ئاڵۆزییه‌كانی خانه‌قین و هه‌ڕه‌شه‌ی خۆپیشاندان و ده‌ربڕینی ناڕه‌زایی، كه جۆرێك له نائارامی له قه‌زاكه‌دا دروستكردبوو، تاڕاده‌یه‌ك هێوربۆته‌وه و بۆ كاتێكی نادیار هه‌ڵپه‌سێردران، ئه‌وه‌ش دوای ئه‌وه‌ی یاداشتنامه‌یه‌كی 12 خاڵی ئاراسته‌ی سه‌رۆك كۆماری عیراق كرا و ده‌ستگیركراوانیش ئازادكران.
دۆخی ئەمنیی و سیاسیی خانەقین له هه‌فته‌ی رابردووه‌وه جۆرێك له ئاڵۆزی به‌خۆوه‌بینی، له لێدوانه تونده‌كانی سیاسیه‌كانه‌وه سه‌ریكێشا بۆ هه‌ڕه‌شه‌ی خۆپیشاندان، ده‌نگۆی لێكردنه‌وه‌ی ئه‌و تابلۆیانه‌ی به زمانی عه‌ره‌بی نوسراون، تا گه‌یشته هه‌ڕه‌شه‌ی ده‌ستگیركردنی ئه‌و چالاكوان و سیاسیانه‌ی كه به‌شێك بون له‌و دۆخه.
سه‌رچاوه‌ی دروستبونی دۆخێكی نه‌خوازراو
ئه‌م دۆخه پاش بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنی دروستبوو، كه تیایدا لێپرسراوی مەڵبەندی یەکێتیی نیشتیمانی كوردستان، لەسەر پرسی تەعریب و ئاستەنگەکانی بەردەم حزبە کوردستانییەکان، قسه‌ی كرد، به‌ڵام ئه‌وه كاردانه‌وه‌ی توندی لایەنە عەرەبییەکان و به‌تایبه‌ت لێپرسراوانی باڵای رێكخراوی بەدری به‌دواداهات، كه یه‌كێكه له حزبه كاریگه‌ره‌كانی سه‌ر گۆڕه‌پانی سیاسی و ئه‌منی عیراق به‌تایبه‌ت له ناوچه‌كانی جێناكۆك و له پارێزگای دیاله.
كاروان یاروەیس، لێپرسراوی مه‌ڵبه‌ندی خانه‌قینی یه‌كێتی، له به‌رنامه تەلەڤزیۆنییهكهی كه‌ناڵی ئاسمانی رووداو-دا، دۆخی چه‌ند ناوچه‌یه‌كی پارێزگای دیاله‌ی به (جوفر سەخر) ناساند، ئه‌مه‌ش ناڕه‌زایی توندی لایه‌نه عه‌ره‌بییه‌كانی ناوچه‌كه‌ی به‌دواداهات.
جوفر سەخر، گوندێكی باكوری پارێزگای بابله، ده‌كه‌وێته باشوری رۆژئاوای شاری به‌غدا، به ناوچه‌یه‌كی مه‌ترسیدار داده‌نرێت كه به‌رده‌وام بۆته په‌ناگه‌ی گروپه چه‌كدارییه‌كان.
هه‌رچه‌نده گونده‌كه له تشرینی یه‌كه‌می 2014دا له‌ژێر كۆنترۆڵی چه‌كدارانی داعش ده‌رهێنرا، به‌ڵام هێشتا دانیشتووانە رەسەنەکەی له ئاوارەییدا ده‌ژین و ناتوانن بگه‌ڕێنه‌وه، بۆیه ئێستا جوفر سەخر بووەتە ناوچەیەکی داخراوی سەربازی و ئەمنی.
ئه‌و لێكچوواندنه، به‌زویی له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا بڵاوكرایه‌وه و توڕه‌یی هه‌ندێك لایه‌نی سیاسی به‌دواداهات، له نێویاندا لێپرسراوی رێكخراوی به‌در له سه‌عدییه و جه‌له‌ولا.
یاروه‌یس به هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ ئەكبەر حەیدەر، لێپرسراوی لقی 15ی خانه‌قین، باسیان له به‌رده‌وامی پرۆسه‌ی ته‌عریب كرد له‌و ناوچانه‌ی پارێزگای دیاله كه به‌پێی ده‌ستوری عیراق جێناكۆكن و تێكه‌ڵه‌یه‌ك له كورد، عه‌ره‌ب و توركمان لێی نیشته‌جێن. له‌گه‌ڵئاماژه‌دان به كۆچی زیاتری پێكهاته‌ی عه‌ره‌ب بۆ ئه‌و ناوچانه و كڕینی موڵك و زه‌ویوزار.
عومەر كروی، سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای دیالە، له راگه‌یه‌نراوێكی ناڕه‌زاییدا په‌یوه‌ست به‌و لێدوانانه، وتی "هەموو هاوڵاتییەكی عیراقی ئازاده لەهەر شوێنێك نیشتەجێ بێت، لە پارێزگای دیاله‌ش ئازادن له به‌عقوبه ده‌ژین یان خانه‌قین".
هەموو هاوڵاتییەكی عیراقی ئازاده لەهەر شوێنێك نیشتەجێ بێت
دوابه‌دوای ئه‌وه، كامەران وەیس موراد ناسراو بە (ئەبو مونتەزەر)، یه‌كێكه له بازرگانه‌كانی خانه‌قین و پێشتر لێپرسراوی نوسینگەی بەدر و عەسائیب بووە له‌و قه‌زایه، له گرته‌یه‌كی ڤیدیۆیدا پشتیوانی ئه‌و دژایه‌تییه‌ی هاتنی عه‌ره‌بی كرد بۆ ناوچه‌كه و هه‌روه‌ها هانی خه‌ڵكیدا خۆپیشاندان بكه‌ن. به‌ڵام رۆژێك دوای بڵاوبونه‌وه‌ی ڤیدیۆكه‌ی ده‌ستگیركرا.
ناڕه‌زاییه‌كه سه‌ركێشا بۆ بڕیاری خۆپیشاندانی مه‌ده‌نی
شه‌ممه‌ی رابردوو 29ی ئاب، له دوو ئاراسته‌وه كاتی خۆپیشاندان دیاریكرا، ئاراسته‌یه‌ك كه پلاتفۆرمه‌كانی یه‌كێتی بانگه‌شه‌یان بۆ ده‌كرد، ئاراسته‌یه‌كی تر كه به‌شێك له چالاكوانه كورده‌كان پشتیوانیان ده‌كرد. به‌ڵام هه‌ردوو ئاراسته‌كه یه‌ك ئامانجیان هه‌بوو.
حزبه كوردستانییه‌كانی خانه‌قین، رۆژی دووشه‌ممه 31ی ئابیان دیاریكرد بۆ خۆپیشاندان، ئامانجی سه‌ره‌كی جێبه‌جێكردنی مادده‌ی 140 و راگرتنی گۆڕینی دیموگرافیای قه‌زای خانه‌قین، له نێویاندا دژایه‌تی بۆ جیاكردنه‌وه‌ی ناحیه‌ی جه‌له‌ولا و قه‌ره‌ته‌په له خانه‌قین.
ئه‌مه هاوكات بوو له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌چونی كۆبونه‌وه‌ی چالاكوانان بۆ هه‌مان مه‌به‌ست، له‌وكاته‌دا ده‌نگۆی هه‌ڵمه‌تی ده‌ستگیركردنی چالاكوانان بڵاوده‌بێته‌وه. به‌ڵام هێشتا سه‌رچاوه‌یه‌كی ره‌سمی بڕیاری ئه‌و هه‌ڵمه‌تی ده‌ستگیركردنه‌ی پشتڕاستنهكردهوه.
له‌و نێوه‌نده‌دا، جگه له ده‌ستگیركردنی ئەبو مونتەزەر له پێكهاته‌ی كورد، گه‌نجێكی قه‌زاكه‌ش ده‌ستگیركرا، پێشتر ئه‌و گه‌نجه تابلۆی دوكانه‌كه‌ی له عه‌ره‌بییه‌وه گۆڕی بوو بۆ كوردی، به‌ڵام رون نییه ئایا ئه‌وه تاكه هۆكاری دهستگیركردنیهتی یاخود نا. به‌ڵام هه‌ردوكیان به كه‌فاله‌ت ئازادكرابون.
له‌و نێوه‌نده‌دا، رێكخه‌رانی چالاكوانانی خانه‌قین راگهیهنراوێكیان له دره‌نگانێكی شه‌وی یه‌كشه‌ممه‌دا بڵاوكرده‌وه، تیایدا به‌ڵێنی چاوپێكه‌وتنی نزار ئامێدی، سه‌رۆك كۆماری عیراق و سه‌رۆكی لیژنه‌ی جێبه‌جێكردنی مادده‌ی 140یان بڵاوكرده‌وه و وه‌ك به‌دیلێك بۆ خۆپیشاندان. به‌و هۆیه‌وه خۆپیشاندانه‌كه هه‌ڵپه‌سێردرا. حزبه كوردییه‌كانیش پشتیوانی ئه‌و هه‌نگاوه‌ی چالاكوانانیان كرد.
له‌گه‌ڵئه‌وه‌شدا، له بهیاننهكهمدا هاتووه "ئامادەكارییەكان بۆ پاراستنی خۆپێشاندانەكە بەپێی پێویست نەبوو".
"دژی عه‌ره‌ب نین"
كارزان حەمدان، یەكێكە لە رێكخەرانی خۆپێشاندانەكە، به (كه‌ركوك ناو)ی وت "هەڵەتێگەیشتن هه‌بووه له‌باره‌ی داواكاریی خەڵكی خانەقین... برا عەرەبەكانمان بەشێوەیەك لێكدانەوهیان بۆ داواكارییەكان كرد كە ئێمە دژی عەرەبین، به‌ڵام بە پێچەوانەوه ئێمە دژی گۆڕینی دیموگرافیای ناوچەكەین و داوای پاراستنی شوناسی خانەقین دەكەین".
"ئێمه نیگه‌رانین له‌وه‌ی كه زانیارییمان پێگەیشت له‌وه‌ی دەیان كەس بڕیاری دەستگیركردنی بۆ دەرچووە، بۆیە ژمارەیەك لە چالاكوانانی خانەقین، شاره‌كه‌یان به‌ره‌و هەرێمی كوردستان به‌جێهێشت".
به‌ره‌و هێوربونه‌وه
دۆخی شاره‌كه له ئێستادا به‌ره‌و هێوربونه‌وه ده‌ڕوات، به‌تایبه‌ت دوابه‌دوای هاتنه سه‌ر خه‌تی لایه‌نی حكومی و ئه‌نجومه‌نی پارێزگا، له‌گه‌ڵ سه‌ردانی نوێنه‌رانی قه‌زاكه بۆ به‌غدا و ئاراسته‌كردنی 12 خاڵ له چوارچێوه‌ی داواكارییه‌كانیاندا.
جه‌واد فەیزوڵا، قایمقامی خانه‌قین، به (كه‌ركوك ناو)ی وت "خانەقین شاری پێكەوە ژیانی ئاشتییانەیە، هەرگیز رێگە نادەین هیچ حاڵەتێكی نەخوازراو رووبدات... بۆیە ئامادەكاریش كرا بۆ پاراستنی خۆپێشاندانی هێمنانە".
ئەنجومەنی پارێزگای دیالە چوارشه‌ممه 2ی ئه‌یلولی بانگهێشتی قایمقامی خانه‌قینی كرد بۆ كۆبونه‌وه، به‌پێی گرته‌یه‌كی ڤیدیۆیی كۆبونه‌وه‌كه، داوایانكردووه به‌رگه‌ی بارودۆخه‌كه بگرێت و به‌رپرسیارێتی ئه‌و دۆخه هه‌ڵبگرێت كه له خانه‌قین رویداوه.
سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا له كۆبونه‌وه‌كه‌دا ده‌ڵێت "ئه‌وه‌ی له ئه‌مڕۆوه روده‌دات له‌و قه‌زایه تۆ به‌رپرسیارێتی هه‌ڵده‌گرێت.. چونكه خه‌ڵكانێك ده‌یانه‌وێت بارودۆخی ئارامی خانه‌قین بشێوێنن".
سێشه‌ممه یه‌كی ئه‌یلول، نوێنه‌رانی قه‌زاكه سه‌ردانی به‌غدایان كرد و یاداشتنامه‌یه‌كی 12 خاڵیان له داواكارییه‌كانیان ئاراسته‌ی سه‌رۆك كۆماری عیراق و سه‌رۆكی لیژنه‌ی جێبه‌جێكردنی مادده‌ی 140 كرد، به‌مشێوه‌یه ناڕه‌زاییه‌كان بۆ كاتێكی نادیار هه‌ڵپه‌سێردران.
به‌شێك له یاداشته 12 خاڵییه‌كه:
سنوردارکردنی بەڕێوەبردنی مەلەفی ئەمنی خانه‌قین و راده‌ستكردنی به ده‌زگا ئه‌منییه فه‌رمییه‌كان
پێکهێنانی ئیدارەیەکی مەدەنی هاوبەش بۆ مەلەفی سەربازی لە خانەقین
راگرتنی بڕیاری گۆڕینی ناحییەکانی قەرەتەپە و جەلاولا بۆ قەزا
چالاککردنەوەی نوسینگەی ماددەی 140ی دهتسوری عیراق
راگرتنی گواستنەوەی کارتی نیشتیمانی، كۆبونی خۆراك و نیشتهجببون و سڕكردنی بڕیاره‌كانی تاپۆكردنی زه‌ویی كشتوكاڵی له خانه‌قین