمارەیەك حزبی كوردیش بەشداربون، وتی "داوا لە دەوڵەتی عێراقی فیدراڵ دەكەین، دەرئەنجام و ئیستیحقاقی هەڵبژاردنەكان بكاتە بنەما بۆ دانانی پۆستە ئیدارییەكان لە شاری كەركوك".
لەبارەی پۆستی پارێزگاری كەركوكیشەوە، وتی "ئەو پۆستە ئیستحقاقی یەكێتییە و پێداگری لەسەر دەكەین".
راكان سەعید جبوری، لە كۆتایی تشرینی دووەمی 2017ەوە، بە بڕیاری حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی عیراق، پۆستی پارێزگاری كەركوكی بەوەكالەت وەرگرت و لە ئێستادا یەكێكە لە كاندیدە سەركەوتووەكان بۆ پەرلەمانی عیراق، بەڵام رون نییە، ئەمجارە دەچێتە پەرلەمان یان نا.
لە خولی پێشودا ناوبراو بە هەمان شێوە دەنگی پێویستی بەدەستهێنا، بەڵام لەپێناو پۆستی پارێزگاری كەركوك، سوێندنی یاسایی نەخوارد.
حزبە كوردییەكانی كەركوك، 14ی كانونی یەكەم لە مەڵبەندی كەركوك كۆبونەوە و بەپێی راگەیەنراوێكیان، جەختیان لە برایەتی و پێكەوە ژیانی پێكهاتەكانی پارێزگای كەركوك كردۆتەوە.
كۆنگرەی رۆژنامەوانی حزبە كوردییەكانی كەركوك. 14ی كانونی یەكەم.
هەروەها هاتووە "پێویستە ئیدارەی پارێزگای كەركوك بە بێ جیاوازی خزمەت بە شاری كەركوك بكات".
پێداگری یەكێتی بۆ ئەو پۆستە لە كاتێكدایە، پارتی دیموكراتی كوردستانیش لە دوای راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەكانەوە، چەند جارێك لە ئاستی باڵا داوای ئەو پۆستەی كردووە و بە مافی خۆی دەزانێت. پارتی لە دواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق-دا دوو كورسی پارێزگاكەی بەدەستهێنا.
بەرەی توركمان-یش لە ئایاری ئەمساڵ، لە زاری حەسەن تۆران، سەرۆكی بەرەكەوە، وتی "نالۆژیکییە پۆستی پارێزگار لە نێوان دوو نەتەوەدا قۆرخ بکرێت". ئەو وتەیەشی لە دانیشتنی "کەرکوک لە چاوی راگەیاندنی عیراقی و جیهانی"دا هات، كە تایبەت بوو بۆ نوێنەری كەناڵەكانی راگەیاندن و نوێنەری (كەركوك ناو)یش ئامادەی بوو.
بەرەی توركمانی لە هەڵبژاردنی 10ی تشرینی یەكەمدا، تەنیا یەك كورسی بەدەستهێنا.