حزبە كوردییەكانی نەینەوا یەكدەنگییان دەوێت و رێكناكەون

نەینەوا، ناوچەی غابات، شوێنێكی گەشتیارییە لە موسڵ فۆتۆ: كەركوك ناو

عه‌مار عه‌زیز - نه‌ینه‌وا

حزبە كوردییەكانی نەینەوا لەگەڵ یەكدەنگیدان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان، بەڵام هێشتا رێكنەكەوتون و چاوەڕێی بڕیاری سەركردایەتی حزبەكانیان دەكەن، بۆ ئەو مەبەستەش بڕیارە هەفتەی داهاتوو كۆببنەوە.

هەوڵەكە هاوكاتە لەگەڵ بڕیاری ژمارەیەك حزب و لایەنی سیاسیی كوردی لە كەركوك بۆ بەشداریكردن بە یەكلیست بەناوی (كەركوكی كوردستانی).

به‌رە‌کات شه‌مۆ، سه‌رۆکی فراکسیۆنی پارتی له‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگای نه‌ینه‌وا بە (که‌رکوک ناو)ی وت "ئێمە وەكو پارتی له‌گەڵ دروستکردنی لیستێکی هاوبه‌شین له‌ پارێزگای نه‌ینه‌وا، چونکه‌ له ‌به‌رژه‌وه‌ندی هه‌موو لایه‌كدایه،‌ به ‌تایبه‌ت بۆ پرسی کورد و زیادکردنی ده‌نگی هاوڵاتیانی کورد له‌ سنوری پارێزگای نه‌ینه‌وا".

وتیشی "لەسه‌ر ئاستی سه‌رکردایه‌تی حزبه‌کان باس له‌و بابه‌ته‌ کراوە، به‌ڵام بڕیاری کۆتایی لەسه‌ر نه‌دراوه‌... ئه‌گه‌رێکی زۆر هه‌یه‌ كە بەهه‌مان شێوه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌کانی رابردوو لیستێکی هاوبه‌ش دروستبکرێت".

لەسه‌ر ئاستی سه‌رکردایه‌تی حزبه‌کان باس له‌و بابه‌ته‌ کراوە، به‌ڵام بڕیاری کۆتایی لەسه‌ر نه‌دراوه‌

خه‌سرۆ گۆران، لێپرسراوی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان بە (کەرکوک ناو)ی وت "هه‌وڵ هه‌یه‌ بۆ دروستکردنی لیستێكی هاوبه‌ش و لە هه‌فتەی داهاتودا لایه‌نه‌ سیاسییه‌کان له‌ شاری هه‌ولێر کۆده‌بنه‌وه‌ بۆ قسه‌کردن لەسه‌ر ته‌واوی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن، نەك تەنیا لە نەینەوا لە تەواوی ناوچەكانی جێناكۆك".

پارتی دیموكراتی كوردستان، زیاتر لە مانگێكە رەزامەندی خۆی نیشانداوە بۆ یەكلیستی حزبە كوردییەكان لە نەینەوا، كەركوك، دیالە و سەڵاحەدین، بەڵام تائێستا لەسەر یەكلیستی حزبە كوردییەكان لە كەركوك بڕیاری كۆتایی نەداوە.

خه‌سره‌و گۆران، وتی "بەڕای ئێمە بەشداریكردن بە یەك لیست لەو ناوچانە ئەركێكی نیشتیمانییە".

بەڕای ئێمە بەشداریكردن بە یەك لیست لەو ناوچانە ئەركێكی نیشتیمانییە

هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان بڕیارە لە یەكی نیسانی ساڵی داهاتوو بەڕێوەبچێت، لە پارێزگای نەینەوا لایەنەكان كێبڕكێ لەسەر 27 كوردسی پارێزگاكە دەكەن بە كۆتاكانیشەوە.

نه‌سروڵا سورچی، لێپرسراوی مه‌ڵبه‌ندی نەینەوای یه‌کێتیی نیشتیمانیی كوردستان، بە (كەركوك ناو)ی وت "بۆ زیادكردنی كورسی كورد لە پارێزگاكە، پێمانباشە حزبە کوردییەکانی نەینەوا بە لیستێکی هاوبەش بەشداریی هەڵبژاردنەکان بکەن و لانیكەم بتوانین نۆ بۆ 10 كورسی بەدەستبهێنین".

"لەوانەیە بۆ یەکێتی یەكلیستی باش نەبێت، چونکە ئەندامەکانی پارتی زیاترن، بەڵام بەلای ئێمەوە گرنگ كورسی كوردە"، نەسروڵا وایوت.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT