حەسەن تۆران، سەرۆكی بەرەی توركمانی، پێیوایە دابەشكردنی پۆستە حكومییەكانی كەركوك بە رێژەی لەسەدا 32 بۆ هەرسێ نەتەوە سەرەكییەكەی پارێزگاكە زامنی پێكەوەژیان دەكات و جەختیشدەكاتەوە "پێکەوەژیان لە كەركوك بۆ رێکكەوتن تەرجەمە نەکراوە".
ئەو وتەیەی حەسەن تۆران، لە دانیشتنی "کەرکوک لە چاوی راگەیاندنی عیراقی و جیهانی"دا هات، كە تایبەت بوو بۆ نوێنەری كەناڵەكانی راگەیاندن و شەممە 29ی ئایار بەڕێوەچوو.
لە وەڵامی پرسیاری نوێنەری دەزگای (كەركوك ناو)دا، لەبارەی تێڕوانینی بەرەی توركمانی بۆ ئایندەی پێكەوەژیان لە كەركوك، تۆران وتی "ئایندەی پێکەوە ژیان لە كەركوك بە دابەشکردنی پۆست و پلەكان دەبێت، ئەوەش بە یەکسانی لە نێوان نەتەوەکاندا بە رێژەی سەدا 32 بۆ هەرسێ پێكهاتە سەرەكییەكە، لەگەڵ رچاوکردنی مەبدەئی ئاڵوگۆڕی دەسەڵات لەو پۆستانەدا".
ئایندەی پێکەوە ژیان لە كەركوك بە دابەشکردنی پۆست و پلەكان دەبێت
سەرۆكی بەرەی توركمانی، پێیوایە ئەو دابەشكارییە زامنی پێكەوەژیان دەكات، رەخنەش لە هاوڕێبازانی جەلال تاڵەبانی، سكرتێری پێشوی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان دەگرێت بەوەی "پابەندنەبون بە پڕۆژەكەی مام جەلالەوە تا وەک خۆی جێبەجێبكرێت".
پارێزگای كەركوك، وەك ناوچەیەكی جێناكۆك لە دوای ساڵی 2003وە لەسەر بنەمای پرۆژەیەكی جەلال تاڵەبانی، سەرۆك كۆماری عیراق و سكرتێری پێشوی یەكێتیی پۆستەكانی لەسەدا 32 بۆ هەریەك لە پێكهاتەكانی كورد، عەرەبو توركمان دیاریكرا، لەگەڵ سەدا چوار بۆ كریستیان. پڕۆژەكە لە 28ی تەمموزی 2009دا لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، رێككەوتنی لەسەر كرا، بەڵام جێبەجێنەكرا.
حەسەن تۆران، وتی "ئەو دابەشكارییە كە بنەماكەی بۆ پڕۆژەكەی مام جەلال دەگەڕێتەوە و بۆ كاتێكی دیاریكراو تەرحكراوە، بۆ ئێستا و ئایندەی كەركوكیش تاكە چارەسەرە و لەگەڵ دەستوری عیراقیشدا ناكۆك نییە، بەڵام بەداخەوە هاوبیر و هاوڕێبازانی ناوبراو پێوەی پابەندنەبون، ئەگەر ئەو پڕۆژەیە وەک خۆی جێبەجێبکرایە کەرکوک بەم دۆخە نەدەگەیشت".
جەختیشیكردەوە لەوەی پێکەوەژیان لە كەركوك بۆ رێکەوتن تەرجەمە نەکراوە، "ئەوەش ئیرادەی سیاسی پێویستە".
حەسەن تۆران، كە لە ئاداری ئەمساڵ پۆستی سەرۆكایەتی بەرەی توركمانی وەرگرت لە شوێنی ئەرشەد ساڵحی، لەو دانیشتنەدا لەسەر چەند پرسێكی هەنوكەیی پەیوەست بە كەركوك قسەی كرد، لە نێویاندا رەخنەی لە حكومەتی فیدراڵی گرت و تۆمەتباری كرد بەوەی "بە درێژایی مێژوو لەگەڵ کەرکوک بە ئینساف نەبووە و مافی تەواوی نوێنەرایەتی بە کەرکوک نەداوە لەنێو دام و دەزگا باڵاکانی وڵاتدا".
حەسەن تۆران، تێڕوانینی حزبەكەی لەبارەی دۆسییەی ئەمنی كەركوكەوە رونكردەوە و وتی "پێمانوایە تەواوی دۆسییەكە لەژێر دەسەڵاتی حكومەتی فیدراڵدا بێت و رێگە بە هیچ هێزێکی نا ئیتیحادی نەدرێت رۆڵیان لە ئەمنیەتی کەرکوکدا هەبێت".
وتیشی "هیچ لاریمان نییە لە رێکكەوتنی نێوان حكومەتی فیدراڵ و هەرێم لەسەر پێشمەرگە، بەڵام پێویستە لە دەرەوەی ئیدارەی كەركوكدا بێت، چونكە كەركوك پێویستی بە هێزی زیاتر نییە... راستە داعش لێرە و لەوێ جموجۆڵی هەیە، بەڵام بەگشتی کەرکوک لە دۆخێکی ئەمنی باشدایە".
هیچ لاریمان نییە لە رێکكەوتنی نێوان حكومەتی فیدراڵ و هەرێم لەسەر پێشمەرگە، بەڵام پێویستە لە دەرەوەی ئیدارەی كەركوكدا بێت
لە بەشێكی دانیشتنەكەدا، راكان سەعید، پارێزگاری كەركوك بەوەكالەت ئامادەی بوو، تۆران وتی "نالۆژیکییە پۆستی پارێزگار لە نێوان دوو نەتەوەدا قۆرخ بکرێت"، رەخنەشی لە پشكپشكێنەی كەركوك هەبوو و وتی "بەداخەوە ئێستا پشکپشکێنە لە کەرکوک نەتەوەکانی تێپەڕاندووە و پەلی هاویشتووە بۆ نێو حزبەکان، بۆ نمونە پۆستێک لە پۆستەکان حزبێکی دیاریکراو بۆ ماوەیەکی دورودرێژ دەستی بەسەردا گرتووە، ئەمە قبوڵکراو نییە".
لە بارەی ئیدارەدانی ئێستای پارێزگای كەركوك و نەبونی چاودێر بەسەر دامەزراوەكاندا، تۆران وتی "گەورەترین هەڵەی کارەساتبار کە پەرلەمانی عیراق ئەنجامیدا هەڵپەساردنی رۆڵی ئەنجومەنی پارێزگاکان بوو، چونکە دەزگایەکی چاودێر بوو بۆ سەر ئیدارە و حکومەتە خۆجێیەکانی پارێزگاکان".
پەرلەمانی عیراق لە كۆتایی 2019دا، بڕیاریدا ئەنجومەنی پارێزگا و قەزاو ناحییەكان لە تەواوی پارێزگاكان هەڵبوەشێنێتەوە، ئەوەش لەژێر فشاری خۆپیشاندەراندا كە یەكێك لە داواكارییەكانیان هەڵوەشانەوەی ئەنجومەنەكان بوو.
سەرۆكی بەرەی توركمانی داوایكرد، رۆژنامەنوسان راپۆرتی بنکۆڵکاری بكەن سەبارەت بە پیسبونی ژینگە، كۆبونەوەی خۆڵ و خاشاك و خراپی رەوشی كارەبا، تا لەڕێی ئەوانەوە کەمتەرخەمەکان ئاشکرابکرێن.
"مەعقول نییە شارێکی دەوڵەمەندی وەک کەرکوک، لە رۆژێکدا 16 کاتژمێر کارەبای نەبێت... گرنگە بزانین کەسە کەمتەرخەمەکان كێن، ئایا راکان جبورییە، یان شارەوانییە، یان بەغدا و مستەفا کازمییە، تا ئەوە بۆ خەڵك ئاشكرابكرێن"، تۆران زیاتر وتی "مەبەستمانە خەڵکی سەر شەقام ئاگاداری راستییەکان بن و بزانن کێ تەگەرە دەخاتە بەردەم فەراهەمکردنی خۆشگوزەرانی لە کەرکوك".
سەبارەت بە گفتوگۆی نێوان حزبەكان لە كەركوك بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێكی گونجاوتر بۆ ئیدارەدانی شاری كەركوك لەڕوی ئەمنیی و خزمەتگوزارییەوە، حەسەن تۆران وتی "ناو بەناو گفتوگۆ لە نێوان هەرسێ نەتەوە سەرەكییەكەدا دروستدەبێت، بەڵام نەگەیشتوین بە چارەسەرێکی بنەڕەتی دورمەودا، بەشێک لە گفتوگۆکانمان دروستکردنی هێزێکی هاوبەش بوو لە پێکهاتەکانی شارەکە، ئەمە پێشنیاری ئێمە بوو لە ساڵی 2012، بەڵام بەداخەوە پشتگیری بەدەستنەهێنا".