وەزیری ناوخۆی عیراق چاوەڕێی رێككەوتنی لایەنەكان دەكات بۆ بڕیاری كۆتایی لە گۆڕانكاریكردن لە پۆستەكانی كەركوك و ناوچەكانی تری جێناكۆك و راگرتنی باڵانس لە نێوان نەتەوەكاندا، ئەوەش دوای ناڕەزایی كورد هات لە گۆڕانكارییەكان و لەدەستدانی 100 پۆست لە دوای روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017 لەو ناوچانە.
بەپێی وتەی ئەندامانی كورد لە لیژنەی راگرتنی باڵانس و گهڕاندنهوهی ئهفسهرهكان بۆ سهر كارهكانیان، كورد 100 پۆستی لە ناوچەكانی جێناكۆك لەدەستداوە، كە زۆرینەیان ئەمنین، بۆ ئەو مەبەستەش داوایان لە وەزیری ناوخۆ كردووە، لە گۆڕانكارییەكان هاوسەنگی لەبەرچاوبگیرێت.
ناسر هەرکی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عیراق بە (کەرکوک ناو)ی وت "ئامانجی لیژنەی راگرتنی باڵانس و گەڕاندنەوەی ئەفسەرەكان بۆ ئەوەیە نەتەوەیەك لەو ناوچانە زاڵنەبێت بەسەر نەتەوەیەكی تردا و قورخی جومگە هەستیارەكان بكات".
لیژنەكە لە نەتەوەكانی كورد، عەرەب و توركمان پێكهاتووە و لە ئێستادا لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ لە گفتوگۆدان.
بەر لە جەژنی قوربان لیستێك گۆڕانكاریی لە پۆستە ئەمنییەكانی كەركوك لە وەزارەتی ناوخۆوە ئاراستەی ئیدارەی شارەكە كرا، بەڵام گۆڕانكارییەكان بەوتەی ناسر هەركی راگیراون، دوای ئەوەی لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ كەوتنە گفتوگۆ.
ناسر وتی "هەموو ئەو گۆڕانکارییانە رەتکراونەتەوە و ئێمە ناچینە ژێرباری... بەڵام لەگەڵئەوەشدا كاری لیژنەی باڵانس هێشتا ئەنجامی ئەوتۆی نەبووە بۆ وەرگرتنەوەی پۆستەكان، ئەوەش بەهۆی دروستكردنی ئاستەنگ لەلایەن ئیدارەی خۆجێی كەركوكەوە".
جەمال شکور، نوێنەرێكی کەرکوک لە پەرلەمانی عیراق، بە (كەركوك ناو)ی وت "دوو ساڵە بە بەردەوامی گۆڕانكارییەكان لە پۆستەكان لە دژی كوردە... توانیومانە زنجیرە گۆڕانکارییەكانی چەند رۆژی رابردوی وەزارەتی ناوخۆ رابگرین کە زۆرێک ە پۆستە ئەمنییەکانی لە کورد سەندرابۆوە و درابوو بە عەرەب".
لەگەڵئاماژەدان بەوەی لە ئێستادا لە دانوستاندان بۆ رێككەوتن لەسەر ئەو گۆڕانكارییانە و راگرتنی باڵانسی نەتەوەكان.
جەمال شكور وتی "وەزیری ناوخۆ لە ئێستادا چاوەڕێی رێکكەوتنی لایەنەکانە سەبارەت بەو پۆستانە، وەزیر تێگەیشتووە لەوەی كورد و توركمان لەو گۆڕانكارییانە زەرەرمەندەبن و عەرەب سودمەندی یەكەمە، ئەمەش بەلای ئێمەوە قبوڵكراو نییە".