ئەرشەد ساڵحی سەرۆكی بەرەی توركمانی دەستلەكاركێشانەوەی لە سەرۆكایەتی حزبەكەی راگەیاند و لەبری ئەوە حەسەن تۆران دەستبەكاربوو.
ئەو ئاڵوگۆڕە لە كۆبونەوەیەنی نائاسایی دەستەی كارگێڕی بەرەی توركمانیدا هات، بە سەرۆكایەتی ئەرشەد ساڵحی، كە ئەمڕۆ یەكشەممە 28ی ئادار بەڕێوەچوو.
بەپێێ راگەیەنراوێكی كۆبونەوەكە كە واژۆی ئەرشەد ساڵحی لەسەرە، تیایدا چوار بڕیار دەركراوە، لەخالی یەكەمدا هاتووە لەمەودوا "ئەرشەد ساڵحی كاتەكانی خۆی بۆ كاری سیاسیی و دروستكردنی پەیوەندیی و دانوستان بۆ پشكی توركمان تەرخاندەكات".
لە خاڵی دووەمدا جەختكراوەتەوە لەوەی "بە بڕیاری ئەندامانی دەستەی كارگێڕی بەرەی توركمانی، حەسەن تۆران پۆستی سەرۆكایەتی بەرەی توركمانی وەردەگرێت".
بەپێی خاڵی سێیەم و چوارەمی ناو راگەیەنراوەكە، كە ئەرشەد ساڵحی واژۆی كردووە، تیایدا هیشام بەیرەقدار، بۆتە جێگری سەرۆكی بەرەی توركمانی لە جێگەی حەیدەر قەساب، هەروەها هەیسەم هاشم موختار ئۆغلۆ بۆتە جێگری سەرۆكی بەرەی توركمانی لە جێگەی حەسەن تۆران".
ئەرشەد ساڵحی، لە ساڵی 2011ەوە سەرۆكایەتی بەرەی توركمانی دەكات لە عیراق و لە سێ خولی رابردوی پەرلەمانی عیراقیشدا سەرۆكی فراكسیۆنی بەرەی توركمانییە.
هەرچی حەسەن تۆرانە، جێگری سەرۆكی بەرەی توركمانییە و تا ساڵی 2014 سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بوو، دواتر بووە پەرلەمانتار، بەڵام لە هەڵبژاردنی ئایاری 2018دا لە چوارچێوەی كۆتای ژناندا، ئافرەتێکی توركمان جێگەی گرتەوە.
بەیانی ئەمڕۆ یەكشەممە، سەرچاوەیەک كە لێپرسراوێتی هەیە لە بەرەی توركمانی و لەبەرئەوەی مافی لێدوانی نییە، ئامادەنەبوو ناوی خۆی ئاشكرابكات، بە (كەركوك ناو)ی وت "بەرەی تورکمانی حەسەن تۆرانی وەك سەرۆکی نوێ لە شوێنی ئەرشەد ساڵحی داناوە و بەمزووانە لە راگەیەنراوێکدا یان كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانییدا ئاشكرادەكرێت".
"یەکێک لە هۆکارەکانى گۆڕینى ئەرشەد ساڵحى بۆ حەسەن تۆران بەهۆی ئەوەوەیە كە ئەو سەرۆكایەتی فراكسیۆنی بەرەی توركمانی دەكات لە پەرلەمانی عیراق و زۆربەی كاتەكان لە بەغدایە، بەڵام پێویستە كەسێك هەبێت كارەكانی بەرەی توركمانی لە كەركوك رابپەڕێنێت كە بارەگای سەرەكی بەرەی لێیە و كۆبونەوە و كاری حزب پێشبخات"، سەرچاوەكە وای وت.