لە دوزخورماتوو،
كارەبای نیشتیمانیی چوار كاتژمێرە و لە ترافیکیش بەستراوە 

photo: american-public-power-association

محەمەد ئەڵماس – دوزخورماتوو

دوزخورماتوو تەنیا چوار كاتژمێر كارەبای نیشتیمانیی پێدەدرێت، ئەوەش بە بەراورد بە ناوچەكانی تری جێناكۆکی وەک كەركوك، نەینەوا و دیالە كەمترینە، بەپێی ئەو بەراوردكارییەی (كەركوك ناو) كردویەتی.

ئەو كێشەیە كە مانگێگە بەرۆكی قەزاكەی گرتووە، لەكاتێكدایە پلەكانی گەرما لەم هەفتەیەدا 44 پلە دانەبەزیووە و چاوەڕواندەكرێت سبەی پێنجشەممە 1ی ئاب بگاتە 47 پلەی سەدی، ئەوەش بەرزترین پلەی گەرمایە لە ئەمساڵدا لەو قەزایە.

سیروان خورشید، دانیشتوى گەڕەكی كۆماری دوزخورماتوو، وتی "ئەو ماوەیەی كارەبای نیشتیمانییش دەدرێت دەڵێی ترافیكە، هەر دێت و دەبڕێت و سودی نییە.. تەنانەت لە گەڕەكەكەی ئێمە هەندێك رۆژ تەنیا دوو یان سێ كاتژمێر كارەبامان پێدەدرێت".

ئەو ماوەیەی كارەبای نیشتیمانییش دەدرێت دەڵێی ترافیكە

ئیدارەی خۆجێیی دوزخورماتوو، بەناچاریی كارپێكردنی مۆلیدە ئەهلییەكانیان زیادكردووە، بۆ مانگی تەمموزیش بڕیارە بۆ هەر ئەمپێرێك 13 هەزار دینار وەربگرن.

زۆرینەی خێزانەكان چوار ئەمپێر كارەبای مۆلیدەیان راكێشاوە و بەو پێیەش دەبێت ئەم مانگە 52 هەزار بدەن، ئەوەش نزیكدەبێتەوە لەسەدا 10ی موچەی بنەڕەتی مامۆستایەك كە تازە دامەزرابێت، كە موچەی ناگاتە 600 هەزار دینار.

هەرچەندە بڕی كارەبا بەگشتی لەهاویندا خراپدەبێت، بەڵام دوزخورماتوو لە پارێزگای سەڵاحەدین بە بەراورد بەناوچەكانی تر جێناكۆك زۆر خراپە، بۆ نمونە لە قەزای خانەقین لە پارێزگای دیالە كە ئەویش ناوچەیەكی جێناكۆكە 16 بۆ 18 كاتژمێر كارەبای نیشتیمانی هەیە، لە داقوق سەر بە پارێزگای كەركوك 13 بۆ 15 كاتژمێر، تەنانەت لە بەشی راستی موسڵ كە خەڵكەكەی زۆر ناڕازین لە كارەبای نیشتیمانیی شەش بۆ هەشت كاتژمێر كارەبایان پێدەدرێت.

سیروان لە قەزای دوزخورماتوو وتی "هەر پرسیار دەكەین بۆ دەبێت دوزرخوماتوو بێ كارەبا بێت، بەڵام كەس وەڵامناداتەوە".

ئەندازیار فازڵ عەباس، بەڕێوەبەرى کارەباى دوزخورماتوو، بە(کەرکوک ناو)ى وت "تەنیا چوار كاتژمێر كارەبا هەیە، بەدواداچونمان كردووە و چوینەتە وێستگەی كارەبای تازە، دەركەوتووە خراپی تۆڕەكانی كارەبا هۆكاری سەرەكییە".

 photo: Matthew Henry

كارەبای نیشتیمانی قەزاكە لە وێستگەی تازەی پارێزگای كەركوك دابیندەكرێت؛ دوزخورماتوو پێویستی بە 50 مێگاوات كارەبای نیشتیمانیی هەیە، بەڵام لە ئێستادا تەنیا 20 مێگاواتی پێدەدرێت، ئەوەش هۆكارێكی ترە.

فازڵ عەباس وتی "لەو 20 مێگاواتەش 10 مێگاواتی بەهۆی خراپی تۆڕەكانەوە ناگاتە قەزاكەمان".

لەو 20 مێگاواتەش 10 مێگاواتی بەهۆی خراپی تۆڕەكانەوە ناگاتە قەزاكەمان

لیژنەیەكی خۆجێیی دوزخورماتوو، چونەتە تكریت و موسڵ بۆ داواکردنی هاوكاریی بۆكارەبای قەزاکە، ئەوەش لەكاتێكدایە ئەو دوو شارەش خۆیان كێشەی كەمی كارەبایان هەیە، بەڵام دۆخیان لە دوزخورماتوو باشترە.

بەڕێوەبەری فەرمانگەی كارەبای دوزخورماتوو وتی "چارەسەر ئەوەیە تۆڕەكانی كارەبا بگۆڕدرێن و راپۆرتێكمان بۆ وەزارەتی كارەبا بەرزكردۆتەوە، چاوەڕێی وەڵامین... بەڵام بۆ ئێمە جێی پرسیارە بۆ تەنیا دوزخورماتوو پشتگوێدەخرێت".

دوزخورماتوو دانیشتوانەكەی تێكەڵەیەكن لە عەرەب، كورد و توركمان لە پێنج ساڵی رابردودا بە كۆمەڵێك كێشەی ئەمنی، سیاسیدا تێپەڕ بووە و زۆرێك لە خەڵكەكەی بۆ یەك دوو ساڵ ئاوارەبون و دواتر زۆرینەیان گەڕانەوە.

سیروان خورشید دەڵێت ژیان لەم قەزایە "زۆر ناخۆشە"، پلەكانی گەرما زۆر بەرزە و سەری مانگیش دەبێت پارەیەكی زۆر بدەین بە كرێی مۆلیدە.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT