نۆ حزب و لایەنی سیاسی توركمانی، لەنێواندا بەرەی توركمانی عیراقی، رێككەوتن بەیەك لیست و لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتییەكدا بەشداریی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق بكەن، بەڵام رێكخراوەكانی سەر بە بەرەی توركمانی لە گردبونەوەیەكدا داوایانكرد گۆڕانكاریی لە سەرۆكی لیستەكەدا بكرێت.
ئەو رێككەوتنە چوارشەممە 10ی شوبات واژۆكرا، مەبەست لێی "رێكخستنەوەی نێوماڵی توركمانی" بوو، لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتی "بەرەی حزبە توركمانییەكان"، كە تیایدا ریاز ساری كەهییە، وەكو سەرۆكی لیستەكە دانرا، بەپێی رێككەوتنی واژۆكراوی نێویانیان كە كۆپییەكی لای (كەركوك ناو)ە.
عەلى قەریاغدی، سکرتێرى گشتى لە دەستەى جێبەجێكردنی حزبی تورکمان ئیلى، بە (كەركوك ناو)ی وت "نۆ حزب و لایەنی سیاسیی توركمانی بە ئیسلامی، نەتەوەیی و علامانییەوە ئەم رێككەوتنەمان واژۆكردووە... ریاز ساری كەهییە، سەرۆكی حزبی توركمان ئیلی، سەرۆكایەتی لیستەكە دەكات، هەموو حزبەکانى نێو هاوپەیمانێتییەكە بەشداردەبن لە بانگەشە و سەردان و بە سەركردنەوەكاندا، هەروەها لە دەستكەوت و پۆستە ئیدارییەكان بۆ دوای هەڵبژاردن".
ریاز ساری كەهییە، سەرۆكی حزبی توركمان ئیلی، سەرۆكایەتی لیستەكە دەكات
بەڵام ئەمڕۆ پێنجشەممە 11ی شوبات، رێكخراوەكانی نزیك لەبەرەی توركمانی لە بەردەم بارەگای حزبەكەیان لە كەركوك گردبونەوە و داوایانكرد سەرۆكایەتی لیستەكە بدرێتە بەرەی توركمانی و لە نێویشیاندا ئەرشەد ساڵحی، سەرۆكی بەرەكە.
بەپێی زانیارییەكانی (كەركوك ناو)، خۆپیشاندانەكە لەسەر داوای سەركردایەتی بەرەی توركمانی بووە، ئەوەش لەكاتێكدایە، نوێنەری بەرەی توركمانی (هیشام بەیرەقدار) واژۆی رێككەوتنەكەی رۆژی چوارشەممەی كردووە، بۆ دروستكردنی هاوپەیمانێتییەكە.
ڤیدیۆ: 11ی شوباتی 2021 خۆپیشاندانی رێكخراوەكانی نزیك لە بەرەی توركمانی، داوادەكەن ئەرشەد ساڵحی، سەرۆكایەتی لیستەكە بكات
لە هەڵبژاردنەكانی رابردوی پەرلەمانی عیراقدا، لەنێو حزبە توركمانیەیكاندا تەنیا بەرەی توركمانی عیراقی توانیویەتی كورسی پەرلەمانی بەدەستبهێنێت. لە سێ هەڵبژاردنی رابردوشدا هەر ئەرشەد ساڵحی سەرۆكایەتی لیستی حزبەكەی كردووە.
لە هەڵبژاردنی رابردوی پەرلەمانی عیراقدا، توركمان 90 هەزار دەنگی لە پارێزگای كەركوك بەدەستهێنا و بونە خاوەنی سێ كورسی لە پەرلەمانی عیراق.
قەریاغدی وتی "بۆ ئەم هەڵبژاردنە هەوڵدەدەین چوار كورسی بەدەستبهێنین".
ئەو نۆ حزبەی لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتی بەرەی حزبە توركمانییەكان بەشدارییان كردووە، پێكهاتون لە بەرەی تورکمانی عیراقی، بزوتنەوەی وەفای تورکمانی، حزبی قەراری تورکمانی، حزبی تورکمان ئیلی، حزبی ئیرادەی تورکمانی، حزبی حەقی تورکمانی، بزوتنەوەی نەتەوەیی تورکمان، یەکێتی ئیسلامی تورکمان، حزبی عەدالەی تورکمانی.
بەپێی یاسای نوێی هەڵبژاردنی پهرلهمانی عیراق؛ پارێزگای كەركوك بەسەر سێ بازنەی هەڵبژاردندا دابەشكراوە، هەرسێ بازنەكە لە 12 كورسی پێكدێت.
بڕیارە هەڵبژاردنەكان لە 10ی تشرینی یەكەمی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت.