ئەرشەد ساڵحی دەستبەرداری سەرۆكایەتی بەرەی توركمانی دەبێت؟

ئەرشەد ساڵحی، سەرۆكی بەرەی توركمانی، لە بۆنەیەكی لایەنگرانی حزبەكەیدا. فۆتۆ: راگەیاندنی بەرەی توركمانی

كەركوك ناو

ئەرشەد ساڵحی سەرۆكی بەرەی توركمانی نزیكە لە دەستلەكاركێشانەوە لە سەرۆكایەتی حزبەكەی لە چوارچێوەی ئەو گۆڕانكارییەكانی ناو بەرەکە، بەڵام ئەمڕۆ یەكشەممە ناوبراو وەكو سەرۆكی بەرە بەشداریكرد لە مەراسیمێكی تایبەت بە "شەهیدان" لە ناحیەی پردێ و لایەنگرانی بە "سەرۆكی مەزن" ناویانبرد.

سەرچاوەیەک كە لێپرسراوێتی هەیە لە بەرەی توركمانی و لەبەرئەوەی مافی لێدوانی نییە، ئامادەنەبوو ناوی خۆی ئاشكرابكات، بە (كەركوك ناو)ی وت "بەرەی تورکمانی حەسەن تۆرانی وەك سەرۆکی نوێ لە شوێنی ئەرشەد ساڵحی داناوە و بەمزووانە لە راگەیەنراوێکدا یان كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانییدا ئاشكرادەكرێت".

"یەکێک لە هۆکارەکانى گۆڕینى ئەرشەد ساڵحى بۆ حەسەن تۆران بەهۆی ئەوەوەیە كە ئەو سەرۆكایەتی فراكسیۆنی بەرەی توركمانی دەكات لە پەرلەمانی عیراق و زۆربەی كاتەكان لە بەغدایە، بەڵام پێویستە كەسێك هەبێت كارەكانی بەرەی توركمانی لە كەركوك رابپەڕێنێت كە بارەگای سەرەكی بەرەی لێیە و كۆبونەوە و كاری حزب پێشبخات".

پێویستە كەسێك هەبێت كارەكانی بەرەی توركمانی لە كەركوك رابپەڕێنێت

ئەرشەد ساڵحی، لە ساڵی 2011ەوە سەرۆكایەتی بەرەی توركمانی دەكات لە عیراق و لە سێ خولی رابردوی پەرلەمانی عیراقیشدا سەرۆكی فراكسیۆنی بەرەی توركمانییە.

هەرچی حەسەن تۆرانە، جێگری سەرۆكی بەرەی توركمانییە و تا ساڵی 2014 سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بوو، دواتر بووە پەرلەمانتار، بەڵام لە هەڵبژاردنی ئایاری 2018دا لە چوارچێوەی كۆتای ژناندا، ئافرەتێکی توركمان جێگەی گرتەوە.

تا ئامادەكردنی ئەم هەواڵە، بەرەی توركمانی هیچ راگەیەنراوێكی رەسمی درەبارەی ئەگەری گۆڕانكاریی لەناو حزبەكەیدا بڵاونەکردۆتەوە.

هاوکات، محەمەد سەمعان، وتەبێژی بەرەی توركمانی، هیچ وەڵامێكی (كەركوك ناو)ی نەدایەوە لەبارەی دەنگۆی گۆڕانكاریی لەناو حزبەكەیدا، هەرچەندە لەڕێی تەلەفون و نامەشەوە ئاگاداركرایەوە.

ئەمڕۆ یەكشەممە 28ی ئادار، ئەرشەد ساڵحی، وەك سەرۆكی بەرەی توركمانی بەشداریكرد لە مەراسیمێكی تایبەت بە "شەهیدان"ی توركمان لە ناحیەی پردێ (ئاڵـتون كۆپری) و تیایدا لایەنگرانی بە دروشمی وەک "گەورەترین سەرۆكی ئێمە، سەرۆكی مەزن و شانازی ئێمەیت"، پێشوازییان لێكرد.

ڤیدیۆ: ئەرشەد ساڵحی لەكاتی گەیشتنی بۆ ناحیەی پردێ (ئاڵتۆن كۆپری). سەرچاوە: پەیجی ئەرشەد ساڵحی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك

لە مانگی شوباتی رابردودا، ژمارەیەك لە لایەنگرانی بەرەی توركمانی، لەبەردەم بارەگای سەرەكی حزبەكە كۆبونەوە و داوایانكرد، سەرۆكایەتی بەرەی حزبە توركمانییەكان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق، بدرێتە ئەرشەد ساڵحی، هەرچەندە بەپێی رێككەوتنی نۆ حزبی توركمانی ریاز ساری كەهییە دانرابوو.

(كەركوك ناو)، پەیوەندی بە چەند ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی بەرەی توركمانییەوە كرد، بەڵام كەسیان ئامادەنەبون هیچ زانیارییەك لەسەر ئەو گۆڕانكارییانە باسبكەن و بەشێكیان جەختیانكردەوە "دەتوانن لە مەراسیمەكەی پردێ ئەو پرسیارە لە خۆی بكەن".

ئەرشەد ساڵحی، لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك، ڤیدیۆی كاتی گەیشتنی بۆ ناحیەی پردێ بڵاوكردەوە، لەوكاتەی بەشێك لە لایەنگرانی وەك "جێی شانازی گەلی توركمان" بە دروشمی حەماسییەوە پێشوازی لێدەکەن.

لە دوو رۆژی رابردودا، ئەرشەد ساڵحی دوو پەیامی كورتی لەڕێی پەیجەكەیەوە بڵاوکردۆتەوە و تیایدا جەخت لەوە دەكاتەوە كە ناگەڕێتە دواوە و داوای دانبەخۆداگرتنیش لە لایەنگرانی بەرەی توركمانی دەكات.

"لەوەتەی ئێمە خۆمان دەناسین، توانیومانە خزمەت بە تێکۆشانی خۆمان بکەین و بەردەوام دەبین لە خۆناساندن... ئێمە هێشتا لە ناوەڕاستی رێگاکەداین، هەرگیز، هەرگیز ناگەڕێمەوە دواوە"، ئەمە یەكێك بوو لە پەیامەكانی كە شەممە 27ی ئادار بڵاویكردەوە.

رۆژی پێشتریش (هەینی 26ی ئادار)، دەڵێت "ئێمە لە پاراستنی یەکڕیزیمان بەردەوام دەبین و سورین لەسەر خزمەتکردنی گەل و تێکۆشانی تورکمانی و جیهانی تورک"، هەروەها هاتووە "لە پێناو بەرژەوەندیی نەتەوە گەورەکەمان و تورکمانلی، داوا لە گەلەکەمان دەکەین ئارامبن".

 

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT